کێ سالە شێتی کوشت؟

ڕۆمانێک بۆ پڕکردنەوەو ژیانەوەی گێڕانەوەی کوردی

کێ سالە شێتی کوشت؟

888 خوێندراوەتەوە

فارووق هۆمەر

گەر بە شێوەیێکی ڕاگوزاری سەرناوی ئەو ڕۆمانە لە شوێنێک ببینین بە هیچ شێوەیێک سەرنجمان ڕاناکێشێ و قەبەیی ڕۆمانەکەش هاندەرێک نییە بۆ ئەوەی بەرەو لای خۆیمان بەرێ، بەتایبەتی لە کتێبخانەیێکی هەژاری وەک کتێبخانەی کوردی کە ڕۆمان بووە بە کاری سادە.

دواجار نوسەرێکی نەناسراویش بە تایبەتی کە لە هیچ شوێنێک شتێکمان دەربارەی نەبیستووە هۆکارێکی ترە بۆ خۆ دزینەوەمان لێی. خوێنەر، بەتایبەتی کەسێک کە بەناو تەمەنی خۆی دا چووە، سەرودەرەی لەگەڵ کات و فرسەتەکانی ژیانی خۆی دەکات و هەوڵدەدات یاری بە کاتەکانی خۆی نەکات و لەگەڵ کتێبی گرنگ و پڕ بایەخ مامەڵە بکات. هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە ڕێگرن لەوەی سەرکێشییەکی وا لەگەڵ ئەو کتێبەدا بنوێنی.

کاتێک کتێبەکەم پێگەیشت و هێشتا بەشی یەکەمم تەواو نەکردبوو هێز و پتەویی نوسەرەکەی سەرنجی ڕاکێشام. ناشێت نوسەرێک بەو هەموو زانایی و لێهاتووییەی خۆیەوە لەم سەر زەمینە ژیابێ و کورد بێ و خەڵکی سلێمانی بێ ئاوا گومناو و نەناسراو مابێتەوە. یەکەم شتێک گومانێک دەربارەی نوسەرەکەی لاپەرە بە لاپەرە تێکەڵاوم دەبوو. ئەم پیاوە زانایە لەپڕ دێت و بۆشاییەکی گەورە لە هونەری گێڕانەوەی کوردیی دا پڕ دەکاتەوە کە سەدەیەک دەبێ شوێنی خاڵییە و دەڕواو دەمرێ.

دوکتۆر عەلی کەریم کێیە؟

من هەر خێرا وەک ئەوەی خوێنەرێکم هەموو گیانم گومانە لەم کەسە کەوتمە گومانەوە. شێوازی نووسینی ئەو پیاوە، شێوازێکی سادە نییە. کەسێک نییە هاتبێ و گێڕانەوەیێکی سادەی هەبێ و بڕوات و هیچ لای تۆ جێنەهێڵێ. ئەو کارێکی کردووە ئێمە بەدرێژایی ژیانمان بە خۆمانەوە نەدیوە. من هەمیشە ئەو پرسە تەنگی پێهەڵچنیوم بۆچی هەموو میللەتانی ناوچەکە هەر لە تورک و عەرەب و فارس، کە هاوسێمانن نووسەرانی کلاسیکی گەورەیان هەیە و ئەدەبی گێڕانەوەیان هاوشانی شیعر کە هەناوی یەکەمە بۆ خۆ ناسین و خۆ گوزارشت کردن پێکەوە هاوشانن. کورد بۆ تا ئیستا ئەدەبی گێڕانەوەی نییە و تا ڕۆژگاری ئەمڕۆشمان ئەو قۆناغە هەر وا بە خاڵی ماوەتەوە.

کورد تەنیا شیعری هەیە و شاعیرانی کلاسیکی کورد بۆچی بایەخێکیان بە هونەری گێڕانەوە نەداوە. لەپڕێک پیاوێک دێ و ئەو بۆشاییە گەورەیە پڕ دەکاتەوە و نەک هەر هونەری گێڕانەوەی کوردی دەخوڵقێنێ بەڵکو لە ئاستێکی فراوانتر دا هونەری گێڕانەوە دەباتە هاوشانی گێڕانەوەی جیهان و بە تەکنیکێکی باڵای گێڕانەوە خەم و ژیان و بوونی مرۆڤی کورد شیکار و ڕاڤە دەکات.بۆ من دوکتور عەلی کەریم کەسێکی نەبووە.

ئاخر پیاوێک لە ساڵی هەزار و نۆ سەد و سی و پێنچ لە سلێمانی لە دایک بووبێ و لە ساڵانی شەستەکان لە روسیا دکتۆرای وەرگرتبێ هەروا بە ئاسانی جێی بڕوا نییە. بۆچی تا ئیستا ئەو ڕۆشنبیرانەی کورد کە لە روسیا خوێندویانە لە شوێنێک باسێکیان لێوە نەکردووە. بۆ خوێنەرێکی وەک من کە ئەدەبی کوردی دەناسم و شارەزاییەکی ئەوتۆم هەیە ناشێ پیاوێکی وا گەورە نەناسم. ئەو پیاوە دکتۆرە و جوگرافیا ناسە و هەر وا کەسێکی سادە نییە. هەرچی ڕۆمانەکەشە ئەوەندەی کاریگەری ئەدەبی ئینگلیزی پێوەیە، شوێنی کاریگەری ئەدەبی روسی تیا خاڵییە.

هەرچی شێوازی نوسینی ئەو پیاوەشە دەمباتەوە سەر کتێبەکانی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا، بەتایبەتی لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕێی ناوزەنگ و خولانەوە لەناو بازنەدا و پەنچەکان یەکتری دەشکێنن. نەوشیروان مستەفا کەسێکی ڕۆشنە بە ئەدەبی ئینگلیزی و لە ئینگلستان ژیاوە و لە گێڕانەوەکانی دا وەک مرۆڤێکی سەرشار پڕە لە مێژووناسی و جوگرافیناسی و ئەدەبناسێکی قووڵیشە و هەموو ئەو ڕەگەزانەش لەنێوان ئەو دوو زاتە گەورەیەدا ئامادەیە. کێ دەڵێ ئەو کەسەی ڕۆمانی کێ سالە شێتی کوشت، هەر خودی نەوشیروان مستەفا نییە و لەژێر ناوێکی خوازراودا ئەو کارەی نەکردووە.

،،

هەردوو ئەو نووسەرە مردوون و ئیدی لێرە نین و ئەوەش بیانوویێکی پڕ لە گومانە کە ئەدەبێک بە تەنیا خۆی و بەبێ کەسایەتییەکی ئامادە بڕواتە ناو ئەو بۆشاییە فراوانەی کە تادێت خاڵی و خاڵی دەمێنێتەوە.

دکتۆر عەلی کێیە؟

ئەم پیاوە بە دە ساڵ پێش جەنگی جیهانی دووهەم لە دایک دەبێ و کاتێک ئەو دێتە دونیا کوردستان لەبەردەم پارچەبوون و وێرابوونێکی گەورەدایە. کورد وەک میللەتێک و وەک نیشتیمانێکیش ئیدی لەدووی شکستێکی گەورەدا دەژی. هەردوو ڕێکەوتنامەی سیڤەر و دواتر لۆزان لە ئارادان و کوردستان بە بارودۆخێکی دژواردا تێدەپەڕێ. ئەو لەو ڕۆژگارە دەدوێ و شوێنی ڕووداوەکانی ئەو ڕۆمانەش ناو جەرگەی سلێمانی و لق هاویشتنێتی بۆ دەرەوەی خۆی، وەک عەربەت و دەربەندیخان و کەرکوک و بەغداد .

