موچەخۆران لەنێوان موفلیسی هەرێم و عینادی بەغدا

لە ماوەی 8 ساڵدا ( 320 هەزار) موچەخۆری هەرێم بەرێژەی 350% زیادی كردووە

موچەخۆران لەنێوان موفلیسی هەرێم و عینادی بەغدا

4158 خوێندراوەتەوە

هیچ كات هێندەی ئێستا حكومەتی هەرێم لاوازو بێدەست و پاچە نەبووە لەئاست موچەی فەرمانبەران و هێندەش بێمتنانە نەبووە بەرامبەر بە فەمانبەرانی، تەنانەت لە ساڵانی دوای راپەرین و كشانەوەی حكومەتی بەعس لە هەرێمی كوردستان بۆشاییەكی ئیداری درووست بوو، بەڵام خەڵك و ئومێدی بە حكومەت و ئیرادەی بەخۆی هەبوو، بەڵام سیاسەتی شكستخواردووی بەرپرسانی هەرێم و جیاوازی چینایەتی ( كەمینەیەكی ملیۆنێر و زۆرینەیەكی هەژار) وای كردووە موچەخۆرانی هەرێم ئۆمێدیان بە بەغداد زیاتر بێت وە لە هەرێم، ئەوەی ئێستا بەرۆكی حكومەتی هەرێمی گرتووە، دەرئەنجامی سیاسەتی جوت حیزبی و دوو ئیدارەیی بووە لە دامەزراندنی بێشوماری خەڵكی و بەتایبەتیش كەسانی حیزبی، كاتێك قەیرانی دارایی درووست بوو ئەو كات بەرپرسانی حكومەتی هەرێم زانییان ئەو لێشاوە دامەزراندنە چی بارێكی قورسی بەسەر حكومەتەوە درووستكردووەو ئێستا لەژێریا دەرناچێت.

،،

 لەدوای درووست بونی شەڕی ناوخۆو دوو ئیدارەییەوە ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ( 2000 ) گەیشتە ( 450 هەزار ) موچەخۆر، واتا لە ماوەی 8 ساڵدا ( 320 هەزار) موچەخۆر زیادی كردووە بەرێژەی لە ( 350%)


ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم
لەدوای كشانەوەی دام و دەزگاكانی حكومەتی بەغداد لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی ساڵی 1991 بۆشاییەكی ئیداری درووست بوو، بۆیە بۆ ماوەیەك موچەی فەرمانبەران نەدراو بەڵام ئەوكات دەوترا ( مامۆستا سەری بەرزی بۆ مۆچەنەوی ناكات) ئەویش لەبەرامبەر فشارەكانی بەعس بوو كە دەیویست دامەزراوەكانی هەرێم پەك بخات، لەسەرەتای دامەزراندنی حكومەتی هەرێم لەساڵی 1992 تەنها (130 هەزار )مووچە خۆری هەبوو، كە ئەوكات پێویستی بە موچەیەكی كەم بوو بۆ نمونە لە موچەی تەواوی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی 10/1994 كە حكومەتی یەك ئیداربوو ( 86 ملیۆن و 450 هەزار دیناری سویسری ) بوو،

بەڵام لەدوای درووست بونی شەڕی ناوخۆو دوو ئیدارەییەوە ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ( 2000 ) گەیشتە ( 450 هەزار ) موچەخۆر، واتا لە ماوەی 8 ساڵدا ( 320 هەزار) موچەخۆر زیادی كردووە بەرێژەی لە ( 350%)، كەموچەی فەرمانبەران هەمووی لەسەر گومرگ و خاڵەسنوریەكان بوو دەدرا، بەڵام لەدوای پرۆسەی رزگاركردنی عێراق و ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداوە، ئیتر رۆژانە ژمارەی فەرمانبەران زیادی كردوو تا لە ساڵی 2013 و پێش بڕینی بەشە بودجە لە بەغداوە ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم گەیشتە ( یەك ملیۆن و 400 هەزار ) واتا لە نێوان ساڵی 1992 بۆ 2013 ژمارەی موچەخۆران ( یەك ملیۆن و 270 هەزار ) موچەخۆر زیادی كردووەو بڕی موچەی مانگانەشی ( 860 ملیار) دینار بووە.

،،

لەدوای پرۆسەی رزگاركردنی عێراق و ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداوە، ئیتر رۆژانە ژمارەی فەرمانبەران زیادی كردوو تا لە ساڵی 2013 و پێش بڕینی بەشە بودجە لە بەغداوە ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم گەیشتە ( یەك ملیۆن و 400 هەزار ) واتا لە نێوان ساڵی 1992 بۆ 2013 ژمارەی موچەخۆران ( یەك ملیۆن و 270 هەزار ) موچەخۆر زیادی كردووەو بڕی موچەی مانگانەشی ( 860 ملیار) دینار بووە

