30 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق تەرخانكرا

هەرێمی كوردستان لەكوێی كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عێراقدا بوو؟

30 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق تەرخانكرا

2180 خوێندراوەتەوە

لەدوای كاولبوونی بەشێكی زۆری عێراق لە ئەنجامی داگیركردن‌و رزگاركردنەوەی لەدەستی چەكدارانی داعش، لە 12-14/2/2018 كۆنگرەیەك لە وڵاتی كوەیەت بەمەستی ئاوەدانكردنەوەی عێراق بەسترا.


لەپاڵ بەشداریكردنی كوەیت‌و عێراق و رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا زیاتر لە 70 دەوڵەت‌و 2300 كۆمپانیاو ریكخراوی كۆمەك بەخش بەشدرایان تیادا كرد.


عێراق پێویستی بە 88 ملیار دۆلار دەبێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگاركراوەكانی دەستی داعش، ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەم كۆنگرەیە توانی تەنها 30 ملیار دۆلار بەمەبەستی بونیادنانەوەی عێراق كۆبكاتەوە.


هەرچەندە وابریارە ئەو پارەیەی كە كۆدەكرێتەوە بۆ بونیادنانەوەی بونیادی ئابوری ئەو ناوچانە سەرفبكرێت كە وێرانەی شەڕی تیرۆرن، بەڵام زۆرێك لەوڵاتان مەترسی ئەوەیان هەیە كە گەندەڵی بكرێت لەكاتی سەرفكردنی ئەم پارانەدا.


داعش كاولكاری لە دوای خۆی جێهێشت
دوای ئەوە كە چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر عێراق لە 2014 دا توانیان دووەم گەورەترین شاری عێراق كە موسڵە لەگەڵ چەندین شارو شارۆچكەی پارێزگاكانیتر داگیر بكەن .


داگیركارییەكانی داعش بەردەوام نەبوو، بەهاوكاری هاوپەیمانان‌و سوپای عێراق‌و پێشمەرگە توانیان كۆتای بەداعش بهێنن لەعێراقدا، بەڵام ئەوەی كە داعش لە دوای خۆی بەجێیهێشت بریتیبوو لەكاولكاری‌و ماڵوێرانی بەشێوەیەك كە بونیادی ئابوری ناوچە داگیركراوەكانی دەستی داعش سفر بویەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەو ناوچانە پێویستیان بە بڕی 88 ملیار دۆلار هەیە بۆ ئاوەدانكردنەوەیان.


كۆنگرەی نیودەوڵەتی بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە كوەیت
لە 12-14 ی ئەم مانگە كۆنگرەی نیودەوڵەتی بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە كوەیت بەسترا، كەیەكەمین كۆنگرەی نێودەوڵەتییە لەدوای تێكشكانی داعش‌و مەبەست لێی بریتییە لە بنیاتنانەوەی عێراقی دوای شەڕ.


وەزارەتی دەرەوەی كوەیت پێش بەستنی كۆنگرەكە ئەوەی راگەیاند:"سەرەڕای برینداربوونی كوەیت لە لایەن عێراقەوە، بەڵام بە ئەركیمرۆی‌و ئەخلاقی خۆی هەڵدەسێت بۆ پشتیوانیكردن لە عێراق"


مەبەستی سەرەكی وەزارەتی دەرەوی كوەیت لە بەكارهێنانی وشەی بریندار ئەوەبوو كە عێراق كوەیتی داگیركردووە لە ساڵی 1990.


لایەنە بەشداربووەكان كێن؟

ئەم كۆنگرەیە بەهاوكاری ریكخراوی دراوی نێودەوڵەتی بەسترا، لەپاڵ بەشداریكردنی وڵاتی كوەیت‌و عێراق، رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان‌و یەكێتی ئەوروپا زیاتر لە 70 وڵاتی جیهان و 2300 كۆمپانیاو ریكخراوی كۆمەك بەخش بەشداریان لەم كۆنگرەیەدا كرد.


ئامانجی كۆنگرە كە چی بوو؟
ئامانج لە بەستنی ئەم كۆنگرەیە بریتیبوو لە كۆكردنەوەی نزیكەی 88 ملیۆن دۆلار، بەمەبەستی ئاوادانكردنەوەی ناوچە رزگاركراوەكانی ژێردەستی داعش.
سەلمان جومەیلی وەزیری پلاندانانی عێراق، ئەوەی راگەیاند كە:" عێراق پێویستی بە 88 ملیارد دۆلار دەبێت بۆ سەرلەنوێ‌ بنیاتنانەوەی".


عێراق بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لە ساڵی رابردوودا توشی كێشەی ئابوری زۆر بووە، بەشێوەیەك توانای بنیاتنانەوەی ناوچەكانی خۆی نەماوەو هاووڵاتیانی مەدەنی لەناوچە رزگاربووەكانی دەستی داعش بەدەست نەبوونی سادەترین خزمەتگوزارییەكانەوە دەناڵێنن.


ئەو لایەنانە كێن كە هاوكاری عێراقیان كرد بۆ ئاوەدانكردنەوە؟
وەزیری دەروەی كوەیت سوباح ئەحمەد سوباح، رایگەیاند:" بڕی 30 ملیار دۆلار كۆكراوەتەوە وەك كۆمەك و هاوبەشی دەوڵەتان‌و ریكخراوە نێو دەوڵەتییەكان بە مەبەستی دووبارە ئاوەدانكردنەوەو بونیادنانەوەی عێراق لە دوای شەری داعش".


لەگەڵ دەستكردن بە كۆنگرەكە رێكخراوە نێو دەوڵەتییەكان بری 330 ملیۆن دۆلاریان بۆ هاوكاری مرۆی بەعێراق بەخشی.

لەپاڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان چەندین وڵات كۆمەكی عێراقیان كرد وەك توركیا بە بری 5ملیار دۆلار بە شیوەی قەرزو پرۆژەی وەبەرهێنان، هەروەها چەندین وڵاتی عەرەبیش لەوانە سعودیە بە بڕی یەك ملیار دۆلار وەبەر هێنان ئەنجام دەدات و500 ملوێنیش وەك پاڵپشتی بۆ عێراق تەرخان دەكات، قەتەریش ملیارێك دۆلا بۆ پرۆژەی وەبەرهێنان تەرخاندەكات‌و ئیماراتیش 500 ملیۆن دۆلارو كوەیتیش بەڵێنی تەرخانكردنی 2 ملیار دۆلاری داوە بۆ بنیاتنانەوەی عێراق.


هەر لەهەمان كۆنگرەدا وەزارەتی دارایی عێراق رێكەوتنێكی لەگەڵ بانكی هەناردەی ئەمریكی بەست بە تەرخانكردنی 3 ملیار بەمەبەستی ئاوەدانكردنەوەی عێراق.

ئەوپارانەی لەم كۆنگرە كۆدەكرێتەوە بۆچی سەرف دەكرێن؟
وا بڕیارە تەواوی ئەو پارانەی كە لەم كۆنگرە كۆكراوەتەوە بۆ چەند بوارێك سەرفبكرێت كە خۆی دەبینێتەوە لە دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون كە پێویستییەكی هەنووكەیی زۆربەی ئەو ئاوارانەیە كە پێشتر نەگەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان بەهۆی كاولبوونی ماڵەكانیانەوە.


لەپاڵ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بڕیارە بەشێكی ئەم پارەیە كە كۆكراوەتەوە بۆ مەبەستی دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان تەرخانبكرێت وەك دابینكردنی ئاو و كارەبا.


لەپاڵ ئەوانەشدا بڕیارە بۆ دروستكردنەوەی بونیادی ئابوری ئەم ناوچانەی وێرانبوون، گرنگی بە كەرتی نەوت و پیشە سازی بدرێت .
عەبادی لە كۆنگرەكەدا ئەوەی راگەیاند" كە ئەوان شەڕی تیرۆرو گەندەڵكارانیان دەستپێكردوەو داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن كە هاوكاریان بێت بەمەبەستی بونیادنانەوەی عێراق".


وڵاتانی جیهان بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پێدانی پارە وەك كۆمەك لەگەڵ عێراق دەكەن‌و ئەوان ترسیان لەدانی پارە هەیە، چونكە گەندەڵییەكی زۆر لەناو عێراقدا هەیەو داوا دەكەن كە بەشێوەیەكی توند چاودێری هەبێت لەسەر ئەو پارانەی كە لەم كۆنگرەیە كۆكراوەتەوە.


هەرێمی كوردستان لەكوێی كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عێراقدا بوو
هەرێمی كوردستان بە وەفدێك بەشداری ئەم كۆنگرەیەی كردبوو كە پێك دەهات (لە هەر سێ‌ پارێزگاری شارەكانی سلێمانی هەولێر و دهۆك‌و وەزیری پلاندانان‌و سەرۆكی ژووری بازرگانی هەر سێ‌ پارێزگاكە).


هەرێمی كوردستان بە هۆی لاواز بوونی پێگەكەیەوە لەسەر سیاسەتی عێراقی، ڕەنگە نەتوانێت وەك پێویست سودمەندی ئەم كۆمەكانە بێت‌و لە كۆی 212 پرۆژەی وەبەرهێنان 88 پرۆژە بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت‌و هیچ گرەنتیەكیش نییە كە ئەم پرۆژانە لە هەرێم جێبەجێبكرێن.

 

author photo

توێژەری سیاسی

بەکالۆریوس لە زانستە سیسیەکان