شیعر چییه‌و بنه‌ماو پێكهاته‌كانى چین؟

شیعر چییه‌و بنه‌ماو پێكهاته‌كانى چین؟

484 خوێندراوەتەوە

د. ڕێبوار فەتاح


هاوڕێ لاوەکانم – کوڕان و کچان، کە خولیای شیعر نووسینیان لە سەردایە، شیعرێکم بۆ دەنێرن یان بۆم دەخوێننەوە؛ ئەمجار دەپرسن، ڕات چیە؟ منیش زۆرجار بە ڕاشکاوی پێیان دەڵێم، پێکهاتەی شیعری نیە. بمبەخشە! دواتر دەکەوینە گفتوگۆی ئەوەی کە داخۆ دەبێ شیعر چی بێ. لێرەدا هەوڵدەدەم کورتەیەکی ڕێنوماییم بۆ شاعیرانی لاو دابڕێژمەوە بەو هیوایەی هاوکاریان بێ و ئامرازێك بێ بە دەستیانەوە لە شیعر داڕشتندا.

شیعر وەك لقێکی هونەرە جوانەکان، جا هونەری بینراو – وەك پەیکەرتاشی، وێنەکێشان، وێنەگرتن، یان ئەدەب بێ، پێکهاتەیەکی توندوتۆڵ لەخۆناگرێ. بگرە دەکرێ لەسەر کۆمەڵێك بنەما داڕێژرابێ؛ ئەمانیش نابێ هێندە موقەیەد بن، ڕێ لە داهێنان بگرن. گەر ئەندێشە ئازاد نەبێ، هیچ هونەرێك لەدایك نابێ. خۆ گەر پێناسەیەكی گشتگیر بۆ هونەر دابنرێ، ڕەنگە بگوترێ: هونەر داهێنانی ئەندێشەی مرۆڤە، کە پێڕەو بە بنەمایە. وەکیتر 'بنەما' بە 'ڕێسا'، 'قانون' 'ڕابەر' و زۆر ناوی دیکەی لێ نراوە.

ڕەنگە هونەرمەند دەرك بە ڕێسای هونەر نەکات؛ هەڵبەت بەبێ ئاگاداری خۆی، پێڕەویان دەکات. دەنا کارەکەی هونەر دەرناچێ. بۆ نمونە عەرەبەکان سەدان ساڵ بوو بە کێشی عەروز شیعریان دادەنا؛ تەنیا لە سەدەی هەشتدا الخَلِیل بن أحمد الفراهیدی ڕێساکانی شیعری عەروزی دۆزیەوە؛ دەریخست کە شیعر عەرەبی تا ئەودەم، تەنیا بە ١٥ کێش نووسراون. دواتر قوتابیەکەی کێشێکی دیکەشی دۆزیەوە. ئێستا ١٦ کێشی عەروز دەستنیشان کراوە - الگَّویل، المَدید، البَسیگ، الوافِر، الكامِل، الهَزَج، الرَّجَز، الرَّمَل، السَّریع، المُنْسَڕح، الخَفِیف، المُچَاڕع، المُقْتَچَب، المُجْتَپ، المُتَقَاڕب و المُحْدَپ.

بۆ نمونە نالی، زۆرتر بە هزج و رمل نووسیویتی؛ جاروبار مچارع بەکارهێناوە و بە دەگمەنیش رجز. چامەکی نالی بۆ سالم بە دەریای مچارع - مچارع مپمن اخرب مکفوف محژوف، نووسراوە، کە تەفعیلەکەی دەکاتە مفعولُ-فاعلاتُ-مفاعیلُ-فاعلن.

پێش و لەگەڵ ئیمارەتی باباندا، پێش و هاودەمی نالی، سالم و کوردی، شاعیرەکان – بۆ نمونە مەولەوی و بێسارانی، بە کێشی کوردی یان پەنجەی ١٠ بڕگە شیعریان داڕشتووە.