لە ئێستاداو لەدوای سیستمی بایۆمەتریەوە ژمارەی موچەخۆران ( 1 ملیۆن و 249 هەزارو 481 ) موچەخۆرەو پێویستی بە ( 897 ملیار) دینار هەیە، كە لە ئێستادا بەرپرسانی هەرێم رایدەگەیەنن كەداهاتی مانگانەی هەرێم تەنها ( 400 ملیار دینارە) كەبەشی چارەكەموشەكەش ناكات، لەو ژمارەی موچەخۆرەی ئێستا تەنها ( 697 هەزارو 190)ی فەرمانبەرە لەوژمارەیەش ( 415 هەزارو 879 ) فەرمانبەری مەدەنیەو بەرێژەی ( 60%) و ( 281 هەزارو 311) فەرمانبەری سەربازیە بەرێژەی ( 40%) لە خانەنشینانیش كە ژمارەیان ( 246 هەزارو 736 ) خانەنشین هەیە، كە ( 113 هەزارو 301 ) فەرمانبەری لەبواری مەدەنیە بەرێژەی ( 46% ) و ( 133 هەزارو 435) خانەنشینی لەبواری سەربازیدایە بەرێژەی ( 54%).

ئەمەش رێژەیەكی مەترسیدارە هەركەس لەو رێژەیە بڕوانێت بۆی دەردەكەوێت كە 54%ی خەڵكی كوردستان چەكدارو لەبواری ئەمنیدا كاردەكەن واتا كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی سەربازیە، لە كاتێكدا ئەمە هەڵەی حیزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانەو لایەنگرانی خۆیانیان لەبواری ئەمنیدا خانەنشین كردووەو دامەزراندووە، كە لە ئێستادا بۆتە بەڵایەكی گەورە بۆخۆیان، لە ئێستادا حكومەتی هەرێم توانای پێدانی موچەی موچەخۆرانی نەماوە بۆیە بەهەموومەرجێكی بەغداد رازیە، بەغداد لەبەردەم هەڵمەتی هەڵبژاردن و سنگ دەرپەڕاندن بەرامبەر بە كورد لیژنە لەدوای لیژنە رەوانەی هەرێمی دەكات بۆ وردبینی لە لیستی موچەخۆرانی هەرێم، بەڵام لە ئاستی عێراق مانگانەو لەكاتی خۆیدا موچەی موچەخۆران دابەشدەكرێت.

 

،،

بە پێی خشتەیەكی 2016 ، ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق ( 2 ملیۆن و 905 هەزارو 226 ) فەرمانبەرە، ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمیش ( 682 هەزارو 21 ) فەرمانبەرە بەرێژەی 23%ی كۆی فەرمانبەرانی عێراق

موچەخۆرانی عێراق
بە پێی خشتەیەكی 2016 ، ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق ( 2 ملیۆن و 905 هەزارو 226 ) فەرمانبەرە، ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمیش ( 682 هەزارو 21 ) فەرمانبەرە بەرێژەی 23%ی كۆی فەرمانبەرانی عێراق، ئەمە سەرەرای ئەوەی لە عێراق ( یەك ملیۆن و 100 هەزار ) چاودێری كۆمەڵایەتی هەیە لەگەڵ ( 600 هەزار ) موچەخۆری كۆمپانیای تەمویلی خۆیی، لەگەڵ ( 3 ملیۆن ) خانەنشینی هەیە، واتا كۆی گشتی ( 7 ملیۆن و 605 هەزارو 226 ) موچەخۆری هەیە، كە مانگانە موچەیان دابین دەكات، بەڵام ژمارەی خانەنشنینانی كە ( 3 ملیۆن) خانەنشینە موچەی لەسەر حكومەت نیەو لەسەر سندوقی خانەنشینیە كە تا 2045 پارەی موچەی خانەنشینانی عێراق داابینكراوەو حكومەتی عێراق ناتوانێت بەكاری بهێنێت و لەوسندوقە دەربكات مەگەر بۆ قەرز نەبێت كەدواتر دەبێت بیخاتەوە سەری، پارەی ئەو سندۆقەی مانگانە 7% لەموچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت بۆ خانەنشینان و دەخرێتە سندوقی خانەنشینینەوەو هەڵدەگیرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان رێژەی 7% لە فەرمانبەران دەبڕدرێت بۆ سندوقی خانەنشینان بەڵام ئەو سندوقە بونی نیە.



حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا بەتەواوی شكستی هێناوە لە پێدانی موچەی موچەخۆران و دامەزراوەكانی حكومەتیش زۆرینەیان پەكی كەوتووە بەتایبەتی كەرتی پەروەردە، ئەویش بۆ ئەو فەوزاو نارێكی و ناپلانیەیە كەحكومەتی هەرێم لە بواری دامەزراندن هەیبووە، بۆیە ئەستەمە حكومەت بتوانێت چارەسەری كێشەی موچە بكات بەبێ هاوكاری عێراق، كەعێراقیش چەندین مەرج و پێوەری خۆی هەیە بۆ پێدانی موچە.

 

author photo

رۆژنامەنووس بەكالۆریۆس لە كۆمەڵناسیدا خاوەنی 9 كتێبی چاپكراو دوایین كتبێی )خاكی دابڕێنراو(ە