دیدی نەوشیروان مستەفا سەبارەت بە ژن‌و كێشەكانی ژنان

بۆچی نەوشیروان مستەفا ڕێگەی نەداوە لەسەردەمی شاخ دا پێشمەرگەی ژن هەبێت؟

دیدی نەوشیروان مستەفا سەبارەت بە ژن‌و كێشەكانی ژنان

8598 خوێندراوەتەوە

هەرچەندە دیدارو گفتوگۆكە تایبەتە بە كێشەكانی ژنان‌و بزوتنەوەی ژنان، بەڵام نەوشیروان مستەفا هەر لە دەستپێكی گفتوگۆكەوە تا كۆتایی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەو كێشەیەك بەناوی كێشەی ژنانەوە نابینێت‌و ئەو تاوان‌و توندوتیژییانەشی بەرانبەر ژنان دەكرێت، دەچێتە چوارچێوەو ڕێڕەوی ئەو تاوانانەی لە كۆمەڵگەدا ئەنجام دەدرێت‌و بەشێكە لە كێشەی كۆمەڵگە بەگشتی.

نەوشیروان مستەفا:

 بۆ باسی ئەو سەدان پیاوە ناكرێت كە تووشی كەئابە بوون بەدەست ژنەكانیانەوە، لە كاتێكدا ئینسان بمرێت باشترە لەوەی تووشی كەئابە بێت، چونكە ژیانی دەبێتە دۆزەخ


كتێبی " كێشەكانی ئافرەتان‌و بزوتنەوەی ژنان لە نێوان وەهم‌و واقیع دا"، ناونیشانی ئەو كتێبەیە " 1068" لاپەڕە قەبارە مامناوەندییەیە كە " سالار" ئامادەی كردووەو 22 سیاسی‌و ڕۆشنبیری چەپ‌و ئیسلامی، سەبارەت بە كێشەكانی ژنان‌و تیرۆری ژنان‌و ماف‌و ڕۆڵی ژنان‌و ڕۆڵی ڕێكخراوەكانی ژنان‌و ئافرەتان چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا ئەنجامدراوە.


گفتوگۆكەی نێوان نەوشیروان مستەفاو ئامادەكاری كتێبەكە نۆزدە ساڵ لەمەوبەر ئەنجامدراوەو 46 لاپەڕەی كتێبەكەیە، ئەو وەك هەمیشە ڕوون‌و ڕاشكاوانە دەدوێت‌و گوزارشت لە بۆچوون‌و دونیابینی خۆی دەكات.


هەرچەندە ئامانجی گفتوگۆكە تایبەتە بەباسكردنی كێشەكانی ژنان، بەڵام هەر لەسەرتاوە تا كۆتایی گفتوگۆ دوورو درێژەكە نەوشیروان مستەفا جەخت لەسەر نەبوونی كێشەیەكی تایبەت بەژنان دەكاتەوەو وەكو كێشەی گشتی كۆمەڵگە بەژن‌و پیاوەوە وێنای دەكات.

نەوشیروان مستەفا:

من هیچ كێشەیەك نابینم بەناوی كێشەی ژنانەوە، ئەو شتە گەورە كراوەو موبالەغەی پێوە دەكرێت، ئەو تیرۆرەی بەرانبەر ژنان هەیە، دەچێتە چوار چێوەی ئەو تاوانانەی كە لە كۆمەڵگەدا دەكرێت‌و تەنها تایبەت نییە بە ژنانەوە


لەسەرەتای گفتوگۆكەدا بە ئامادەكار دەڵێت:" من هیچ كێشەیەك نابینم بەناوی كێشەی ژنانەوە، ئەو شتە گەورە كراوەو موبالەغەی پێوە دەكرێت، ئەو تیرۆرەی بەرانبەر ژنان هەیە، دەچێتە چوار چێوەی ئەو تاوانانەی كە لە كۆمەڵگەدا دەكرێت‌و تەنها تایبەت نییە بە ژنانەوەو، بەڵكو لە دژی پیاوانیش دەكرێت، ئەوە بەشێكە لە كێشەی كۆمەڵگەكەمان بەگشتی، هەر ئەوە ماوە ژن بە دەردی خوا بمرێت‌و بڵێن تیرۆر كراوە، ئەی بۆ باسی ئەو سەدان پیاوە ناكرێت كە تووشی كەئابە بوون بەدەست ژنەكانیانەوە، لە كاتێكدا ئینسان بمرێت باشترە لەوەی تووشی كەئابە بێت، چونكە ژیانی دەبێتە دۆزەخ".


نەوشیروان مستەفا ئاماژە بەوە دەكات كە لە كۆمەڵگەی كوردیدا ژن ڕۆڵی زۆرەو دەڵێت:" ئێستا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ژن ڕۆڵی زۆرەو پارێزەرو ئەندازیارو مامۆستای ژن هەیە، سەرنووسەرو ڕۆشنبیری ژن هەیە، هەندێك وەزارەت ڕێژەی ژنیان زیاترە لە پیاوان".


لە پاش ئەوەی نەوشیروان مستەفا باسی ئەوە دەكات كە دەبێت ژن خۆی ئیسپات بكات‌و وجودی خۆی بسەپێنێ، ئامادەكاری كتێبەكە دەڵێت، ژنان ڕێگەیان پێنادرێت‌و فرسەتیان نادرێتێ بێنە پێشەوە، نەوشیروان مستەفاش دەپرسێت كێ ڕێگەی لێگرتوون بێنە پێشەوە؟


ئامادەكار پێیدەڵێت بەڕێزت ڕێگەت لێگرتوون، لەگەڵ ئەوەدا كە نەوشیروان مستەفا ئاماژە بەوە دەدات كە ئەو هیچكات لە دژی هاتنە پێشەوەی ژنان نەبووە، ئامادەكار پێیدەڵێت:" بەڵام ئەگەر لە سەردەمی شاخدا ئافرەتانتان بە پێشمەرگە وەرگرتایە لە " پەكەكە" زیاتر ژنتان لەگەڵدا دەبوو، بە دەیان ژن ئامادەبوون خەبات بكەن‌و لە شۆڕشدا بەشداربن، بەڵام بەڕێزت ڕێگەت پێنەداون؟

نەوشیروان مستەفا:

 ئێمە دەچووینە مزگەوت بۆ خەوتن، خەڵكی دێهاتەكان قبوڵیان نەدەكرد ئافرت لەگەڵماندا بێت، هەروەها زۆربەی زۆری پێشمەرگەكانی ئێمە گەنجی تازە پێگەشتوو بوون، ئەگەر ئافرەتیان لەگەڵدا بوایە تووشی دەیان گیروگرفتی ئەخلاقی دەبوون، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی پشێووی نەبینەوەو گیروگرفتمان بۆ دروستنەبێت بەباشم زانی ئافرەت وەرنەگرین لەشاخ


هاوكات لەگەڵ بەدروستدانانی پرسیارەكەدا، نەوشیروان مستەفا بەمجۆرە وەڵامی دەداتەوە :" لەبەر ئەوەی ئەو بارو زروفەی ئەو زەمانە تێیدا بووین زۆر سەختبوو، مقەڕاتی جێگیرمان نەبوو، گەڕۆك بووین، لە دێهاتەكاندا دەسوڕاینەوە، شوێنی چالاكی ئێمە شوێنە سەختەكان بوو، كە شوێنی زۆر دابڕاو بوو لە شارستانییەت، ئێمە بۆ ئەوەی پەیوەندییەكی بەهێز دروستبكەین لەگەڵ جووتیاران‌و لادێ نشینەكاندا، ئەبوایە بچوینایەتە ئاستی عەقل‌و بیركردنەوەی ئەوانەوە، لە هەڵسوكەوت‌و خوڕەوشتماندا وەك ئەوان ڕەفتارمان بكردایە، بۆ ئەوەی بڕواو متمانە لە بەینماندا درووستبوایە، چونكە ئێمە لەو قۆناغەدا پێوویستمان بەوان بوو، نەماندەتوانی ژن لەگەڵ خۆماندا بسوڕێنینەوە، چونكە ئەبوو بەهۆی دابڕانی ئێمە لە لە كۆمەڵانی خەڵك، لەو قۆناغەدا نەمانتوانی ئافرەت وەرگرین‌و لە مەفرەزەكانی خۆماندا چەكداریان بكەین، چونكە ئێمە دەچووینە مزگەوت بۆ خەوتن، خەڵكی دێهاتەكان قبوڵیان نەدەكرد ئافرت لەگەڵماندا بێت، هەروەها زۆربەی زۆری پێشمەرگەكانی ئێمە گەنجی تازە پێگەشتوو بوون، ئەگەر ئافرەتیان لەگەڵدا بوایە تووشی دەیان گیروگرفتی ئەخلاقی دەبوون، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی پشێووی نەبینەوەو گیروگرفتمان بۆ دروستنەبێت بەباشم زانی ئافرەت وەرنەگرین لەشاخ".

لە میانی گفتوگۆكەدا، نەوشیروان مستەفا، ئاماژە بەوە دەدات كە ڕۆڵی ژنان لە بواری ئابوری‌و كۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگیدا زۆرتر دەبێت‌و پێیشیوایە هەندێك كاری قورس هەن كە ژن پێیناكرێت‌و بڕواشیوایە ئەو ئەو شتانەی پەیوەندییان بە عەقڵ‌و فیكرو زانینەوە هەیە هیچ جیاوازییەك لە نێوان پیاو و ژندا نییە، دەشڵێت:" ڕەنگە ژنان لە ژیانی سیاسیدا ڕۆڵ بگێڕن، بەڵام لە داهاتوویەكی دوردا".

بەشێكی دیكەی گفتوگۆكە تایبەت بە تێڕوانینی ئیسلام بۆ ژنان‌و مافی ژنان، ئامادەكار باسلەوە دەكات كە كۆمەڵێك ئایەت‌و حەدیس هەن كە كە دژی ئازادی‌و مافی ئافرەتن، نەوشیروان مستەفا سەبارەت بە دیدی ئامادەكارو تێڕوانینی ئیسلام بۆ ئافرەت دەڵێت:" زۆرجار تەفسیرو لێكدانەوەی هەڵە بۆ ئەو ئایەت‌و حەدیسانە ئەكرێت، ئەگینا ئەتوانرێت دینی ئیسلام لە هەموو زەمەنێكدا لەگەڵ پێشكەوتنی ژیاندا بگونجێنرێت، پێوویستە بایەخ بەو ئایەت‌و حەدیسانە بدرێت كە بەباشی باسی ئافرەتی كردووە بۆ ئەوەی پیاوانی مسوڵمان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕەفتاری باشبكەن لەگەڵ ژن‌و خوشك‌و دایكیاندا".

 نەوشیروان مستەفا:

 ئەتوانرێت دینی ئیسلام لە هەموو زەمەنێكدا لەگەڵ پێشكەوتنی ژیاندا بگونجێنرێت، پێوویستە بایەخ بەو ئایەت‌و حەدیسانە بدرێت كە بەباشی باسی ئافرەتی كردووە بۆ ئەوەی پیاوانی مسوڵمان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕەفتاری باشبكەن لەگەڵ ژن‌و خوشك‌و دایكیاندا

نەوشیروان مستەفا پێیوایە ئیسلام لەسەرەتای هاتنیدا كاری باشی بۆ ژنان كردووەو ئەوانی لە كۆمەڵێك داب‌و نەریتی دواكەوتووی ئەو كاتە ڕزگار كردووە.
" ئیسلام بۆ سەردەمی خۆی كاری باشی بۆ ژنان كرد، توانی ژنان لە كۆمەڵێك داب‌و نەریتی دواكەوتووی ئەوكاتە ڕزگار بكات، بەڵام بۆ ئێستا پێوویستی بەگۆڕانكاری هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ گیانی سەردەمدا بگونجێ، لە ئیسلامدا بوارو ڕێگە پێدان هەیە بۆ ئاڵوگۆڕو چاكسازی، دەتوانین لە كۆمەڵگەی خۆماندا كارێك بكەین كە ئیسلام ئایین بێت‌و ژن یەكسان بێت‌و كۆمەڵگەش پێشكەوتوو بێت".

لە دیدارەكەدا نەوشیروان مستەفا، باسلەوە دەكات، ئەو پیاوانەی بەناوی بەرگریكردن لە مافی ژنانەوە هاتوونەتە دەنگ تەنها بۆ ئەوەیە كە خۆیان لای ژنان خۆشەویست بكەن‌و زۆرینەشیان بەكردەوە دژی ژنانن‌و تەنها هەندێكی كەمیان قسەو ڕەفتاریان وەك یەكە، لەو ڕووەشەوە ڕووداوێكی ڕاستەقینە بۆ ئامادەكاری كتێبەكە دەگێڕێتەوە:" كاتیخۆی لە "ناوزەنگ" بووین، هەندێك برادەرمان هەبوو زۆر بازرگانیان بە دروشم‌و قسەوە دەكرد، جارێك دانیشتبووین گفتوگۆكرا لەسەر مافی ژنان، من وتم ئەسڵەن باوەڕم بە مافی ژنان نییە، هەموویان هەڵچوون‌و وتیان چۆن وادەڵێیت، شتیوا نابێت، سالچ هات‌و تێپەڕی‌و دنیا ڕۆشت‌و بڕایەوە، ڕۆژێكیان لەماڵی برادەرێك دەعوەتكرابووم لە هەولێر، زۆربەی ئەو برادەرانەی لێبوو كە ئەوكاتە دیفاعیان لە مافی ژنان ئەكردو ئێستا هەریەكەیان دوو ژنی هەیە، منیش ژنەكانیانم بانگكردو پێووتن: پێشتر بە مێردەكانتانم وتووە من باوەڕم بە مافی ژنان نییە‌و ئەوانیش هاتوون بەگژما، ئەوە من ئێستا بەكردەوە بۆم ئیسپاتكردن كێ باوەڕی بە مافی ژنانەو كێش باوەڕی پێی نییە".

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی