کۆتایی هاتنی زاراوەی سری للغاية

کۆتایی هاتنی زاراوەی سری للغاية

437 خوێندراوەتەوە

محمد خۆشناو

کاتێک جۆن ئۆگست لارسۆن ، مامۆستای پسپۆر لە زانستی دروونی لە زانکۆی هارفارد-ی ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا ، لەکاتی وانە ووتنەوەدا زۆر پرسیاری ئاراستەی خوێنکارانی دەکرد ، تێبینی ئەوەی دەکرد کە وەلامێکی راست و راستگۆی دەستناکەوێت ، دەستیکرد بە لێکۆلینەوە ، تێبینی ئەوەی کرد کە لەشی پیاو یان ژن لەکاتی پرسیالێکردندا تووشی پشێووی و تێکچوون دەبێت و حالەتەکە دەگۆرێت و ، هەرچەند راستیەکە بشارێتەوە تووشی تێکچوون دەبێت ، لێرەوە بیر لە دروستکردنی ئامێرێک کرایەوە بۆ ئەو گۆرانکاریانەی کە بەسەر مرۆڤەکە دێت؛ پشێوی لە لێدانی دڵ ، خێرایی هەناسەکێشان ، بەرزبوونەوەی فشار ، هاتنی ئارەقە لە لەش ، نیشانە لە نێوچەوان و لەش بەگشتی بەدیار دەکەوێت ، ئامێرێکیان داهێنا ناوی نرا« ئامێری ئاشکراکردنی درۆ» ، پاشان ئەو ئامێرە پەرەی پێدرا لە لێکۆلینەوەی قانونی و دەزگا هەوالگریەکان بەکار دێت ، لەوانەیە لە ئایندەدا

،،

فلتەرێکی ئەلکترۆنی دابهێنرێت بۆ سپیکردنەوەی ئەو درۆیانەی کە لە سۆشیالمیدیا دەکرێن ، رۆژ نیە داهێنانێکی نوێ لەبوارە جیاجیاکانی تەکنۆلۆجیا و ئەلکترۆنیکدا نەیەنەدی.


پێشبینی دەکەم ئامێرێک دابهێنرێت لەمیانی لەرەلەری کارۆ موگناتیسی مێشک یا ژێیەکانی دڵ ، هەست و سۆز و راز و نیازی مرۆڤ ئاشکرا بکات و ، بەیەک پەنجەمۆر ناسنامەت ئاشکرا بکات ، جا تۆ کە چوویتە دەنگدان بۆ پالاوتنی کەسێک پێویست ناکات ناسنامە و کارتی دەنگدان و لێکۆلینەوە لە کەسایەتیت بکرێت ، بەلکو ئەو ئامێرە هەمووی ئاشکرا دەکات ، هەروەها ئەو ئامێرە ئەگەر بەنێوچاوانتی بنێن ، ئەوە ئاشکرا دەکات کە بۆ کوێ چوویت و چیت دەکرد!! هاکا بزانە «ئامێری ریسواکردنی رازونیازەکان» داهێنرا ، ئەوکات سەدەها ریسوایی ئاشکرا دەبێت و تێوەگلانی گەورە روودەدات ، ژنان پێشبینی ئاراستەکانی مێردەکانیان و پێچەوانەش راستە دەکەن ، لەوانەیە لە ئایندەدا هاککەری وا پەیدابێت ، دەستنیشانی ئاراستە و میولی خەلک بکەن و ، سیخوری لەسەر دەماغی خەلک و ناوەوەی مرۆڤ نەک دەرەوەی بکەن ، وایدەبینم کە هەر لەئێستاوە سەردەمی تایبەتمەندی«الخصوصية» بەرەو رێگای کۆتایی دەچێت ، شتێکی نهێنی ئەوتۆ نەماوە و ، ئێستا لەرێگەی تەکنۆلۆجیا و ئەلکترۆنیکەوە خەرقی تایبەتمەندی گەورە بەرپرسانی جیهان دەکرێت ، سۆشیالمیدیا رێگای بۆ والاکراوە بۆ پشکنین و بەدواداچوونە ، ئێستا ئیختراقی ئەو سیستەمە پەیوەندیە تایبەتیە تۆکمە و بەهێزەی حیمایەی سیاسەتمەدار و بەرزترین بەرپرسانی دەسەلات دەکرێت و ، ئەو رێسا نهێننانەی کە کاری سیاسی و ئەمنی پێبەرێوە دەبرا بۆ سەرخستنی ئامانجەکان ، ئەمە لەزۆربەی باردا ناما و ناتوانرێت جێبەجێبکرێت.