شیکارێکی زۆر ووردی کارەکتەری کورد و بارودۆخی ئاستی هوشیاری و کۆمەڵایەتی و دروونی خەڵکانی ئەو ڕۆژگارەمان بۆ دەکات. گێڕانەوە بەرلەوەی ئەدەب بێ، هەم هونەر و هەم زانستێکی قووڵە. بەو پێیەش ئەو پیاوە لە روسیا دکتۆرای لە جوگرافیادا وەرگرتووە، مێشکێکی پڕ لە زانست ئەو بوارەی بۆ دەرەخسێنێ زۆر بە قووڵی هونەری گێڕانەوە تێکەڵ بە زانست بکات و لەڕێی قووڵناسینیشی بۆ هونەری گێڕانەوە لە جیهان دا بە تایبەتی هونەری گێڕانەوەی ئینگلیزی کارێکی دانسقە و نایاب بخوڵقێنێ کە بۆ ئەدەبی کوردی تا ئیستا نەکرابێ. گێڕانەوەی کوردی هەر لەسەرەتاوە بە خاڵی ماوەتەوە و بنچینەیێکی نەبووە لەسەری ڕابوەستێ.

هەر میللەتێک لە دونیا ئەدەبێکی گێڕانەوەی تایبەت بە خۆی هەیە کە لەڕێی ئەو گێڕانەوەیەوە هەم دونیای خۆی دامەزراندوە و هەم ئەو بنچینانەش کە هونەرەکەی لەسەر دەخوڵقێ. کاتێک ئەدەبی هەر میللەتێکی وەک رووس و ئینگلیز و ئەڵمان و فەرەنسییەکان دەخوێنینەوە زۆر بە ووردی کارەکتەر و قووڵایی مرۆڤانی رووس و ئینگلیز و ئەڵمان و فەرەنسییەکان دەناسین. کورد یەکێک بوو لەو میللەتانەی ئەو ئەدەبەی نەبوو کە لەسەر ڕەگوڕیشەیێکی قووڵی خودناسی دامەزرابێ، شوێنی خاڵیشی بۆ هەنوکە دڕێژبۆتەوە.

کاتێک حوسێن عارف ڕۆمانی شار دەنوسێ، ترسێک لە خودبینی و ترسێک لە خودشیکار کردن لەناو گێڕانەوەکەی دا کەلەبەرێکی گەورە جێدەهێڵێت و شوێن و زەمینەی ڕووداو کە سلێمانییە لەناو وونبوون و باسنەکردنا دەمێنێتەوە. کاتێک بەختیار عەلی ڕۆمانەکانی خۆی دەنوسێت، هەمان خودبینی بەرەو ئەوەی دەبات لەناو ناشوێن و زەمینەیێکی وون دا ڕووداوەکانی دابمەزرێنێ. تەنانەت لەڕێی کارەکتەرەکانیشەوە بۆمان ناکرێ سەرەدەرەیێک لەو شوێن و زەمینەیە بکەین کە ئەو لێی دەدوێ. ئەوەی لەناو گێڕانەوەی کوردیی دا بۆشاییەکی گەورەی خوڵقاندووە شەرمکردنە لەو زەمینەیەی نووسەری کوردی تیا دەژی و هەمیشە نووسەری کورد خۆی بە گەورەتر لە خەڵکان و شوێنی خۆی بینیوە. ئەو لە دونیایێک هاتووە، کە پێش خۆی هونەری گێڕانەوەی کوردی نەخوڵقاوە و هیچ کەسێکی دیش ئەو هەنگاوەی نەناوە بۆ دامەزراندن.

کاتێک کەس خۆی لە دامەزراندن نادات ئیدی هونەری گێڕانەوە پڕی دەبێ لەو کەلێنە گەورانە و نووسەریش پێی شەرم دەبێ لەناو ئەو هونەرە گەورانەی جیهان دا کە لەناو شارانێکی گەورەی وەک پاریس و لەندەن دا دروستبوون، بێ باس لە حاجی حان و دروێش شەریف و شارێکی سادە و تازە دامەزراوی وەک سلێمانی بکات.

ڕەنگە ووردترین نموونە لێرەدا ڕۆمانی "منداڵانی گەڕەگ" ی هیوا قادر بێ کە زۆر بە ڕوونی ئەو شەرمەی نوسەری تێدا دەدۆزینەوە کە لەناو ئەو هەموو جوانی و خوێندنەوە قووڵەی دا بۆ کۆڵانەکانی سلێمانی و مناڵەکانی و ئەو ڕووداوە ترسناک و پڕ لە زامانەی کە لەوێدا ڕوو دەدەن و دواتر درێژ دەبنەوە بۆ ناو داڵانەکانی شۆرش، هیوا هەموویان دەبینێ و زەقیان دەکاتەوە و شیکار و ڕاڤەیان بۆ دەکات کەچی کەمبینی خۆی وەک نوسەرێک وای لێدەکات هانا بۆ نووسەرێکی سویدی بەرێ و هەموو ڕۆمانەکەی خۆی بخاتە بەردەم تا ئەو بۆی بخاتە جیهانەوە.

هەموو ئەوەی دکتور عەلی کردوویێتی، هیوا قادریش کردویێتی، بەڵام هیوا لە سلێمانی ڕادەکات و لەگەڵ خۆی پێگەی شوێن و پێگەی کارەکتەر دەباتە زەمینەیێکی دی کە زەمینەی هەقیقی ڕووداوەکان نییە. دکتۆر عەلی، لە جیهانەوە دێتەوە بۆ ناو سلێمانی و تیای دەمێنێتەوە و بە خەڵکەکەیەوە دەنوسێ. بایەخی ڕۆمانی کێ سالە شێتی کوشت، هەر تەنیا گێڕانەوە نییە و پڕ کردنەوەی ئەو شوێنە خاڵییەش نییە کە گێڕانەوەی کوردی تا ئیستا بەجێیهێشتووە، بەڵکو ئەو بوێرییەشە کە نووسەرێک ئەو کەمبینییە بکوژێت و لە پێگەی نووسەرێکی بوێرەوە بچێتە نێو دونیاوە.

هەموو نووسەرانی کورد کاتێک دەنوسن بۆ دونیا دەنوسن و خەونی ئەوەیان هەیە کە جیهان بیانناسێ، کاتێکیش دەنوسن بە جۆرێک دەنوسن کە گێڕانەوەکانیان خاڵی بێ لە زەمینەی کوردی، بەڵام ئەم پیاوە بۆ کوردی نوسی و کوردی شیکارکرد و زەمینەی کوردی بەجۆڕێک زەقدەکاتەوە کە سلێمانیش وەک لەندەن و پاریس شوێنێکن بۆ گێڕانەوە و بۆ ئەدەبی باڵاش دەگونجێ.

ئەوە بۆ یەکەمینجارە نوسەرێک بتوانێ سلێمانی لەناو ئەدەب دا واڵا بکات و بەجۆرێک بیخوێنێتەوە کە هەر وەک شوێنێکی تری ئەو دونیا فراوانە ڕووداو و کارەکتەر تیای هەناسە بدات. دکتۆر عەلی، لە روسیا ژیاوە و ئەو کاریگەر بووە بە ئەدەبی ئینگلیزی. ڕۆمانی کێ سالە شێتی کوشت لەسەر کۆمەڵێک بنەما دامەزراون کە ڕەگوڕیشەیان بۆ ناو ئەدەبی ئینگلیزی دەگەڕێتەوە.

چنین و تەلارسازی دوکتۆر عەلی، ئەو نووسەرە ڕزگارکەرەیە کە بەر لە مردنی دێت و تەلارێک لەناو ئەدەبیاتی کوردییا دەسازێنێ و دەڕوات. ئەو وەک پیاوێکی دونیادیدە دەزانێ لە چ دونیایێکی نەخوێندراوە و دەست لێنەدراودا دەژی. لەناو پانتاییەک کە تەپوتۆز خواردوییەتی و جێیەکی خاوێن نییە کە مرۆ بتوانێ لێی ڕابوەستێ. ئەو وەک زانستخوازێک لەناو ئەدەبی جیهان دا هەناسە دەدات و سەرشارە بە خوێندنەوەیێکی قووڵی پنتە جیاوازەکانی دونیا، لە ڕۆژهەڵات تا ڕۆژئاوا.

