له‌پاڵ كۆرۆنا با ئه‌مه‌ش له‌یاد نه‌كه‌ین!.

له‌پاڵ كۆرۆنا با ئه‌مه‌ش له‌یاد نه‌كه‌ین!.

325 خوێندراوەتەوە

د.كامه‌ران مه‌نتك 12\3\2020

مه‌سه‌له‌ی كۆرۆنا ئه‌مڕۆ به‌شیكی گه‌وره‌ی میدیاكانی جیهانی داپۆشیوه‌، به‌ ده‌یان ڤیدۆیۆ و هه‌واڵ و رینمایی بڵاوده‌كرێته‌وه‌، ده‌وڵه‌تانی دونیا یه‌ك له‌دوای یه‌ك رێگای خۆپارێزی ده‌گرنه‌ به‌ر، هاتوچۆ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆیان وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م و دوای ئه‌وه‌ ره‌نگ بێت وه‌ك هه‌نگاوی دووه‌م له‌ ناوه‌خۆش قه‌ده‌غه‌ بكه‌ن، واته‌ چوارچێوه‌ی خۆپارێزیه‌كه‌ رۆژ به‌رۆژ بچووكتر ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و ڤایرۆسه‌ به‌رده‌وام بێت ده‌شێت چوارچێوه‌ی خێزانیش تێپه‌ڕێنێت!.

خه‌ڵك له‌ ئاسیاو ئه‌مریكاو ئه‌ورپاو ... هتد، خۆیان بۆ كره‌نتینای ماڵه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌كه‌ن، واته‌ خۆراك و كه‌ل و په‌لی پێویست ده‌كڕن، بۆئه‌وه‌ی توانای مانه‌وه‌یان هه‌بێت له‌ ماڵه‌كانی خۆیان، ئه‌گه‌ر بۆماوه‌یه‌كی كورتیش بێت!.

ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ كاركردن تا راده‌یه‌كی باش ده‌وه‌ستێت، بۆیه‌ یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی، كه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت داهاتی خه‌ڵكه، چۆن ئه‌و خه‌ڵكه‌ كارنه‌كات و بژێوی ژیانی دابین بكرێت، ئه‌گه‌ر بۆماوه‌یه‌كی كورتیش بێت!.

لێره‌دا حكومه‌ته‌كات هه‌وڵده‌ده‌ن مووچه‌ی كارمه‌ندانی خۆیان دابین بكه‌ن، كۆمپانیا تایبه‌تیه‌كان له‌ هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگا چاره‌یه‌ك، كه‌ له‌لا‌یه‌ك خۆپارێزیه‌كه‌ له‌خۆوه‌ بگرێت و له‌ لایه‌كی تریش كاره‌كانیان به‌رده‌وام بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن كرێی كرێكاره‌كانیان دابین بكه‌ن،

،،

ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ هه‌ژارو چین و توێژه‌ن، كه‌ رۆژانه‌ هێزی بازووی خۆیان ده‌فرۆشن و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌وه‌ستن بۆ ئه‌وه‌ی كاریان ده‌ستبكه‌وێت، ئه‌وه‌ی به‌ چه‌مكه‌ گریكیه‌كه‌ی پێی ده‌گوترێت پڕۆلیتاریا!.

ئه‌وانه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك fh نه‌كه‌وتوونه‌ته‌ به‌رباس و تاراده‌یه‌ك فه‌رامۆشكراون، له‌كاتیكدا ئه‌وانه‌ش مرۆڤن و پێویستیان به‌ خۆراك و خۆپارێزی هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ش مرۆڤن و حه‌زیان به‌ژیانه‌و پێویسته‌ وه‌كو مرۆڤ ژیانێكی شایسته‌‌ بژین، بۆیه‌ ده‌بێت حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و كۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی ئاوڕ له‌وانه‌ بداته‌وه‌و له‌ یادیان نه‌كات، پێویسته‌ خه‌ڵك ئه‌و ڤایرۆس و نه‌هامه‌تیه‌ بقۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ په‌یوه‌ندیه‌ ویژدانیه‌كانی خۆیان رێكبخه‌نه‌وه‌ و ئاسووده‌یی ده‌روونی و مرۆڤبووی خۆیان بسه‌لمێننه‌وه‌‌، كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ به‌ هۆی ئه‌و گۆڕانكاریه‌ سیاسی و ئابوورییه‌ی له‌ كوردستاندا هه‌یه‌ له‌ قه‌یراندایه‌.

،،

تكا و داوا له‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م، كه‌ هه‌ركه‌س له‌ راستی خۆی و به‌گوێره‌ی توانای خۆی ئه‌و چینه‌ و خه‌ڵكی هه‌ژار به‌گشتی له‌ یاد نه‌كه‌ن و ده‌ستباریان بكه‌ن

با ڤایرۆسی كۆرۆنا سه‌رباری مه‌ترسیه‌كانی ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌كی باش بۆ ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی زیندووكردنه‌وه‌ی گیانی یارمه‌تیدانی یه‌كتر، تكایه‌ هه‌ركه‌س له‌لای خۆیه‌وه و به‌گوێره‌ی توانای خۆی‌ ده‌ستی هاریكاری بۆ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی خۆی درێژ بكات و یارمه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ بدات، كه‌ پێویستیان به‌ یارمه‌تی هه‌یه‌، هیوادارم وڵاته‌كه‌مان به‌سه‌لامه‌تی ئه‌و قۆناغه‌ش وه‌كو قۆناغه‌ ناخۆشه‌كانی تری ژیانی تێپه‌ڕێنیت و به‌رده‌وام ئاوه‌دان بێت.