کچێک لە داهاتووى خۆى گەڕایەوە

ئەو هاوسەرگیریەى کیمیایباران شێواندى

کچێک لە داهاتووى خۆى گەڕایەوە

622 خوێندراوەتەوە

نزیکەى 60 ساڵ پێش ئەوەى کە جینۆسایدى هەڵەبجە خەونى مانگى هەنگوینى و لاواندنەوەى منداڵ لە هزرى "گەزنە خاتوون"ى هەرزەکاردا بکاتە بە خۆڵەمێش،(ئەحمەد موختار جاف) نوسەرى چیرۆکى "مەسەلەى ویژدان" لە دەست پێکى چیرۆکەکەیدا لە سەر زارى پاڵەوانى چیرۆکەکەیەوە، نوسى: "ولادەتم لە قەزاى (هه‌) بوو".

زۆرینەى کات چاخانەى سوچەکە لە و سێگۆشەیەى بازاڕى هەڵەبجە کە بەچەند دوکانێکى مۆدێل کۆن دەورە دراوە،شوێنى یەکتر بینینى من و هاوڕێیانمە. یەکێک لەم ئێوارانەى مانگى ئازار، دەمویست پێش ئەوەى هاوڕێکانم بگەنە ئەوێ و میزاجم بشێوێنن،بەدەم خواردنەوەى چایەکى سەرپێیى بە قەد مێژووى هەڵەبجە تاڵ،هێڵکارى ئەو وێنەیە بە تەواوى بکێشم کە دەمەوێت لە دەستنوسى ئەم گێڕانەوەیەدا،دەربارەى یەکێکى تر لە کاریگەریەکانى کیمیاباران لەسەر کۆمەڵگەى هەڵەبجە نیشان بدەم.

لەبەر ئەوەى چیرۆکەکەى "ئەحمەد موختار جاف" بە سەرەتاکانى چیرۆکى کوردى دادەنرێت،ئەوکات پانتایى خەیاڵ و لادانى زمانى هێندە گەشە سەندوو نەبوو،هەر بۆیە ئێمەیش دەستەواژەى (قەزاى "هه‌")مان، بە شوێنى جوگرافیاى ژیانى نوسەر کە "هەڵەبجە"یە،لێکدایەوە. قەزاى "هه‌" کە بە (هەڵەبجە) لێکمان دایەوە،ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕووداوێکى لە خۆگرت کە پێویست بوو لە چوارچێوەى سنورەکانى گێڕانەوەیەکدا لە دایک بێت.

،،

درێژەدان بە گێڕانەوەکە پێویستى بە خستنە ڕووى گفتوگۆیەکى فەنتازى نێوان من و "زۆرابە فەنى" پاڵەوانى چیرۆکى (مەسەلەى ویژدان) هەیە، کە لە سنورەکانى نێوان واقیع و خەیاڵدا باس لە ڕووداوێک دەکەین.

من و "زۆرابە فەنى" ئەو کوڕى سەرەتاکانى سەدەى بیستەمی هەڵەبجەیە و منیش کوڕى سەرەتاکانى سەدەى بیست و یەکى هەڵەبجەم، هەر دوکمان لەسەردەمێکى نادیاردا پێک دەگەین. بوارى بەریەککەوتنى من و زۆرابە فەنى لە زەمەنێکى ئەو دیو سنورەکانى واقیعەوە بۆ ئەوە خولقاوە هەتا ئەو لە گێڕانەوەیدا پێشبینى ڕووداوى شێواندنى پڕۆسەى هاوسەر گیریەکەى "گەزنە" بە هۆى کیمیابارانى شارەکەوە،بۆمن پیشبینى بکات کە 60 ساڵێک دواتر ڕوو دەدات، تا وا لە من بکات لە زەمەن واقیعەکەى خۆمەوە بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردووى هەڵەبجە ڕووداوى بە قەقنەس بوونى خەونى کچێکى شارەکە، بە هۆى کیمیابارانەوە لە 32 ساڵ لەمەوبەردا بگێڕمەوە.

یەکێک لەو سالانەى کە زۆرابە فەنى لە پانتایى چیرۆکى "مەسەلەى ویژدان"دا سەرقاڵى ژیانى پڕ لە مەینەتى و ئازاریەتى،ڕۆژێک لە ڕۆڵگێڕانى ناو چیرۆکەکە بێ تاقەت دەبێت و دێتە بازاڕى هەڵەبجە بۆ ئەوەى بە بەهانەى چا خواردنێکەوە لەو زەمەنە نادیاردا یەکتر بینینى من ئەو ڕوو بدات! دواى یەکتر ناسینمان لەگەڵ "زۆرابە فەنى" بەرەو شوێنێکى پیاسەى ئێوارانى شار ڕاپێچى کردم کە لەوێوە ڕووخسارى چیاى شنروێمان لێ دیار بوو، بۆ ئەوەى لەوێوە ئەو گەواڵە هەورەم نیشان بدات کە مەوداکەى لە چیاى شنروێ بەرزترە و (گەزنە)ى لەسەر دانیشتووە و لەوێوە بۆ داهاتووى خۆى لە هەڵەبجەدا دەڕوانێت کە چۆن لە سەردەمێکى دورتردا بەهۆى تاوانێکى دەژە مرۆڤەوە لە ناو دەچێت!

