بۆچی كۆنگرەكانی ئاوەدانكردنەوە، عێراق ئاوەدان ناكەنەوە ؟   

بۆچی كۆنگرەكانی ئاوەدانكردنەوە، عێراق ئاوەدان ناكەنەوە ؟  

1465 خوێندراوەتەوە

عێراق دوای ڕوخانی رژێمەكەی سەدام حسێن سزا ئابوورییەكانی لەسەر هەڵگیرا و وڵاتانی جیهانیش لە ڕێگەی بەستنی كۆنگرەكانی دووبارە ئاوەدان كردنەوەدا هاوكاریە مادی و مرۆیەكانیان پێشكەشی ئەو وڵاتە كرد، بەڵام ئەم كۆنگرانە بەهۆی جەنگەكان و گەندەڵییەوە نەبوونە هۆی ئەوەی كە كاریگەرییان لەسەر دووبارە ئاوەدان كردنەوەی عێراق هەبێت، بەڵكو ئەم كۆنگرانە بوونەتە هۆی زیاد بوونی قەرزەكان و گەلانی عێراقیش لە كەمی خزمەتگوزاریی و ئاوارەییدا ماونەتەوە.

 

لەم راپۆتە شیكاریەدا كۆنگرەكانی ئاوەدان كردنەوە و هۆكاری سەرنەكەوتنیان و لەمپەر و دەرئەنجەمەكانیان شی دەكەینەوە.

 

 یەكەم: كۆنگرەكانی ئاوەدانكردنەوەی عێراق

 دوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن لە سالی 2003دا كۆنگرەكانی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق دەستی  پێكرد، وڵاتانی هاوكاری بەخش بەبەخشینی ملیارەها دۆلار بەڵێنی دووبارە ئاوەدان كردنەوەی ئەم وڵاتەیان دا كە جەنگە یەك لە دوای یەكەكان و گەندەلی ئیداری ئەم وڵاتەیان وێران كردبوو، بەڵام ئەنجامی ئەم كۆنگرە لە ئاست بەڵێن و قەسە بریقەدارەكاندا نەبوون و عێراق وەك خۆی مایەوە.

KO
وتاری حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە کوێت ـ ١٤ی شوباتی ٢٠١٨

،،

له ئۆكتۆبەری ساڵی 2003 لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا یەكەم كۆنگرەی ئاوەدان كردنەوەی عێراق بەڕێوەبوو،  70 دەوڵەت بەشداربوون، ئەمە جگە لەوەی كە چەندین ڕێكخراوی نێودەوڵەتیش بەشداربوون، یەكێك لەكارەكانی  دروستكردنی سندوقی ئاوەدانكردنەوەی عێراق بوو ، بەڵێنشیاندا  33 ملیار دۆلار بخەنە ناو ئەو سندوقەوە 

 

  • كۆنگرەی مەدرید: لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2003 لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا یەكەم كۆنگرەی ئاوەدان كردنەوەی عێراق بەڕێوەچوو، لەو كۆنگرەیەدا 70 دەوڵەت بەشداربوون، ئەمە جگە لەوەی كە چەندین ڕێكخراوی نێودەوڵەتیش بەشداربوون، یەكێك لەكارەكانی ئەم كۆنگرەیە دروستكردنی سندوقی ئاوەدانكردنەوەی عێراق بوو ، بەڵێنشیان دا كە 33 ملیار دۆلار بخەنە ناو ئەو سندوقەوە كە بەشێكی هاوكاری بوو بەشەكەی تریش وەك قەرز بە عێراقیان بەخشی كە زۆرینەی  بۆ دووبارە بنیاتناوە بوو ، لەو كاتەدا ئەمریكا پلەی یەكەمی وەرگرت لە بەخشینی هاوكاریەكان بە عێراق و دوای ئەویش ژاپۆن زۆرترین هاوكاری عێراقیان كرد.

  • كۆنگرەی تۆكیۆ: لە 15 ئۆكتۆبەری 2004 لە شاری تۆكیۆی پایتەختی ژاپۆن دووەم كۆنگرەی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق بە بەشداری 55 دەوڵەت و رێكخراو بەڕێوەچوو، لە كۆنگرەكەدا بریاردرا كە 40 ملیۆن دۆلار بۆ رێكخستنی هەلبژاردنەكان بە عێراق بدرێت كە ژاپۆن ئەم برە پارەییەی بەخشی، یەكێتی ئەوروپاش بەڵێنی دا كە 247 ملیۆن  دۆلار بەخشێت بە عێراق، لەو كاتەدا عێراق رایگەیاند كە پێویستی  بە 300 پرۆژە هەیە كە بری تێچوونیان 43.5 ملیار دۆلارە كە 53 پرۆژەیان تایبەت بوون بە ژێرخانی ئابووری وڵات.

  • كۆنگرەی برۆكسل: لە 22 حوزرەیرانی 2005 لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا بە سەرپەرستی ئەمریكا كۆنگرەیەكی تر بۆدووبارە  ئاوەدان كردنەوەی عێراق بەرێوەچوو، لە كۆنگرەكەدا 80 دەوڵەت بەشداربوون، ئەم كۆنگرەیە ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبوو، وڵاتان زیاتر بە وەزیرانی دەرەوە بەشداربوون.

