"حەلاج"

گەڕیدەی حەقیقەت ، دڵ ڕۆشن بەنوری خودا

"حەلاج"

275 خوێندراوەتەوە

ئارام جەلال

" مەنصوری حەلاج " دەڵێت :
" ئەوکەسەی بتوانێ بنوێ لەکاتێکدا
دراوسێکەی برسیەو بێ دەرەتـــانە
ئەو کەسە باوەڕدار نیە بێ ئـیمــانە ..!!"

لەسەردەمانێکدا کەشڵەژاوی شارو پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی مافخوراوان بڵێسەی سەندبوو "مەنصوری حەلاج "لەهەموو گۆشەو سوچێکی شار دەنگی عەدالات و دادپەروەی ئەدا بەگوێی مسوڵماناندا ، بەئاژاوە گێڕ و فیتنە هەڵگیرسێن لەلایەن دەسەڵاتەوە ناسێنراو تۆمەتبارکرا بوو ،کۆت و زنجیر و ئەشکەنجە و زیندانی کۆڵی بە "حەلاج"نەدا ، دوژمنەکانی کەوتنە پیلان بۆ کوشتنی ڕزگاربوون لەدەستی ، ئەم پیاوە دڵ ڕۆشنە لەلایەن ئەو دڵ ڕەشانەی دەسەڵاتەوە کەوتە بەردژایەتی و ڕق و کینە و تۆڵە ..

سەرئەنجام یەکێک لەوەزیرە دڵ ڕەش و دڵ پڕ لەقینەکانی ئەوکاتی دەسەڵات کە دووژمنی سەرسەختی "حەلاج" بوو بەناوی "حامد کوڕی عەباس " دادگایی سازکرد بۆ وەرگرتنی حوکمی کوشتنی " حەلاج " لەدادگا ، بۆ ئەم مەبەستە قازییەکی سوونی مالیکی هێنا بەناوی " ئەبو عمری حەمادی " کە بەقسە زانی ناوی دەرکردبوو دادگاکە بەسەرپەرشتی ئەو بەڕێوە چوو دادوەرێک بەناوی "ئەبو جەعفەری بەهلول " کە شافعی مەزهەب بوو ڕازی بەکوشتنی نەبوو لەدادگاکە کشایەوە و قازیەکەیان گۆڕی بەکەسێک شافعی مەزهەب نەبێت و هەرچییان کرد هەرنەیانتوانی حوکمی کوشتنی بچەسپێنن تا کار گەیشتە ئەوەی چوونەوە سەر مەسەلەی "حەج" ..

دادگا ئەم قسەی "حەلاج "ی هێنا کەدەڵێت : لەبری چوون بۆ حەج ، نەزرو زیارەتی کەعبەی دڵ بەسە " کردیان بەبەڵگە بەسەریەوە بۆ " دەست بەردار بوون لەحەج " ..

ئەو قسەی کە "حەلاج" لەبارەی "حەج"کردبووی ووتبووی" ئەگەر یەکێک نەیتوانی بچێت بۆ حەج ، دەتوانێ لەماڵەکەی خۆیدا شتێکی وەک کەعبە دروست بکات و بەدەوریدا تەواف بکات وەک ئەوەی مەککە بێت ، پاشان سێ هەتیو کۆبکاتەوە و نانیان بداتێ و خۆی خزمەتیان بکا و دەستیان بشوات و جل و بەرگ بکاتە بەری هەموویان و یەکی حەوت درهەمیشیان بداتێ" ..

کاتێک سەرۆکی دادگا پرسیاری کرد لە "حەلاج" ئەو قسەیەت لە چ سەرچاوەیەکەوە وەرگرتووە " حەلاج"لەوەڵامدا ووتی لەکتێبی "ئیخلاص" ی شێخ " حسن بەصری"دا خوێندوویەتیەوە ..

لەکاتێکدا کە "حەلاج " لەمانایەکی قوڵی عیرفانی ئەو قسەی کردووە ،دووهەنگاوی بۆ گەیشتن بەخودا داناوە یەکێکیان پشتکردنە دوونیاو ئەویتر تەسلیم کردنەوەی ئاخیرەت بەخودا کاتێک مرۆڤ پشتی لەدوونیا کرد مافی کەس ناخوات چونکە ڕووی لەخودایەو دوونیاو ئاخیرەتیش تەنها خودا دەتوانێت پاداشت و سزا دیاری بکات کەخۆی خاوەنیەتی ..

چونکە پێی وابووە، کاتێک مرۆڤ توانای نەبێت "حەج" بکات خزمەتی بەندەکای خودا بکات لەبەر خاتری خودا ، خودا حەجی لێوەردەگرێ ، چونکە مرۆڤ پێش چوون بو حەج دەبێت دڵی پاک بکاتەوەو بتەکانی دەرونی بشکێنێت و پڕی بکات لەعەشقی ئیلاهی و پاشان بەوعەشقەوە بکەوێتە ڕێگا بۆ گەیشتن بە مەعشوقی ئەزەلی و ئەبەدی ..


