بیر و ڕا
زۆربەى وڵاتانی جیهان ئێستا لە كوژانەوەو داخستنێكی تەواوەتییدان. ئێستا دەرفەتێكی زۆر باش چنگی هەموان كەوتووە بیر لەو هەلومەرجە بكەینەوە كە تێیدا دەژین. لە سەرتاسەری دونیادا گفتوگۆی زۆر لەسەر سەرچاوەكانی ڤایرۆسەكە دەكرێت. ئەو ڕاستییەى هەیە ئەوەیە كە ناكرێت قسەكردن دەربارەى ئەم ڤایرۆسە تەنها بە پزیشكان و ڤایرۆسناسان بسپێرین، لەبەرانبەردا بیری ڕەخنەییش دەبێت بەقوڵیی تەداخول بكات، وەك بینیمان و ئەم دەستپێشخەرییەش، پێش گفتوگۆی پزیشكان، لەلایەن بیرمەندان و ڕۆشنبیران و چالاكوانانی ڕادیكاڵ و ڕەخنەییەوە هات. لە ماركسیست و سۆسیالیستەكانەوە بیگرە تا دەگاتە فەیلەسوفان و بیرمەندانی ڕەخنەیی و ئەكادیمیی. لەو نێوەدا، فەیلەسوفی چەپی ئیتاڵیی، جۆرجیۆ ئاگامبێن، بە دوو وتار بەشدارییكرد. وەك چاوەڕوان دەكرا، ئاگامبێن بەشێوەیەكی توند دژی بەكارهێنانی دۆخی نائاسایی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەم قەیرانە وەستایەوە. لای زۆربەى زۆری ئەوانەی تووشی ڤایرۆسەكە هاتوون، كۆڤید-19 كێشەیەكی زیاتر نەبووە لە هەڵامەتی ئاسایی. لەبەرئەوە ئاگامبێن ترسی خۆی لە هەنگاو و جوڵە نائاساییەكان نەشاردەوە كە ئەمڕۆ بەشێوەیەكی مەترسیدار لە برەوسەندن دایە و پێدانی دەسەڵاتی موتڵەق بە سەرۆكی هەنگاریا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى قەیرانەكە، كە هاوكات پێچەوانەى بەندەكانی دیموكراسیی یەكێتیی ئەوروپایە، هەنگاوێكە بۆ كەوتنی یەك بەدوای یەكی لیبراڵ دیموكراسییەكان. بەدوای هەنگاریادا، پۆڵەندا و كۆماری چیك هاتن. جارێ دیار نییە لە ساتی نووسینی ئەم وتارە و دواتردا، چەند دەوڵەتی دیكەى ئەوروپیی دێن. ئاگامبێن لە هەردوو وتارەكەیدا، كە درێژكراوەى تێزەكانییەتی دەربارەى دۆخی نائاسایی، وادەردەكەوێت نكوڵیی لە كۆرۆناڤایرۆس بكات و ئەمەش وێنەی ئەم بیرمەندە لە نكوڵییخوازانی وەك بۆلسۆنارۆ یاخود ترەمپ نزیك دەكاتەوە. هەروەكچۆن ڕابەرانی سیستەمە سەرمایەدارییەكانی ئەمڕۆ سیستەمی تەندروستیی دەكەنە قوربانیی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانیان، واپێدەچێت ئاگامبێنیش مەترسیی ڤایرۆسەكە بەكەم بگرێت و بیكاتە قوربانیی ئەو تێزانەى ساڵانێكە كاریان لەسەردەكات. كەواتە با بپرسین دەبێت چی لە ئاگامبێن بكەین؟