دەزانێ کاری نووسەر تەنیا گێڕانەوە نییە بەڵکو توخمێکی گرنگتر لە ئارادا هەیە کە پێیدەگوترێ دامەزراندن و ئەو توخمەش تەلارێکە کە دەبێ لە زەمینەیێکی ئەدەبی دا بە پێکهاتە و دەرهاویشتەکانی خۆی بنچینەکانی خۆی تووند دابڕێژێ و دەرگاکانی واڵا بکات تاوەکو بۆ دوای خۆی بۆ هەتا هەتایە بە کراوەیی بمێنێتەوە و نەوەکانی دواتر بۆیان بکرێ لە هەر شوێنێکەوە بیانەوێ لێوەی بچنە ژوورێ و بێنەدەرێ. دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دووهەم، هونەری گێڕانەوە لە جیهان دا گۆڕانگارییەکی گەورەی بەسەردا هات و تەوژمی ڕێباز و میتۆد و قوتابخانە ئەدەبییەکان لێرە و لەوێ بە شەپۆل ڕژانە دەرەوە.

دونیای ئێمە تاقە جێگەیێک بوو هەروا بە دەستلێنەدراوی مایەوە و لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین دا تاقانە مایەوە. لە نزیکمانەوە دەیان نووسەری گەورەی وەک یاشار کەمال و بزورگی عەلەوی و عەزیز نەسین و .... هتد دروستبوون و لە کاری بەردەوامی خۆیان دا کۆمەڵێک شاکاری گەورەیان خوڵقاند کە لەو ڕێیەشەوە بە دامەزرێنەرانی هونەری گێڕانەوە لەناوچەکەدا دەژمێردرێن.

ئەو بۆشاییە لە کوردستانی باشوور بۆ نیو سەدە زیاتر درێژدەبێتەوە. ئێمە لە دونیایەکدا بووین کە هێشتا ئەو پیاوە ڕزگارکەرە لەناو بیرکردنەوە و کاری خۆی دا بێدەنگ مابۆوە و وەک ئەوەی دڵنیا بێ، ئەو چاوی لە شوێنێک بڕیوە کە دەبێ پڕ بکرێتەوە و ئەویش تەنیا کەسێکە دەبێ پڕیبکاتەوە. دواجار لە کاتێک ئاوڕ دەدەینەوە و لەبەردەم خۆمان دا تەلارێک دەبینین قووتبۆتەوە، هەر وا سادە کاری ئەندازیارێک نییە کە لەپڕ ڕوویدابێ.

ئەوە بوومەلەرزەیێک نییە دونیای ئێمە بهەژێنێ، گەنجینەیێکە لەبەرچاوی ئێمە وونبووە و زۆر دەمێکە لە شوێنی خۆیەتی. یاشار کەمالێک کە لەناومان دا بووە زۆر بەدرەنگی خۆیمان پێدەناسێنێ. ئەو تەلارە، کاری ئەندازیارێکە لە غەریبی لەناو بێدەنگی و خامۆشی و کاری تاقەتپڕوکێنی خۆی دا لێرە و لەوێی دونیا ئەو کەرەستانەی بۆ کۆدەکاتەوە کە لەڕێیەوە بۆی بکرێ چوارچێوەی تەلارێک دابڕێژێ کە لە هەموو جیهانەوە دیاربێ.

خشت خشت دیوار هەڵدەچنێ و دیوار وەک شورایێکی گەورە وا بەرز دەکاتەوە کە خوداوەندیش لە ئاسمانەوە لەبەردەم ئەو توانا و ووزە و لێوەشاوەییە ئەبڵەق بمێنێ. دوکتۆر عەلی، لەنێو قووڵایی ئەدەبی ئینگلیزییەوە خشتەکانی خۆی کۆدەکاتەوە. یێکێک لەو خشتانە ئەدەبی هیومەرە، کە دەشێ بە ئەدەبی خۆشی ناویبهێنین. خۆشی، کردەیێکە هەر وا ئاسان نییە، گەر ووریا نەبی هەر زوو تێکەڵ بە قۆشمەیی و گاڵتەبازی دەبێ و ئەو قوشمەییەش بۆی دەکرێ زۆر سادە کردەی خۆشی بشێوێنێ. خۆشی، وەک کردەیێکی ئەدەبی تایبەتە بە ئەدەبی ئینگلیزی و ڕەگوڕیشەکانی لە شانۆییەکانی ولیام شەکسپیرەوە دێتە دەرێ و دواجار لێوەوە بەناو ئەدەبیاتی ئەوروپادا پەرشوبڵاو دەبێتەوە و هەم هونەری گێڕانەوە و شانۆش دەگرێتەوە و زۆر بەڕوونی لای هێنریک ئەپسن و چیخەف و تەنانەت شانۆی بێهودەیش سیما و ئەدگارەکانی دەناسینەوە.

خۆشی، لەناو هونەری گێڕانەوەی ئینگلیزی دا دەبێ بە هونەرێکی گەورە و پایەکانی خۆی لەسەر توانج و پلار و تەنز دادەڕێژێت. ئێمە کاتێک نموونە باڵاکانی گێڕانەوەی ئینگلیزی دەخوێنینەوە زۆر بە قووڵی بەر ئەو پایە قووڵانە دەکەوین، بەتایبەتی لای چارلز دیکنس و هەمەنگوای و ... هتد. تەونی جاڵجاڵۆکە کاتێک سێر ئارسەر کۆنان دیێەڵ، چیرۆکەکانی شارلۆک هوڵمز دەنوسێت، زەمینەی گێڕانەوە لەو هێڵە ئاسۆییەی خۆی دەترازێنێ و کارەکتەر و ڕووداو و ئاڕاستەکان لەناو تەونێکی جاڵجاڵۆکەدا دەخوڵقێنێ. ڕۆژگارێکە و تا ئەمڕۆش ئەو چیرۆکانە لە هۆشی خوێنەرانی جیهان دا شوێنی سەرسامین.

دکتۆر عەلیش، وەک ئەو هێڵی گێڕانەوە ناسییەی خۆی کەڵکێکی زۆر لەم کارکردنەی چیرۆکەکانی شارلۆک هۆڵمز، وەردەگرێ و بەجۆرێک کاریان تیا دەکات کە ئاسۆی گەورەتر و دەلاقەی فراوانتریان لێ پەیدا دەکات. دکتۆر عەلی، مرۆڤێکی لاساییکەرەوە نییە. ئەو کاتێک هەر لقێک لە هونەری گێڕانەوەی ئینگلیزی دەخوازێ بە جۆرێک مامەڵەی لەگەڵ دەکات کە تێکەڵ بەو گیانی خۆشی و توانج و پلارە دەکات کە لەناو مرۆڤی کوردیی دا ئامادەیە و تا ئیستا بەدەستلێنەدراوی ماوەتەوە. ئەو بەجۆرێک ئەو تەونی جاڵجاڵۆکەیە دەخوازێت و تێکەڵ بە گیانی مرۆڤی کوردی دەکات کە سێر ئارسەر بۆ خۆی زیندوو بێتەوە بە هیچ جۆرێک ڕەگوڕیشەی کارەکەی خۆی لێرەدا ناناسێتەوە، یاوەخوود گەر ئارسەر لەم ڕۆژگارەدا بژیایە ڕەوتی کارەکەی خۆی بەو جۆرە لێدەکرد کە دکتۆر عەلی کردوویێتی.

،،

ڕۆمانی کێ سالەی کوشت، لەسەر شێوەی تەونی جاڵجاڵۆکە دامەزراوە، هەر بازنەیێک دەبێتە هۆی کردنەوەی بازنەیێکی دی و بازنەیێک بەرەو بازنەیێکی دیت دەبات.

کارکردنێکە هەر ئەوەندەی کەوتیتە ناوی ئیتر تا کۆتایی دەرهاتنەوەت بۆ نییە.

ئەو ڕۆمانە لەسەر ئاستی هونەری گێڕانەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بە یەکێک لەو ڕۆمانە دژوارانە دەژمێرێت کە تا ئیستا نووسراوە و پڕترین کارێکە کە پڕترین کارەکتەر و ڕوداوو و چنینی لە خۆ گرتبێ. چەقی ڕووداوەکان لە دەوری کارەکتەری سالە دەخولێتەوە و هەموو کارەکتەرەکانیش دوور و نزیک لەو پەیوەندییەدا دامەزراون. یەکێک لەو بنچینانەی کە ئەو جۆرە گێڕانەوانە دەیخوازێ، ماکینەی ڕوداوە. هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی دەیان ڕوداوو دروست دەبن و بەردەوام ڕوداوێک یێکێکی دی بەدووای خۆی دا دەهێنێ.