بەدەم پیاسەیەکى ئەو ئێوارەوە، زۆرابە فەنى ووتى:"من لە سەردەمێکى زۆر دورتردا لاى پیاوێکى ئاینى زۆر پاک و بێگەرد و خاوەن کەرامەت و ئیلهام بەخش دەرسى دینم خوێندووە" زۆراب دەیووت: " مامۆستاکەم هى سەدەى نۆزدەیە و دەرسى بە هەریەکە لە نالى شاعیر و مەولانا خالید و چەند ناودارێکى کورد وتووە.

ئەویش "مەلا عبداللەى خەرپانى"یە. بۆ یە دەتوانم پێشبینى ئەوە بکەم کە لە ساڵەکانى دەیەى کۆتایى ئەم سەدەیەدا ئەو کچەى سەر گەواڵە هەورەکە، ڕووداوى تاوانێکى مرۆیی چارەنوسى دەسوتێنێت و خۆیشى لەسەر نەخشەى ژیان دەسڕێتەوە!".

زۆرابە فەنى، ووتى:"ئەگەر من چارەنوسى ئەو کچەى سەر گەواڵە هەورەکە وەک چیرۆک بۆ منداڵەکانم بگێڕمەوە کە لەدایک بووى ئەم شارەیە و ئەجەل بە چارەنوسێکى خراپى سپاردووە، ئەوا ئاوا دەیگێڕمەوە: "نزیکەى 60 ساڵ دواى ئێمە ڕەنگە ئەوکات کەسمان لە ژیاندا نەما بین، ساڵى 1988 ئەم شارەى کە منى لێ لەدایک بووم (قەزاى "هه‌") جینۆساید دەکرێت.

،،

لە مانگى سێهەمى ئەو ساڵەدا (گەزنە) دەیەوێت هاوسەر گیرى بکات.

ڕۆژەکانى سەرەتاى مانگەکە "گەزنە" زۆر دڵخۆش دەبێت کە بەردەوام خەونى هەبوونى ماڵێکى بە هاوسەر و منداڵەوە لە هزریدا دەمە زەرد دەکاتەوە!

بەڵام لە ڕۆژانى ناوەڕاستى مانگەکەدا ئەوکاتەى کە "گەزنە" لە گەڵ هاوسەرێکى دانیشتووى یەکێک لە شارەکانى تەنیشت هەڵەبجە هاوسەر گیرى دەکات، کاتێک کە هاوسەرە تازەکەیى و کەس و کارى هاوسەرەکەیشى دێنە هەڵەبجە بۆ تەواو کردنى پڕۆسەکە، ئەوکات هەڵەبجە جینۆساید دەکرێت و بە هۆیەوە گەزنە و هاوسەرەکەى و هەموو ئەو کەسانەى کە لە گەڵ هاوسەرەکەى گەزنە هاتبوون بۆ هەڵەبجە لەسەر نەخشەى ژیان دەسڕێنەوە!".

زۆرابە فەنى، ووتى: "دواجار بە منداڵەکانم دەڵێم: ئێستا گەزنە لە داهاتووى خۆى گەڕاوەتەوە و هاتۆتە سەر گەواڵە هەورێکى بەرزى سەر چیاى شنروێ دانیشتووە و لەوێوە لە چارەنوسى هەڵەبجە و لە داهاتووى بە قەقنەس کراوى خۆى و لەو گۆڕستانە پان و بەرینە دەڕوانێت کە لە گۆڕستانى شەهیدانى هەڵەبجە، پێکەوە لە گەڵ خۆى و هاوسەرە بە نسیب نەبووەکەى و خانەوادەکەى هەردوولا تێیدا نوستوون!".

تێبینى: 1.گەزنە، ناوێکى خوازراوە. 2.چیرۆکى "گەزنە" گوزارشتە لە هەموو ئەو گەنجانەى کە کیمیا باران خەونى دروستکردنى ژیانى لێ شێواندن!

 

author photo

 بەکالۆریۆس لە زمانی کوردی، ئەزمونی شەش ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی لە میدیای نوسرا و بیستراودا