بودجەی عێراق بەبێ ڕەزامەندیی کورد تێپەڕێنرا

بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە ٧ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار جێگیرکرا

بودجەی عێراق بەبێ ڕەزامەندیی کورد تێپەڕێنرا

1552 خوێندراوەتەوە

 

پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق بە ١٢,٧% جێگیر کرا، کە دەکاتە ٧ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار، هەرێمی کوردستانیشی پابەند کردووە بە هەناردەکردنی ڕۆژانەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتەکەی بۆ بەغداد.

دوای مشتومڕێکی زۆر لە سەر پرۆژە یاسای بودجەی عێراق  بۆ ساڵی ٢٠١٨، ئەمڕۆ شەممە (٣.٣.٢٠١٨)  لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کرا، بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکانیانەوە بۆ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنە کوردییەکان بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی سەدا یەک زیاد کرا و بە ١٢,٧% و جێگیرکرا، بەوەش یەک ترلیۆن دیناری زیاترە لە بڕەکەی پێشوو کە ١٢,٦% بوو، واتە کۆی گشتی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەگاتە بری ٧,٥ ترلیۆن دیناری عێراقی.

،،

پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی سەدا یەک زیاد کرا و بە ١٢,٧% و جێگیرکرا، بەوەش یەک ترلیۆن دیناری زیاترە لە بڕەکەی پێشوو کە ١٢,٦% بوو، واتە کۆی گشتی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەگاتە بری ٧,٥ ترلیۆن دیناری عێراقی بۆ ساڵی ٢٠١٨.

 

WE
پرۆژە یاسایی بودجەی ٢٠١٨ی عێراق ـ مادەی یەکەم 

 

زیادکردنی رێژەی سەدا یەک بۆ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، لە لایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو.

لە کاتێکدا سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دوای پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، پەرلەمان داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵی ٢٠١٨ی وڵات پەسەند کرد.

،،

سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: پەرلەمان داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵی ٢٠١٨ی وڵات پەسەند کرد، کێشەی موچەی هێزەکانی پێشمەرگەش بە شێوەیەکی ڕوون چارەسەر کرد و حکومەتی فیدراڵیشی پابەند کردووە بۆ جێبەجێکردنی بەپێی دەستور.

 

سەلیم جبوریی دەشڵێت:" پەرلەمان کێشەی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە و داواکارییەکانی کوردستانی بە شێوەیەکی ڕوون چارەسەر کرد و حکومەتی فیدراڵیشی پابەند کردووە بۆ جێبەجێکردنی بەپێی دەستور".

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لە بەیاننامەیەکدا، ئاماژەی بەوە کردووە، تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە ئەنجامی هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان.

 

DF
کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی سەلیم جبوریی

 

،،

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق: تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٨ی عێراق، ئەنجامی هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان بووە.

 

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە تا ساڵی ٢٠١٤، پشکی هەرێمی کوردستان هەمیشە بە ڕێژەی ١٧%ی کۆی گشتی بودجەی عێراق بووە، ئەوەش بۆ یەکەمجارە کە بودجەی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیە کەم دەکرێتەوە.

 

لە یاساکەدا، بودجەی گشتی عێراق بە ٩١ ترلیۆن و ٦٤٣ ملیار و ٦٦٧ ملیۆن و ٢٣٦ هەزار دینار دانراوە، لەسەر بنەمای نرخی ٤٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت و تێکڕای هەناردەکردنی  ٣ ملیۆن و ٨٨٨ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لە ساڵی ٢٠١٨ دا، لە نێو ئەو بڕەشدا ٢٥٠ هەزار بەرمیل دەبێت لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بکرێت، هەروەها بۆ نرخی هەر دۆلارێک ١١٨٢ دیناری عێراقی دیاری کراوە، وەک لە بڕگەکانی مادەی یەکەمی بەشی یەکەمی یاساکەدا هاتووە.

 

بەپێی بەشی دووەم / مادەی نۆیەمی یاساکە، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان واتە ڕێژەی ١٢,٧%  دیاری دەکرێت دوای لابردنی خەرجیەکانی هەر یەک: (پەرلەمان، سەرۆکایەتی کۆمار، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی وەزیران، وەزارەتی دەرەوە، دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وەزارەتی بەرگری، دادگای باڵای فیدراڵی، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و خەرجی هەڵبژاردنەکان، دەستەی لێپرسینەوە و دادوەریی، دەستەی نەزاهە، دیوانی چاودێریی دارایی، کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ، خەرجی کۆمپانیا ووردبینیە نێودەوڵەتییەکان و لیژنەی پسپۆرە داراییەکان، لەگەڵ خەرجی چەندین دامەزراوە و دەستەی دیکە)ـ

 

بڕگەی دووەمی مادەیەی دەیەم، هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە، بەوەی ڕۆژانە لانیکەم پێویستە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بکات، داهاتەکەشی ڕادەستی بەغداد بکات.

 

،،

مادەی دەیەمی پرۆژە یاسای بودجە: ڕێژەیەک لە بودجەی هێزە وشکانییەکانی سوپای عێراق بۆ موچەی هێزەکانی پێشمەرگە دیاری دەکرێت، بەوپێیەی بەشێکن لە سیستمی بەرگریی و ئاسایشی عێراق.

 

بڕگەی دواتر دەڵێت، ڕێژەیەک لە بودجەی هێزە وشکانییەکانی سوپای عێراق بۆ موچەی هێزەکانی پێشمەرگە دیاری دەکرێت، بەوپێیەی بەشێکن لە سیستمی بەرگریی و ئاسایشیی عێراق.

 

WE
پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٨ی عێراق ـ مادەکانی پێنجەم بۆ نۆیەم 

 

لە بڕگەی سێیەمی ئەم مادەیەدا هاتووە، ئەگەر هەرێمی کوردستان داهاتە فیدراڵییەکان ڕادەستی خەزێنەی گشتی نەکات، ئەوا وەزارەتی دارایی عێراق ئەو بڕە چەند بێت لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی دەبڕێت.

 

یاساکە، هەرێمی کوردستانی بەوە پابەند کردووە، لە کاتی زیادبوونی بڕی هەناردەی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی، پێویستە داهاتەکەی ڕادەستی بەغداد بکات و بچێتە خەزێنەی گشتی عێراقەوە.

 

هەر لەم مادەیەدا هاتووە، وەزارەتەکانی دارایی و نەوتی عێراق هەژماری ئەو بڕە نەوتە دەکەن لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە لە دەرەوەی سۆمۆوە هەناردە کراون، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ ، ڕێژەی پارەی پترۆ دۆلارەکەی بۆ ئەو ماوەیە دیاری دەکەن، پاشان لە بەشە بودجەی  ٢٠١٨ی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت و دەردێتەوە بە پارێزگای کەرکوک.

 

،،

"وەزارەتەکانی دارایی و نەوتی عێراق هەژماری ئەو بڕە نەوتە دەکەن لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە لە دەرەوەی سۆمۆوە هەناردە کراون، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ ، ڕێژەی پارەی پترۆ دۆلارەکەی بۆ ئەو ماوەیە دیاری دەکەن، پاشان لە بەشە بودجەی  ٢٠١٨ی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت و دەردێتەوە بە پارێزگای کەرکوک".

 

بەپێی مادەی بیستەمی پرۆژە یاساکە، ڕێژەی ٥٠%ی داهاتی خاڵە سنورییەکانی دەدرێت بە هەر پارێزگایەک کە خاڵی سنوری دەکەوێتە جوگرافیای پارێزگاکەوە.

هەروەها، ئەنجومەنی پارێزگاکان سەرپشک کراون، بۆ چۆنیەتی خەرجکردنی داهاتە ناوخۆییەکانی پارێزگاکان بەپێی یاسای پارێزگاکان ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٨

 

author photo

ماستەر لە پەیوەندیە گشتییە سیاسییەکان

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە بواری لێكۆڵینەوەی سیاسيی