ئایا وەزیری دارایی ئاگاداری داهاتی نەوتی كوردستانە؟

ئایا وەزیری دارایی ئاگاداری داهاتی نەوتی كوردستانە؟

788 خوێندراوەتەوە

• بیلال سەعید


لەمانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2016ەوە تا ئێستا كۆمپانیای دیلۆیت تایبەت بە وردبینیكردن لە نەوتی هەرێمی كوردستان پێنج راپۆرتی لەسەر كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە، راپۆرتەكانیش پەیوەندار بووە بە داتا و زانیاریەكانی ساڵی 2017 تا وەرزی سێیەمی ساڵی 2018، بەبێ ئەوەی هێچ ڕاپۆرتێك لەسەر ساڵی 2019 بڵاوبكرێتەوە.

لەماوەی یەك ساڵ و چوار مانگی ڕابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیای دیلۆت هێچ ڕاپۆرت و زانیاریەكیان لەسەر كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان نەخستوەتەڕوو، بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی سەد رۆژی كاركردنی كابینەكەی ڕایگەیاند:" پرۆسەیەكی شەفافمان گرتووەتەبەر بەتایبەت لە بواری داهاتی سامانە سرووشتییەكان.

،،

بە شێوەیەكی بەردەوام داتا و زانیارییەكانمان خستووەتەڕوو. ئێستا گشت هاووڵاتیان دەتوانن بزانن كە داهاتی نەوت و داهاتە ناوخۆییەكانمان چەندە و لە چ بوارێكدا خەرج دەكرێت".!

ئەوەی بۆ من سەیرە ئەوەیە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان لەدواین سەردانی (19/4/2020 )لەچوارچێوەی شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا رایگەیاندووە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشەفافی لەرێگەی دیلۆێتەوە داهات و بەرهەمهێنانی نەوتی بڵاوكردووەتەوە. بەڵام ئایا وەزیری دارایی و بزوتنەوەی گۆڕان ئاگاداری داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانن؟ لەكاتێكدا كۆمپانیای دیلویت لەماوەی 16 مانگی ڕابردوو یەك ڕاپۆرتی بڵاونەكردووەتەوە.

دیلۆیت یەكێكە لە چوار گەورەكانی كۆمپانیاكانی جیهان بۆ وردبینی و ژمێریاری، لە بەرواری 5/10/2016 ڕێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان واژۆكردووە، بۆ وردبینكردن لە پڕۆسەی دەرهێنان و بەكاربردن و هەناردەكردن و داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان.

بەپێی ناوەڕۆكی ڕیككەوتنەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای دیلۆت پرۆسەی وردبینیكردن لەپرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردە و بەكاربردن و داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 بەدواوە بڵاودەكرێتەوە بەڵام لەماوەی سێ‌ ساڵی ڕابردوو تەنیا پێنج ڕاپۆرت بڵاوكراوەتەوە.
كۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتی پێنجەمی لە 27ی شوباتی 2019 بڵاوكردەوە كە پەیوەست بوو بە وردبینی لەبەرهەمهێنان وهەناردە و بەكاربردنی نەوت لەچارەكی سێیەمی 2018، هەموو جارێك لە پێشەكیەكەیدا دەنووسێت: "دیلۆیت تەنها بەرپرسیارە بەرامبەر بە ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گازی هەرێمی كوردستان و هیچ لایەنێكی تر بۆی نیە پشت بەم راپۆرتە ببەسێت".


واتە كۆمپانیاكە جگە لەوەی ڕاپۆرتی ماوەی نێوان ساڵەكانی 2014-2016ی بڵاونەكردووەتەوە، بەهەمان شێوە ڕاپۆرتی لەسەر چارەكی چوارەمی 2018ەو ساڵی 2019 بڵاونەكردوەتەوە !. بەپێی ناوەڕۆكی ڕیككەوتنەكەی نێوان دیلۆت و حكومەتی هەرێم، كۆمپانیاكە تەنیا بەرامبەر بەئەنجومەن خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت، بەڵام ئەوەی سەیرە لەدوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم تا ئێستا ئەم ئەنجومەنە هێچ كۆبوونەوەیەكی نەكردووەو كەس دەسەڵاتی بەسەر كۆمپانیای دیلۆت ناشكێت!


ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز پێكهاتەكەی لە: (سەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەت، وەزیری سامانە سروشتییەكان، وەزیری پلاندانان، وەزیری دارایی) پێكهاتووە، لە پێشەكی ڕاپۆرتەكانی پێشووی دووپاتی‌ كردوەتەوە كە مافی گشت هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانە زانیارییان هەبێت دەربارەی ئەو ژمارە و داتایانەی سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و بەكارهێنانی ناوخۆیی و داهاتەكانی نەوت كە پێشكەش كراون.


لە ناوەرۆكی یاسای ژمارە 22 تایبەت بە نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوەكراوە كە نەوتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە هەنگاوەكانی دەستپێشخەری بۆ دەرهێنانی پیشەسازی نەوتی و كانزاییەكان یاساكانی EITI

،،

بەڵام پێشتر ڕێكخراوەكە لە ڕاپۆرتەكانی بەئاشكرا پچڕانی پەیوەندی نێوان حكومەتی هەڕێمی كوردستان و ڕێكخراوەكەی ڕاگەیاندووە.


لەهەمووی سەیرتر لەپێشەكی پێنج راپۆرتی پێشووی دیلۆیت هاتووە:" هیچ زانیاریەكی هەڵەمان بەدینەكردووە لە هەناردەو بەكاربردن و داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان". لەكاتێكدا ئەگەر وردبوونەوەیەك بۆ ناوەڕۆكی پێنج ڕاپۆرتی ڕابردووی دیلۆت بكرێت چەندین هەڵە و كەموكورتی لەناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكان دەبینرێت بەڵام هەمێشە دەتوانین بڵین هەبوونی داتا و زانیاریەك كە كەموكورتی تێدابێت لەنەبوون باشترە، چونكە لە ئێستادا بەبیانۆی ڕاپۆرتەكان دیلۆت حكومەت و سامانە سروشتییەكان ڕاپۆرت بڵاوناكاتەوە و ڕێگری لە EITIیش دەكڕێت.


بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە ئەگەر كابینەی نۆیەم بانگەشەی شەفافیەت و چاكسازی دەكات دەكرێت هەوڵەكانی چڕبكاتەوە لەجیاتی چاوەڕوانی دیلۆت، ماڵپەرێكی تایبەتمەند بكاتەوە و ڕۆژانە هەناردەی نەوت و مانگانە وردەكاریی هەناردە و داهاتی نەوتی كوردستان بڵاوبكاتەوە و دیلۆت بەشێوەیەكی وەرزی و ساڵانە وردبینی لە نەوتی كوردستان بكات....


• بەڕێوەبەری ئینستیوتی ئابووری بەژمارە