  • كۆنگرەی عەمان: لە 18 تەمووزی 2005 لە عەمانی پایتەختی ئوردن كۆنگرەیەیكی تری ئاوەدان كردنەوەی عێراق بەبەشداری 60 دەوڵەت  بەرێوەچوو، لە كۆنگرەكەدا دەسەڵاتدارانی عێراق رەخنەی توندیان لە وڵاتانی هاریكاری بەخش گرت كە بەڵێنەكانیان بۆ هاوكاری كردنی عێراق نەبانە سەر،راشیانگەیاند تاكو ئێستا تەنها 7 ملیار دۆلاریان وەرگرتووە، كە ئەویش زیاتر بۆ پاراستنی ئاسایشی بیانییەكان و بەرژەوەندیەكانیان خەرج كراوە. ئەمریكا لە 2007 دا رایگەیاند كە عێراق پێویستی بە 56 ملیار دۆلار هەیە بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكە، پاشانیش ئیبراهیم جەعفەری كە ئەو كات وەزیری دەرەوە بوو لە مارسی 2017 رایگەیاند عێراق پێویستی بە پرۆژەیەكی هاوشێوەی مارشاڵ هەیە كە كاتی خۆی بۆ بنیاتنانەوەی ئەوروپا لە دوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم بەسترا.

FFF
نۆژەنکردنەوەی پردی موسەننا ـ شاری موسڵ ـ ئەیلولی ٢٠١٧

  • كۆنگرەی كوەیت: دواین كۆنگرەی دووبارە ئاوەدان كردنەوەی عێراقە كە لە 12ی شوباتی 2018 لە ولاتی كوەیت بەبەشداری 70 دەوڵەت و 1850 كۆمپانیای نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند بەهۆی شەری داعشەوە پێویستیان بە نزیكەی 100 ملیار دۆلار هەیە بۆ گەرانەوەی ئاوارەكان و دووبارە بنیاتنانەوەوەی شارە وێران بووەكان، بەڵام كۆنگرە بە بەڵێنی  30 ملیار دۆلار كۆتایی بە كارەكانی هێنا و ئەمریكاش رایگەیاند بەشداری لەو پارە بەخشینەدا ناكات.

،،

 کۆنگرەی عەممان، لە 18 تەمووزی 2005 لە ئوردن بۆ ئاوەدان كردنەوەی عێراق بەبەشداری 60 دەوڵەت  بەرێوەچوو، لە كۆنگرەكەدا دەسەڵاتدارانی عێراق رەخنەی توندیان لە وڵاتانی هاریكاری بەخش گرت كە بەڵێنەكانیان بۆ هاوكاری كردنی عێراق نەبانە سەر، راشیانگەیاند تاكو ئێستا تەنها 7 ملیار دۆلاریان وەرگرتووە.

 

دووەم: لەمپەرەكانی بەردەم ئاوەدانكردنەوەی عێراق

سەرباری ئەوەی تاكو ئێستا 5 كۆنگرە بۆ ئاوەدان كردنەوەی عێراق بەڕێوەچووە، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەبووە، ه ئەمەش بۆ چەند هۆكارێكی سەرەكی  دەگەرێتەوە كە ئەمانەن:

  • گەندەڵی ئیداری:سەرجەم راپۆتەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە عێراق نقومی گەندەلی بووە، لە 30 تەمووزی 2007 راپۆرتێكی ئەمریكی ئاماژە بەوە دەدات كە عێراق شكستی هێناوە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و گەندەڵیەكی زۆر لە بودجە و كەرتی نەوت و كارپێكردندا بوونی هەیە،  هەروەها رێكخراوی شەفافەیتی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت لە سالی 2003 بۆ 2012 عێراق بری 61 ملیار دۆلاری وەك هاوكاری پیبەخشراوە، لەو برە 6 ملیاری دیار نەماوە، هەروەها 1 ملیار دۆلاریشی بە هەدەر دراوە، بۆیە رێكخراوەكە عێراق بە یەكێك لە 10 وڵاتە هەرە گەندەڵەكان هەژمار دەكات.

گەندەڵی تەنها عێراقییەكانی نەگرتۆتەوە، بەڵكو هەندێك لەو بەرپرسە بیانیەكانیشی گرتۆتەوە كە لە عێراقدا بەرپرسیارەتاین هەبووە، بۆ نموونە  لە سالی 2005 راپۆرتێك ئاماژە بەوە دەكات پۆڵ بریمەر  و ستورا بووین و چەند ئەفەسەرێكی ئەمریكی لە گەندەڵییەوە ئاڵاون، بۆیە گەندەڵیەكانی عێراق هەموو سنورێكی بەزاندووە و لە ناوخۆدا داهاتی زۆری وڵاتی بە فیرۆ داوە و لە دەرەوەش متمانەی عێراقی نەهێشتووە.