هەر ڕوداوێکیش هاوشانی دەرکەوتنی کارەکتەرێک وەک کانیلەی ڕوداوو دەتەقنەوە. واتە دەرکەوتنی هەر کارەکتەرێک هاوپاڵە بە ڕوداوو هەر ڕوداوێکیش کارەکتەرێک و پتر لەگەڵ خۆی دەهێنێ. یێکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو کارکردنە خوڵقاندنی توخمی سەرسامییە کە بەردەوام لە ئاستێکی نزمی سەرەتاییەوە بەرەو سەرەوە باڵا دەکات و هەڵدەکشێ و چاو و گوێ لە خوێنەر دەڕوێنێ.

ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بە کوشتنی کارەکتەری سالە دەستپێدەکات، کوشتنی کەسێکی بێکەسی بەستەزمان کە لەجێی ئەوەی کپ بکرێ لەناکاوێک دەبێتە پڕ تەموومژاوییترین کوشتنی نێو شارێک و هەموو خەڵکانی شاری تێوە دەگلێ و دواتر پەلوپۆ بۆ هەموو دونیا دەهاوێژێت. ڕوداویێکی فرە گەورە کە هەنگاو هەنگاو وەک بڵقێک لە دووی فڕێدانی بەردێک بۆ ناو جۆگەلیێک دروستدەبێ و دواجار بەشێوەیێک لەسەر کارەکتەرێکی بەستەزمان یاوەخوود بچکۆلە، کە لە دونیای ئێمەدا نەبینراو و نەخوێنراوەیە.

دەکرێ بگوترێ کردەی کوشتن بەردەوام لێرە و لەوێی دونیا ڕوو دەدەن، بەڵام دونیای ئێمە بە کوشتن دەستپێدەکات. یەکەم کوشتنێک کە شاری سلێمانی بە خۆیەوە دەبینێ، کوشتنی جەمال عیرفانە. هەر لێرەوەش یەکەم کوشتن بە فەرامۆشی دەسپێرێت و لەناو تەمومژێک دا بۆ ئەمڕۆمان درێژ دەبێتەوە. دکتۆر عەلی لە خوێندنەوەی شارێکی وەک سلێمانییەوە، یەکەم پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵات دادەڕێژێ و سەرەتاکانی پێگەی مۆڕاڵیش لێرەوە دەبێتە ڕوانین و کارکردنی ڕۆمانەکە.

هەر لەم سەرەتا گرنگەشەوە ئیدی پێگەی ئەدەب و هونەری گێڕانەوەش لەسەر ئەو خوێندنەوە قووڵەوە دەسپێدەکات کە مرۆڤی کورد لە فەرامۆشی دەهێنێتە دەرەوە و ئەو پرسیارە گرنگانەی کە دەبێت بکرێن و ناکرێن لێرە بەدوا ببنە هەوێنی کردنەوەیێک کە ئەدەب بۆی بکرێ لەبەردەمی دا واقوڕماو نەمێنێتەوە. دوایین بینین: دکتۆر عەلی، یەکەمین گێڕەرەوەیێکە کە لە هەناوی شارەوە دێتە دەرێ و سەرەتای ئەو هونەرە لە ئەدەبی کوردی دا دەکاتەوە و لێرە بەدووا خوێنەری کورد و مرۆڤی کورد چیدی تەنیا نییە و لەگەڵ ئاوڕدانەوەی دا وەک هەر خوێنەرێکی دی دونیا نوسەرێکی هەیە لە ئاستێکی باڵادا پشتی پێببەستێت.

دەشێ بڵێین ڕۆمانی کێ سالەی کوشت، یەکەمین ڕۆمانی کوردییە کە شار و خەمگینی و پرسە گرنگەکانی بوونی مرۆڤی کورد لە خۆ بگرێ. دەشێ سلێمانیش لێرە بەدوا وەک هەر شارێکی دی جیهان لەڕێی ئەدەبەوە لە دونیادا ئامادەیی هەبێ. لە ڕۆمانەکەوە: ئەوەی لە سلێمانی ڕوو دەدات، لە هیچ شوێنێکی دی دونیا ڕوو نادات. ئەوەی منداڵە ووردەکەی سلێمانی دەتوانێ بیکات بە حکومەت ناکرێ.

بە هەمان شێوەش من دەڵێم ئەوەی دکتۆر عەلی کردی، بە هیچ کەس ناکرێت و لەسەر ئاستی جیهان وەک موجیزەیێک دەمێنێتەوە. ڕۆمانی کێ سالەی کوشت، ڕۆمانێکی هێندە چڕ و پڕە کە دەشێ هەر کاتێک لە دەرزیێک گەڕاین لەوێ دا بیدۆزینەوە. ڕۆمانی کێ سالەی کوشت، ئەو کتێبەیە کە ئەدەب و پێگەی ئەدەبی گەڕانەوە بۆ شوێنی سروشتی خۆی.

چۆن ئینگلیزەکان ولیام شەکسپیریان هەیە، نەرویژییەکان هێنریک ئەپسنیان هەیە، ئێمەش بۆمان دەکرێ بڵێین دکتۆر عەلی کەریممان هەیە. گرنگی ئەو ڕۆمانە بۆ من: من هەمیشە لە خۆم دەپرسی بۆ نالییەکمان هەیە و شیعر وەک چیایێک دادەڕێژێ، بۆ گێڕەڕەوەیێکی گەورەمان نەبووە. لێرە بەدووا گەڕانی من کۆتایی پێدێت و دەرکەوتنی ئەو گێڕەڕەوە گرنگە کۆتایی بە پرسیار و تێڕامانی من دەهێنێ. کۆتایی: یێکێک لە دەرەنجامەکانی ئەو دەرکەوتنە درەنگەی دکتۆر عەلی، ڕاستکردنەوەی هەقیقەتێکیشە کە قەدەری مرۆڤی کوردییە. هەمیشە مرۆڤە مەزنەکانی لە فەرامۆشی دا دەمرن. هەمیشە کورد ئاگای لەو کوڕانەی خۆی نییە کە خزمەتی گەورەی کردوون.

خۆزگەیێک: دکتۆر عەلی، لە غەریبی و لەنێو دەستکورتییەکی گەورەدا ژیا و مرد.

خۆزگە لاشەی ئەو مرۆڤە گەورە و ڕزگارکەرە دەهێنرایەوە بۆ سلێمانی و لەنێو خەڵکانی خۆی دا دەنێژرا. گۆڕی ئەو پیاوە بۆ داهاتووی میللەتێک گرنگە و بوونی لەناو خاکی سلێمانی دا نیشانێکە بۆ ئەو ئەدەبە گەورەیەی کە لەدووی خۆی بەجێیهێشت.

ڕۆمانی کێ سالەی کوشت، کتێبێکە بە کتێبی تەمەن دەدرێتە قەڵەم و کتێبێکیشە هونەری گێڕانەوەی یەکەمی بۆ ئێمە خوڵقاند. کتێبێک کە لەناو تەموومژی سەدەیێک دێتە دەرەوە. ئەو پیاوەی یەکەمین کەسێکە لەناو تەموومژدا کار دەکات و یەکەمین کەسێکیشە ئەو تەموومژە دەڕەوێنێتەوە.

دکتۆر عەلی، ئەو نووسەرەشە کە سنورەکانی نێو شارەکانی کورد هەڵدەوەشێنێتەوە و لێرە بەدووا ئەوەی باسی ئێرە و ئەوێی کوردستان بکات نووسەرێکە بچکۆلە و باڵا کورت. کێ سالەی کوشت، کتێبێکە بۆ هەمووان و سەرەتای دەسپێکێکی هەقیقی هونەری گێڕانەوەی کوردییە. من لێرەوە کرنۆش بۆ ئەو خاکە غەریبە دەبەم، کە لاشەی ئەو پیاوە غەریب و مەزنەی لە خۆ گرتووە.