ناوەڕۆکى پڕۆژە:
ڕۆژەیەکى میدیاى ئازاد و بێلایەنە کە لەلایەن کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوسى خاوەن ئەزمون و ئەکادیمى و مامۆستاى زانکۆوە بەڕێوە دەبرێت لە ئاستێکى بەرزى تەکنیکى و ڕۆژنامەوانیدا. بایەخ دەدات بە پرسە سیاسیە گرنگ و چارەنوس سازەکان و پرسە کولتوورى ئەکادیمى و زانستییەکان بە زمانێکى پڕۆفیشناڵى میدیایى باڵا کە ڕێز لە هەست و سەلیقەى خوێنەرەکانى دەگرێت، ئامانجەکەى بریتیە لە پێدانى زانیارى راست و دروست و ئاشکراکردنى زانیارییە نەزانراوەکان کە یارمەتی دەدات لە تێگەیشتنى ڕوداوەکان و هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەریاندا.
بۆچى ئەم پرۆژەیە گرنگە:
لە هەرێمى کوردستاندا دەیان میدیاى بینراو بیسترا و خویندراو بونیان هەیە، بەڵام هەمویان کار لەسەر ڕوکەشى هەواڵەکان دەکەن و تەنها باس لەوە دەکەن چى ڕویدا؟ بەبێ ئەوەى بچنە قوڵایى ئەوەى کە بۆچى و چۆن ڕویدا؟
هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان پێویستیان بە میدیایەکى بێلایەن هەیە تا بەڕاستى پێیان بڵێت چى ڕودەدات لە هەرێمى کوردستاندا و بۆچی و چۆن ڕویانداوە.
بۆچى گرنگە پشتگیرى ئەم پڕۆژە میدیاییە بکرێت؟
ئەزمونى هەرێمى کوردستان لەگەڵ میدیاى ئازاد دەگەڕێتەوە بۆ دواى ساڵى 2000 کە چەند میدیایەکى ئەهلى و بێلایەن لەلایەن نوخبەى ڕۆشنبیرى دامەزرا و ڕۆڵى گرنگیان هەبوو لە پێشخستنى ڕەوتى ئازادى رادەبڕین و ئازادى ڕۆژنامەوانى و گەشەپێدانى ژیانى سیاسى لە هەرێمى کوردستاندا کە بەشدارانى ئەم پڕۆژەیە ڕۆڵى گرنگیان لە سەرکەوتنیدا هەبوو. بەڵام میدیاى ئەهلى دواى سست بونى ڕۆژنامەوانى کاغەز و سەرپێکەوتنى دیجیتاڵ میدیا نەیتوانى بەردەوامى بەخۆى بدات و دواکەوت. بەداخەوە هەندێکیشیان تێوەگلان و بون بە بەشێک لە ململانێ سیاسیەکان، پڕۆژەى سکاى کورد بە دیاریکراوى خۆى بە قۆناغى دووەمى میدیاى ئەهلى دەزانێت و پڕۆژەیەکە دەیەوێت لە ڕێگەى دیجیتاڵ میدیاوە بە ئاستێکى هونەرى و تەکنیکى و ڕۆژنامەوانى بەرز دەستپێدەکات. بۆ ئەم مەبەستەش جەخت لەسەر پرەنسیپەکانى ئازادى، بوێرى و راستگۆیى و هاوسەنگى و دیقەت دەکاتەوە.
دونیا بینى و سیاسەتى کارکردن:
ئەم دەزگایە سیاسەتى راگەیاندنى خۆى دادەڕێژێت لەسەر بنەماى میدیایەکى لیبراڵ و رەخنەیى، دەیەوێت بەشدارى راستەقینەبکات لە گەشەپێدانى دیموکراسى و بەرگریکردن لەمافەکانى مرۆڤ و ڕوبەڕوبونەوەى گەندەڵى و بەهێزکردنى گیانى یەکترى قبوڵکردن و سەروەرى یاسا و گەشەپێدانى ئابورى و کۆمەڵایەتى و ڕوبەڕوبونەوەى فیکرى تیرۆر و توند ئاژۆیى و بەرگریکردن لە جیاوازى نەتەوە و ئاین و زمان و کولتوور و شێوازى ژیان لە کۆمەڵگەى کوردیدا.