بۆنمونە مەولەوی دەنووسێ:

دەرمانی زامان دەردەکەی کاریم
هامڕازی ناڵەی شەوان بێداریم

کە هەر دێڕەی ١٠ بڕگەیە:
دەر-ما-نی-زا-مان-دەر-دە-کەی-کا-ریم – ١٠ بڕگەیە.
ئەمیش کتومت وەك فۆلکلۆرە. بۆ نمونە، ئەم فۆلکلۆرە ١٠ بڕگەیە:

کوێستانان خاڵ خاڵ، بەفری ناچێتۆ؛
قیبلەم تۆراوە، ئاشتی نابێتۆ.

لێرەدا من لە دەرکی کێش بە قوڵی نادەم.
ڕەنگە من سێ بنەمای نەرمونۆڵ لە شیعردا ببینم.

- - - - - - - - - - - - - - - - - - -
یەکەم – شیعر بە زمان دەنووسرێ
- - - - - - - - - - - - - - - - - - -
زمانی داڕشتنی شیعر لە گفتوگۆی ڕۆژانە و پەخشانی هونەری جودایە. زمانی شیعر نابێ ئاڵۆز بێ یان خەڵك تێی نەگات؛ ڕەنگە تا ساکار بێ، هەژێنەرتر بێ. هەڵبەت زمانی شیعر تۆکمەیە و لێکدانەوە و شڕۆڤە لەخۆناگرێ؛ زانست نیە. پێویستی بە لێکدانەوەی بیرۆکەکان نیە. تەنیا دایان دەڕێژێ. ئەو سیستم-سازیەی لە زمانی ڕۆژانە و زانستدا دەبینرێ لە شیعردا نیە. شیعر نانووسێ، دوو پەڵە هەوری پۆزەتیڤ و نەگەتیڤ لەیەکیان دا و ئەنجامەکەی تەزووەیەکی کارەبا بوو، کە بە 'برووسکە' دەیناسین. شیعر بۆ نمونە دەنووسێ، "برووسکەی دڵ، ئاگری عیشقە." دیارە لە لۆجیکی ژیاندا، نە دڵ بروسکەی هەیە و نە عیشق ئاگر.

شیعر خۆی گوزارشتە لە هەستی مرۆڤ لەڕێی هەموو ئەو ئامرازانەوە کە زمان فەراهەمی کردوون. زمان دەلاقەیەکە؛ سنوری بۆ شیعر داناوە. هەڵبەت ئەو ئابڵوقەی زمانە ناوەرۆك دەدات بە شیعر، هەروەك چۆن بۆیە، فڵچە و خام، دەلاقەن لەسەر وێنەکێشان. کاری شاعیرە سنوری زمان ببەزێنێ؛ پەیوەندی نوێ لە نێوان یەکەکانی زماندا بدۆزێتەوە لە شیعرەکانیدا، کە پێشتر نەبینراون.

لایەنێکی گرنگی شیعر شارەزابوونە لە زماندا. ئەمیش هەم لایەنێکی مێژوویی هەیە؛ هەم لایەنێکی جیهانی. شارەزابوون لە زمانی شیعری کلاسیکی، دەستپێکە بۆ نووسینی شیعری هاوچەرخ. ناکرێ شاعیری کورد، شیعری کلاسیکی فەرامۆش بکات و بازبدات بۆ ئەو زمانە سەقەتەی کە میدیاکارانی ئەمڕۆ بەکاری دێنن. هاوکات زانینی زمان و شارەزابوون لە شیعری بێگانەدا، هەمیشە هاوکارە لە داڕشتنی شیعر بە زمانی زگماك.

