ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دوای سزاكه‌ی ترامپ چه‌ند زیان ده‌كات؟

ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دوای سزاكه‌ی ترامپ چه‌ند زیان ده‌كات؟

657 خوێندراوەتەوە

دوای چه‌ندین جار تۆمه‌تبار كردن، له‌ كۆتاییدا دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا سزای ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دا و هاوكارییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ ڕێكخراوه‌كه‌ هه‌ڵپه‌سارد. ترامپ ئه‌مڕۆ ڕایگه‌یاند فه‌رمانی به‌ ئیداره‌ی وڵاته‌كه‌ی كردووه‌، كه‌ هاوكارییه‌ مادییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ته‌ندروستی جیهانی سڕ بكرێت،هه‌روه‌ها به‌ ئه‌نجامدانی چه‌ندین هه‌ڵه‌ له‌ ڕێكاره‌كانیان په‌یوه‌ست به‌ ڕووبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی كۆرۆنا تۆمه‌تباری كرد، كه‌ ڕێكخراوه‌كه‌ زانیاری هه‌ڵه‌ی پێشكه‌ش كردوون، تایبه‌ت به‌و ڤایرۆسه‌ی كه‌ له‌ چینه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدا.

سزاكه‌ چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ڕێكخراوه‌كه‌ ده‌بێت؟

ڕۆژنامه‌ی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) له‌ زاری گه‌وره‌ به‌رپرسێكی ئه‌مریكاوه‌، بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ فه‌رمانی هه‌ڵپه‌ساردنی هاوكارییه‌ مادییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ڕێكراوه‌كه‌ یه‌كسه‌ر ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سزاكه‌ به‌ خێرایی كاریگه‌ری له‌سه‌ر چالاكییه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌ ده‌بێت.

به‌ پێی دواین داتا، واشنتن له‌ سه‌ده‌ی20ی كۆی بودجه‌ی ڕێكخراوه‌كه‌ دابین ده‌كات،ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ زۆرترین بڕی هاوكارییه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌ ئه‌مریكا دابینی ده‌كات، نه‌مانی ئه‌م بڕه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕێكخراوه‌كه‌ ڕووبه‌ڕووی كه‌مهێنانێكی به‌رچاو له‌ بواری داهاتدا ده‌بێته‌وه‌. ئه‌مریكا له‌ بودجه‌ی ساڵی 2019 بڕی 453 ملیۆن دۆلاری پێشكه‌شی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی كردووه‌، ئه‌مه‌ش ده‌ هێنده‌ی ئه‌و بڕه‌یه‌ كه‌چین پێشكه‌شی ڕێكخراوه‌كه‌ی كردووه‌. ئه‌و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ پاره‌كانی له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و ته‌ندروستی و ئاژانسه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك ئاژانسی ئه‌مریكا بۆ گه‌شه‌پێدانی مرۆیی (یو ئێس ئید)ه‌وه‌ پێگه‌یشتووه‌، ئه‌ویش له‌ ڕووبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی ئیفلیجی منداڵان له‌ ئه‌فریقا و پاڵپشتی ته‌ندروستی و خۆراكیه‌كاندا خه‌رجی كردۆته‌وه‌. له‌ ساڵی 2020دا پشكی ئه‌مریكا كه‌متر ده‌بێت له‌ 116 ملیۆن دۆلار، هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئیداره‌كه‌ی ترامپ له‌ مانگی شوباتی ئه‌مساڵدا داوای كرد هاوكارییه‌ مادییه‌كان بۆ رشێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كه‌م بكرێته‌وه‌.

،،

به‌پێی ڕاپۆرتی ماڵپه‌ڕی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، بودجه‌ی چاوه‌ڕوانكراوی ڕێكخراوه‌كه‌ بۆ ساڵی 2020-2021 بریتی ده‌بێت له‌ 4 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار.

بۆ دابین كردنی ئه‌م بودجه‌یه‌ ڕێكخراوه‌كه‌، جگه‌ له‌ داهاته‌ دیاری كراوه‌كه‌ی خۆی، پشت به‌ هاوكارییه‌ خۆبه‌خشیه‌كانی وڵاتانیش ده‌به‌ستێت، كه‌ ساڵانه‌ به‌ بڕی جیاواز وڵاتان پێشكه‌شی ده‌كه‌ن،بۆ نموونه‌ واشنتن له‌ ساڵی 2017دا بڕی 400 ملیۆن دۆلاری پێشكه‌شی ڕێكخراوه‌كه‌ كردووه‌. له‌ دوای بڕیاره‌كه‌ی ترامپه‌وه‌، پێده‌چێت هه‌ندێك چالاكیی و به‌رنامه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌ په‌یوه‌ست به‌ كۆرۆنا له‌مپه‌ری بۆ دروست ببێت، دیموكراته‌كانی كۆنگرێسیش ڕه‌خنه‌یان له‌و بڕیاره‌ی ترامپ گرت و پێیان وایه‌ ناكرێت، ئه‌مریكا به‌ ته‌نها هاوكارییه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌ ببڕێت، به‌ڵام به‌رپرسێكی بودجه‌ی كۆشكی سپی ڕایگه‌یاند ترامپ بژارده‌ی دیكه‌ی له‌به‌رده‌سته‌، بۆ نموونه‌ داوا له‌ ئاژانسه‌ ئه‌مریكیه‌كان بكات، ئه‌و بڕه‌ پاره‌ بۆ لایه‌نی ته‌ندروستی وڵاته‌كه‌یان خه‌رج بكه‌نه‌وه‌.