شەڕکردن لەگەڵ تەکفییر و تەجهییلدا

شەڕکردن لەگەڵ تەکفییر و تەجهییلدا

724 خوێندراوەتەوە

کامیار سابیر

ئەم نووسیینەی خوارەوە، کورتە نووسیینێکی یاسیین ئەفتاوە، رەخنە لەو عەقڵییەتە سەلەفییانە دەگرێت کە بە تەخشانکردنی جەهل و تەکفییری گەنجان، دەیانەوێ خورافاتە ئایدیۆلۆژییەکانیان، دەست پێوە بگرن.

ڕێگرتن لە ئازادیی هونەر، فیكر، فەلسەفە و زانست، كارێكی نەكردەیە... دواجار فیكر و هونەر و فەلسەفە و زانست هەر دەمێننەوە... دیندارەكانی گریك سۆكراتیان ژەهرخوارد كرد، پێم بڵێ ئێستا كێ ناو و میرات و شوێنكەوتەی ماوە؟؟؟

لە نێوان حەللاج و ڕەجمكەرانیدا كێ زیندوو مایەوە؟! توو موقەدەساتت ڕووت دێت بەرگریی لە بكوژانی بكەیت؟؟ دەی بكوژەكان وەكو ئێستای تۆ بوون، دژی هەر نوێگەریی و لە ڕێسادەرچوونێك بوون... ئەوان لە لایەن كۆمەڵێك گەمژەی دەمارگیرەوە پەمپ كران و یەكێك لە دەركەوتەكانی باڵابوونی مرۆڤیان لە ناو برد.

جا سەربوردەی كێت بۆ بگێڕمەوە!؟ هیچ كات دەمارگیریی و كۆنەپەرستیی لە ئازادیی و هونەر و فەلسەفە و ئەدەب و فیكر و زانستیان نەبردۆتەوە

،،

ڕەنگە ئەوانە بۆ ماوەیەك كپ بكرێن بەڵام دواجار هەر هونەر و ئەدەب و زانست و فیكر و فەلسەفە سەر دەكەون.

دینداریی دەمارگیرانە، دینداری كۆنەپەرستانە و شموولی، دینداری كە لە تایپە بەشەكیی و ئەخلاقیی و ڕۆحانیی و فەردانییەكەی لا دەدات و دەبێتە دینێكی سیاسیی سەركوتكار و شەڕانگێز، پێش هەر شتێك خودی دیندارەكان دەهاڕێت، باوەڕ بە قسەكانی من مەكە و بڕۆ مێژووی شەڕی دیندارەكان دژ بە یەكدی بخوێنەرەوە، كێ بوون ئەوانەی عەلی كوڕی ئەبو تاڵیبیان تێرۆركرد؟ كێ عوسمانی كوڕی عەففانی تێرۆر كرد؟ ئەبو جەهل و ئومەییە و سەرانی قوڕەیش، بە دە یەكی سەحابییانی وەكو موعاوییە و عەمری كوڕی عاص و هیشام و عەبدولمەلیك سەحابییان نەكوشت! ئایا كچەزای پەیامبەر بە دیلیی بكەوتایەتە دەست سەرانی بێباوەڕی قوڕەیش لەوە خراپتریان پێ دەكرد كە برا دینییەكانی پێیان كرد؟

دین پەیامێكی ڕۆحانیی و فەردانییە، ئەگەر لە جوعزە پەروەردەیی و ئەخلاقییەكەیدا بهێڵدرێتەوە و سەر نەكێشێت بۆ ژەهراوییكردنی بە سیاسەت و خێڵگەرایی و دژایەتییكردنی هەر نوێگەرییەك، دەتوانێت ببێتە مایەی داهێنان و ئاشتیی كۆمەڵایەتیی و چەسپاندنی جۆرێك لە دادی كۆمەڵایەتی.

هیچ كەسێكی ژیر، لەگەڵ مرۆڤی دینداری جوانییدۆست و نەرم و نیان و میهرەبان كێشەی نییە، ئەو دیندارەی لە ناخەوە قبوڵی كردووە دونیا خانەی پووكانەوە و زووبەسەرچوون و چڵكەسووبوونە. دیندارێك كە قووڵ لە پەیامی خودا تێگەیشتووە كە مرۆڤ كائینێكی پڕكەموكوڕییە و هەتا قامی قیامەت بەو جۆرەی پاكژخوازەكان دەیخوازن چاك نابێت و لە بنەماشدا ئەو چاكنەبوونەیە وای لێ دەكات بەردەوام بێت و هەمیشە بەرەو پێشەوە بڕوات، دیندارێكە كە دینەكەی بۆ خۆی و خەڵكیش سوودبەخشن. (كە بە داخەوە ئەم جۆرە دیندارە وا بەرەو نەمان دەڕوات و خەریكە ناوی لە ناواندا نامێنێت).

مەحوی لە چاوی دیندارە دەمارگیرەكانی كۆتایی سەدەی نۆزدەدا موبتەدیعێكی گومڕا و زەندیق بوو، مەگەر تەكفیری مورشیدەكەیان نەكرد و ڕاویان نەنا؟ دەروێشانی دەمارگیر هێندە عەزێتی مەحوییان داوە كە لایەك لە شیعری ئەو زەمی مەلا و سۆفیی و دەروێشی كەللە بەتاڵە.

دەگێڕنەوە ڕۆژێك مەحوی لە شەقامی كاك ئەحمەدی شێخ دێتە خوار و بەرەو مزگەوت و خانەقاكەی خۆی دەڕوات، لە بەردەم مزگەوتی گەورە دەروێشانی تەریقەت و دەمارگیرانی بێتەربێت دەیگرن، لێی دەدەن و ڕیشی لە گواوی بەردەم مزگەوتەكە هەڵدەكێشن، دواتر چامە شیعرییە باڵاكەی (دیارم دەیری عیشقە.... ) لە پای ئەم ڕووداوەدا دەنووسێت، لە كۆتایی چامەكەدا ئەو بەیتە قەشەنگە دەنووسێت:
شوكر هوشیارە ((مەحوی)) تێ دەگا دنیا خەراباتە
كە بەدمەستیی بكا ئەهلی، خراپەی بۆچی لێ دەگرم

،،

”دونیا وەك مەیخانە وایە و خەڵكییش وەكو سەرخۆش وان، بۆیە هەرچیی بكەن، منی هوشیار و ئاگادار لێیان ناگرم”...

بەڵێ، دەمارگیرەكان مەست و سەرخۆشن و لە ژێر كاریگەریی بێهۆشكەرەكاندان و شتگەلێك دەكەن كە خۆشیان نازانن چیی دەكەن.

سەیری ڕابردوویەكی زۆر دوور نا هی نزیك بكە، لە نێوان ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان و بكوژانیدا، لە نێوان كتێبەكانی فەرەج فۆدە و بكوژانیدا، ڕۆمانەكانی سەلمان ڕووشدی و فەتوادەراندا، عەبدولخالق مەعرووف و تەكفیركەرانیدا، شیعرەكانی شێركۆ بێكەس و تەكفیركەرانیدا كامیان ماونەتەوە...

دواجار تۆ چاكەی خەڵكت ناوێ؟
خەڵك خۆیان نایانەوێ چاك بن
تەنانەت خودا بە خودایی خۆی لە مرۆڤ نائومێدە
یا حسرة علی العباد..
أكثرهم لا یؤمنون.
......لا یعقلون.
.....لا یشكرون.

خودا وا دەڵێت و تۆش ئارەزووی خۆتە..