سه‌باره‌ت به‌ ڤیستیڤاڵی خێڵ و لادێكان

سه‌باره‌ت به‌ ڤیستیڤاڵی خێڵ و لادێكان

379 خوێندراوەتەوە

د. هەردی مێد

زۆركه‌س له‌ خه‌میان بۆ ته‌بایی و گردبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا، پاشان بۆ نشونما و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا، ئه‌م ڤیستیڤاڵانه‌ وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ دواوه‌، له‌مپه‌رێك له‌ به‌رده‌م مۆدێرنه‌بوون، سه‌رچاوه‌یه‌ك دی بۆ په‌رته‌وازه‌یی، تد ده‌بینن. به‌ش به‌ حاڵی خۆم له‌ هه‌موو گریمانانه‌ به‌ گومانم و پێموایه‌ نییه‌ و هیچش شتێكش نه‌یسه‌لماندووه‌ هێشتا كه‌ ئه‌م ڤیستیڤاڵانه‌ به‌ربه‌ستن له‌ به‌رده‌م پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا. له‌ راستیدا، ته‌نها لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تێروته‌سه‌ل و ورد ه‌توانێت له‌ ساڵانی دابێت په‌یوه‌ندی ئه‌م ڤیستیڤاڵانه‌ و كاریگه‌ریان به‌ سه‌ر ره‌وتی كۆمه‌ڵگاوه‌ ‌ده‌ربخات.

 

پێشتر ئاماژه‌م به‌وه‌ كردووه‌ له‌ بابه‌تێكدا، كه‌ خێڵ له‌ كوردستان وه‌ك بونیاد نه‌ماوه‌. خێل چیدیتر نه‌ شوێنی ده‌سه‌ڵاته‌، نه‌ ئامرازی دروستكردن و داهێنانی سه‌رمایه‌ی سیاسی و شوره‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی‌. خێڵ له‌مڕۆدا ته‌نها زمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، كۆمه‌ڵێ نه‌ریت و داب، كۆمه‌ڵێ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌. زۆر سه‌یرم دێت هێشتا كوردێكی عێراق پێیوابێت خێل له‌ كوردستاندا ماوه‌ له‌ كاتێكدا رۆژێك نه‌مانبینیووه‌ سه‌رۆك خێڵه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ باشور و ناوه‌ڕاستی عێراق باوه‌ ببنه‌ زمانحاڵی گروپ و ناوچه‌یه‌ك له‌ به‌رامبه‌ر حكومه‌تدا، یان دانوساندكار و‌ نوێنه‌ری پرۆژه‌ی سیاسی و ئیداری بن. ئه‌وه‌تا، له‌ به‌سرا، له‌ موسڵ و زۆر شوێنی تری عێراق سه‌رۆك خێڵه‌كان نوێنه‌ری شارن و ئه‌وان هه‌ڵگری پرۆژه‌ی دروستكردنی هه‌رێمن و هه‌ر ئه‌وانش دانوساندكاری شه‌رعین له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا. ئه‌رێ كێ دیارده‌یه‌كی وای له‌ كوردستان بینیووه‌؟

 

با بێینه‌وه‌ سه‌ر ڤیستیڤاڵی خێڵ و لادێییه‌كان كه‌ له‌م ده‌یه‌ی دوای له‌ هه‌رێم بونه‌ته‌ دیارده‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچمان له‌ سه‌ر حه‌قیقه‌ت دانه‌نشتوین، پێشنیار ده‌كه‌م به‌ یه‌كه‌وه‌ كۆمه‌ڵێ پرسیار بكه‌ین له‌ جیاتی حوكمی پێشینه‌ی خێرا و حازر به‌ ده‌ست سه‌باره‌ت به‌ ڤیستیڤاڵانه‌: گه‌لۆ، تۆ بڵێی خودی ئه‌م ڤیستیڤاڵانه‌ بۆ خۆیان نیشانه‌ی كۆتایی و مه‌رگی خێڵ نه‌بن له‌ كوردستان و هه‌وڵگه‌لێك نه‌بن بۆ دروستكردنی سه‌رمایه‌یه‌كی تری كۆمه‌ڵایه‌تی و رایه‌ڵی دی له‌ نێوان تاكه‌كان؟ ئه‌م ڤیستیڤاڵانه‌ گه‌ڕان نییه‌ به‌ دوای دروستكردنی خانه‌ و كۆمه‌ڵه‌ی تری كۆمه‌ڵایه‌تی و جڤاتی له‌ جیاتی خێڵ؟ ئایا به‌ راستی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌شداری ئه‌م ڤیستیڤاڵانه‌ن ده‌كه‌ن به‌ دوای شتێكی دی جگه‌ له‌ خێل ناگه‌ڕێن، وه‌ك له‌زه‌ت، خۆشی و گه‌شت، به‌سه‌ربردنی كات و دروستكرنی هاوڕێیه‌تی، تد؟

 

گرنگ ناو و ناولێنانه‌كان نین، گرنگ كرده‌ و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانن له‌ سه‌روبه‌ندی ئه‌م ڤیستیڤاڵانه‌. مه‌به‌ستمه‌ بڵێم، مه‌رج نییه‌‌ ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ بۆنانه‌ به‌‌ ڤیستیڤاڵی خێڵ ناوزه‌ندكراون ئیتر به‌ گردبونه‌وه‌ی خێل ته‌ماشایان بكه‌ین، نه‌خێر پێویسته‌ له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ كرده‌، گوتار و ره‌ده‌ڵوبه‌ده‌ڵه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی نێو ئه‌م بۆنه‌یه‌ بڕوانین و هه‌ر له‌ ڕێی ئه‌م كرده‌ و گوتارانه‌شه‌وه‌‌ له‌م ڤیستیڤاڵانه‌ تێبگه‌ین.

 

author photo

دكتۆرا له‌ زانسته‌ سیاسیه‌كان

مامۆستای زانكۆی پاریس- دۆفین