بۆچى دیجیتاڵ میدیا گرنگە؟
بەنزیکەیى لە هەرێمى کوردستاندا زیاتر لە دوو ملیۆن کەس بەکارهێنەرى ئینتەرنێتن و لە ڕێگەى سمارت فۆن و ئامێرە تەکنەلۆژییەکانى دیکەوە بەستراونەتەوە بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە.
بەپێى تێبینى ئێمە وەرگرى میدیا لە هەرێمى کوردستان بەرە و ئەوە دەچن کە زیاتر لە کەناڵە ئاسمانیەکان سمارت فۆن بەکاربهێنن بۆ وەرگرتنى زانیارى و زانینى ڕوداوەکان. دیجیتاڵ میدیایەکى پێشکەوتوو لەڕوى تەکنیکەوە دەتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە و سەرنجى وەرگرێکى زۆر بەلاى خۆیدا ڕابکێشێت.
ئەو سێکتەرانەى کارى لەسەر دەکەین کامانەن؟
- سێکتەرى سیاسى : کارەکتەرە سیاسیەکان و ململانێ سیاسیەکان و روداوە سیاسیەکان، گەندەڵى و خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات، دیموکراسى و چاودێریکردنى رەوشى مافەکانى مرۆڤ
- سێکتەرى ئابورى: گەندەڵى و بەهەدەردانى سامانى وڵات، سەرچاوەکان و دەرامەتەکان و دابەشکرنى دادپەروەرانەى داهات و بەرکەوتەى تاک لە داهاتى نیشتیمانى، کەرتى بانک و جوڵەى پارە و دراو لە هەرێمى کوردستاندا، پرۆژەکانى وەبەرهێنان و هەلى یەکسان لە دەسکەوتنى کار و شەفافیەت لە کۆکردنەوەى داهاتى نەوت و باج و دەرامەت و بودجەى گشتیدا
- سێکتەرى کۆمەڵایەتى: کێشە کۆمەڵایەتیەکان و قەبارە و مەترسیەکانى ، دیاردەى کۆمەڵایەتیەکان، گۆڕانى کولتورى ، قبوڵکردنى یەکترى و ئازادى کۆمەڵایەتى
- سێکتەرى تەندروستى : نەخۆشخانەکان و دەرمان و خزتگوزارى تەندروستى و نەخۆشى و پاریزگارى لە نەخۆش و سیاسەتى تەندروستى لە وڵاتدا
- سێکتەرى پەروەردە: رەوشى پەروەردە و خوێندن لە قۆناغە جیاوازەکان،سیاسەتى پەروەردەیى، کێشەکانى سێکتەرى پەروەردە، بینا و مامۆستا و خوێندکار،ئاستى زانستى دامودەزگا پەروەردەیەکان، بەڕێوەبردنى دامودەزگا پەروەردەیەکان، دەررفەتى یەکسان بۆ خوێندن و پێشکەوتن لە وڵاتدا
- سێکتەرى ئاینى: لێبوردنى ئاینى و توندڕەوى ئاینى و تیرۆر،چاکسازى ئاینى، پەیوەندى ئاین و فەزاى گشتى،جیاوازى ئاینى و کەمینە ئاینییەکان.
بەچى میکانیزمێک ئەم کارانە دەکەین؟
- راپۆرتى بنکۆڵکارى(الصحافة الاستقصائية): وەک قوڵترین و دەوڵەمەندترین ژانرى رۆژنامەوانى بۆ گەیشتن بە راستییەکان
- وتارى شیکارى: لە رێگەى وتارى پڕ لە زانیارى و شیکردنەوەى هاوسەنگ و بوێرانە
- راپۆرتە هەواڵ: راپۆرتە هەواڵى تایبەت بە ڕوداوەکان
- فیچەر: بەکارهێنانى چیرۆکى ڕۆژنامەوانى بۆ خستنە ڕووى دیاردەیەک یان بابەتێکى دیاریکراو
- تیکەرى ڤیدیۆیى و ئینفۆگرافیک: لە ڕێگەى ئامادەکردنى تیکەرى ڤیدیۆیى بۆ خستنەڕوى بابەتێکى دیاریکراو کە بەشێکى سەرەکى کارەکە دەبێت