تراژیدیترین چیرۆكی كۆرۆنا

تراژیدیترین چیرۆكی كۆرۆنا

1228 خوێندراوەتەوە

دلێر عەبدوڵڵا ـــ کاکەلاو عەبدوڵڵا ــ كەركوك
ئەوكەسەی كە بەدیار لاشەی هاوسەرەكەیەوە كەلەپچكرابوو، چیرۆكی روداوەكەو ساتی گیان لەدەستدانی هاوبەشی ژیانی دەگێڕێتەوەو پێیوایە ستەمێكی زۆری لێكراوە، بۆیە ئامادە نییە لەوانە خۆش بێت كە بونەتە هۆكاری ئەو كارەساتەی بەسەریدا هاتووە.


لەچەند رۆژی رابردوودا، گرتەیەكی ڤیدیۆیی هاوڵاتیەكی كەركوك بڵاوكرایەوە كە بەدیار تەرمی هاوسەرەكەیەوە كەلەپچەكراوە. ئەو هاوڵاتییە ناوی محەمەد كەریمەو تەمەنی 43 ساڵە، مامۆستای خوێندنی سەرەتاییەو ماوەی مانگێك دەبێت باوكیشی بەهۆی نەخۆشی كۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە.


ئەو هاوڵاتییە كە ئێستا لەماڵە چۆڵەكەیدا ژیان بەسەر دەبات، لەدوای ئەو روداوەوە باری دەرونی ناجێگیرەو ئەحمەدی برا بچووكی لەگەڵیدا ژیان بەسەر دەبات. تا دڵی بداتەوەو باری سەرشانی كەمێك سوك بكات.

سەرەتای چیرۆكەكە
محەمەد كەریم بەمجۆرە چیرۆكەكە بۆ " دیپلۆماتیك مەگەزین" دەگێڕێتەوە" هاوسەرەكەم بەهۆی دوچاربوونی بەنەخۆشی كۆرۆناوە ماوەی حەوت رۆژ لەنەخۆشخانەی گشتی كەركوك بوو، ئەو، رۆژ دوای رۆژ باری تەندروستی بەرەو باشی دەڕۆشت، كاتێك چووم بتڵی ئۆكسجینی بۆ بهێنم، كارمەندێكی نەخۆشخانە لێی وەرگرتم و وتی خۆمان بۆت دەهێنین، پێموتن كە خۆم بیبەم باشترە چونكە هاوسەرەكەم كێشەی هەناسەی هەیەو دەبێت زوو بتڵەكەی بۆ ببەم، بەڵام بەداخەوە گوێیان پێم نەدا. رۆشتمەوە لای هاوسەرەكەم، بەڵام بتڵەكە نەگەیشت بۆیە ئەو كەمتەرخەمی و خەمساردییە توڕەی كردم و ئەو ئامێرەم شكاند كە خۆی لەبنەڕەتدا لەكاركەوتبوو.

،،

بۆیە پۆلیسەكانی نەخۆشخانە بردیانم بۆ بنكەو لەوێ لێكۆڵینەوەم لەگەڵ كرا، لەوێ پێم وتن كە من بەدیار نەخۆشەوەم و ناكرێ هاوسەرەكەم بەتەنها بێت، پێویستی بەمنەو دەبێت بمبەنەوە بۆ نەخۆشخانە. ئەوە بوو لەگەڵ پۆلیسێكی بنكەکە کەناوی " موراد عەبدولنەبی"یەو تورکمانە، رەوانەی نەخۆشخانە كرامەوە، بەلام باری منیش بەتەواوی تێكچوو، زۆر بێهێز بووم، لەهۆش خۆم چوم، پۆلیسەكەش نەیدەوێرا دەستم لێبدات، وەك دەگێڕنەوە لەكاتی لەهۆش خۆچوونەكەمدا بەشەق ئەمدیواو دیوی پێكردووم، پاش هۆش هاتنەوەم لەترسی ئەوەی دوچاری نەخۆشی نەبێت و بۆ ئەوەی لەوێ بەدیارمەوە نەوەستێت، كەلەپچەی كردە دەستم و زیندانی كردم."


محەمەد بەردەوام دەبێـت لەگێڕانەوەكەی و دەڵێت: " كاتێك بەهۆش هاتمەوە، بینیم خێزانم هاوار دەكات و دەپاڕێتەوە تا كەلەپچەكەم بۆ بكەنەوە، ئەو پێویستی بە خزمەت كردن هەبوو، بە كارمەندەكانی وت خێرتان دەگات من كەسم نییە، دایك و باوك و خوشك و برام نییە، تەنها هاوسەرەكەم كەسمە، لێگەڕێن و دەستی بكەنەوە با پێداویستیم بۆ دابین بكات، با خاوێنم بكاتەوە، پێویستم بە خزمەتە. بەلام بەداخەوە كەس گوێی لێ نەگرت."

چۆنیەتی گیان لەدەستدانی هاوسەرەكەی
هاوسەرەكەی محەمەد كەریم كەناوی مونا ئیسماعیلەو تەمەنی 44 ساڵ بوو، بەدیار محەمەدی هاوژینیەوە گیانی سپاردووە، محەمەد كەریم لەوبارەوە دەڵێت:" پاڕانەوەی هاوسەرەكەم سودی نەبوو، منیش زۆرم هەوڵدا بەڵام ئامادەنەبوون كەلەپچەكەم بكەنەوە، نەمدەویست بەهۆی دۆخەكە زیاتر لە هاوسەرەكەم ئاڵۆز بكەم، بۆیە هەمیشە پێم دەوت بێخەمبە ئێستا بۆم دەكەنەوەو پێداویستیەكانت بۆ دابین دەكەم، خاوێنیشت دەكەمەوەو ئینشائەڵا باشیش دەبیت، بەڵام بەداخەوە ئەمانە هیچی سودی نەبوو، دەمبینی هێواش هێواش هاوسەرەكەم گیان ئەدات و لێوی شین دەبۆوە، تا بەدیارمەوە گیانی سپارد، بەداخەوە نەشمتوانی لەئامێزی بگرم و ماڵئاوایی لێبكەم."

دوای 75 خولەك لەمردنی هاوسەرەكەی، كەلەپچەكە دەكەنەوە
پاش گیان لەدەستدانی مونا بەماوەی 75 خولەك، كەلەپچەكەی دەستی محەمەد دەكرێتەوەو دواتر رەوانەی پزیشكی دادوەری دەكرێت. محەمەد كەریم لەوبارەوە دەڵێت:" دوای 75 خولەك لە مردنی هاوسەرەكەم و پاش هەوڵێكی زۆری براكەم، ئەنجا كەلەپچەكەم كرایەوەو بە كەفالەت ئازاد كرام."

چۆن ڤیدیۆكە تۆماركرا؟
ئەحمەدی برای محەمەد كەریم، لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی كە بەهۆیەوە كارەساتەكەی پێ بڵاوكرایەوە، دەڵێت:" لە نەخۆشخانەوە پەیوەندییان كردو وتیان وەرە بۆ لای براژنەكەت، كە گەیشتمە ئەوێ دەبینم براكەم كەلەپچە كراوەو هاوسەرەكەشی مردووە، بۆیە بە مۆبایلەكەم تۆمارمكرد تا دنیا بەو كارەساتە بزانێت و ئەو ستەمە ئاوا بەسادەیی نەشاردرێتەوە."

مەسرور بارزانی ئامێرە شكاوەكەی بۆ نەخۆشخانە كڕیەوە
بەپێی زانیارییەكانی " دیپلۆماتیك مەگەزین"، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كڕینەوەی ئەو ئامێرەی نەخۆشخانەی گشتی كەركوكی لە ئەستۆگرت كە محەمەد كەریم شكاندبووی، لەوبارەوە محەمەد كەریم دەڵێت:" بەڵی لەلایەن وەزیری پەروەردەوە پێم ڕاگەیەنرا كە بەرێز مەسرور بارزانی هەستاوە بەكڕینەوەی ئەو ئامێرە بۆ نەخۆشخانە."


نەخۆشخانە لە محەمەد كەریم دەبورێت
پاش گیان لەدەستدانی مونا ئیسماعیل، كارگێڕی نەخۆشخانە بڕیاری لێخۆشبون بۆ محەمەد كەریم دەردەكەن كە هەستابوو بە شكاندنی ئامێرێكی نەخۆشخانە، لەوبارەوە ئەحمەد كەریم وتی:" ئەوان داواكەیان كشاندەوەو ئامانجیش لەوە ئەوەیە كە ئێمە داوای خۆمان بكشێنینەوە، بەڵام هەرگیز ئەوە ناكەین و لەخوێنی هاوسەری براكەم خۆشنابین."

داوای دانیشتن و گفتوگۆی لێدەكرێت

محەمەد كەریم كە هەمیشەو بە بەردەوامی لە رێی پارێزەرەكەیەوە سەرقاڵی دۆسیەی هاوسەرەكەیەتی، ئامادە نییە لەوانە خۆش ببێت كە بوونەتە هۆكاری رووداوەكە، هەروەك ئەوەی دەڵێت:" پۆلیس هەمیشە پەیوەندی دەكات و لەهەوڵی ئەوەدان كێشەكە چارەسەر بكەین، بەڵام من ئەو كارە ناكەم و دەبێت لەدادگا بیان بینمەوە."
محەمەد کەریم لەساڵی ۲۰۰۲ ژیانی هاوسەری لەگەڵ مونا ئیسماعیل پێکهێناوەو بەرهەمی ژیانی پێکەوەییان دوو کوڕە بەناوەکانی یوسفی تەمەن ۱۳ ساڵ و ئالانی تەمەن ۱۱ ساڵ.

 

author photo

ڕۆژنامەنووس