بۆری نێوان كه‌ركوك_ ئێران ... سه‌ودایه‌كی دیكه‌ی سیاسی بەغدا _تاران

بۆری نێوان كه‌ركوك_ ئێران ... سه‌ودایه‌كی دیكه‌ی سیاسی بەغدا _تاران

998 خوێندراوەتەوە

ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداد بۆ ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی نه‌وتی كه‌ركوك به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌ڵام پێده‌چێت براوه‌ی یه‌كه‌می ئه‌م شه‌ڕه‌ی نێوان هه‌ردوولا ووڵاتی ئێران بێت ئه‌وه‌ش به‌ راكێشانی بۆرییه‌كی نه‌وت له‌ نێوان كه‌ركوك_تاران.

ئه‌و بۆرییه‌ نه‌وتیه‌ی وا بریاره‌ له‌ كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی بای حه‌سه‌ن له‌‌ باشوری رۆژئاوای كه‌ركوك بگه‌یه‌نرێته‌ كرماشان مشتومڕی له‌ نێوه‌ندا سیاسی و ئابورییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان دروستكردووه‌ له‌نێوان پێشوازیكردن و دژایه‌تیكردنیدا.

به‌پێی ووته‌ی به‌رپرسانی باڵای وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ، رۆژانه‌ 15 هه‌زار به‌رمیل له‌ كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ به‌ تانكه‌ر بۆ پاڵاوگه‌یه‌كی كرماشان ده‌گوازرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاندووه‌ رێژه‌كه‌ به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ 55_60 هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا تا ئه‌و كاته‌ی بۆری نێوان كه‌ركوك_تاران ته‌واو ده‌بێت.

،،

 له‌دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ، رۆژانه‌ 15 هه‌زار به‌رمیل له‌ كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ به‌ تانكه‌ر بۆ پاڵاوگه‌یه‌كی كرماشان ده‌گوازرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاندووه‌ رێژه‌كه‌ به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ 55_60 هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا تا ئه‌و كاته‌ی بۆری نێوان كه‌ركوك_تاران ته‌واو ده‌بێت.

عاسم جیهاد ووته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ی راگه‌یاند : له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی دووه‌می رابردوو، هه‌ردوو وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و ئێران رێككه‌وتن، كه‌ رۆژانه‌ 15 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركوك هه‌نارده‌ی پاڵاوگه‌ی كرماشان بكه‌ن، ئه‌و بڕه‌ش له‌ ئاینده‌ به‌رزبكرێته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا عێراق به‌رهه‌مە نه‌وتییه‌كان وه‌ربگرێت.

ووتیشی : به‌منزكانه‌ وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق سه‌ردانی ووڵاتی ئێران ده‌كات بۆ رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر دوا هه‌نگاوه‌كانی ئیمزاكردنی گرێبه‌ستی بنیاتنانی بۆری هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراق به‌خاكی تاراندا.

هه‌رچه‌نده‌ بیژه‌ن زه‌نگه‌نه‌ وه‌زیری نه‌وتی ئێران به‌ سایتی میهری ئێرانی راگه‌یاندبوو رێككه‌وتنێكیان واژۆكرد، بۆ راكێشانی بۆرییه‌كی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك بۆ ئێران و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی خاوی به‌سره‌ بۆ عه‌بادان له‌ ئێران.

به‌پێی زانیارییه‌كان كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی عێراق ده‌ستی دیپلۆماتیك كه‌وتووه‌ تێچوونی پرۆژه‌ی راكێشانی بۆری نێوان كه‌ركوك_تاران به‌ 21 ملیار دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت ‌و درێژییه‌كه‌ی 1900كم ده‌بێت‌و به‌دوو قۆناغ بنیات ده‌نرێت، واش پێشبینی ده‌كرێت پرۆژه‌كه‌ له‌كۆتایی ساڵی 2019 ته‌واو بكرێت.


هه‌ر به‌‌ ووته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا مه‌زنده‌ ده‌كرێت رۆژانه‌ 350_450 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ بكرێت.



به‌ ووته‌ی عاسم جیهاد وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وت پرۆژه‌ی بۆری نه‌وتی كه‌ركوك – تاران به‌پله‌ی یه‌كه‌م پرۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنانه‌‌و كۆمپانیایه‌ك خه‌رجیه‌كه‌ی ده‌كێشێت‌و پاشان له‌دوای كارپێكردنی به‌شێك له‌ وه‌به‌رهێنانه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێته‌وه‌.



پارێزگای كه‌ركوك خاوه‌نی چوار كێڵگه‌ی نه‌وته‌ كه‌ بریتین له‌ بای حه‌سه‌ن و جه‌مبور و خه‌بازه‌ و باباگورگور كه‌ پێكهاتوون له‌ هه‌زار و پێنج بیر و 11 هه‌زار یه‌ده‌گی نه‌وت.

