هەرێمی کوردستان؛ لەناو سزا ئابوریەکانی ئێران و تورکیادا

هەرێمی کوردستان؛ لەناو سزا ئابوریەکانی ئێران و تورکیادا

879 خوێندراوەتەوە

لەگەڵ هاتنی دۆناڵد ترامپدا، سیاسەتی ئەمریکا تا ئاستێکی زۆر گۆڕانکاری بەسەرداهات، پەیوەندیەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ جیهانی دەرەوەشدا توشی گۆڕانکاری هاتن. ئێران و تورکیا وەک دو دەوڵەتی خاوەن هەیمەنە لە ناوچەکەدا کەوتنە ناو ئەو هێڵەی کە ترامپ خستنیە بەردەم جەنگێکی ئابوری قورس، هیچ کامیان توانای بەرەنگاربونەوەی ئەو سزا و گەمارۆ ئابوریانەیان نییە.

 

هەرچی ئێرانە هەر لە مێژە لە بەردەم سزا ئابوریەکانی ئەمریکادایە، چەندین ساڵە لە بەردەم قەیرانی ئابوری و دارایی قورسدایە. بەڵام بۆ تورکیا ڕوداوێکی تازەیە کە ئەمریکا سزای ئابوری بخاتە سەر ئەو وڵاتە، چونکە ئەمریکا و تورکیا هاوپەیمان بوون و چەندین هاوکاری و هاوکۆمەکی سیاسی و ئابوری و سەربازیان هەبووە. بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی کە تورکیا ئەو قەشە ئەمریکیەی (ئەندریۆ برونسۆن) بە تۆمەتی هاوکاریکردنی تیرۆرستان دەستبەسەرکردوە، ئیدی سەرەتایەکی نوێ دەستیپێکرد، ترامپ لە تویتێکدا باجی لەسەر ئەلەمنیۆم و ئاسنی تورکی زیادکرد، بەداویشیدا چەندین جار ئەمریکا ئەوەی ڕاگەیاند کە ئەمریکا سزای زیاتر دەسەپێنێت بەسەر تورکیادا. هەرچەندە تورکیا ئامادەی نیشاندا کە ئەو قەشە ئەمریکیە ئازاد بکات، بەو مەرجەی ئەمریکا سزا ئابورییەکانی سەر تورکیا هەڵگرێت، بەڵام ئەمریکا بەو پێشنیارەی تورکیا ڕازی نەبوو! بەمانایەکی دیکە کێشەی ئەمریکا و تورکیا کێشەیەکە گەورەتر لەوەی کە زیندانیکردنی قەشەیەکی ئەمریکی بێت.

ئێران و تورکیا؛ هەناردەکاری بەردەوامی کاڵا بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان


لەبەر ئەوەی عێراق بە گشتی وڵاتێکی بەرهەمێنەر نیە، ئەوا هەمیشە پێویستی بە جیهانی دەرەوە دەبێت بۆ ئەوەی خواستە ناوخۆییەکانی پڕبکاتەوە. ئێران و تورکیا مادام وڵاتی هەناردەکاری کاڵا و شمەکن، ئیدی توانیویانە پێداویستیەکانی بازاڕی عێراقی پڕکەنەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان لە ساڵی ٢٠١٧دا قەبارەی بازرگانی تورکیا لەگەڵ عێراقدا گەیشتە ١٠ ملیار دۆڵار ئەمەش یەکسانە بە ٢٢% لە سەرجەمی قەبارەی ئاڵوگۆڕی عێراق. هەروەها قەبارەی بازرگانی ئێران لەگەڵ عێراقدا نزیکەی ٧ ملیار دۆلارە ئەوەش یەکسانە بە ١٣% لە سەرجەمی قەبارەی ئاڵوگۆڕی عێراق.


لە ئێستادا ئەمریکا بەردەوامە لەسەر سزادانی ئەو دو وڵاتە، ترامپ بێ یەک و دو دەیەوێت وڵاتانی دیکەش پابەندبکات بەو سزایانەوە کە بەسەریاندا دەیسەپێنێت. هەرچەندە لەو بۆشاییەدا کە بۆ تورکیا و ئێران دروستبوە، صین هەوڵی ئەوە دەدات ببێت بە جێگرەوەی ئەمریکا بۆ ئەو دو وڵاتە، بەڵام ڕەنگە ئەم پڕۆسەیە بۆ صین و ئەو دو وڵاتەش قورس بێت چونکە صین هەناردەکارێکی بەتوانایە لەسەر ئاستی جیهان، کەمتر خواستی هاوردەکردنی کاڵای کەمترە، صین ناتوانێت ببێت بە بەکاربەر بۆ کاڵای ئەو دو وڵاتە، هەرچەندە صین دەوڵەمەندە بە دراوی قورس [دۆلار، یۆرۆ]، بەڵام ئەستەمە صین ئەو یەدەکە نەختینەی دۆلارەی کە هەیەتی بەکاریبهێنێت بۆ ڕزگارکردنی ئەو دو وڵاتە لە قەیرانی نزمبونەوەی بەهای دروای دراوەکانیان، بەم شێوەیە صین ناتوانێت ببێتە فریادڕەسی ئەو دو وڵاتە، سەرباری ئەوەش دراوی صین [یوان] دراوێکی جیهانی نییە، ناتوانرێت وەک دراوی قورس مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. بەم شێوەیە صین ناتوانێت بەرگری لە دابەزینی زیاتری بەهای تمەن و لیرە بکات.


سەرباری ئەو هەیمەنە سیاسی و سەربازییەی ئەو دوڵاتە لە هەرێمدا، هەیمەنەیەکی ئابوری بەهێزیان هەیە بەسەر هەرێمی کوردستاندا، کوردستان بۆ ئەوان کە دوو وڵاتەی هەناردەکارن جێگایەکی گرنگ و قازانجدارە بۆ کۆمپانیاکانی ئەو دوو وڵاتە، نەک بەتەنها لە بواری هەناردەکردنی کاڵادا، بەڵکو کۆمپانیاکانی تر لە بواری کشتوکاڵ و کارەبا و نەوت بونێکی بەهێزیان هەیە. جگە لەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕابردودا لاوازترین حکومەت بووە بۆ ئەو دو وڵاتە، بەسانایش مەرج دەسەپێنرێت بەسەریدا.


گەرچی لە ڕوی داراییەوە حکومەتی هەرێم بەتەواوی پاشکۆی حکومەتی ناوەندییە، بەڵام لە ڕوی شمەک و کاڵا و ئابورییەوە بەتەواوی پاشکۆی ئەو دو دەوڵەتەیە، لە بواری نەوتیشدا بۆریە نەوتەکانی حکومەتی هەرێم بە خاکی تورکیادا تێپەڕ دەبێت بۆ سەر بەندەری جیهان. لەم هاوکێشەدا هەرێم ناتوانێت دەستبەرداری ئەو پاشکۆیەتیە ئابورییەی تورکیا و ئێران بێت، خۆ ئەگەر نەتوانێت دەستبەرداری تورکیا و ئێران بێت ڕەنگە بکەوێتە بەر ڕەخنەی ئەمریکا، گەر دەستبەرداری ئەو دو وڵاتەش بێت توشی ڕەخنەی ئەو دو وڵاتە دەبێتەوە. هەرچەندە لەسەر ئاستی دەوڵەتی عێراق بۆ دەستبەرداربون لە پەیوەندی ئابوری و بازرگانی ئەو دو وڵاتە سعودیە پێشنیارکراوە تا ببێتە بەدیل بەڵام بەهۆی ئەوەی کە جەنگێکی مەزهەبی هەیە سعودیە ناتوانێت ببێت بە بەدیل. هەروەها لەبەر ئەوەی کە سەرۆک وەزیرانی عێراق بە فەڕمی ڕایگەیاند کە پەیڕەوی ئەو سزایانە دەکات کە بەسەر ئێران و تورکیادا سەپێنراوە، پەیوەندیەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئێران لە ئێستادا بەهۆی ئەو ڕاگەیاندنەی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە باش نییە.

 

کاریگەرییەکانی سزا ئابوریەکان لەسەر هەرێمی کوردستان


سزا ئابورییەکانی سەر ئێران و تورکیا، لە ماوەیەکی کەمدا بەهای دراوی ئەو دو دەوڵەتە (تمەن، لیرە)ی تا ئاستێکی چاوەڕوانەکراو لەبەرامبەر دۆلاردا هێنایە خوارەوە. دابەزینی بەهای ئەو دو دەوڵەتە وەها دەکات کە نرخی کاڵا و شمەکی ئەو دو وڵاتە تا ئاستێکی زۆر نزمبێتەوە، بەجۆرێکە سەپاندنی سزاکانی سەر ئەو دو وڵاتە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندایە چونکە هێشتا قەیرانی دارای هەرێم کۆتای نەهاتوە و ئاستی داهاتی تاکەکەس لە هەرێمی کوردستاندا لە ئاستێکی گونجاودا نییە، بۆیە بەو داهاتە کەمەی هاوڵاتیان دەتوانێت شمەک و کاڵای تورکی و ئێرانی زیاتری پێبکڕێت. واتا سزاکانی سەر ئێران و تورکیا بە ڕاستەوخۆ کاریگەریان هەیە لەسەر نرخی شمەک و کاڵاکان لە بازاڕەکانی هەرێمدا.


گەر حکومەتی عێراق و هەرێم بەتەواوی پابەندبن بە سزا ئابوریەکانەوە، ئەوا دەبێت چەند کەناڵێکی دیکە بدۆزنەوە بۆ مامەڵەکردن و هاوردەکردنی کاڵا و شمەک، پاشان بەهۆی ئەوەی کە بەهای دراوی ئەو دەوڵەتانە بەبەراورد بە تورکیا و ئێران بەرزەـ ئەوا نرخی کڕینی کاڵا بەرزترەـ ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کاریگەری سەپاندنی سزاکان بە نێگەتیف بشکێتەوە بەسەر هاوڵاتیانی هەرێم و عێراقدا.


بەڵام ئەو دو وڵاتەش چ حکومەتی عێراق و چ هەرێمی کوردستان بە سەرچاوەیەک بۆ پەیداکردنی دراوی قورس (دۆلار، یۆرۆ) سەیر دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵێک بازرگان لە ئاستی باڵای سیاسی و حیزبیدا ڕاستەوخۆ ببن بە قاچاخچی هەناردەکردنی دۆلار و یۆرۆ لە ناو بازاڕەکانی هەرێم و عێراقەوە بۆ ئەو دو وڵاتە سەرەنجام بڕی دۆلار لە بازاڕەکاندا کەمدەبێتەوە، خواست لەسەر دۆلار بەرزدەبێتەوە و لەبەرامبەریدا دیناری عێراقی بەهاکەی کەمدەبێتەوە بەرامبەر بە دۆلار، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە گرفت بۆ بازاڕی دارای.


حکومەتی هەرێم، مادام لە ڕابردوا خاوەنی بەرنامە و پلانی ئابوری نەبو، نەیتوانی ببێتە قەوارەیەکی ئابوری، نەیتوانی بناخەیەکی ئابوری بەهێز و گرنگ دابێژێت، بۆیە ئێستا نە دەتوانێت ئابورییەکی باش هەبێت، نە دەتوانێت لەسەر قاچی خۆی ڕاوەستێت. بۆیە لە هەرکۆێیەکەوە شنەبایەکی قەیرانی ئابوری هەڵکات، ئیدی ئەو کەپرەی کە حکومەتی هەرێم چارەکە سەدەیەکە پێوەی خەریکە با لەگەڵ خۆیدا دەیبات.

 

author photo

ئابوریناس