سلێمانی‌و دهۆك لە پلەی یەكەمدان

سلێمانی‌و دهۆك لە پلەی یەكەمدان

206 خوێندراوەتەوە

بە پێی ئەنجامی ڕاپرسییەكی فراوان لەسەر هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە ڕێژەی بەشدارینەكردنی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنەكەدا، سلێمانی لە ڕیزی پێشەوەیەو پارێزگای دهۆكیش لە پلەی یەكەمدایە لە ڕێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنەكەدا.
بۆردی توێژینەوەی ڕێكخراوی " پلاتفۆرمی كوردستان بۆ پرسە نیشتیمانییەكان"، دەربارەی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، ڕاپرسییەكی فراوانی لە شارەكانی سلێمانی‌و هەولێرو كەركووك‌و دهۆك‌و هەڵەبجە ئەنجامداوە.


" 4258" كەس لە چین‌و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی كوردی لە ڕاپرسییەكەدا بەشدارییان كردووەو كۆمەڵێك پرسیاری جیاواز دەربارەی هەڵبژاردنەكە ئاڕاستەی " 1580" كەس لە سلێمانی‌و " 1288" كەس لە هەولێرو " 409" كەس لە كەركووك‌و " 758" كەس لە دهۆك‌و " 223" كەس لە پارێزگای هەڵەبجە كراوە.
بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەكە، لە %70 زیاتری بەشدارانی ڕاپرسییەكە لە دهۆك سەردانی بنكەكانی دەنگدانیان كردووە بۆ نوێكردنەوەی كارتی دەنگدانیان‌و لە پارێزگای سلێمانیش %61ی بەشداربوان سەردانی بنكەكانی دەنگدانیان كردووە.


ئەنجامی ڕاپرسییەكە دەریخستووە كە لە پارێزگای هەولێر %64 زیاتری بەشداربوان سۆراغی كارتی دەنگدانیان كردووەو لە پارێزگای كەركوكیش %64ی بەشداربوان سەردانی بنكەكانی دەنگدانیان كردووەو پارێزگای هەڵەبجەش لە خوارەوەی ڕیزبەندییەكەیەو لە %60 و نیوی بەشداربوان بەدواداچوونیان بۆكارتی دەنگدانەكەیان كردووە.
بە پێی ئەنجامی ڕاپرسییە فراوانەكەی ڕێكخراوی " پلاتفۆرمی كوردستان بۆ پرسە نیشتیمانییەكان" پارێزگای دهۆك لە ڕێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكەدا لە پلەی یەكەمدا دەبێت‌و پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجەش لە ڕێژەی بەشدارینەكردندا لە ڕیزی پێشەوەن.


سەبارەت بە پرسیاری " بەشداری دەنگدان دەكەیت؟" ئەنجانی بەشدارانی ڕاپرسییەكە لە هەر پێنج پارێزگاكەدا بەمجۆرەیە:
%53.2ی بەشداران لە پارێزگای سلێمانی بە بەڵێ‌ وەڵامیان داوەتەوەو %64.7ی بەشدربوانی پارێزگای هەولێر وتوویانە كە بەشداری هەڵبژاردن دەكەن‌و لە %55.6ی بەشدارانی پارێزگای كەركوكیش بەڵێیان بۆ پرسیارەكە كردووەو لە %53ی بەشداربوانی ڕاپرسییەكە لە پارێزگای هەڵەبجە بەشداری دەكەن‌و پارێزگای دۆهۆكیش بە ڕێژەی بەشداریكردنی لە %78 لە پلەی یەكەمدایە.

سەرباری ئەوەی كە بەشداربوانی ڕاپرسییەكە لە هەر پێنج پارێزگاكەدا وتوویانە كە بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەكەن، هاوكات هەمان بەشداربوان لە ئاستێكی باڵادا وەڵامی پرسیاری " ئایا متمانەت بە هەڵبژاردن هەیە لە عێراقدا؟"یان بە نەخێر داوەتەوە.


بە پێی ئەنجامی ڕاپرسییەكە لە %70ی بەشداربوانی ڕاپرسییەكە لە پارێزگای سلێمانی متانەیان بە هەڵبژاردن لە عێراقدا نییەو بەشداربوانی پارێزگای هەولێریش لە %68یان متمانەیان نییەو %74.9ی بەشداربوانی كەركوكیش بێمتمانەن بەرانبەر هەڵبژاردنەكەو لە %66.6ی بەشداربوانی ڕاپرسییەكەی پارێزگای دهۆكیش متمانەیان نییەو بەشداربوانی پارێزگای هەڵەبجەی ناو ڕاپرسییەكەش لە %73.6 یان متمانەیان بە هەڵبژاردن لە عێراقدا نییە.