سه‌رمایه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ لێوارى وێران بووندا

بۆچی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا زۆر لاوازە، یان بوونی نییە؟

سه‌رمایه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ لێوارى وێران بووندا

2041 خوێندراوەتەوە

 

 سارى زه‌ڵمى ـ ماسته‌ر له‌ كارگێڕى و ئابورى

 

 

 

یەکێک لە چەمکە گرنگ و دیارەکانی دونیای مرۆڤایەتی بوونی متمانەیە کە بۆ دروستبوونی پەیوەندی نێوان تاکەکان پێویستمان پێیەتی و وەک فاکتەرێکی سەرەکی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت لە دروستبوونی سەرجەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتیه‌کاندا، هەر ئەم پەیوەندیەش هۆکارى سەرەکیە لە دروستبوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا.

 

 

سەرمایەی کۆمەڵایەتی:

 بە چەمکێکی گرنگی زانستە کۆمەڵایەتییەکان دادەنرێت و پەیوەندى راستەوخۆى بە زانستەکانى کارگێڕى و ئابورى و سیاسەیشەوە هەیەو پەیوەندیەکى ئاسۆییە لە نێوان تاکەکانى کۆمەڵگاو دامەزراوەکاندا دواتریش لە نێوان کۆمەڵگاو دەسەڵاتدا، ئەم چەمکە لەم چەند ساڵەی دواییدا و لە نیوەی دوەمی سەدەی بیستەمدا سەری هەڵداو وەک چەمکێکی گرنگ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و چەندین زاناو توێژەری بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی لێکۆڵینەوەیان لەم بارەیەوە ئەنجام داوە.

وەک : (فوکویاما) لە توێژینەوەکەیدا لە ساڵی (1999) بە ناوی (سەرمایەی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگای مەدەنی) دەڵێت:" لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی وەک یابان و ئەمریکا و ئەڵمانیا ئاستی بەرزی متمانەی نێوان تاکەکان هۆکاری سەرەکی بەرەو پێش چوونیانە  ، (ســـــاتو) لە ساڵی (2004)‪‪ توێژینەوەیەکی لەم بارەیەوە ئەنجام داوەو دەڵێت:" پەیوەندی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا پەیوەندیەکی گرنگ و راستەوخۆی هەیە لەسەر گەشەکردنی ئابووری ووڵات.

(گلدین) لە لێکۆڵینەوەیەکدا لە ساڵی (2016) گەشتۆتە ئەو دەرئەنجامەی کە پەیوەندی و متمانەی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا هۆکارێکی کاریگەرە لە بەرەوپێشبردنی ئابووری ووڵاتدا.

  وە چەندین زاناو توێژەری تریش بە هەمان شێوە گەشتونەتە هەمان دەرئەنجام و دەڵێن هۆکاری سەرەکی بەرەوپێش چوونی ووڵاتانی پێشکەوتوو بریتیە لە بەرزی ئاستی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتانەدا. چونکە کاتێک تاکەکان متمانەیان بە یەکترى هەبێت و متمانه‌ لە نێوان تاکەکان و دامەزراوەکاندا هەبوو، وە متمانە لە نێوان کۆمەڵگاو حکومەتدا هەبوو، ئەوا ئەو کۆمەڵگا زیاتر هەست بە ئارامى و ئاسایش دەکەن و زیاتر هەوڵى وەبەرهێنان و ئەنجامدانى بازگانى دەدەن وە زیاتر هەوڵ دەدەن پێکەوە کار بکەن بۆ گەشەسەندنى ئابوورى ووڵات و بەرەوپێش بردنى  .

