دەربارەی پەتای (کۆڤید- ١٩)

ئەو پرسیارانەی هیشتا وەڵامی یەکلاکەرەوەیان نیە

دەربارەی پەتای (کۆڤید- ١٩)

251 خوێندراوەتەوە

ئامانج سه‌عید

لەگەڵ ئەوەی توێژینەوەکانی تایبەت بە پەتای کۆڤید -١٩ بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر ئەنجام دەدرێن و بڵاو دەکرێنەوە، بەڵام هیشتا ژمارەیەک پرسیار دەربارەی ڤایرۆسەکە و ئاراستەی نەخۆشییەکە هەر بە وەڵامنەدراوەیی ماونەتەوە ئه‌وانیش:

یەکەم : بۆ نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە هێندە جیاوازە لە نێو توشبواندا
دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشی کۆڤید-١٩ لە نێو مرۆڤدا زۆر جیاوازن، بەشێک لەوانەی توش دەبن هیچ جۆرە نیشانەیەکیان لێ دەرناکەوێت، بەشێکی دیکەیان نیشانەی سوک یان مامناوەندیان تیادە دەردەکەوێت و بەشێکی دیکەشیان زۆر بە قورسی دەیگرن و کە ڕەنگە ببێتە هۆی هەوکردنی سیەکان و هەندێک جاریش گیان لەدەستدان.

هەندێک لە توێژینەوە نوێیەکان هۆکاری ئەم جیاوازییە لە دەرکەوتنی نیشانەکان دەبەستنەوە بە جیاوازی باکگراوندی بۆماوەیی مرۆڤەوە، ئەنجامە بەراییەکانی ئەم توێژینەوانە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ئەخۆشانەی دوچاری نیشانەی قورس یان مردن دەبنەوە لە بنەرەتدا هەڵگری کۆمەڵێک بازدان و جیاوازی بۆماوەیین.
بەشێکی ئەو بازدان و جیاوازیە بۆماوەییانەش ئەو جێگایانەی شریتی (DNA) گرتۆتەوە کە نزیکن لە (جینەکانی گروپی خوێن و جینی پرۆتینی وەرگری ڤایرۆسی کۆرۆنا و جینی پرۆتینەکانی سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ)، سەلماندنی ئەم ئەنجامە بەراییانەش توێژینەوەی زیاتر و کاتی زیاتری دەوێت.

دووەم : سروشتی بەرگری مرۆڤ بەرامبەر بە ڤایرۆسی SARS-CoV-2

زانایانی بواری سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ بە وردی چاودێری سروشتی بەرگری مرۆڤ بەرامبەر ئەم ڤایرۆسە دەکەن بۆ تێگەشتنی زیاتر دەربارەی دەرکەوتنی دژە تەنەکان و ماوەی مانەوەیان بە کارایی لە دوای چاکبوونەوە لە نەخۆشییەکە.

هەروەها بەوردی سەرنجی دەرکەوتنی (دژەتەنە هاوتاکارەکان) (Neutralizing Antibodies) دەدرێت، کە بریتین لەو دژە تەنانەی کە لە توانایاندایە بە پرۆتینی ڤایرۆسەکانەوە بنوسێن و رێگا لە دوبارە توشبوونەوە بگرن.

،،

بەشێک لە توێژینەوەکان پێمان دەڵێن: کە ڕێژەی دژە تەنەکانی دژ بە ڤایرۆسی (SARS-CoV-2) بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە دوای چاکبونەوە بەبەرزی دەمێننەوە.
بەڵام دواتر دەست بە دابەزین دەکەن، بۆیە لە ئێستادا دیار نییە ئەوانەی چاک دەبنەوە بۆ ماوەی چەند لە دوبارە توشبوونەوە پارێزراو دەبن.

هەروەها لە ئەنجامی بەشێک لە توێژینەوەکان دەرکەوتووە کە ئەوانەی بە قورسی نەخۆشییەکە دەگرن ئاستی دژە تەنەکان لە ناو نیو پلازمای خوێنیاندا بۆ ماوەیەکی زیاتر بە بەرزی دەمێنێتەوە، ئەم حاڵەتەش بە هەمان شێوە لە نەخۆشی (SARS) دا بەدی کراوە.

تا ئێستا دەرنەکەوتووە کە رێژەی چەند لە بوونی دژەتەنەکان پێویستە بۆ ئەوەی ڕێگر بێت لە دوبارە توشبوونەوە، هەرچەندە وێنا گەورەکەی بەرگری مرۆڤ لە دژی ڤایرۆسی (SARS-CoV-2) هەندێک پێکهاتەی دیکەی سیستمی بەرگری لەش دەگرێتەوە ،بەتایبەت خرۆکە سپییەکان (T cella)، کە ڕۆڵی گرنگ دەبینن لە دروستکردنی بەرگری لە دژی ئەم ڤایرۆسە نوێیە.

سێهەم : ئایا هیچ بازدانێکی بۆماوەیی لە نەخشەی جینەکانی ڤایرۆسەکەدا ڕووی داوە کە جێگای مەترسی بێت؟

بازدانی بۆماوەیی لە هەموو ئەو ڤایرۆسانەدا ڕودەدات کە توشی مرۆڤ دەبن، بێگومان ئەمە بۆ ڤایرۆسی (SARS-CoV-2) یش ڕاستە.
زانایان لە ئیستادا بەوردی بەدوای ئەو بازدانە بۆماوەییانەدا دەگەرێن کە سروشتی ڤایرۆسەکە دەگۆڕن بە تایبەت ئەوانەی کە ڕەنگە ببنە هۆی سەخت بوون یان سوک بوونی نیشانەکانی نەخۆشییەکە، بێگومان هەردوو حاڵەتەکە چاوەروانکراوە، ڕەنگە ئەم گۆڕانکارییە بۆماوەییانەش کاریگەریان لەسەر کارایی ئەو ڤاکسینانە هەبێت کە لە ئایندەدا بەکار دەهێنرێن لە رێگای گۆڕینی توانای دژەتەنەکان و خرۆکە سپیەکان بۆ ناسینەوەی پرۆتینی ڤایرۆسەکە.

ئەگەر چی بەشی زۆری بازدانە بۆماوەییەکانی ڤایرۆسی (SARS-CoV-2) کاریگەریەکی ئەوتۆیان نییە، لە هەمان کاتدا دۆزینەوەی ئەو گۆڕانگارییە بۆماوەییانەی کە جێگای مەترسین کارێکی ئاسان نییە، لە ئیستا زیاتر لە (٦٧٠٠٠) نەخشەی جینی ڤایرۆسی (SARS-CoV-2) لە داتابەیسی (GISAID) تۆمار کراوە ، کە بریتین لە نەخشەی جینی ئەو ڤایرۆسانەی کە لە نەخۆشی جیاجیای وڵاتانی جیهانەوە وەرگیراون ، تا ئیستا پەیوەندییەکی زانستی لە نێوان بونی بازدانی بۆماوەیی و ئاستی سەخت بوون یان سوک بوونی نیشانەکانی نەخۆشیەکە نەبینراوە.


چوارهەم ئایا ڤاکسینە نوێیەکان بەباشی کار دەکەن؟
ڤاکسینێکی کارا تەنها دەرچەیە بۆ دەربازبونی مرۆڤایەتی لەم پەتا جیهانییە، لە ئێستادا (٢٠٠) ڤاکسین لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، هەندێک لەو ڤاکسینانە لە قۆناغی پیشکەوتووی تاقیکردنەوەی کارایی و سەلامەتین لەسەر مرۆڤ، هەندێک ئەنجامی سەرەتایی مژدەبەخشیش هاوبەش کراون.
تاقیکردنەوەکان لەسەر مرۆڤ دەریخستووە کە هەندێک لەو ڤاکسینانە دەبنە هۆی دروستکردنی دژەتەنی تایبەت لە دژی ئەم ڤایرۆسە بەڵام دیار نییە ئایا ڕێژەی ئەو دژە تەنانەی کە دروست دەبن دەتوانن مرۆڤ لە توش بوون بپارێزن یان تەنها دەبنە هۆی کەمکردنەوە و سوککردنی نیشانەکان؟ وە ئایا بۆ ماوەی چەند ئەو دژە تەنانە بە کارایی دەمێننەوە؟

پێنجەم : سەرچاوەی سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسە؟
بەشێکی زۆری توێژەران پێیان وایە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (SARS-CoV-2) لە شەمشەمەکوێرەوە پەڕیبێتەوە بۆ مرۆڤ، شەمـشەمە کوێرەی جۆری (Horseshoe bat ) خانەخوێی دوجۆری دیکەی ڤایرۆسی سەر بە خێزانی کۆرۆنایە، یەکەمیان ناسراوە بە ڤایرۆسی (RaTG13) کە( ٩٦٪ ) ی نەخشەی جینەکانی هاوشێوەی ڤایرۆسی (SARS-CoV-2) و جۆری دووەمیش کە پێی دەگوترێت (RmYNO2) و کە نزیکەی ٩٣٪ ی نەخشەی جینەکانی هاوشێوەی ڤایرۆسی (SARS-CoV-2).
لە دواتوێژینەوەکانیشدا جۆرێکی دیکە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بینراوە کە لە ئاژەڵی پەنگۆلینەوە جیا کراوەتەوە و نزیکەی ( ٩٣٪ ) ی نەخشەی جینەکانی هاوشێوەی ڤایرۆسی (SARS-CoV-2).


جیاوازی( ٤٪ ) ی نەخشەی جینەکانی هەردوو ڤایرۆسی (SARS-CoV-2) و (RaTG13) مانای چەندین دەیە پەرەسەندنی بایۆلۆجییە، هەر بۆیە ناکرێت هیچ کام لەم ڤایرۆسانەی کە ئاماژەمان پێکرد بە سەرچاوەی ڕاستەوخۆی سەرهەڵدانی (SARS-CoV-2) ئەژمار بکرێت، بۆ ئەوەی رێچکەی سەرهەڵدان و گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە نوێیە بسەلمێنرێت دەبێت ئەو ڤایرۆسە بدۆزرێتەوە کە نزیکەی (٩٩٪)ی نەخشەی جینەکانی هاوشێوەی (SARS-CoV-2) بێت.

،،

سەرچاوەی ڤایرۆسی (SARS-CoV-2) بابەتیکی یەکجار هەستیارە، هەندێک جاریش لەسەر ئاستی جیهان سەرچاوەی بە سیاسیکردنی ئەم پرسە بووە، لە ئیستادا رێکخراوی تەندروستی جیهانی تیمێکی ڕاسپاردووە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ زانایان و کاربەدەستانی کۆماری میللی چین بەمەبەستی دەستپێکردنی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکان دەربارەی سەرچاوەی ڤایرۆسی (SARS-CoV-2)، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە لە رێگای تیمی زانستی تایبەتمەندەوە بەوردی لە نێو گیانلەبەری کیوی و گیانلەبەری ماڵیدا، لە شوێن و ژینگەی جیاجیا، لە چین و وڵاتانی دیکەی دونیا، لیکۆڵینەوەی ورد دەرباری سەرچاوەی ئەم ڤایرۆسە نوێیە ئەنجام بدرێت.


گەران بەشوێن سەرچاوەی پەڕینەوەی ڤایرۆسی (SARS-CoV-2) زۆر گرنگە، چونکە دەبێتە هۆی لابردنی ئەو تەمومژانەی کە لەبارەی سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسەوە لەئارادان، لە هەمان کات دا یارمەتیدەر دەبێت بۆ تیگەیشتینی زیاتر لە ڤایرۆسەکە و ڕێگرتن لە دووبارە گواستنەوەی بۆ مرۆڤ.


سەرچاوەکان:
1 Callaway, E., Ledford, H. & Mallapaty, S. Six months of coronavirus: the mysteries scientists are still racing to solve. Nature 583, 178-179, doi:10.1038/d41586-020-01989-z (2020).
2 Benvenuto, D. et al. The 2019-new coronavirus epidemic: Evidence for virus evolution. Journal of Medical Virology 92, 455-459, doi:10.1002/jmv.25688 (2020).
3 Zhou, P. et al. A pneumonia outbreak associated with a new coronavirus of probable bat origin. Nature 579, 270-273, doi:10.1038/s41586-020-2012-7 (2020).
4 Lam, T. T. et al. Identifying SARS-CoV-2-related coronaviruses in Malayan pangolins. Nature, doi:10.1038/s41586-020-2169-0 (2020).