ژیانی تایبەتی کۆچەر بیرکار لە زمانی خۆیەوە

" هەرگیز چاوەڕێی ئەوەم نەدەكرد ئەم رۆژە ببێتە راستی "

ژیانی تایبەتی کۆچەر بیرکار لە زمانی خۆیەوە

1119 خوێندراوەتەوە

زانای بواری بیركاری ( كۆچەر بیركار) لەناوەڕاستی جەنگی ئێران-عێراقدا لەناو كێڵگەیەكی دانەوێڵەدا لەدایك بووە، پاش ئەوەی كۆچدەكات بۆ بەریتانیا، گەورەترین داهێنان لەیەكخستنی هاوكێشە بێكۆتاكانی بیركاریدا دەكات.


ئەم بەهارە، ماوەیەكی كەم پاش ئەوەی زانی بەرزترین خەڵاتی بیركاری وەردەگرێت، كۆچەر یادەوەرییەكانی خۆی لەقۆناغی زانكۆ و پێش زانۆ ئاشكراكرد. ئەوكاتەش كە سەرقاڵی خوێندنی زانكۆ بوو، ئەو لەجیهانێكی پڕ لەكێشەو ململانێوە هاتبوو. بیركار لەناوچەیەكی گوندنشینی سادە لەناوچە كوردنشینەكانی رۆژئاوای ئێران لەدایك بووە و گەورە بووە پاشان بەرەو زانكۆی تاران رۆشتووە كە یەكێكە لە بەناوبانگترین زانكۆكانی ئێران. دەگێڕێتەوە لەوێ لە یەكێك لە یانەكانی بیركاریدا سەیری وێنەی ( خەڵاتەكانی بواری بیركاری كردووە) لەگەڵ ئەو كەسانەی كە خەڵاتەكانیان وەرگرتووە و لەخۆی پرسیوە " بلێی رۆژێك بێت من ئەم كەسایەتییانە ببینم كە ئەم خەڵاتانەیان وەرگرتووە؟ دەشگێرێتەوە كە لەوكاتەدا لەئێران پێیوابووە ئەستەمە تەنانەت ئەو بتوانێت بگاتە رۆژئاواش.


زۆر شت هەبووە دەربارەی داهاتووی خۆی كە لەوكاتەدا بیركار نەیتوانیوە پێشبینییان بكات، رۆشتن و بەجێهێشتنی ئێران، داوای مافی پەنابەرێتی، پاڵپشتیكردنی بۆ داهێنان لە یەكێك لەبوارە گرنگەكانی زانستی بیركاری و زۆر شتی تریش كە ئەو پێشبینی نەكردووە.


ئەمڕۆ لە شاری ( ریۆ دی ژانریۆ)ی بەرازیل و وەك یەكێك لە چوار براوەكەی خەڵاتی (فیڵدس مێدڵ) وەك گەورەتیرن خەڵاتی بواری زانستی بیركاری كە چوار ساڵ جارێك لەلایەن رێكخراوی ( یەكێتی بیركاریزانی نێودەوڵەتی)یەوە پێشكەش دەكرێت سەركەوتنێكی گەلێك گەورەیە هەم بۆ خۆی و هەمیش بۆ نەتەوەكەی. ئەم خەڵاتە دەبەخشرێتە سەركەوتوترین بیركاریزانەكانی جیهان كە تەمەنیان لەخوار 40 ساڵەوەیە . بیركار لەو بۆنەیەدا رایگەیاند " ئەمڕۆ گەورەترین خاڵی گۆڕانكارییە لەژیانمدا، لەقۆناغێكدا كە پێشبینیم نەدەكرد تەنانەت براوەكانی ئەم خەڵاتەش ببینم، بۆ قۆناغێك كە تێیدا خۆم وەك یەكێك لەبراوەكانی ئەو خەڵاتە دەبینم !"

،،

وەك بیركاریزانێك، بیركار توانیویەتی داهێنانێكی گەورە لە هاوكێشەی گۆڕاوی ژمارە بێ كۆتاكاندا بكات- ئەو هاوكێشانەی كە تیایاندا دوو گۆڕاوی جیاواز بەرزدەكرێتەوە بۆ چەندین پاوەری جیاواز. هیچ دوو هاوكێشەیەك بەتەواوەتی وەك یەك نین، بەڵام بیركار توانیویەتی ئەوە ئاشكرابكات كە دەكرێت چەندین هاوكێشە پۆڵێن بكرێن بۆ ژمارەیەكی كەم لەخێزانی ژمارەكان.


بیركار كە ئێستا تەمەنی 40 ساڵە وتیشی " هەرگیز چاوەڕێی ئەوەم نەدەكرد ئەم رۆژە ببێتە راستی "


وەك بیركاریزانێك، بیركار توانیویەتی داهێنانێكی گەورە لە هاوكێشەی گۆڕاوی ژمارە بێ كۆتاكاندا بكات- ئەو هاوكێشانەی كە تیایاندا دوو گۆڕاوی جیاواز بەرزدەكرێتەوە بۆ چەندین پاوەری جیاواز. هیچ دوو هاوكێشەیەك بەتەواوەتی وەك یەك نین، بەڵام بیركار توانیویەتی ئەوە ئاشكرابكات كە دەكرێت چەندین هاوكێشە پۆڵێن بكرێن بۆ ژمارەیەكی كەم لەخێزانی ژمارەكان.


لەتوێژینەوەیەكدا كە ساڵی 2016 پێشكەشی كردووە توانی ئەوە بسەلمێنێت كە ژمارەی بێسنوری هاوكێشە گۆڕاوەكان لە تایبەتمەندییەكانی چەند ژمارەیەكی سنورداردا كۆبكاتەوە، دەرئەنجامی ئەم داهێنانە لە هاوكێشە جەبرییەكاندا دەیسەلمێنێت ئەو تایبەتمەندی چەندین هاوكێشەی گۆڕاوی ژمارە بێ كۆتاكان تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە.


ئەو كارەی بەمدواییە بیركار لەسەر گۆڕاوەكانی ( فانۆ) ئەنجامیداوە بە یەكێك لەگەورەترین و كاریگەرترین ئەنجامەكانی بیركاری هەژماردەكرێت و لەهەنگاوێكیشەوە سەرچاوەی گرتووە كە سێ دەیە پێش ئێستا لە پرۆژەیەكی خۆ دەستكردا دەستیپێكرد.

بیرکار لەتەمەنی منداڵیدا

 
یەكەم شۆڕشی بیركار


بیركار كاتێك زۆر گەنج بوو، حەزی لەوە بوو هەمیشە لەنزیكی سەكینەی دایكی بێت بەتایبەتی لەكاتی نانكردن، دایكی دیمەنێكی ئەوكاتەی بیردەكەوێتەوە كە بیركار تەمەنی تەنها سێ ساڵ بووە، ئەو دەلێت " لەتەنیشتم دانیشتبوو، زۆر نزیك دەبوەوە لێم، ئەوەندە نزیك بوو دەیویست قاچەكانی بدا لەقاچم"
دایكی بیركار كە لەشاری مەریوانی كوردستانی ئێران دەژی، لەنێوان براگەورەكەی بیركار و باوكیدا دانیشتبوو كە ناوی مەجیدە و هەندێك زانیاری بۆ خوێنەران ئاشكراكرد.


بیركار لەساڵی 1978 وەك سێیەمین منداڵ لەدایك بوو، خێزانەكەی لەناوچەیەكی گوندنشین و لەكێڵگەیەكدا دەژیا كە برنج و گەنم و دانەوێڵەی دیكەی تێدا بەرهەمدەهێنرا.


خێزانەكەی بیركار بەتەواوەتی پشتیان بەخۆیان دەبەست لەدابینكردنی ژیان و گوزەرانیان و توانیان لەدوو قۆناغی سەختی منداڵیدا كە شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 و شەڕی نەگریسی ئێران- عێراق بوو كە هەشت ساڵی خایاند.


بیركار دەڵێت " راستەوخۆ دوای ئەوەی لەدایك بووم یەكسەر سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی و شەڕ دروستبوو، بەڵام بەرهەمهێنان و دابینكردنی پێداویستییەكانمان بەواتای ئەوە دەهات كە ئێمە شەڕی مانەوە دەكەین "


باوكی بیركار چەند ساڵێكی كەم خوێندویەتی، دایكیشی لەهیچ قوتابخانەیەك نەیخوێندووە، بەڵام بیركار و خوشك و براكانی دەچون بۆ قوتابخانەی گوندەكە. لەپۆلی پێنجەمی بنەرەتییەوە تواناكانی بیركار دەستیان بە دەركەوتن كرد.

،،

بیركار دەڵێت " راستەوخۆ دوای ئەوەی لەدایك بووم یەكسەر سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی و شەڕ دروستبوو، بەڵام بەرهەمهێنان و دابینكردنی پێداویستییەكانمان بەواتای ئەوە دەهات كە ئێمە شەڕی مانەوە دەكەین "


لەمبارەیەوە بیركار دەڵێت " هەستم بەشتێك كرد، بەڵام شتێكی ئەوتۆ نەبوو، تەنها هەستێكی كەمم لادروست بوو كە من لەبیركاریدا باشم."
پاڵنەری سەرەكی بیركار حەیدەری براگەورەی بوو كە یاسا سەرەتاییەكانی بیركاری فێركردووە، لەمبارەیەوە حەیدەری برای دەلێت " لەبیرمە كە زۆر گرنگی بە پرسیارەكانی فیزیا و كیمیا دەدا و دەفتەر و كتێبەكانی منی هەڵدەگرت و پرسیارەكانی حەل دەكرد."


بیركار بەبیری دێتەوە كە براكەی فێری شتگەلێكی كردووە كە زۆر گرنگ بووە بۆ ئەو و لەو بارەیەوە دەڵێت " حەیدەری برام تەنها كەس بوو كە گرنگی بەحەز و ئارەزووەكانی ئەو دەدا و تەنها هەوڵی ئەوەشی لەگەڵ نەدەدام كە لەقوتابخانە باش بم، بەڵكو زیاتر لەوەش گرنگی بە هەندێك شتی دیاریكراوی من دەدا. هەندێك شتی ئەكرد كە هیچ كەسێكی تر نەیدەكرد لەو كۆمەڵگایەدا. "


لەقۆناغی ئامادەیدا بیركار زانیارییەكانی براكەی تێدەپەڕێنێت و چیتر پشت بەخۆی دەبەستێت بۆ سەعیكردنی زیاتر و كۆكردنەوەی زانیاری زیاتر، لەكتێبخانە ناوخۆییەكان بەزۆری كتێبی بیركاری دەهێنا و دەیخوێندەوە لەوانە وەك كتێبی ( پیاوانی بیركاری ) یان ( بیركاری چییە ). خێزانەكەی دەگێڕنەوە كە بیركار تا درەنگانێكی شەو كتێبی خوێندۆتەوە و گوێی لەمۆسیقا گرتووە وەك ئەوەی ئێستاش دەیكات.


لەگەڵ یەكەم دەستپێكی كاری پرۆفێشناڵیتی، بیركار پێیوابووە كە تەنها كتێب خوێندنەوە و سەرسامبوون بەخەڵكانی تر بەس نیە و پێویستە ئەو بەرهەمی خۆی هەبێت. لەقۆناغی ئامادەیی دەستی بە نوسینی بەرهەمی خۆی كرد لەبواری بیركاریدا، كە گەشتە قۆناغی زانكۆ بەرهەمەكانی خۆی لەگۆڤارێكی زانستیدا بڵاوكردەوە. پاش ئەوەی چەند راهێنانێكر دیكەی كرد دواتر بۆی دەركەوت كە ئەو دەر ئەنجامانەی ئەو پێیگەشتووە پێشتر سەلمێنراون. ئەو لەوبارەیەوە دەلێت " لەو كارانەی پێشووم نەگەشتم بە دەرئەنجامێكی گرنگ و تازە، بەڵام ئەزمونی زۆر باش بوون بۆمن بوونە سەرەتایەكی باش بۆ ژیانی خوێندن و توێژینەوەكانم لەئایندەدا "


دواتر بیركار رووی لەزانكۆی تاران كرد و لەقۆناغی كۆتایی خوێندنیشیدا بەرەو وڵاتی بەریتانیا بەرێكەوت. لەوێ داوای مافی پەنابەرێتی دەكات بەهۆی ئەو حكومڕانییە خراپ و مەترسیدارەی كە لەئێراندا هەیە بەتایبەتی بەرامبەر كوردەكان كە كەمینەیەكی ئەو وڵاتەن و هەمیشە لەبەردەم مەترسی دەسەلاتدان. حكومەتی بەریتانی لە ( نۆتینگ هام) نیشتەجێی كرد كە شارێكە دەكەوێتە ناوەراستی بەریتانیاوە. ماوەی سالێكی پێچوو تا حكومەتی بەریتانیا داوای مافی پەنابەرێتییەكەی تاوتوێ كرد، لەو ماوەیەشدا بیركار سەردانی زانكۆی نۆتینگ هامی دەكرد و خۆی دامەزراند.


هیچ كەس لەزانكۆی نۆتینگ هام تایبەتمەندی نەبوو لە ئەندازیاری جەبردا ، ئەو بوارەی كە دواتر بیركار چوە ناویەوە و كاری تێدا كرد. بەڵام راوێژكارە فەرمییەكەی بەناوی ( ئیڤان فیسینكۆ) بوو هانیدا بەشداری چالاكییەكانی دەرەوەی زانكۆ بكات كە تایبەتن بە بیركاری. لەكۆنفرانسێكدا لەساڵی 2002 بیركار ( ڤیاشیسلاڤ شۆكوروڤ) دەبینێت كە بیركاریزانێكی مەزنە لەزانكۆی ( حۆن هۆپكنس). دوای دروستكردنی پەیوەندی، شوكورف بیركار دەبات بۆ گەشتێكی یاری سەر بەفر، دوایی بەوە سەرسام دەبێت كە بیركار چەند زوو فێری یارییەكە بوو چۆنیش بەرگەی ناڕەحەتییەكانی گرت.

،،

لەكۆنفرانسێكدا لەساڵی 2002 بیركار ( ڤیاشیسلاڤ شۆكوروڤ) دەبینێت كە بیركاریزانێكی مەزنە لەزانكۆی ( حۆن هۆپكنس). دوای دروستكردنی پەیوەندی، شوكورف بیركار دەبات بۆ گەشتێكی یاری سەر بەفر، دوایی بەوە سەرسام دەبێت كە بیركار چەند زوو فێری یارییەكە بوو چۆنیش بەرگەی ناڕەحەتییەكانی گرت.


لەبارەی بیركارەوە، شوكوروف دەلێت ئەو كورێكی شەرمنە و زۆر رۆح پاكە، رەنگە ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەبێت كە لەگوند دا نیشتەجێ بووە. ئەو كاتەی بیركاری ناسی ( شوكورۆف) چەندین ساڵ بوو لەبوارێكی تایبەت بە ( ئەندازیاری جەبر) كاریدەكرد كە بوارێكی تاڕادەیەك پشتگوێ خراو بوو پێیدەوترا ( جەبری بایراشنال). ئەم جۆرە لە جەبر پێشی چەند دەیەیەك پێشكەوتنێكی كەمی بەخۆوە بینیبوو، بەڵام چەندین سال بوو ئەم بوارە هیچ پێشكەوتنێكی بەخۆوە نەبینیبوو. لەمبارەیەوە بیركار دەلێت " هەموو شتێك لەو بوارەدا وەستابوو زۆربەی خەڵكیش وازیان لێهێنابوو "

 
سێ نمونەی ژمارە بێ كۆتاكان


لە ئۆفیسەكەی خۆی لەزانكۆی ( كامبرج) بیركار دوو وێنەی بیركاریزانی مەزن ( ئەلێكساندەر گرۆسندیك) ی هەڵواسیوە كە هەڵاتوویەكی نازییەكان بووە و لە بەریتانیا نیشتەجێبووە، هاوشێوەی بیركار خۆی ئەو زانایەش پەنابەر بووە و دوای خەڵاتی ( فیلدز) ی وەرگرتووە، گرۆسندیك بەناوبانگترین و كاریگەر ترین زانای بیركاری بووە لەنیوەی دووەمی سەدەی بیست دا، لە یەكێك لەوێنەكاندا گرۆسندیك لەگەل ژمارەیەك چالاكوان دانیشتووە كە بەشداربوون لەجوڵانەوەی ژینگەیی لە فەرەنسا لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی رابردوودا. بیركار كە خۆی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستانە لە ناوچەی مەریوان ئێستا لەگەڵ ژنێكی تایوانی هاوسەرگیری كردووە و منداڵێكیان هەیە بەناوی ( زانكۆ ) منداڵەكەی زمانی تایلەندی دایكی و كوردی باوكی و ئینگلیزی بەریتانیش دەزانێت.


بیركار دەلێت " هەموو ئەم كولتورانە گرنگن بۆ من و هەموشیان مایەی دڵخۆشی منن، ئێستا كوڕەكەی من نمونەی تێكەڵاوبونی ئەو كولتورە جیاوازانەیە "
زاستنی ( ئەندازیاری جەبر) بۆخۆی ئەویش نمونەیەكی كولتوری تێكەڵاوە چونكە تێكەڵەیەكە لە زاستی ( ئەندازیاری) كە زانستی شێوە و قەبارەكانە لەگەڵ زاستی (جەبر) كە لێكۆڵینەوەی هاوكێشەكانە. ئەم دوو بەشەی زانست بریتییە لە تێڕوانین و شیكاریكردنی هەمان پرسیار لەدوو روانگەوە ( لەروانگەی ئەندازیاری و لەروانگەی جەبرەوە).


لەمبارەیەوە جۆناس كۆلار، بیركاریزان لەزانكۆی (پرنستۆن) دەڵێت " هەندێك جار پرسیارێكی ئەندازیاری بە هاوكێشەیەكی جەبر وەڵامدەدرێتەوە و هەندێك جاریش كێشەیەكی هاوكێشە جەبرییەكان بە رێگایەكی ئەندازیاری حەلدەكرێت."

،،

بیركار زۆربەی ئیشەكانی خۆی لەژووری نانخواردنەكەی كردووە، بەتەنهاش لەو ماڵەدا بووە، لەرۆژێكی نمونەییدا ئەگەر سەیری كارەكەی بكەین، بەیانیان لەخەو هەڵدەسێت بۆ بەڕێكردنی رۆژێكی نوێ و بۆ بیركردنەوەی زیاتر، چایەك لێدەنێت، گوێ لەمۆسیقا و گۆرانی دەگرێت، هەندێك جار گۆرانی كوردی مۆدێرن یان كلاسیك.


بیركار زۆربەی ئیشەكانی خۆی لەژووری نانخواردنەكەی كردووە، بەتەنهاش لەو ماڵەدا بووە، لەرۆژێكی نمونەییدا ئەگەر سەیری كارەكەی بكەین، بەیانیان لەخەو هەڵدەسێت بۆ بەڕێكردنی رۆژێكی نوێ و بۆ بیركردنەوەی زیاتر، چایەك لێدەنێت، گوێ لەمۆسیقا و گۆرانی دەگرێت، هەندێك جار گۆرانی كوردی مۆدێرن یان كلاسیك.


بیركار دەلێت " بەوجۆرە زۆریەی رۆژەكەم بۆ بیركردنەوە لەهاوكێشەكان بەسەردەبەم و هەندێك جاریش هەموو رۆژەكە تەرخان دەكەم تەنها بۆ نوسینی یەك پەڕە"


بۆ پشتودانێكیش بەمێشكی پاش چەند كاتژمێرێك لە بیركردنەوە و ئیشكردن، سواری پاسكیلەكەی دەبێت و بەناو هێڵی پاسكیلسواری كۆڵانەكانی خۆیاندا فڕەیەك لێدەدات.


رەنگە لەدوورەوە ئاسان نەبێت لەوە تێبگەیت رۆژە سەختەكانی بیركار چۆن ئەمجۆرە لەچالاكی زیرەكی و بیركردنەوەیان تێدا ئەنجامدراوە، ماوەی چەند ساڵێك بەرلەئێستا سەردانی تایلاندی كرد بەمەبەستی بەسەركردنەوەی خێزان و كەسوكاری ژنەكەی، دوانیوەڕۆیەكیان باپیری بەهاوسەری بیركار دەلێت " مێردەكەت چ جۆرە ئیشێكی هەیە، چی دەكات ؟ " هاوسەری بیركاریش وا وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت " لەباخچەكە هەر سەیری دارەكانی ( مانگۆ) دەكات و هیچ ناكات ! "


لەناو بیرکاریزانەكاندا كۆچەر بیركار بەوە ناسراوە كە زۆر قاڵدەبێتەوە لە وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی بیركاریدا. لەمبارەیەوە هاكۆن دەلێت " ئەو جیاوازە ، زۆر گرنگی بەشتەكان دەدات و لەكاتی وەڵامدانەوەی پرسیارێكی بیركاریانەدا زۆر قاڵدەبێت، ئەو لەو روەوە كەس هاوتای نیە، زۆر جاریش گرنگی زۆر بە وەڵامی تەكنیكی پرسیارەكە دەدات و بەتەواوەتی وەڵامەكە بەرجەستەدەكات بەسەركەوتنێكی گەورەوە"


كاركردنی بیركار لەسەر شێوە جیاوازەكانی جەبر بەشێكە لەهەوڵە بەردەوامەكانی بەرنامەیەك كە بە( مۆدێلی بەرنامەی لانیكەم) ناسراوە. ئامانجەكەی ئەوەیە بیسەلمێنێت هەموو جۆرەكانی جەبر دەتوانرێت كورتبكرێنەوە بۆ یەكێك لە سێ جۆرە سەرەكییەكە، واتە تەواوی گۆڕاوەكان سەربە سێ خێزانی ژمارە جەبرییەكانن. سەد ساڵ بەرلەئێستا گروپێكی بیركاریزانی ئیتاڵی ئیشیان تێداكردووە و بۆ یەكەم جار جۆرەكانی جەبری دوو ئاراستە یان دوو دورییان سەلماند ( جۆرەكانی سێ گۆڕاو) ، پاش ئەوانیش لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، شیگی موری، گۆڕاوە سێ دوورییەكانی سەلماند ( جۆرەكانی سێ دووری چوار گۆڕاو) . بەوهۆیەوە، موری لەزانكۆی ( كیۆتۆ) كە ئێستا سەرۆكی یەكێتی نێودەوڵەتی بیركاریزانانە لەساڵی 1990 دا خەڵاتی ( فیڵدز) ی وەرگرتووە.


بەڵام، پاش موری، بواری ئەندازیاری جەبر ماتبونێكی بەخۆوە بینی و چیتر داهێنانی تێدا نەكرا، لەمبارەیەوە، بیركار دەلێت " زۆر ئاڵەنگاری و بەربەست هەبوو بۆئەوەی بگەینە قۆناغێكی باڵاتر لەم زانستەدا "


لەساڵی 2016 دا چەند پەیپەرێكی لەباری هەمان جۆری پارامیتكردنی هاوكێشەكانی فانكۆ بڵاوكردەوە بەتایبەتی لەسەر ( دووریە جێگرەكان) دواتر سەلماندی بە هاوكێشەی ( بایراشناڵ) جۆرەكانی فانكۆ وەك ئەو هێڵانەیان لێدێت كە بەخاڵێكدا تێدەپەڕن. ئەم هێڵە جیاوازانەی فانكۆش لەپەیوەندییەكی باشدا دەبن بەجۆرێك دەتوانێت بەهەمان پێكهاتەی ئەندازەیی پارامیت بكرێن.


بەكورتی، بیركار سەلماندی هەموو پێكهاتەكانی فانكۆ بەژمارەیەكی دیاریكراوی پارامیتەر دەستنیشان بكرێن.
بەزمانێكی سادە، ئەم داهێنانەی بیركار وەك ئەوەیە رێگایەكی دۆزیبێتەوە بۆ ئەوەی بتوانیت لەیەك كاتدا شتێك دەربارەی چەندین پێكهاتەی جیاواز بلێیت، واتە توانی خاڵی هاوبەشی پێكهاتە جیاوازەكانی ( فانۆ) بدۆزێتەوە.

،،

بەزمانێكی سادە، ئەم داهێنانەی بیركار وەك ئەوەیە رێگایەكی دۆزیبێتەوە بۆ ئەوەی بتوانیت لەیەك كاتدا شتێك دەربارەی چەندین پێكهاتەی جیاواز بلێیت، واتە توانی خاڵی هاوبەشی پێكهاتە جیاوازەكانی ( فانۆ) بدۆزێتەوە.


بیركار، بەم داهێنانەی ناوەستێ، بەڵكو بیر لەپێشكەوتنی زیاتر دەكاتەوە، چونكە هێشتا زانیاری زۆر ماوە لەبارەی ئەم خێزانە گەورەیەی هاوكێشەكانی جەبرەوە كە ئەو دەیەوێت پێشكەوتنی زیاتر لەبارەیانەوە بكات.


پاش گەڕانەوەی لە بەرازیل، بیركار كاری زیاتر لەسەر ئەندازیاری جەبر دەكات بۆ ئەوەش ، وەك خۆی دەلێت " دەبێت پێشكەوتنی زاناكانی دیكەی بیركاری لەم بوارەدا بەراورد بكەم تا بتوانێت هەنگاوێكی گەورەتر بنێم. بۆ ئەمەش هەمان ئەو رۆحیەتەم هەیە كە سەرەتا چەند دەیەیەك پێش ئێستا هەمبوو بۆ ئەم داهێنانە گەورەیەی ئێستام ."


لەكۆتایدا بیركار دەلێت " مرۆڤ زانیاری و بیری نوێ لەخەڵكی دیكە و شوێنی دیكەوە وەردەگرێت و بەهۆیەوە داهێنانێكی نوێی پێدەكەیت، لەكاتی بەرجەستەكردنی ئەو داهێنانە نوێیەشدا شتی جوانتر دروستدەكەین."


سەرچاوە: كوانتم مەگەزین، بی بی سی، سی ئێن ئێن

 

author photo

ماستەر لە كارگێری كار

بەكالۆریۆس لە زمانی ئینگلیزی

ئەندامی ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان