دامه‌زراوه‌ نازدارەكەی عێراق بەبێ‌ كورد

دامه‌زراوه‌ نازدارەكەی عێراق بەبێ‌ كورد

209 خوێندراوەتەوە

ساڵح ڕه‌حمان

 لەگەڵ ئەوەی گرنگترین ‌و هەستیارترین دامەزاوەیە و بەبڕبڕەی پشتی ئابوریی عێراق لەقەڵەم دەدرێت‌و بەنازدارەكەی عێراق ناسراوە، بەڵام كورد هیچ رۆڵ ‌و پێگەیەكی تێدا نییە ‌و بەهۆی ئەوەی لەستافە ئیدارییەكەی بێبەشە، ئاگاداری وردەكایی كاروبارەكانی نییە ‌و ناتوانێت هیچ رۆڵێكی لەبڕیارەكانیدا هەبێت.

،،

بانكی نیشتمانیی عێراق یەكێك بووە لە بانكە كاریگەرەكانی جیهان

بانكی ناوەندیی عێراق، ئەو دەزگا ئابورییەیە، كە پارەی یەدەكی عێراقی تێدا گل دەدرێتەوە و دەزگایەكی سەربەخۆیە ‌و كاریگەریی لەسەر بەهای دراوی عێراقی ‌و دراوە بیانییەكان هەیە، پێشتر ناوی بانكی نیشتمانیی عێراقی بوە‌و لەساڵی 1947‌و بەفەرمانێكی شاهانە دامەزراوە‌و دواتر لەساڵی 1956دا وەكو دامەزراوەیەكی سەربەخۆ كارەكانی دەست پێكردوە.

بانكی نیشتمانیی عێراق لەحەفتاكان‌و سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، یەكێك بوە لە بانكە كاریگەرەكان لەسەر ئاستی جیهان ‌و یەدەكی دراوی عێراقی لەبانكی سویسرا‌و ناوخۆی عێراق بەرێژەیەكی بەرچاو بەرز بوە، كە كاریگەریی لەسەر بەهای دراوی عێراقی هەبوە لەبازاڕی دراوی جیهانیدا، بەڵام بەهۆی جەنگی نێوان عێراق‌و ئێران، ئەو بانكە بەرەو پوكانەوە‌و لاوازبوون چوە.

یەكێك بوو لەو دامەزراوانەی، كە ئەمریكییەكان لەساڵی 2003دا پارێزگارییان لێكرد لەتاڵانكردن ‌و بڕین، دوای روخانی رژێمی بەعسیش، بەبڕیاری ئەمریكییەكان جارێكی تر بنیاتنرایەوە ‌و ناوەكەی گۆڕدرا بۆ بانكی ناوەندی بەسەرمایەی 100 ملیار دینار، كە تا ساڵی 2014 بڕی پارەی یەدەك لەبانكەكەدا گەیشتە سەرووی 100 ملیار دۆلاری ئەمریكی، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش‌و دابەزینی نرخی نەوت، زیاتر لە 50 ملیار دۆلاری داوەتە حكومەت.

ئەركەكانی بانكی ناوەندی بریتین لە پارێزگاریكردن لە سەقامگیریی نەختینەیی‌و رێگرتن لەهەڵاوسان، جێبەجێكردنی سیاسەتی نەختینە، ئیدارەدانی یەدەكی عێراق لە پارەی بیانی، چاپكردن‌و خستنەبازاڕی دراو، رێكخستنی كەرتی بانكی‌و سیستمی دارایی.

،،

لەستافی باڵای بانكی ناوەندیدا هیچ كوردێك نییە

بانكی ناوەندی بێجگە لەبارەگای سەرەكی كە دەكەوێتە شەقامی رەشیدی شاری بەغداد، لەشارەكانی موسڵ‌و بەسرە‌و هەولێر‌و سلێمانیش لقی هەبوە، بەڵام هەردوو لقەكەی هەرێم كارەكانیان راگیرا‌و لەمیانی شەڕی داعشیشدا، لقی موسڵ داخرا، بانكەكە رۆژانە دۆلار دەخاتە بازاڕەوە بەمەبەستی رێگرتن لەبەرزبوونەوەی نرخی دۆلار‌و دابەزینی بەهای دیناری عێراقی، بەوەش كۆنترۆڵی نرخ دەكات.

ئەنجومەنی كارگێڕیی بانكەكە لە نۆ كەس پێكدێت، پارێزگار‌و حەوت ئەندام ‌و راوێژكارێك، كە ئیدارەی دەكەن، بێجگە لەوەش 17 پۆستی باڵای دیكەی تێدایە، كە لەبەڕێوەبەری گشتی‌و بەڕێوەبەری گشتی بەوەكالەت‌و جێگری بەڕێوەبەری گشتی‌و بەڕێوەبەر پێكدێن، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی زەمەن، لەستافی باڵای بانكی ناوەندیدا هیچ كوردێك نییە، كە ئەوەش جۆرێك لە ناهاوسەنگی دروست دەكات، لە بوونی نوێنەری پێكهاتەكانی عێراق لەپێگە گرنگ‌و هەستیارەكانی دەوڵەتدا.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك