نامەیەكی پیرەمێردی شاعیر بەدەستخەتی خۆی

بەبۆنەی داخستنی گۆڤاری گەلاوێژ، بۆ سەجادی نوسیوە

نامەیەكی پیرەمێردی شاعیر بەدەستخەتی خۆی

1676 خوێندراوەتەوە

دیپلۆماتیك مەگەزین، نامەیەكی پیرەمێردی شاعیری گەورەی كورد، بڵاو دەكاتەوە، كە بۆ عەلادین سەجادی گەورە نوسەری كوردی نوسیوە.
مێژووی نوسینی نامەكەی پیرەمێرد دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1949 لەوكاتەی كە گۆڤاری گەلاوێژ لەلایەن رژێمی پاشایەتی عێراقەوە داخراو خاوەن ئیمتیازەكەشی زیندانی كرا.

 
پیرەمێرد لەو نامەیەدا نیگەرانی خۆی بۆ داخستنی گۆڤارەكە دەربڕیوەو داوای لە سەجادی كردووە ئیمتیازی گۆڤارەكە بەكەسێكی تر ببەخشێت، ئەمەش لەپێناو بەردەوامبوونی دەرچوونی گۆڤارەكە، لەكاتێكدا مەرجی سەرەكی حكومەتی ئەوسای عێراق، گۆڕینی ئیمتیازی گۆڤارەكە بووە لە سەجادییەوە بۆ كەسێكی تر.
پیرەمێرد ناوی تەواوی تۆفیق مەحمود ئاغا كوڕی هەمزاغای مەسرەفە، لەساڵی 1867 لەشاری سلێمانی لەدایكبووە، لەساڵی 1898 سلێمانی جێدەهێلێت و بۆ خوێندن روودەكاتە شاری ئەستەمبوڵی توركیا، تا ساڵی 1925 لەو ولاتە ماوەتەوەو چەندین پۆستی گرنگ و باڵای حكومی هەبووە، لەوانە موتەسەریفی شاری جولەمێرگ لەباكووری كوردستان. لە 19ی حوزەیرانی ساڵی 1950 كۆچی دوایی كردووە.

،،

دلێر سەجادی ئەوەی ئاشكرا كردووە كە باوكی خۆی بە موریدێكی دڵسۆزی پیرەمێردی شاعیر زانیوە، هەروەها هەمیشە سەردانی ئەو شاعیرەی كردووە


ئەو نامەیەی پیرەمێرد لەلایەن دلێری كوڕی عەلادین سەجادییەوە بلاوكراوەتەوە، لە بابەتێكدا كە لەژمارە 40ی گۆڤاری رەنگیندا ئاماژەی پێداوەو زۆر نهێنی تری لەوبارەوە ئاشكرا كردووە.


دلێر سەجادی ئەوەی ئاشكرا كردووە كە باوكی خۆی بە موریدێكی دڵسۆزی پیرەمێردی شاعیر زانیوە، هەروەها هەمیشە سەردانی ئەو شاعیرەی كردووەو لە قەلەندەرخانەكەی لە شاری سلێمانی بووەتە میوانی.


لەگەڵ بوونی پەیوەندییەكی بەتین و پتەو لەنێوانیاندا، بەلام وەڵامی سەجادی بۆ نامەكەی پیرەمێرد بوونی نییە، هەروەك ئەوەی دلێر سەجادی دەڵێت "لەناو ئەوراقی باوكمدا رەشنوسی وەلامەكەیم بۆ پیرەمێرد نەدۆزیەوە، نەمزانی ئاخۆ وەلامی بۆ نوسیوەتەوە یان چووە بۆ سلێمانی بۆلای، هەڵوێستی لەئاستی داواكەی پیرەمێرد چۆن بووە."

 

،،

بەڕاستی لەكەوتنی گەلاوێژ چاوم تاریك بوو، بەرگی هەتیوی ئەدبمان دڕا، لەسەرمای تۆفی چەرخ سەرمان سڕما.

 


دەقی نامەكەی پیرەمێرد بۆ عەلادین سەجادی:


كاكە عەلا
بەڕاستی لەكەوتنی گەلاوێژ چاوم تاریك بوو، بەرگی هەتیوی ئەدبمان دڕا، لەسەرمای تۆفی چەرخ سەرمان سڕما.
دیسان ئێمە نابێ بێئومێد بین. هەر ئەو ئیمتیازە كەسێكی تر ئەتوانێ وەریگرێ، یاری خۆت بیسێنە. ئەگەر پێویست بێ خەبەرم لێ بگێڕەوە، منیش بێم. زۆریش ئارەزووم هەیە بتبینم، ئەنجا یاتۆ وەرە، یا "اولیارا كبر نباشد" منیش ناساغم، زۆر بێ تاقەتم، ئیتر زوو خەبەرم بدەرێ، یا زوو وەرەوە.
شینی گەلاوێژ لەژیندایە.


پیرەمێرد

 

author photo

ڕۆژنامەنووس