ئەمە ئەو سەردەمەیە کە سەرکردەکان بەراشکاوانە ناتوانن قسە بکەن ، ناتوانن هەتا لەژوورە تەسکەکانیش لەگەل یاریدەدەر و هاوپەیمانەکانی قسە بکات…لەدواجاردا هەموو هاولاتیەکی بەئاگا ئەوانەی «ئەنتەرنێت» و سۆشیالمیدیا بەتامەزرۆیی و کراوەیی بەکاردەهێنن ، دەبێت ئەوە بزانن کە هەموو مومارەسەی پەیوەندیەکانیان ، لەکن کەسێکە یان لای قەوارەیەکە.


هەر سەرۆکێک یا سەرکردەیەکی سیاسی یا دبلۆماسی یا بەرپرسێکی هەوالگری یا سەربازی ، دەبێت پێشبینی ئەوە بکات ، کە ئەو قسەیەی بۆ مێوانەکان یا بەرێوەبەرەکان یا یاریدەدەرەکان هەتا تاکەکانی خێزانی دەکات تۆمار دەکرێت و ، لەوانەیە لە «یوتیوب» یان شوێنێکی دیکە بلاوبکرێنەوە ، ئەم پێشکەوتنە قورسایەکی گەورە لەسەر سیاسەتمەداران و سەرکردە و دبلۆماتکاران دروستدەکات ، کە هەولدان بۆ درۆکردن و مانۆرکردن ناهێلێت ،

،،

پرسیارێک دێتە ئاراوە ، کە ئایا تایبەتمەندی دەتوانێت ببێتە رێسایەکی سیاسی ، واپێدەچێت زاراوەی زۆر زۆر نهێنیە«سري للغاية» دەبێتە بەشێک لە رابردوو.


ماوەیەک پێش ئێستا هەندێک ولات بەرنامەی سیخوری ئەلکترۆنی« بێگاسۆس-مانای ئەم ناوە لە ئەفسانەیەکی گریکەکان لەسەر ئەسپێکی دوو بال وەرگیراوە» لە رێگەی تەلەفۆنەوە چاودێری دەیان سەرکردە و سیاسەتمەدار و رۆژنامەنووس و چالاکوان لە ولاتە جیاجیاکانی جیهان کرد ، ئەمە ئەوەمان پێدەلێت ، کە تایبەتمەندی وەک پێوەرێکی کۆمەلایەتی و پرنسیپێکی ئەخلاقی ، پێویستی بە پێداچوونەوەیە ، ترسناکی گەورە لە والاکردن و خستنەرووی نهێنیەکان لەوەدایە ، کە زیانێکی زۆر بە خێزان و کۆمەلگا« بەتایبەتی لە کۆمەلگا دواکەوتووەکان» دەدات، هەتا زەرەر دەگەیەنێتە تواناکانی دەولەت لە بەرگری و دبلۆماسیەتدا.
ئایا بەکردەیی ئەو شۆرشەی زانیاری و تەکنۆلۆژیایە ، مرۆڤ سوودی لێدەبینێت؟ یان شمشێرێکە بەرز کراوەتەوە بەسەر گەردنی مرۆڤ و ، پەتایەکە دەچێتە ناو وورترین تەفاسیلی لەش و چاودێری هەست و هەلچوونەکان دەکات ، کەس ناتوانێت لە چنگی ئەو تەکنۆلۆژیایە هەلێت!!