مامۆستا گۆران، بۆ نمونە، لە شیعری 'ڕەوتێکی جوان'دا دەنووسێ:

یا[ن] کەروێشکی تێر و قەڵەو،
لەبەر تریفەی مانگەشەو،
چەند جوان ئەڕوا بە قونەقون،
سرك و گورج و سپی و خرپن.
یا پۆڕ لە گوێڕێگای دەشتا
لەگەڵ سایەقەی پاش وەشتا
چەند ورد و جوان، بە لەنجە و لار،
ئەشێلێ سەوزە گیای بەهار.

هیچ وشەیەکی ئاڵۆز لەم کۆپلەیەدا نابینرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، تابلۆیەکی نەخشاندووە، بە وشەی زۆر ساکار، پاش خوێندنەوەی وا هەست دەکەیت کە خۆت لەوێ بوویت. مامۆستا گۆران، وێنەکەی بە وشەی سادە گواستووەتەوە بۆمان. ئەوە خۆی هێزی شیعرە. هەروەك دێڕی "ئەشێلێ سەوزە گیای بەهار"، پێشتر ئەو وشانە بەو جۆرە کۆنەکراونەتەوە. ئەمەیە دۆزینەوەی پەیوەندی نوێیە لە زماندا، کە سیمای شیعرە.

شیعرێکی گۆران مەریوان-ی بە نمونە دەهێنمەوە لەژێر ناوی ' پەنابەردا:

پەنابەر
ئەودەم من و ماریا –
کە پەنابەرێکی ئارجەنتینی بوو،
دۆست بووین.
لەتەك چەند دەربەدەرێکی تردا،
لە نزیک دەریاچەی "هۆڵینگێ"
دانیشتبووین.
باسی وڵات و عەشقی ئینسانمان دەکرد؛
بە شوێن بوونماندا رامان دەکرد؛
دەریاچەش گوێی بۆ ئێمە شل کردبوو!

ئێستێ ماریا مردووە.
وابزانم،
لە گردێکی لێرەوە دوور،
لاشەکەشیان ناشتووە.
من و چەند پیرێکی تر،
لە هەمان شوێن،
بێدەنگ دانیشتووین؛
باسی هیچ ناکەین؛
لە هیچ نادوێیین؛
دەریاچەی "هۆڵینگێ"-ش،
لە مێژە ویشکی کردووە!

هیچ وشەیەکی ئاڵۆز لەم شیعرە کورتەدا نیە. ئەمیش – وەك شیعرەکەی مامۆستا گۆران، تەنانەت هیچ وشەیەکی تێدا نیە کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەکاری نەهێنین. لەگەڵ ئەوەشدا، داڕشتنی بە جۆرێکە، کە دەستت پێکرد، ناکرێ خوێندنەوەی تەواو نەکەیت. کە لە خوێندنەوەشی دەبیتەوە، کاولی کردوویت. ئەمە هەموو بە وشەی ساکار کراوە. هەروەك پەیوەندی زمانەوانی نوێی تێدایە، بۆ نمونە:

" بە شوێن بوونماندا رامان دەکرد؛
دەریاچەش گوێی بۆ ئێمە شل کردبوو!"

وشەکان وەك دڵۆپی ئاو وان؛ نابن بەهێزێك، گەر لە شەپۆلێکدا کۆنەبنەوە. شیعریش هەمان شتە. وشەکان بە تەنیا، گەر بێ گیانیش نەبن، کاریگەر نین؛ ئەوە شیعرە کۆیان دەکاتەوە لە وێنەی هەست-ئامێزدا و دەتخاتە گریان یان پێکەنین؛ زۆرجاریش لە تێڕامانێکی قوڵدا جێت دەهێڵێ.

- - - - - - - - - - - - - - - - - - -- - - - -
دووەم – شیعر گوزارشە لە کێشەی دەروون

- - - - - - - - - - - - - - - - - - -- - - - -


پرسی ئەم بنەمایە ئەمەیە: شاعیر تا چ ڕادەیەك توانیویەتی، هەژێنەر لە شیعرەکەیدا ڕەنگ بداتەوە؟

شیعر، هەرهیچ نەبێ لای من، گوزارشە لە کێشەی ئاڵۆز و بەبڕشتی ناخی دەروونی مرۆڤ، کە ڕەنگە بە زانست و تەکنەلۆجی یان بە هیچ بەشێکی دیکەی داڕشتنی هزر دانەڕێژرێن. هەرگیز ناڵێم، شیعر ناتوانێ یان ناکرێ خۆی لە قەرەی هەموو بارێکی ژیان بدات؛ دەکرێ بابەتی هەموو لایەنێکی ژیان – سیاسەت، بۆنەی کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەری، بە شیعر دابڕێژرێن. هەڵبەت ئەمانە دەچنە خانەی جۆرێکی دیکە لە ئەدەبەوە؛ ڕەنگە لای من لە پێناسەی شیعردا نەبن.

زانینی مرۆڤ لە هەموو تافێکی مێژوودا، بەلانی کەمەوە دوو جۆرە – تێگەیشتن کە بە یەقینەوە بەندە و تێ نەگەیشتن کە بە گومانەوە بەندە. لای مرۆڤ، یەقین سەرچاوەی ئارامیە و گومانیش شڵەژاندن.

یەکەم زانینە: تێگەیشتنە لەو دیاردانەی دەوروبەرمان. هەموو ئەو سامانە زانیاریەی کە بە درێژی مێژوو تا ئەو خاڵە کۆبووەتەوە هاوکارمان دەبن لە تێ گەیشتنی دیاردەیەکی نوێدا. با تێگەیشتنیشمان ساکار بێ و لە ڕووکاردا بمێنێتەوە، هێشتا لە یەقیندا دەمێنینەوە، و ئەمیش هەمیشە ئارامیمان پێ دەبەخشێ. بۆ نمونە، کە وامان دەزانی فیزیای نیوتن هەموو دیاردەکانی سروشت لێکدەداتەوە، لە یەقیتدا بوون. نەمان دەزانی دواتر، دیاردەی دیکە دەبینین، کە فیزیای نیوتن دۆش دادەمێنێ لەبەردەمیدا. کە ئەم دیاردە نوێیانە دۆزرانەوە، شڵەژاین و پەنامان بۆ فیزیای کوانتەم برد تا یەقینی ئارامبەخش بێتەوە گیانمان.

دووەم تێ نەگەیشتن و دۆشدامانە لە بەرامبەر هەندێك دیاردەدا. ئەمیش دەبێتە مایەی گینگڵەمان، چونکە گومان هەمیشە دەمان شڵەژێنێ.

بەشی یەکەم لە ڕێسا و قانونی زانستدا دادەڕێژین و گرفتێکی گەورەمان لەگەڵیدا نیە. هەرچی بەشی دووەمە، سەرباری ئەوەی کە لەبەرچاومان تەمومژاویە، مرۆڤ هەرگیز کۆڵ نادات لە گوزارشکردن لێیان. لەبەر ئەوەی لە ڕێسا و قانونی زانستدا داناڕێژرێن، بۆ ئەمیان هونەر فریادڕەسە و زانست دۆش داماوە. ئەمانە زەمینەی هونەرن بە شیعرەوە. بایەخیان لە زانست و تەکنەلۆجی بۆ ئارام-دەروونی مرۆڤ زۆر زیادترە. تا زانست و تەکنەلۆجی ژیانمان ئاڵۆز بکات و نامۆترمان بکات، بەهای هونەر و ئەدەب لە ژیانماندا زیاتر دەکات.