پێشتر نه‌وتی پارێزگای كه‌ركوك له‌ رێگه‌ی بۆری نه‌وتی نێوان كه‌ركوك_نه‌ینه‌وا دواتر به‌نده‌ری جه‌یهانی توركی هه‌نارده‌ ده‌كرا ، به‌ڵام دوای ده‌ركه‌وتنی چه‌كدارانی داعش له‌ عێراق ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ته‌واوی پارێزگای نه‌ینه‌وا ، حكومه‌تی هه‌رێم له‌ رێگه‌ی پۆلیسی نه‌وت و گازی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی بای حه‌سه‌ن و هاڤانه‌ له‌ 17ی ته‌موزی ساڵی 2014 كۆنترۆڵكرد و له‌و كاته‌وه‌ له‌ رێگه‌ی كۆمپانیای كار نه‌وتی كه‌ركوكی له‌ رێگه‌ی بۆری هه‌رێم_به‌نده‌ری جه‌یهان هه‌نارده‌ ده‌كرد تا ئه‌و كاته‌ی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵدا له‌ له‌شكركێشیه‌كی سه‌ربازیدا هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ سنوری ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كشانه‌وه‌ و جارێكی تر كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كان خرایه‌وه‌ ژێر ركێفی حكومه‌تی ناوه‌ند.

،،

 حكومه‌تی هه‌رێم له‌ رێگه‌ی پۆلیسی نه‌وت و گازی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی بای حه‌سه‌ن و هاڤانه‌ له‌ 17ی ته‌موزی ساڵی 2014 كۆنترۆڵكرد و له‌و كاته‌وه‌ له‌ رێگه‌ی كۆمپانیای كار نه‌وتی كه‌ركوكی له‌ رێگه‌ی بۆری هه‌رێم_به‌نده‌ری جه‌یهان هه‌نارده‌ ده‌كرد تا ئه‌و كاته‌ی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ

سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ماوه‌ی كۆنترۆڵكردنی كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی كه‌ركوك له‌لایه‌ن پۆلیسی نه‌وت و گازی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ره‌خنه‌ی له‌ ناشه‌فاف بوونی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك ده‌گرێت هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ڵامی حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌وه‌ دایه‌وه‌ كه‌ نه‌وتی كه‌ركوك له‌ رێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆوه‌ ده‌فرۆشرێت.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و گاز له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ی راگه‌یاند : له‌دوای روداوه‌كه‌ی 16ی ئۆكۆتبه‌ری ئه‌مساڵ نه‌وتی كه‌ركوك له‌ رێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان_به‌نده‌ری جه‌یهانی توركی هه‌نارده‌ نه‌كراوه‌.


عه‌سكه‌ری ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو : وه‌ك لیژنه‌ی نه‌وت و گاز له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئاگاداری ئه‌و بره‌ دیاریكراوه‌ نین كه‌ به‌ تانكه‌ر ده‌نێردرێته‌ ئێران.

داكۆكیكارانی پرۆژه‌ی به‌ ستنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك به‌ تارانه‌وه‌ به‌ پرۆژه‌یه‌كی ئابوری داده‌نێن به‌ڵام دژه‌كانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ بۆرییه‌ نه‌وتیه‌كه‌‌ ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌یه‌كی ستراتیجی ووڵاتانی شیعی له‌بری به‌نده‌ری جیهانی توركیا.

ئه‌ندازیار شلێر حامید ، پسپۆری بواری نه‌وت و گاز ئه‌و پرۆژه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك به‌ تارانه‌وه‌ به‌ سه‌ودانامه‌یه‌كی نوێ سیاسی به‌غداد و تاران داده‌نێت چونكه‌ به‌شی زۆری نه‌وتی عێراق له‌ ساڵی 2005 بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركی هه‌نارده‌ ده‌كرا به‌ڵام ‌كاتێك سوونه‌كان له‌ نه‌ینه‌وا و ئه‌نبار و سه‌ڵاحه‌دین و هه‌روه‌ها كورد له‌ كه‌ركوك به‌ره‌و لاوازی چووه‌ له‌رووی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه‌ حكومه‌تی ناوه‌ند ده‌یه‌وێت هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراق له‌ یه‌ك ده‌روازه‌ی بكرێته‌وه‌ ئه‌ویش هه‌نارده‌كردنیه‌تی بۆ ووڵاتی ئێران.

ئه‌و پسپۆره‌ بواری نه‌وت و گاز له‌باره‌ی پرۆژه‌ی راكێشانی بۆری نه‌وتی كه‌ركوك_‌ تاران زیاتر دواو به‌ "دیپلۆماتیك"ی وت :" دۆزینه‌وه‌ی چه‌ند گه‌روویه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی ووڵاته‌كه‌ت پێیدا تێپه‌ربێت هه‌نگاوێی زۆر گرینگه‌، به‌ڵام كاتێك دوو بۆری له‌ نێوان كه‌ركوك_هه‌رێم به‌نده‌ری جه‌یهان هه‌روه‌ها كه‌ركوك_موسڵ_به‌نده‌ری جه‌یهان هه‌بێت بۆ‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی پارێزگاكه‌ دایبخه‌یت و له‌ پلانی راكێشانی بۆرییه‌ك بێت له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بۆ ئێران ئه‌مه‌ سه‌ودایه‌كی روونی سیاسی به‌ كه‌ركوكه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی پرۆژه‌یه‌كی ئابوری بێت.