دۆلارى جەهانگیرى و دۆلارى شه‌ش هه‌زار تمه‌نى

سێبەری ڕێکەوتننامە ئەتۆمیەکە بەسەر نرخی تمەنەوە

دۆلارى جەهانگیرى و دۆلارى شه‌ش هه‌زار تمه‌نى

1521 خوێندراوەتەوە

هه‌فته‌ى رابردوو تمه‌نى ئێرانى له‌ مێژووى خۆیدا نزمترین ئاستى له‌ به‌رامبه‌ر دۆلارى ئه‌مریكى تۆماركرد، دواى هه‌وڵه‌كانى حكومه‌تى ئێران و گه‌رانه‌وه‌ى به‌ها بۆ تمه‌ن هێشتا بازارى ئاڵوگۆرى ئه‌و وڵاته‌ ناجێگیره‌ و نرخى دیاریكراوى ده‌وڵه‌ت بۆ دۆلار ته‌نها نووسینێكه‌ له‌سه‌ر تابلۆى نووسینگه‌كانى دراو.


كاتێك دۆناڵد ترەمپ پۆستى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكاى وه‌رگرت به‌ڵێنیدا رێكه‌وتننامه‌ى ئه‌تۆمیی ئێران هه‌ڵپه‌سێرێت و دژایه‌تییه‌كانى به‌ ئاراسته‌ى ئێران و هه‌ژموونى ئه‌و وڵاته‌ به‌راده‌وام روو له‌ زیاد بوون بوو، هه‌ر له‌ پشتگیرى هێنانه‌ پیشه‌وه‌ى شازاده‌ سه‌لمان و فرۆشتنى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى به‌ سعودیه‌ و پاڵپشتى له‌وڵاتانى میسر و ئیمارات و سعودیه‌ بۆ گه‌مارۆخستنه‌ سه‌ر وڵاتى قه‌ته‌ر و هێرشى هه‌ندێك وڵاتى عه‌ره‌بى به‌ سه‌رۆكایه‌تى سعودیه‌ بۆ یه‌مه‌ن، دواتر دانانى جۆن بۆڵتن وه‌ك راوێژكارى ئاسایشى نەتەوەیی ئەمریکا و هێنانه‌ سه‌ركارى ستافێكى هه‌واڵگریی بۆ پۆسته‌ باڵاكانى حكومه‌ت، هاوكات خواستى ناوخۆیى هاوڵاتیانى ئێرانى بۆ دۆلارى بازرگانى و گه‌شتوگوزار به‌هاى تمه‌نى ئێرانى له‌ به‌رامبه‌ر دۆلار له‌ سه‌دا بیستى دیكه‌ داشكاند و ئه‌م داشكاندنه‌ به‌رده‌وام بوو تا یه‌ك دۆلار هاوتاى شه‌ش هه‌زار و دووسه‌د تمه‌ن بوو.

،،

خواستى ناوخۆیى هاوڵاتیانى ئێرانى بۆ دۆلارى بازرگانى و گه‌شتوگوزار به‌هاى تمه‌نى ئێرانى له‌ به‌رامبه‌ر دۆلار له‌ سه‌دا بیستى دیكه‌ داشكاند و ئه‌م داشكاندنه‌ به‌رده‌وام بوو تا یه‌ك دۆلار هاوتاى شه‌ش هه‌زارو دووسه‌د تمه‌ن بوو.


ده‌ساڵ به‌ر له‌ ئێستا نرخى یه‌ك دۆلار به‌رامبه‌ر 920 تمه‌ن بوو به‌ڵام له‌ ساڵى 2012 بەهۆی سه‌پاندنى گه‌مارۆكانى ئه‌مریكا و یه‌كێتى ئه‌وروپا به‌سه‌ر ئێراندا به‌هاى تمه‌ن داشكاندنى زیاترى به‌خۆیه‌وه‌ دى، دواى ئه‌وه‌ى حه‌سه‌ن رۆحانى له‌ ساڵى 2013 به‌ سه‌رۆكى ئێران هه‌ڵبژێردرا شه‌ش مانگى پێشوو گه‌مارۆكانى سه‌ر ئێران به‌ مه‌رج لابران و نرخى یه‌ك دۆلار له‌ 3500 تمه‌ن جێگیركرا، له‌ ده‌ ساڵى رابردوو تمه‌نى ئێرانى داشكاندنى 450%ى به‌رامبه‌ر دۆلار به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌.