 

  • حكومەتی عێراق جدی نیە لە ئاوەدان كردنەوەی هەندێك لە ناوچە كارەساتبارەكان و بە جۆرێك لە جۆرەكان پشتگوێی خستوون، بەتایبەت ناوچە سونییەكان كە بەردەوام ناكۆكیەكان لەگەل حكومەتی عێراقدا هەیە.

  • شەری تیرۆر: عێراق دوای رووخانی رژێمی پێشوو رووبەرووی جەنگێكی درێژخایانی تیرۆر بووە، ئەم جەنگە سەرباری ئەوەی كە بوودجەیەكی زۆری بۆ تەرخانكراوە، ناوچەیەكی زۆری عێراقی وێران كرد، جەنگی تیرۆر ژێر خانی عێراقی بەرەو پوكانەوە بردووە ، ئاوارەیی و تێكچوونی خزمەتگوزارییەكانی بەدوای خۆیدا هێنا، شەری داعش باشترین نموونەی ئەم شەرە وێرانكەرەیە.

  • عێراق بۆ داهاتی خۆی زیاتر پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت و سەرچاوەكانی داهاتی هەمە جۆر نیە، لە ماوەی ساڵانی رابردووش بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، ئەم ولاتە توشی قەیرانێكی سەختی ئابووری بووەوە، ئەو بوجەیەی لە ژێر دەستیدا بوو تەنها بەشی جەنگی تیرۆر و موچە خۆرانی دەكرد.
  • ناكۆكیە ناوخۆییەكان و بوونی ئاوارە و زۆری بودجەی تەرخانكراو بۆ كارپێكردن و بە فیرۆدانی بودجەی گشتی كۆمەڵێك لەمپەری ترن لەبەردەم ئاوەدان كردنەوەی عێراق.

rom
گەڕەکێک لە شاری ڕومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار ـ عێراق

،،

لە 30 تەمووزی 2007 راپۆرتێكی ئەمریكی ئاماژە بەوە دەدات، عێراق شكستی هێناوە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و گەندەڵیەكی زۆر لە بودجە و كەرتی نەوت و كارپێكردندا بوونی هەیە،  هەروەها رێكخراوی شەفافەیتی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت لە سالی 2003 بۆ 2012 عێراق بری 61 ملیار دۆلاری وەك هاوكاری پیبەخشراوە، لەو برە 6 ملیاری دیار نەماوە.

 

سێیەم: داهاتی نەوت بۆ كوێ دەچێت؟

بەپێی راپۆرتەكان عێراق رۆژانە 3 ملیۆن بەرمیل هەناردەی دەرەوە دەكات، نەوت لە ئێستادا گەر كوالێتێیەكی مام ناوەندی هەبێت بە 85 دۆلار دەفرۆشرێت، واتە عێراق لە رۆژێكدا 225 ملیۆن دۆلاری دەست دەكەوێت، كەواتە پێویستە مانگی رابردوو داهاتی عێراق 6.72 ملیار دۆلار بووبێت،  ئەم ژمارەیەش توشی سەرسورمانمان دەكات كە چۆن دەبێت وڵاتێكی 20 ملیۆن كەسی بەو داهاتە لە كەمترین خزمەتگوزاریدا بن لە رووی خزمەتگوزاریە سەرەتایەكانی وەك ئاو و كارەباو خوێندن، كەواتە ژمارە ئابوریەكانیش پێمان دەڵێن عێراق نقومی گەندەلی و بەهەدەران بۆتەوە و گرنگترین كەرتی كە لە ئابوریەكەیدا پشتی پێدەبەستێت گەندەلیەكی زۆری تێدا دەكرێت و نازانرێت داهاتی ئەم كەرتە چی لێدێت؟!

 

دەرئەنجام

بە خوێندنەوەی دۆخی عێراق و سەیركردنی ئەنجامەكانی كۆنگرەكان دەردەكەوێت كە عێراق لە بەستنی كۆنگرەكانی ئاوەدان كردنەوە سودێكی ئەوتۆ نابینێت، بەڵكو عێراق لە شكستێكەوە بۆ شكستێكی تر رادەكێشێت و وەك ئەوەی پلانی بۆ دادەنێت سەركەوتن بە دەست ناهێنێت، باشترین بەڵگەش لەسەر شكستی عێراق ئەوەیە كە ناتوانێت ئەو برە پارەییەی داوای دەكات بەدەستی بهێنێت، بۆ نموونە لە كۆنگرەی كوەیتدا داوای بری 88 ملیار دۆلاری كرد، بەڵام تەنها 30 ملیاری دەست كەوت كە ئەویش بە كاش نیە و بەڵكو بەڵێنە، لە رابردووشدا بەڵێنەكان نەهاتونەتەدی،كەواتە ئەم كۆنگرانە نەك سودێكی ئەوتۆ بە عێراق ناگەیەنن، بەڵكو زیاتر نقومی قەرز و سوی دەكەن كە لە داهاتوودا زەحمەتە بە ئاسانی لێی دەربچێت، كەواتە باشترین چارەسەر بۆ دووبارە ئاوەدان كردنەوەی عێراق كۆتایی هاتنی گەندەلی و پشت بەستن بە ناوخۆییە.

 

 

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی