‎ئەم خۆراكانه‌ هاوكاری جه‌سته‌ت ده‌كه‌ن بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆرۆنا!

‎ئەم خۆراكانه‌ هاوكاری جه‌سته‌ت ده‌كه‌ن بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆرۆنا!

404 خوێندراوەتەوە

‎له‌سه‌رده‌می كۆرۆنای ترسناكدا، جه‌سته‌ی مرۆڤ له‌ هه‌موو كات زیاتر پێویستی به‌ خواردنی ته‌ندروست و خواردنه‌ پڕ له‌ ڤیتامینه‌كان هه‌یه‌، له‌م ڕووه‌وه‌ پسپۆڕێكی ئه‌ڵمانی چه‌ند ڕێنماییه‌كی گرنگی تایبه‌ت به‌ خۆراكمان پێده‌دات، كه‌ هاوكارمان ده‌بێت بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی سه‌خته‌ی ئێستا به‌هۆی كۆرۆناوه‌ ڕووی تێكردووین. ‎

ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر به‌ خێرایی به‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا بڵاو ده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكیشی توش كردووه‌، كه‌ تاكو ئێستا له‌ 420 هه‌زار كه‌س تێپه‌ڕی كردووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌زاره‌ها كه‌سیشی كوشتووه‌.

‎ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌دا، خه‌ڵكی بۆ پاراستنی خۆیان له‌ ڤایرۆسه‌كه‌ په‌نا بۆ چه‌ندین ڕێگا ده‌به‌ن، بۆ نموونه‌ كه‌سانێكی زۆر په‌نا بۆ كڕینی خواردنێكی زۆر ده‌به‌ن و له‌ ماڵه‌وه‌ غه‌زنی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆئه‌ندامی به‌رگریان به‌هێز بكات و پاراستنێكی زیاتریان پێبدات، به‌ڵام كڕینی خواردنی زۆر واته‌ی ئه‌وه‌ نیه‌، كه‌ كۆئه‌ندامی به‌رگریمان به‌هێز ده‌بێت، به‌ڵكو به‌هێز بوونی به‌رگری جه‌سته‌ به‌هۆی ئه‌و خۆراكانه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ به‌ ڤیتامینه‌كان و ئاسن ده‌وڵه‌مه‌ندن. ‎

ئۆرسولا زیمرمان پسپۆڕی خوارده‌مه‌نیه‌كان له‌ شاری فوڵدای ئه‌ڵمانیا، له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی ( فۆڵدا تسایۆنگ) چه‌ند ڕێنمایه‌كی گرنگی خواردنی له‌سه‌رده‌می كۆرۆنادا خسته‌ڕوو، ڕایگه‌یاند خورادنی خراپ زیان به‌ جه‌سته‌ ده‌گه‌یه‌نێت و توشی نه‌خۆشی ده‌كات.

،،

‎ئۆرسولا زیمرمان:" بۆ پاراستنی سیسته‌می به‌رگری له‌شمان، پێویستیه‌كی زۆرمان به‌ زنگ و ڤیتامین سی و ئاسن هه‌یه‌". ‎

ده‌شڵێت:" هه‌ندێك خواردنی دیكه‌ی وه‌ك سپێناخ و تو و په‌قله‌مه‌نیه‌كان، سودێكی زۆر به‌ جه‌سته‌ ده‌گه‌یه‌نن". ‎ ئه‌و پسپۆڕه‌ ئه‌ڵمانیه‌ ڕێنماییمان ده‌كات، كه‌ هه‌ندێك خواردن پێویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ ماڵه‌كانماندا هه‌بن، جا له‌ قه‌یراندا بین یان نا، له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:" چه‌وه‌نده‌ر،په‌تاته‌،گوێزه‌ر زۆر گرنگن، له‌ ماڵی ئێمه‌دا هه‌میشه‌ شیری شۆڤان له‌گه‌ڵ گه‌نمه‌شامی و فاسۆلیا هه‌یه‌،چونكه‌ به‌و خواردنانه‌ ده‌توانیت له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا خواردنێكی ئاسان و به‌ سود دروست بكه‌یت".

‎ئۆرسولا زیمرمان پسپۆڕی خوارده‌مه‌نیه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌" پیازو سیر به‌ ڤیتامین سی ده‌وڵه‌مه‌ندن، هه‌روه‌ها خواردنه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك كوله‌كه‌ و هێلكه‌ و مزره‌مه‌نیه‌كان گرنگن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پێویسته‌ ئه‌و خواردنانه‌ش بخۆین كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندن به‌ ڤیتامینه‌كانی سی و دی و ئاسن، چونكه‌ ئه‌م خۆراكانه‌ ڕۆڵێكی گرنك ده‌گێرن، به‌تایبه‌ت له‌ ڕووبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌ گوازراوه‌كان:.

‎و/ گۆران قادر

‎سه‌رچاوه‌:DW

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی