هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری كوردستان، خه‌ون یان مۆته‌كه‌؟

هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری كوردستان، خه‌ون یان مۆته‌كه‌؟

555 خوێندراوەتەوە

هۆشمەند عەتا

له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو له‌گه‌رمه‌ی كێشه‌و ململانێكانی سلێمانیدا، هه‌واڵێك به‌ سانایی تێپه‌ڕی و فۆكه‌سی میدیای نه‌خرایه‌ سه‌ر، ئه‌ویش سه‌ردانی شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێم بوو بۆ ئه‌ڵمانیا به‌مه‌به‌ستی واژۆكردنی یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ كۆمپانیای دۆیچه‌ بانی ئه‌ڵمانی به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی هێڵی ئاسن یان شه‌مه‌نده‌فه‌ری كوردستان. هه‌ندێك زانیاری ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تێچوی پرۆژه‌كه‌ به‌ به‌های یه‌ك ملیار دۆلاره‌ و له‌ماوه‌ی چوار ساڵدا جێبه‌جێ ده‌كرێت.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كاندا هاتوه‌ كه‌ پڕۆژه‌كه‌ بڕیاڕه‌ هه‌ر چوارپارێزگاكه‌ی هه‌رێم و ببه‌ستێت به‌یه‌كه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رنجبده‌یت به‌وردی ئه‌وه‌ی ده‌به‌سرێت به‌یه‌كه‌وه‌ ئێران و توركیان له‌ مه‌رزی باشماخه‌وه‌ بۆ مه‌رزی برایم خه‌لیل.

هێڵی ئاسن یان ڕه‌یڵ وه‌ی، یه‌كێكه‌ له‌ ده‌سكه‌وته‌ گرنگه‌كانی مرۆڤایه‌تی، له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌ له‌ به‌ریتانیا په‌ره‌ی سه‌ند به‌ره‌وه‌ ئه‌وروپاو دواتر ئه‌مریكا، له‌گه‌ڵ خۆیدا شۆڕشی پیشه‌سازی هێنا مرۆڤایه‌تی له‌ هه‌ژاری ڕزگار كردو به‌رهه‌می زیاده‌ی ده‌گواسته‌وه‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیادی كرد، سه‌رمایه‌داری په‌ره‌ی سه‌ند، دواجار كۆڵۆنیالیزمیش چاوی بڕیه‌ هه‌موو جیهان.

له‌ ناو كوردیشدا ئه‌حمه‌د موختاری مه‌زن سه‌د ساڵ پێش خه‌ونی بینیوه‌ كه‌ " به‌چكه‌ شێرانی عه‌شایه‌ر هێڵی ئاسن ئه‌به‌نه‌ ئاخی هه‌ورامانه‌وه‌"، بۆیه‌ هێڵی ئاسن وه‌ك پێدراوێكی دونیای مۆدێرن دانراوه‌ به‌ هێمای پێشكه‌وتن و كرانه‌وه‌ و خۆشگوزه‌رانی.

،،

به‌لام له‌ عێراق و كوردستاندا یه‌كه‌م جار وای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی ئینگلیزوه‌كان هێنایان. تاكه‌ هێڵی كوردستان به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ولێربوو به‌ كه‌ركوك و له‌وێشه‌وه‌ بۆ به‌غداد، به‌ڵام هه‌رگیز به‌ تۆكمه‌ییی نه‌كه‌وته‌ كار.

ئه‌م هێڵه‌ ئاسنه‌ی ئێستا ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوبێـت گرنگیه‌كی زۆری هه‌یه‌ ئه‌ویش په‌یوه‌ندی كردنه‌ ده‌سپیشخه‌ری ( یه‌ك ڕێگا یه‌ك پشتوێن) یان ڕێگای ئاوریشمی نوێ ی چینه‌، كه‌ تۆڕێكی په‌یوه‌ندی ده‌ریایی وشكانی چین ده‌گه‌یه‌نێت به‌ ئه‌وروپا و ئه‌ڵمانیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌. ئه‌گه‌ر كوردستان په‌یوه‌ستبكات به‌و پڕۆژه‌وه‌ ده‌سكه‌وتێكی گرنگی ئابوری سیاسی بۆ هه‌رێم هه‌یه‌و به‌هه‌زاران هه‌لی كار ده‌ڕه‌خسێنێت. كوردستان ده‌چێته‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانی له‌ بازرگانی نێوده‌وڵه‌تیدا.

به‌ڵام ئایا ڕێگریه‌كان چین؟

به‌پله‌ی یه‌كه‌م نیگه‌رانیه‌كانی ڕۆژئاوایه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌مریكا، وا پێده‌چێت له‌ داهاتودا هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا بۆ له‌په‌ر دروستكردنه‌ له‌به‌رده‌م فراواننخوازی چیندا، به‌ تایبه‌ت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌گه‌ر چی عێراق له‌گه‌ڵ چین ڕێكه‌وتنامه‌یه‌كی هه‌یه‌ له‌ 2019 كه‌ ناسراوه‌ به‌ نه‌وت-به‌رانبه‌ر پڕۆژه‌، به‌ڵام ئه‌مریكیه‌كان نه‌یانهێشت ئه‌و پڕۆژیه‌ سه‌ركه‌وتوبێت، كابینه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدیان لابرد و كابینه‌یه‌كی تری دۆستی خۆیان هێنا. له‌ په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایه‌ كه‌ هه‌رێم مانه‌وه‌ی به‌هۆی پشتگیری ڕۆژئاواو به‌ تایبه‌ت ئه‌مریكاوه‌یه‌، ئایا چونه‌ ناو وه‌ها پڕۆژه‌یه‌ك یاریكردن نیه‌ به‌ ئاگر؟ ئه‌و نابێته‌ هۆی نیگه‌رانی و هه‌ڵوێست گۆڕینی دۆستانی كورد؟

ئه‌وه‌ی كه‌ دیار نیه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا تێچوی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ كێ دابینی ده‌كات؟ له‌ ئێستادا حكومه‌تی هه‌رێم توانای دابینكردنی موچه‌ی نیه‌ ئایا به‌سه‌ربه‌خۆیی و له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ جێبه‌جێ ده‌كات؟ یان به‌شێكه‌ له‌و ڕێكه‌وتنه‌ی عێراق-چین كه‌ له‌ 2019 ئه‌نجامدراوه‌.