بۆ نمونە، یەکێك لەو دیاردانەی ژیان کە مرۆڤ تێی ناگات، مەرگە. مەرگ زۆر گینگڵەی مامۆستا گۆران داوە. بەردوام لە شیعرەکانیدا، مەرگ دەبینینەوە – گوڵی لاولاو، بەسەرهاتی ئەستێرەیەك، هاوڕێم بێکەس، بۆ هیوا-ی کوڕم، لە سەرەمەرگی هیوادا، شیوەنی گوڵاڵە، گوڵی کەمخایەن و زۆری دیکە. مامۆستا گۆران بە گوڵێ لاولاو دەڵێ:

منیش، وەك تۆ بەقام کورتە و بەهارم تیژ و کەم فرسەت،
گەشەم مەیلە و زەوالە چەشنی تۆ، چەشنی هەموو دنیا؛
وەکو بارانی هاوین زوو فەنایە عومری بێ مروەت؛
تەبەخخور مایەیە، هەیهات، بە چەشنی شەونمی سەرگیا!

مامۆستا گۆران خۆی دەکات بە ئاوەڵی گوڵێ لاولاو؛ و پێی دەڵێ، هەدووکمان تەمەن کورتین. قیژەقیژی تێدا نیە؛ بە هێمنی باس لە مەرگی خۆی و لاولاو دەکات. گۆران کێشی عەروز – دەریای هزج مپمن سالم-ی لێرەدا بەکارهێناوە، کە تەفعیلەکەی دەکاتە، مفاعیلن-مفاعیلن-مفاعیلن-مفاعیلن.

گۆران مەریوانی لە شیعری 'ئەویش دەڕوا' – بۆ شەهید د هۆشیار ئیسماعیل-ی دەنوسێ، بە ئەندێشەیەکی زۆر بەرز شەهید دەکات بە نوێنەری هەموو ئازادیخوازێك و دەنووسێ، کە ئەم خۆشی چاوەنواڕە گولەیەك بیپێکێ، کە گوزارشە لەوەی تاوان هەر بەردەوام دەبێ. شیعرەکە دروشم-ئامێز نیە؛ ناقیژێنێ؛ ناشیرین نیە؛ هەڕەشە-ئامێز نیە. بە پێچەوانەوە، بە هێمنی و لە ئەدەبێکی بەرزدا، شەهید دەلاوێنێتەوە تا دەگاتە ئەو جێیەی کە دەنووسێ:

ئەویش دەڕوا!
تا دادپەروەری ببینێ،
پێش ئەوەی بچێتە حوزوری خوا!
ئەویش دەڕوا!
قاوغێ فیشەك و چوار منداڵ،
لەدوای خۆی بەجێدێڵێ،
[...]

ئیدی جەرگت دەبڕێ و گەر زۆر ئازاش بیت هێشتا دوو دڵۆپ فرمێسك بۆ ئەم مرۆڤە مەزنە دەڕێژیت. مەریوانی-ش وەك مامۆستا گۆران، لە سەرتاسەری شیعرەکەدا بە جۆرێك زمان بەکاردێنێ، کە پێشتر نەبینراوە. هەموو بیرۆکەی نوێیە. ئائەوە خۆی پێوانەی شیعری سەرکەوتووە.

- - - - - - - - - - - - -
سێیەم – پێکهاتەی شیعر
- - - - - - - - - - - - -
پێکهاتەی شیعر نەوەك گفتوگۆی ڕۆژانەیە و نەوەك پەخشانی هونەرییە؛ زۆر جیاوازە. دەکرێ پێکهاتەی شیعر سێ سروشت لەخۆبگرێ. یەکیەکیان تەلارسازیە، کە ئەندازیاریی شیعرەکەی لە ئەستۆیە. ئەمیان چۆنیەتی بیناکردنی بیرۆکەی شیعرەکەیە، سیستم-ئامێزانە، لە خزمەتی هزری سەرەکی شیعرەکەدا. خۆ ڕەنگە لێرەدا شیعر تا ڕادەیەك لە زانست نزیك بێتەوە، و بتوانێ ئەو ئامرازانە بەکاربهێنێ، کە زانست دەستەبەری کردوون. دیارە وێنا شیعریەکان بە زمان – وشە – دەدەڕێژرێن؛ ئەم وێنانە، ڕەنگە قەتیس بن، بەڵام هەموو پێکەوە، وەك فیلمێك، فرەیم بە فرەیم بینای شیعرەکە دەکەن بەبێ دوورکەوتنەوە لە بابەتەکەی.

بۆ نمونە بڕوانە شیعری 'من دەڕۆم'، کە گۆران مەریوانی بۆ شەهیدی قەڵەم وەداد دهۆکی نووسیووە. مەریوانی بۆ چرکەیەکیش یان تەنیا لە تاکە وشەیەکیشدا، وەداد لە یاد ناکات. تەلارسازیەکی نایاب لە شیعرەکەدایە؛ بە جۆرێکە گەر تاکە وشەیەك دەربهێنی، شیعرەکە سەرتاپا دادەرمێ. ئەندێشەیەکی قوڵی تێدایە، کە تەنیا شاعیر درکی پێ دەکات. هیچ یەکێك لەو وێنانەی شیعرەکە پێشتر نەبینراون، بۆ نمونە:

من دەڕۆم
‌بە مێروولەیەك دەڵێم:
ماندووم،
‌تا لەولای بێچووەکانیەوە بنووم.
‌پەیمان دەدەم،
‌خەبەر لە حەشارگەیان نەدەم؛
‌گەر لە برسیشدا بمرم؛
‌دەست لە گەنجینەیان نەدەم!

مەریوانی نانووسێ وەداد دژی گەندەڵێ بووە. ئەوە شیعر دەرنەدەچوو! وەداد بەڵێن دەدات کە دەست لە گەنجینەی مێروولەکان نەدات و حەشارگەیان بۆ کەس ئاشکرا نەکات. بەمجۆرە، مەریوانی، لە وێنەیەکدا کە هیچ پەیوەندی بە واقعی ژیان و زانستەوە نیە، جەرگت دەبڕێ. ئائەوە شیعرە.

سروشتێکی دیکەی شیعر، ڕەنگە ریتم بێ. دووبارەبوونەوەی کێش، بۆ نمونە 'مفاعیلن' چوار جار، جۆرێك لە ڕیتم دەدات بە شیعر. نالی لە شیعری 'هەی کەرێکم بوو'، دەنووسێ:

کەلە وەك جەڕڕەی شەرابی پر نیشات و تەڕ دەماغ
شێری نەڕ، ئاهوویی بەڕ، گورگی سەفەر، قەمچی نەچێژ
مل عەلەم، شیرین قەلەم، ئاهوو شکەم، مەیموون قەدەم
سم خڕ و کلك ئێستر و، مەنزل بڕ و، عارەق نەڕیژ

کێشی ئەم شیعرە عەروزە – دەریای الهزج المپمن المحژوف، تەفعلەکەی فاعلاتن-فاعلاتن-فاعلاتن-فاعلن، کە لە هەموو دێڕێکی شیعرەکەدا دووبارە دەبێتەوە؛ ئەمیش ڕیتمێکی دەداتێ کە ئارام دەبەخشێ. مرۆڤ هەمیشە بە ریتمێکی دووبارە ئارام دەبیتەوە. جگە لە کێش، نالی بە بەکارهێنانی وشەی لێکچوو – جیناس – جۆرێك لە ئاوازی داوە بە شیعرەکەی. بۆ نمونە لە وەسفی گوێدرێژەکەیدا دەنووسێ، شێری نەڕ، ئاهووی بەڕ، گورگی سەفەر.