،،

زۆربەی زانایانی بواری ئابووری و کۆمەڵناسی هاوڕان لەسەر ئەوەی کە هەر وڵاتێک خاوەنی ئەم سەرمایە بێت هەمیشە بەردەوامە لە گەشەسەندنی ئابوریدا

 

سەرمایەى کۆمەڵایەتى دروستدەبێت لە ئەنجامی دروستبوونی متمانە لە نێوان تاکەکاندا، دروستبوونی متمانە لە نێوان تاکەکان و دامەزراوە حکومیەکان وە دەرئەنجام دروست بوونی متمانە لە نێوان سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەتدا.

سەرمایەی کۆمەڵایەتی کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تەواوی سەرمایەکانی تر بە تایبەت سەرمایەی مرۆیی و فیزیکی وە زۆربەی زانایانی بواری ئابووری و کۆمەڵناسی هاوڕان لەسەر ئەوەی کە هەر وڵاتێک خاوەنی ئەم سەرمایە بێت هەمیشە بەردەوامە لە گەشەسەندنی ئابوریدا و دەبێتە وڵاتێکی پێشکەوتوو، وە چەندین توێژینەوەیان لەم بارەیەوە ئەنجامداوەو گەشتونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئابووری و پەیوەندیەکی ئەرێنی هەیە لەسەر گەشەی ئابووری.

 

لە هەمان کاتدا گەشتونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە ناودەچێت کاتێک لە کۆمەڵگادا متمانەی نێوان تاکەکان لەناو دەچێت و راستگۆیی و دلسۆزیش لەگەڵیدا لەناودەچێت و پەیوەندی و دایالۆگ نامێنێت و ڕق و قین‌و دوبەرەکی زیاد دەبێت و ڕێڕەوی ئاشتی دەگۆڕێت بۆ ڕێڕەوی رق و کینەو جەنگ وە دەرەئەنجامى جەنگەکانیش هەمیشە ئابووری وڵات زیانی پێگەشتوەو هەندێک جار تا وێران بوون و ڕوخانی ژێرخانی ئابووری درێژەی کێشاوە.

 

،،

له‌ لایەکی دیکەوە باس لە دیموکراسی دەکەن و بەڵام لەسەر دەربڕینی بیروڕای ئازاد چەندین کەس لە زیندانەکاندان، یان باسی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری دەکرێت و بەڵام ڕێگەو بان و شەقامەکان زۆر خراپن و کوالێتییان زۆر نزمە.

 

بۆچی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا زۆر لاوازە؟ یان بوونی نییە؟

وەک دەبینین لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستاندا سەرمایەی کۆمەڵایەتی زۆر لاوازەو نزیک بۆتەوە لە لەناوچوون، حیزبەکان هیچ متمانەیان بە یەک نییەو هەمیشە لە سەنگەری ڕەخنەو شکاندنی یەکتردان، لە لایەکی دیکەشەوە جەماوەریش هیچ متمانەیەکی بە حکومەت نەماوە کە هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ رەفتاری لەپێشینەی سیاسەتمەدارو دەسەڵاتدارانی کوردستان کە سیاسەتیان لە بەرژەوندی خۆیان بەکارهێناوەو چەندین ساڵە بەڵێنی بریقەدار بە جەماوەر دەدەن، بەڵام وەک هەمیشە بەڵێنەکانیان دەشکێنن و تاکەکانى کۆمەڵگا بێهیوا دەکەن و مافەکانیان پێشێل دەکــــــەن و خواستەکانیان لەنــــاو دەبەن، وە سیاسەت کردن و حکومڕانیان تەنها بۆ بازرگانیکردن و بەدەست هێنانی ئامانجەکانی خۆیانە، بۆیە میللەت لە بێ هیوایدان و هیچ متمانەیان بە حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتداران نەماوە، بە جۆرێک کە متمانەیان بە دەنگدانیش نەماوە، چونکە دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە لەگەڵ میلەت ڕاستگۆ نەبوون و بەڵێنیان داوە کە یاسا سەروەر بێت، بەڵام یاسا تەنها لەسەر بەشێکی کۆمەڵگا جێبەجێ دەکرێت .

  بەشەکەی تریش هیچ یاسایەک نایانگرێتەوە، یان لە لایەکی دیکەوە باس لە دیموکراسی دەکەن و بەڵام لەسەر دەربڕینی بیروڕای ئازاد چەندین کەس لە زیندانەکاندان، یان باسی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری دەکرێت و بەڵام ڕێگەو بان و شەقامەکان زۆر خراپن و کوالێتییان زۆر نزمەو ساڵانە چەندین کەس دەبنە قوربانی خراپی ڕێگەو بانەکان، یان باسی باشکردنی گوزەرانی خەڵکی دەکرێت، بەڵام قوتی خەڵکی دەبڕن و موچەکانیان پاشەکەوت دەکرێن بە پاساوی جۆراو جــــۆر، هەر بۆیە شکاندنی ئەم بەڵێنانەو چەندین بەڵێنیتر بونەتە هۆکاری لەناوچوونی متمانەی نێوان جەماوەر و حکومەت و دواتریش لەناوچوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی.

 

،،

حکومەت بۆ جەماوەری بسەلمێنێت کە دلسۆزن بۆیان، تاکەکان لە کاتى ڕووداوە سروشتى و نەخوازراوەکاندا بە دەم یەکەوە بن و زیاتر متمانە بە یەک بکەن و هاوکــــــــارى یەکتر بن.

 

 

چۆن سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەدەست بهێنین؟ یان چۆن بەهێزی بکەین؟

حکومەت و دەسەڵاتى سیاسى هەرێمى کوردستان پێوویستە گرنگى تەواو بدەن بە سەرمایەى کۆمەڵایەتى وەک سەرجەم سەرمایەکانىتر، وە دەتوانن سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەدەست بهێنن بەگرتنەبەری فاکتەرەکانی بەرەوپێشبردنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی، وەک: دروستکردنی متمانە لە نێوان میللەت و حکومەتدا، کردنەوەی دەرگای دایالۆگ و گفتوگۆ بە ڕووی میللەتدا لە لایەن حکومەتەوە، جێبەجێکردنی خواستەکانی میللەت، ڕێگریکردن لە قەیرانەکان، پێدانی بەڵێنی دروست بە میللەت، چەسپاندنی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین، حکومەت بۆ جەماوەری بسەلمێنێت کە دلسۆزن بۆیان، تاکەکان لە کاتى ڕووداوە سروشتى و نەخوازراوەکاندا بە دەم یەکەوە بن و زیاتر متمانە بە یەک بکەن و هاوکــــــــارى یەکتر بن، حیزبەکان تەنها لە کاتى دەنگداندا میللەت بەسەر نەکەنەوەو لەگەڵ گەڕان بە دواى بەرژەوەندیەکانى خۆیاندا بیرێک لە بەرژەوەندى شوێن کەوتوەکانیشیان بکەنەوە، کۆمپانیاکان و دامەزراوەکان دڵسۆزبن لە جێبەجێکردنى کارى هاووڵاتیان و بە دواى بەرژەوەندى گشتییەوە بن، لە ڕێگەی ئەم فاکتەرانەو چەندین فاکتەری ترەوە دەتوانین بە هەموو لایەک گەشە بدەین بە سەرمایەی کۆمەڵایەتی و لە ڕێگەی سەرمایەی کۆمەڵایەتیشەوە سەرجەم سەرمایەکانی تریش بەدەست بهێنین و وڵات بەرەوپێش ببەین.

 

 هەر وڵاتێک خاوەنی ئەم سەرمایە نەبێت هەمیشە لە ڕیزی وڵاتانی دواکەوتوودا دەمێنێتەوە و گەشە ناکات وەک ئێستای هەرێمی کوردستان کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی بە تەواوی لە مەترسی لە ناوچوندایە و جەماوەر لە بێ هیواییەکى گەورەدایە بەرانبەر حکومەت و دەسەڵاتدارانى حکومەت 

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك