‎ژیاندۆستی نابینایان چی فێركردم؟

‎ژیاندۆستی نابینایان چی فێركردم؟

384 خوێندراوەتەوە
نوسینی: شارا مستەفا
‏‎ رۆژی جیهانی نوسینی برایل

نوسینێکی تایبەتە بە کەسانی نابینا، بۆ یەکەمجار لەلایەن داهێنەرو زانا لویس برایلەوە ئەفرێنراوەو نوسینەکەش هەر بەناوی خۆیەوە ناونراوە. لویس برایل لە تەمەنی چوار ساڵیەوە نابینا دەبێت، بەڵام عیشقی ئەو بۆ خوێندنەوە پاڵنەری سەرەکی بوو بۆ داهێنانی ئەم جۆرە نوسینە.

نوسینی برایل ئاسانکاری و دەرفەتێکی ناوازەی بۆ نابینایان فەراهەمکردووە بۆ ئەوەی لە چێژی خوێندنەوەو نوسین بێبەش نەبن وەکو هەر کەسێکی ئاسایی
هاوکات ساڵانە رۆژی چواری کانونی دووەم تایبەت کراوە بە ڕۆژی جیهانی برایل و ئەو رۆژەش لەلایەن ئەدیب و نوسەری گەورەی میسر تەها حسێن دیاریکراوە، کە ئەویش خۆی نابینا بووە. ئامانجی ناوبراو گرنگی به‌نوسین وخوێندنه‌وه‌ی نابینا بدرێ له‌بواری رۆشنبیری وبابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ئاسته‌ به‌رزه‌كانی خوێندن
مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لە نمونەی جوان و گەشاوەی ئەو مرۆڤانەی کە نابینابوون، نەبووە بەربەست لەبەردەم داهێنان و ئەفراندن و شاکارە بەرزەکانیان

،،

‏‎ساڵانه‌ لای نابینایان ئه‌م رۆژه‌ پیرۆز ده‌كرێ وكارو چالاكیه‌كانیان نمایش ده‌كه‌ن له‌ چوارچێوه‌ی كۆرو كۆبونه‌وه‌كانیاندا


‏‎هه‌ر له‌م رۆژه‌دا ستایش وخه‌ڵات و رێزلێنان بۆ ئه‌و هاورێ وهاوكارو خۆبه‌خشانه‌ ده‌كرێ كه‌به‌رده‌وام له‌هه‌موو دۆخه‌كاندا به‌خشندانه‌ خۆشه‌ویستیان پێ ئه‌به‌خشن
‏‎ئه‌گه‌رچی ساڵانه‌ رێزلێنان وچه‌پكه‌ گوڵی خۆشه‌ویستی وخه‌ڵات ده‌كرێم له‌لایه‌ن نابینایانه‌وه‌، بەڵام ئه‌وه‌ی بۆمن دڵ خۆشیه‌ ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ زۆره‌یه‌ کە لەلایەن ئەوانەوە پێم دەبەخشرێت لەهەمانکاتدا شانازیش به‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێز و ئاوێته‌ بوونه‌ روحیه‌وە دەکەم کە بەردەوام لەگەڵ ئەو مرۆڤه‌ جوانانه‌دا دروستم کردوون.

‏‎ئەوی بۆ من مایەی دڵخۆشی و لە هەمانکاتدا ئومێدی گەورەیە لەواندا، ئەو ئینێرجی و چالاکی و ژیاندۆستیەیە کە هەموو خەیاڵ و سنورێکی تێپەڕاندووە، راستە هه‌ریه‌كێك له‌وان ویستی نه‌بوه‌ ئه‌وه‌ چاره‌نوسی بێت و هه‌ندێكیان به‌خه‌یاڵیش بیریان لێ نه‌كردۆته‌وه‌ رۆژێك له‌ رۆژان به‌قه‌ده‌رێكی نادیار بیناییان لە دەست بدەن بەڵام بوێری و مکوڕبوونیان لەسەر هێنانەدی خەون و خولیکانیان مرۆڤ بە مانای وشە دڵخۆش دەکەن

چەندان هاوڕێی نازدارم هەن سەرباری ئەوەی نابینان بەڵام سەدان وانەی کۆڵنەدان و ئومێدو بوێری و گەشبینی فێری مرۆڤایەتی دەکەن، ئەگەرچی له‌پشتی هه‌ر یه‌كێك له‌وان چیرۆكێكی تراژیدی هه‌یه‌ كه‌چی مه‌حاڵیان کردۆتە واقیع و خەیاڵیان کردۆتە راستی، زۆر بوێرانە به‌پێوه‌ وەستاون و روبه‌روی ژیان بوونەتەوەو ته‌سلیمی ئه‌و شكست و قه‌ده‌ره‌ نەبوون و رۆمانێکی لێوانلێو لەژیاندۆستیان نوسیوەتەوە