کێشی کوردیش ریتم دەدات بە شیعر. بۆ نمونە ئەم فۆلکلۆرە هەر دێڕەی ١٠ بڕگەیە، کە ٥ + ٥ لە هەر دێڕێکدا دووبارە دەبێتەوە:

بینێ بان دڵم پەنجەی شمشاڵت
بێ بەشم مەکە لە خەتوخاڵت
بینێ بان دڵم ناسکە پەنجەکەت
باوەشێنم کە بە ئەگریجەکەت

دیارە بڕگەش، پێکهاتەی خۆی هەیە، کە دەکرێ ریتم بدات بە شیعرەکە. وشە دەکرێ لە بڕگەیەك یان چەند بڕگەیەك پێكهاتبێ؛ ئەمانیش کۆکراوەیەکن لە دەنگی بزوێن و نەبزوێن، کە بە ڕێسای زمان ڕیزبەندن. ئێرە جێیان نیە؛ هەڵبەت تێگەیشتن لە بڕگە – وەك یەکەیەکی زمان، بنەڕەتیە بۆ داڕشتنی شیعر.

من ریتم لە ئاواز جیا دەکەمەوە. ریتم زۆرتر دووبارە بوونەوەیە. بۆ نمونە بەرداشی ئاشێك، کە گوێی لێ دەگرین، هەمان ریتم دووبارە دەبێتەوە. دیارە ئاوازێك لەگەڵ ئەم ریتمەدا تەریبە. لە هەموو چرکەیەکی خولانەوەی یەكجاری بەرداشەکەدا، هەمان دەنگمان گوێ لێ دەبێ. گوێ لە خوڕەی ئاوی تاڤگەیەك بگرە! لە کاتێکی دیاریکراودا، هەمان دەنگت گوێ لێ دەبێ. دەنگی دیکە ڕەنگە وا سیستم-ئامێز نەبن. بۆ نمونە ڕەشەبا یان شەپۆلی ئاو، دەنگیان بەردەوام دەگۆڕێ. هەورەتریشقە، ناڵەیەکە، بارانێکی زۆر بەدوی خۆیدا دێنێ. شاعیر دەتوانێ، ئەمانە بکات بە ڕیتمی شیعرەکانی. نامەوێ ئەم نامە کورتە ئاڵۆز بکەم؛ هەڵبەت لێکچونێکی زۆر نزیك لەنێوان شیعر، فیزیا و متماتیکدا هەیە. هەندێك هاوکێشەی سکارم داڕشتووە بۆ لێکدانەوەی ریتم و ئاوازی شیعر، بەڵام بۆ نامەیەکی دیکەیان هەڵدەگرم. شیعر بەتایبەت گەر بە کێشی عەروز یان بڕگە داڕێژرابێ، پێڕەوی چەند هاوکێشەیەکی ماتماتیکی دەکات، کە لەسەر دیاردە فیزیاویەکان داڕێژراون.

ئاواز جیاوازە، سەرجەمی ئەو دەنگانەن کە لە شیعرەکەدان. ئەویان کاری شاعیرە چۆن ئاوازێك تێکەڵ بە ریتمی شیعرەکە دەکات. بۆ نمونە، سافی هیرانی لە شیعری ' دڵبەری، نازپەروەر" دەنووسێ:

دڵبەری، نازپەروەری، ڕووئەنوەری، مەهپارەکەم
نەونیهال، ئەبرۆ هیلال، شیرین جەمال، نازدارەکەم
مەهروویی، موشکین موویی، چاو ئاهوویی سەحرای خوتەن
سوور گوڵە، موو سونبولە، ماهی پەری ڕوخسارەکەم

کێشی ئەم شیعرە عەروزە – دەریای الرمل المپمن المحژوف، تەفعلەکەی فاعلاتن-فاعلاتن-فاعلاتن-فاعلن؛ ئەمیش ڕیتمێکی ئارامبەخش دەدات بە شیعرەکە. هەڵبەت سافی لە کۆتای زۆر تەفعیلەدا قافیەیەکی پێداوە. بەمەش ئاوازی داوە بە ڕیتمی شیعرکە.

تا ژیان ئاڵۆزتر و جەنجاڵتر بێ، شیعر بەهای زیاد دەکات. شیعر ئەو سیحرە دەخاتەوە ناو ژیان، کە زانست و تەکنەلۆجی لەنێوی دەبات.