ـ
" حەلاج "ئەهلی لەڕادەبەدەری "ڕۆژوو حەج و تەواف و خەڵوەت"ە کە دووساڵ لەسێبەری "کەعبە"دا ئەمێنێتەوە و ڕۆحی بەئاوی "زەمزەم زەمزەم" ئەشۆرێ لەژیانیدا "٣"جار "حەج"ی کردووە..

کاتێکیش ماڵی خودا جێدەهێڵێت ئەڵێت خودایە بڵێی جارێکی تر قسمەتی ئێرەم بەنسیب بکەیتەوە ، هێندە تامەزرۆدەبێت دەکەوێتە خەیاڵی" پێغەمبەر دخ " کەدەریان کرد لە "مەککە" و بە حەسرەتەوە فەرمووی: ئەی باشترین خاک ئەگەر دەریان نەکردمایە هەرگیز بەجێم نەدەهێشتی ..

پاشان سەرۆکی دادگا نکۆڵی کرد ئەوە قسەیەلەو کتێبەی "حەسەنی بەصری"دا هەبێت و "حەلاج"یش سووربوو لەسەر قسەکەی ، ئیتر "ئەبو عمر "سەرۆکی دادگا بەدەنگی بەرز هاواری کرد " ئەی خوێن حەڵاڵ "..

وەزیری دڵ ڕەش کەئەم قسەی بیست یەکسەر بەسەرۆکی دادگای ووت بینوسە " خوێنی حەڵاڵە " سەرۆکی دادگا هەرچی کرد نەیتوانی خۆی بدزێتەوە و بەم شێوەیە خوێنی "حەلاج" یان حەڵاڵکرد و هەموو مەحزەری دادگایان ئیمزا کرد ..

خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە تا لەخاچ دانەکەی " حەلاج " ببینن ، "حەلاج" کاتێک لە خاچ دانەکەی نزیک بوویەوە هێندە پێکەنی تا چاوی پڕ فرمێسک بوو ، پاشان دوو ڕکات نوێژی کرد ئینجا داوای لەخودا کرد لە بکوژەکانی خۆش بێت و بەدەم ووشەی " انا الحق "وە جەلادەکانی دەسەڵات هەزار قامچی لێدەدەن و دەست و قاچی دەبڕنەوەو لەخاچی ئەدەن و سەری دەبڕن و جەستەکەی لەحەسیرێک دەپێچن و دەیسوتێنن ، ئینجا خۆڵەمێشەکەی دەبەن لەسەر منارەیەکەوە دەیڕێژنە ناو ئاوی دیجلەوە ..

ئەوەی " حەلاج "ی بردە سەر پەتی سێدارە و لەداردان و دەست و قاچی بڕی و سەری پەڕاند ، لەبەر ووتنی ووشەی " انا الحق " نەبوو ، چونکە کاتێک لەدار دراو ئەوکات ووتی " انا الحق " حەق لە "حەلاج"دا جیلوەی کردبوو ،دوای ئەوەی حەزوو نەفسی ئەفوتێت و نامێنێت ، چ نیم من ، جگە لە دەنگی حەق ، ئیتر من خۆ ووجوودم نیە ، ئەوەی کەهەیە خۆتی ، کاتێک عاشق لە ڕووی مەعشوقدا فەنا ئەبێ ئەم دیمەنە ڕووئەدات ، ئەوانیش قسەکانی ئەویان کردە بەڵگەی لەداردانەکەی ، ئەگەرنا لەداردانەکەی " حەلاج " لەلایەن ترسی ملهوڕ و مشەخۆرەکانی دەسەڵات و هەڵگیرسانی شۆڕشی مافخوراوان بوو لە دژیان ..!!

مەنصوری حەلاج دەڵێت:
کاری چاکە واتە چاکسازی لەکۆمەڵگادا
دامەزراندنی دادپەروەری کەبناغەی فەرمان ڕەواییە ..

"حەلاج"زۆر کاری لەسەرهۆشیارکردنەوە و ڕوناک کردنەوەی دڵ و عەقڵی مرۆڤ دەکرد وەهەروەها لە دامەزراندنی "عەدالەت"دا ڕای وابوو کە دەبێت ..

حەق بە ماف خوراوان بدەن
سامان بگێڕنەوە بۆ هەژاران
ئاسایش بۆ ژیانی خەڵک
زەکات بۆ ئەهلی شایستە ..

خیلافەت و دەسەڵات موڵک نیە تا بکرێتە میراتی ، بەڵکو بەرپرسیارێتی یە ، مافی هەموو مسوڵمانێکە کەشایەنیەتی لەڕووی زانست و فەزڵ و کردەوەیەوە ..

کەسێک شایسەی دەسەڵاتە ، ستەمکار نەبێ ، خوێن ڕێژنەبێ ، شوێنکەوتەی حەقیقی "پێغەمبەر دخ" بێت ، کە ئەوەش مافی هەموو مسوڵمانێکی چاکی دادپەروەرە ، ئەو ڕێبازی گرتنە بەری حەقی وەک ئەبوو "زەڕی غیفاری" پێ پەسەند بوو کە بۆ ووتنی حەق سڵی لەهیچ نەدەکردەوە ..

هەر لەبەر ئەمقسانە ئەوانەی لەدەسەڵات بوون ببوونە مشەخۆر و میراتگر دڵیان پڕکینەو ڕق و تۆڵە بوو لە "حەلاج " ..

"حەلاج " پێی وابوو : ئەوکەسەی خیلافەت و حوکمڕانی و دەسەڵات و بەرپرسیارێتی وەردەگرێ دەبێت " لەترسی خودا بگری ، لەوەی نەوەک دەسەڵات خراپ بەکاربێنێ ناعەدالەتی و زوڵم و ستەم و ماف لەژێر دەسەڵاتیدا بخورێت ، کاتێکیش کەمرد هیچ درهەم و دینارێکی لەدوای خۆی بەجێ نەمێنێ "

بەبڕوای " حەلاج " تەسەووف واتە :
"کۆمەڵێک هەنگاو لەناودەروندا بۆ دەرەوەی دەروون "

"حەلاج " پاش پاککردنەوەی ناوەوەی مرۆڤ بڕوای وابوو دەبێت ئەو نورەی لەدەرووندا هەڵهاتووە بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی خۆی بۆناو خەڵک بۆناو ژیان ، چۆن ئەکرێ کەسی ئیماندار لە سوچێکدا دابنیشێت و بەزیکرو تێڕامانی خۆی بەختەوەر بێت .

لەکاتێکدا خەڵکانێک هەن لەچواردەوری برسی و ستەم دیدە و بێ بەشن ، ئەوکەسەی بتوانێ بنوێ لەکاتێکدا دراوسێکەی برسیەو بێ دەرەتانە ، ئەو کەسە باوەڕدار نیە بێ ئیمانە ..

پاش بەرپاکردنی شۆڕشی دەرونی و ڕووکردنە مزگەوت و پاشان دوای نوێژکردن ڕووی دەکردە خەڵکەکەو قسەی بۆ دەکرد بۆ ئەوەی هۆشیار ببنەوە لەحەق و مافی خۆیان..

پاشان ئەچوەدرەرەوە بۆ ناو خەڵکی و تێکەڵیان بوو ، لەبازرگان و لەکاتب و لەباجگران ، دائەنیشت ئەکەوتە قسەو ڕازو نیاز لەگەڵیان ..

پێیان ووت تۆ بۆ تێکەڵ بەخەڵک ئەبیت ..!!


"حەلاج " ووتی :

نەخۆش لەکوێ بوو پزیشکیش هەر لەوێ ئەبێ "..

زیکروو وویردوو خەڵوەت ئامانج نیە ، دەرمان بۆ چاک بوونەوەی نەخۆشە ، کاتێک دەروون چاک و پاک بووە وە ، خاوەنەکەی ئەچێتە ناو دوونیاو کاری باشی تیا پەخش ئەکا ، ئەم دوونیایە ووڵاخێکە بۆ ئەو دوونیا ..

" حەلاج " دەڵێت :

کابرایەک چووە خزمەت" پێغەمبەر د.خ "پێی ووت : بەدەست خۆی نی یە دڵی ڕەقە ، چیبکات باشە ؟ .
"پێغەمبەریش د.خ" لەوڵامدا پێی فەرموو : دەست بەسەر سەری هەتیودا بێنەو خواردن بدە بەهەژاران "..

"حەلاج "پێی وابوو قورئان دەبێت وابخوێنرێتەوەهەروەک ئەوەی بۆ خودی تۆ دابەزیبێت ، هەمیشە ئەم ئایەتەی ئەخوێندنەوە ..
" يَا أَيُّهَا الْمُدَّثِّرُ 🌼 قُمْ فَأَنذِر "
ئایەتی (۲٫۱) لە (سورەتی المدثر).

واتە : ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی خۆت پێچاوه‌ته‌وه‌، هه‌سته‌و خه‌ڵکی بێداربکه‌ره‌وه (ڕاستیه‌کان ڕوون بکه‌ره‌وه‌).

بۆیە لەنزایەکیدا لەکێوی "عەرەفە"ڕووی دڵی دەکاتە پەروەردگار و دەفەرموویت : خودایە من تۆ پاک و بێ بەری ئەکەم لەوشتانەی بەندەکانت ئەیکەن تا خۆیانت لێ نزیک بکەنەوە ، لەو شتانەی پەرستیارەکانت ئەیڵێن تا جەخت لەیەکتایت بکەنەوە ..

سود وەرگیراوە لە کتێبی :
"حەلاج"
لەحەسرەت عیشقی تۆیە دڵ ناسرەوێ ..!!
‌‌
نوسینی : عەباس ئەڕنائووت
وەرگێڕانی : ئـــازاد بەرزنجی