ئایا عادیله‌ خانم قایمقامى هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌؟

ئایا عادیله‌ خانم قایمقامى هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌؟

476 خوێندراوەتەوە

عادل سدیق - مامۆستاى زانكۆ

زۆرجار لە نوسین و کۆڕو کۆبوونەوەکان و میدیاکاندا ئەبینین و ئەبیستین کە عادیلەخانم (۱۸٥۹-۱۹۲٤) یەکەم قایمقامی ئافرەتی هەڵەبجە بووە، زانیارییەک کە هیچ بنەمایەکی مێژوویی و زانستی تێدا نییە، چونکە خانمی وەسمان پاشای جاف بۆ یەک دەقیقەیش بەشێوەیەکی فەرمی قایمقامی هەڵەبجە نەبووە، یەک تۆمارو یەک بەڵگەی ڕەسمی سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی و دواتری حکومەتی عێراقمان لەبەردەستدا نییە کە شتی وەها بسەلمێنێت.

 

،،

خانم ئافرەتێکی زیرەک‌و لێهاتوو بووەو عەزمی جەزم بووە، هاوسەردەمەکانیشی ڕاستی ئەم بۆچوونەیان سەلماندووە.

 

عادیلەخانم

 

کەواتە ئەم قسەیە چۆن بەو شێوەیە ڕۆیشتووەو کەوتووتە ناوەوە:

۱- عادیلەخانم کچی عەبدولقادر بەگی ساحێبقڕانە، باوکی دوای ڕووخانی میرنشینی بابان سلێمانی جێهێشتووەو لە سنە نیشتەجێبووەو خانمیش هەر لە سنە لە ساڵی ۱۸٥۹ لەدایک بووە، باوکی خاوەنی کتێبی (سیرە الکراد)، بنەماڵەی ساحێبقڕانیش چەندین کەسایەتی گەورەیان تێدا هەڵکەوتووە وەک (سالم ، حەمدی ، ساڵح بەگی ساحێبقڕان…هتد)، جگە لەوانەش بنەماڵەی ساحێبقڕان یەکێکن لە بنەماڵە دیارەکانی سنەو سلێمانی کە لە بنەڕەتدا بەشێکیان لە سنەوە هاتوونەتە قەلاچۆلان و دواتر سلێمانی.

۲- خانم لە دایکەوە لە بنەماڵەی وەکیلەکانی سنەیە، دیسان ئەمانیش لە بنەماڵە دیارو بەرچاوەکانی سنەن.

۳- خانم شووی بە عوسمان پاشای جاف کردووە، عوسمان پاشاش بۆماوەی بیست ساڵ(۱۸۸۹-۱۹۰۹) قایمقامی هەڵەبجە بووە.

٤- خانم خۆشی ئافرەتێکی زیرەک‌و لێهاتوو بووەو عەزمی جەزم بووە، هاوسەردەمەکانیشی ڕاستی ئەم بۆچوونەیان سەلماندووە.

٥- عەشیرەتی جاف گەورەترین عەشیرەتی باشووری کوردستان بووە ، چ عوسمانی و چ ئینگلیزەکان مامەڵەی جیاوازیان لەگەڵدا کردوون، خاوەنی هێزی چەکداری تایبەت بە خۆیان بوون، بەشێوەیەک (٤ – ٥)چەکداریان هەبووە.

،،

ماڵی پاشا بەردەوام جمەی هاتووە لە بەگزادەکانی جاف و گەورەپیاوان و سەرۆک تیرەکانی جاف و شاعیرو ئەدیبە گەورەکانی ئەو سەردەمه‌،خانم لەو ژینگەدا هەڵساوەو دانیشتووەو مامەڵەی دۆستانەی هەبووە لەگەڵیاندا

ماڵی پاشا

 

٦- خانم خەزوور(محەمەد پاشای جاف)و هێوەر (مه‌حمود پاشای جاف)و مێرد (وەسمان پاشای جاف)و زڕکوڕ(مەجیدبەگ)و کوڕی(ئەحمەدموختارجاف) یەک لە دوای یەک قایمقامی هەڵەبجە بوون، ئەوە وایکردبوو دەسەڵاتێکی فراوانی هەبێ بەتایبەتی لەسەردەمی پاشای مێردی بەدواوە، ئەویش لەبەرئەوەی بڕواو متمانەی تەواوی بە کەسایەتی هەبوو ڕێگەی لێ نەدەگرت.

۷- ماڵی پاشا بەردەوام جمەی هاتووە لە بەگزادەکانی جاف و گەورەپیاوان و سەرۆک تیرەکانی جاف و شاعیرو ئەدیبە گەورەکانی ئەو سەردەمه‌، هەریەکەشیان بۆ سەردان و ئیشوکاری تایبەتی خۆیان هاتوون، خانم لەو ژینگەدا هەڵساوەو دانیشتووەو مامەڵەی دۆستانەی هەبووە لەگەڵیاندا.

۸ـ ژنانی جاف بەگشتی و خێزانەکانی پاشاو بەگزادەکانی جاف تاڕادەیەکی زۆرئازاد بوون لە هەڵسوکەوتوو مامەڵە نەک لەنێو خۆیاندا بەڵکو لەگەڵ بێگانەشدا.

۹- زۆرجار وەسمان پاشا بۆ کاروباری تایبەتی خۆیی و هەندێکجاریش بۆ کاروباری میری سەری لە : سلێمانی، کەرکوک و موسڵ داوە، لەوکاتانەشدا خانم زۆرێک لە ئیشوکارەکانی پاشای ڕاپەڕاندووە.

 

 

هەموو ئەم هۆکارانە وایان کردووە کە خەڵکی بەگشتی و هەندێک لە نوسەرانیش بەتایبەتی بەهەڵە وا تێبگەن کە عادیلەخانم ماوەیەک قایمقامی هەڵەبجە بووە، بەتایبەت دوای کۆچی دوایی وەسمان پاشا(۱۹۰۹).

لە ڕاستیدا ئەم بۆچوونە هەر دوورە لە ڕاستییەوە، چونکە دوای مردنی عوسمان پاشاو بەدواشیداو لە هەمان ساڵدا مردنی مەجید بەگی کوڕە گەورەی، تورکەکان پۆستی قایمقامی هەڵەبجەیان لەژێردەستی جافەکان دەرهێنا، هەتا هاتنی ئینگلیزەکان لەساڵی ۱۹۱۸ قایمقامی تورکیان لە هەڵەبجە دادەنا، لەوە بەدوا ئەحمەد موختار تا ساڵی ۱۹۲٥بوو بەقایمقامی هەڵەبجە، لە دوای ئەویش حامید بەگی مەجیدبەگی برازای هەتا کۆتایی ۱۹۳۰ ئەوە لە کاتێکدا عادیلەخانم لە ئەیلولی ۱۹۲٤دا کۆچی دوایی کردووە.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك