تێكشاندنی به‌هاكانی كۆمه‌ڵگا!

تێكشاندنی به‌هاكانی كۆمه‌ڵگا!

814 خوێندراوەتەوە

د.كامه‌ران مه‌نتك 21\2\2020

هه‌موو ئاماژه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چن، ئه‌وه‌ی له‌ باشووری كوردستان ده‌گوزه‌رێت، كارێكی هاكه‌زایی نیه‌و به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوه‌، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ له‌سه‌رئاستی هه‌رێم گه‌وره‌تره‌و ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی ناو ده‌به‌ن، جگه‌ له‌ جێبه‌جێكاری ئه‌جیندایه‌كی ده‌ره‌كی زیاتر نین، كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ له‌ره‌گه‌وه‌ هه‌ڵته‌كێنیت و هه‌موو بنه‌ماكانی مانه‌وه‌و به‌رده‌وام بوونی تیا چرووك بكات.

بۆ ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌ش هه‌ندێك دیارده‌ی رۆژانه‌ وه‌ك دێوجامه‌ به‌كاردێت و سیاسه‌تی وروژاندنی قه‌یرانه‌كان پیاده‌ ده‌كرێت، له‌ په‌نای ئه‌و قه‌یرانانه‌شدا سیاسه‌ته‌ مه‌ترسیداره‌ جێبه‌جیده‌كرێت!.

ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌و چه‌مكه‌ وردتر روونبكه‌ینه‌وه‌، ده‌بینین، هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری میدیاكان و په‌یگی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، به‌ مه‌به‌ستی سیاسی و ناسیاسی كار له‌سه‌ر خستنه‌رو و گه‌وره‌كردنی قه‌یرانه‌كانی وه‌ك قه‌یرانی موچه‌و گازو كاره‌باو ئاو و ...هتد ده‌كه‌ن و مێشكی تاكی كوردی پێوه‌ خه‌ریك ده‌كه‌ن، راسته‌ ئه‌و قه‌یرانانه‌ ژیارین و راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به‌ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌و گرنگی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م قه‌یرانانه‌ هه‌مووی دروست كراون و وه‌ك دێوجامه‌یه‌ك به‌كارده‌هێنریت بۆ فریودانی رای گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان و خه‌ریك كردنی ئاوه‌زی تاكی كورد به‌م قه‌یرانانه‌.

،،

بۆئه‌وه‌ی نیگاكانی له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌جێندا ستراتیژی و مه‌ترسیدارانه‌ دووربخاته‌وه‌، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت.

ئه‌مه‌ش بۆ وه‌رچه‌رخاندنه‌وه‌ی تای ته‌رازووه‌كه‌یه‌، واته‌ ئه‌وه‌ی دوژمنانی كورد له‌ ماوه‌ی سه‌د ساڵی رابردوودا نه‌ك هه‌ر پێیان نه‌كرا، بگره‌ گیانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌و مانه‌وه‌شیان لای تاكی كورد به‌هێزتر كرد، ئێستا به‌ ناوی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیه‌وه‌ ده‌كرێت و سه‌ركه‌وتنی زۆر گه‌وره‌شیان به‌ ده‌ستهێناوه‌!.

بۆ نمونه‌ ئه‌وه‌ی رژێمی به‌عس له‌ماوه‌ی 45 ساڵی ته‌مه‌نیدا بۆی نه‌چووه‌ سه‌ر، سه‌رباری ئه‌نفال و به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی و هه‌موو جۆره‌ چه‌كێكی تری كوشنده‌، پارتی و یه‌كێتی زۆر به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجامیاندا، ئه‌گه‌ر به‌عس ئه‌نفالی به‌ هه‌شت قۆناغ ئه‌نجامدا، ئه‌وا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌ركه‌كه‌ی بۆ ته‌واو كردو له‌رێگای شه‌ڕی ناوخۆوه‌ ئه‌نفالی نۆیه‌می كرد، كه‌ هه‌موو سیماكانی ئه‌نفای به‌ زیاده‌وه‌ش له‌خۆوه‌ گرت و وه‌ك به‌رپرسێكی سه‌ربازی ئه‌و دوو حیزبه‌ گوتی" ئه‌گه‌ر چه‌كیمیاویشمان هه‌بوایه‌ له‌ یه‌كترمان ده‌دا".

بۆیه‌ به‌وردی سه‌یری قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی ئه‌و دوو حیزبه‌ بكه‌ین، به‌روونی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری كاره‌كانیان دژی كۆمه‌ڵگاو له‌ پێناو تێكشكاندنی تاكی كورد بووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ جێبه‌جێكارێكی وردی تیووری شۆك بن بۆ سڕینه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌كاربهێنرێن.

ئه‌گه‌ر بپرسین له‌به‌رژه‌وه‌ندی كێ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وا به‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو هێزه‌ هه‌رێمیه‌كه‌ توركیاو ئێرانه، ئێران له‌ رێگای ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان و سیخوڕی و كۆنتڕۆڵكردنی حزبیكی گه‌ورره‌ی كوردستان، كاره‌كانی ئه‌نجامده‌داو بازاره‌كانی كوردستانی غه‌رقی ماده‌ی هۆشبه‌ر كردووه‌، رۆژنیه‌ له‌ هه‌واله‌كان گوێبیستی گرتنی ده‌یان كیلۆ له‌و مادانه‌ نه‌بین، له‌كاتێكدا به‌شێكی زۆریش ده‌كه‌وێته‌ بازاڕه‌كان و به‌كارده‌هێنرێت!. توركیا راسته‌وخۆ به‌شێكی گه‌وره‌ی باشووری كوردستانی داگیركردوه‌و به‌ شێوه‌یه‌كی كرده‌یی سوتماكی ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ڕێگای ئه‌و خواردن و ده‌رمان و كه‌ل و په‌له‌ بارگاویكراوانه‌ی به‌ جۆره‌ها نه‌خۆشی، شه‌ڕێكی بایۆلۆژی ترسناك دژی هه‌موو كوردو به‌تایبه‌تیش دژی باشوور جێبه‌جێ ده‌كات، ئه‌وه‌ی قۆنته‌راتی جێبه‌جێكردنی ئه‌و تاوانه‌ قێزه‌ونانه‌شی گرتۆته‌ ئه‌ستۆ، زۆرینه‌ی ئه‌و به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ن، كه‌ به‌ ناوی ده‌سه‌ڵاتی كوردیه‌وه‌ كارده‌كه‌ن!.

،،

كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ردوو ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ئه‌و قۆنته‌راتانه‌ی گرتووه‌ به‌رپرسسه‌ بالاده‌سته‌كانن، چونكه‌ دیاره‌ كاری له‌وشێوه‌یه‌ گه‌وره‌ به‌ خه‌ڵكی ئاسایی ناكرێت.

بۆیه‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ بۆ ته‌نیا یه‌ك رۆژ له‌ ده‌سه‌ڵات یه‌ك سه‌ده‌ كورد له‌ مافه‌كانی خۆی دوورتر ده‌كاته‌وه‌. جێگای داخیشه‌ هه‌موو كایه‌ گرنگه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ قۆرخكراوه‌. په‌روه‌رده‌، زانكۆكان، قه‌زا، ئیداره‌، هه‌مووی له‌ لایه‌ن ئه‌و به‌رپرسانه‌و ئه‌ندامانی ئه‌و دوو حیزبه‌، راستر وایه‌ بڵێین تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و هه‌واڵگریه‌كانی ناو ئه‌و حیزبانه‌ ته‌رخانكراوه‌، ته‌نانه‌ت خودی سه‌رۆكی حزبه‌كانیش بێ ره‌زامه‌ندی و ئۆكه‌ی ئێران و توركیا دانانرێن، بۆیه‌ ئێستا ئه‌و دووده‌وڵه‌ته‌ هیچ پێویستیان به‌وه‌ نه‌ماوه‌‌ باشووری كوردستان له‌رێگای هێزی چه‌كداریه‌وه‌ داگیر بكه‌ن، چونكه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ كوردیانه‌ دژی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان بۆیان ده‌كه‌ن، هه‌رگیز ئه‌وان زاتی ئه‌وه‌ ناكه‌ن و بۆشیان ناچێته‌ سه‌ر!.ئه‌وانه‌ توانیویانه‌ ئاكار، زانست، زمانی كوردی، هه‌ستی كوردبوون به‌ ده‌ردێك به‌رن، كه چاككردنه‌وه‌ی ده‌یان ساڵی تری بوێت، لام سه‌یره‌ كۆمه‌ڵێك به‌ناو رۆشنبیرو حزبی سیاسی هه‌ڵپه‌رست و به‌رژه‌وه‌ندیخواز باس له‌ چاكسازی ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا ئه‌ركی راسته‌قینه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌نیا خراپ سازی بووه‌، چاكسازی و خزمه‌تكردن به‌وه‌ پێكنایه‌ت، كه‌ تۆ شه‌قامێك دروست بكه‌یت، یاخود به‌رپرسێكی پله‌ ده‌ بخه‌یته‌ به‌رده‌م دادگا، راسته‌ ئه‌وانه‌ كاری گرنگ و باشن، به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌ پێناو به‌ داووه‌كردنی دڕنده‌ بچووكه‌كانه‌ به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی دڕنده‌ گه‌وره‌كان!.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ خه‌ریكه‌ هه‌موو به‌هایه‌كی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ له‌ناو ده‌به‌ن، وڵاتیان هه‌ڕاج كردووه‌، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان هه‌رگیز به‌ كۆمپانیای توركی و ئێرانی ناكرێت، ئه‌گه‌ر بشیكه‌ن ئه‌وان بۆ خۆیانی ده‌كه‌ن نه‌ك بۆ تۆ!.