 

DFV
نوسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو ـ تاران

 


تاران له‌ ویلایه‌تى حه‌سه‌ن رۆحانى له‌باره‌ى به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌هاى تمه‌ن زۆر به‌ڵێنى به‌ هاوڵاتیان داو له‌ ساڵى 2015 له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ وڵاتانى دونیا له‌سه‌ر دۆسیه‌ى ئه‌تۆمى گه‌یشته‌ رێكه‌وتن و به‌ڵێنیدا پیتاندنى یۆرانیۆم سنووردار بكات و رێگه‌ىدا تیمه‌كانى ئاژانسى ئه‌تۆمى جیهانى سه‌ردانى بنكه‌كانى پیتاندنى یۆرانیۆم بكات و ته‌نانه‌ت كامێراى چاودێرى له‌و بنكانه‌ جێگیركران.، ئه‌مه‌ش كرانه‌وه‌یه‌كى ئێران بوو به‌رووى دونیا و سه‌رانى زلهێزى ناچاركرد گه‌مارۆكانى سه‌ر ئێران لاببرێن یان كه‌م بكرێنه‌وه‌ و ئێران له‌م رێگه‌یه‌وه‌ به‌رهه‌م هێنانى نه‌وتى زیاتر كرد و هاوكات گرێبه‌ستى كڕینى فرۆكه‌ى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانى بوینگ و ئێرباس واژۆ كرد و تا راده‌یه‌ك تمه‌ن پشوویه‌كى وه‌رگرت و نرخ زۆر نه‌گۆردرا.


ترەمپ له‌وكاته‌وه‌ى بانگه‌شه‌ى بۆ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا ده‌كرد یه‌كێك له‌ دروشمه‌كانى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێكه‌وتننامه‌كه‌ى نێوان ئێران و وڵاتانى گه‌وره‌ بوو، هه‌ر زوو ئه‌م هه‌ره‌شانه‌ له‌ بانگه‌شه‌وه‌ گۆردرا بۆ كردارى و دوورخستنه‌وه‌و گۆرانكارى له‌ پۆسته‌ دیبلۆماسى و ئابوریی و ئه‌منییه‌كانى ئه‌مریكا به‌هاى تمه‌نى هێنایه‌ خواره‌وه‌و حكومه‌تى ئێرانیش بۆ رێگرتن له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى دۆلار و دابه‌زینى نرخى تمه‌ن كۆمه‌ڵێك رێوشوێنى گرته‌ به‌ر.


ئیسحاق جهانگیرى جێگرى یه‌كه‌مى سه‌رۆك كۆمار سه‌باره‌ت به‌ رێگرى له‌ دابه‌زینى نرخى دراوى وڵاته‌كه‌ى له‌ ناوه‌راستى هه‌فته‌ى رابردوو نرخى یه‌ك دۆلار به‌رامبه‌ر چوار هه‌زار و دوو سه‌د تمه‌ن جێگیركرد، وتیشى: "هه‌ركه‌سێك له‌م نرخه‌ زیاتربكات وه‌ك قاچاخچى مادده‌ى هۆشبه‌ر رووبه‌روى ده‌بینه‌وه‌".

DFC
ئیسحاق جەهانگیری جێگری سەرۆک کۆماری ئێران

،،

ئیسحاق جهانگیرى جێگرى یه‌كه‌مى سه‌رۆك كۆمار سه‌باره‌ت به‌ رێگرى له‌ دابه‌زینى نرخى دراوى وڵاته‌كه‌ى له‌ ناوه‌راستى هه‌فته‌ى رابردوو نرخى یه‌ك دۆلار به‌رامبه‌ر چوار هه‌زار و دوو سه‌د تمه‌ن جێگیركرد، وتیشى: "هه‌ركه‌سێك له‌م نرخه‌ زیاتربكات وه‌ك قاچاخچى مادده‌ى هۆشبه‌ر رووبه‌روى ده‌بینه‌وه‌".

 

 هاوكات ولى الله سیف سه‌رۆكى بانكى ناوەندی ئێران كۆمه‌ڵێك رێوشوێنى وه‌ك هه‌نگاوى یه‌كه‌مى روبه‌روبونه‌وه‌ى دابه‌زینى نرخى تمه‌ن خسته‌ روو، كه‌ هیچ هاوڵاتیه‌ك بۆى نیه‌ له‌ ده‌ هه‌زار دۆلار زیاترى هه‌بێت و ئه‌وانه‌ى به‌نیازى سه‌فه‌رن بۆ وڵاتانى دراوسێ، له‌ به‌ بانكه‌كانى ئێران ده‌توانن برى پێنج سه‌د یۆرۆ و ئه‌وانه‌ى بۆ وڵاتانى ئه‌وروپا دەچن بڕى هه‌زار یۆرۆیان پێده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ بكه‌ن، ئه‌ویش به‌ مه‌رجى خستنه‌رووى پاسپۆرت و فیزاو تكتى سه‌فه‌ر.

سه‌رۆكى بانكى ناوەندی ئێران وتیشى " ئه‌و خوێندكارانه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئێران ده‌خوێن ساڵانه‌ى تا بڕى پانزه‌ هه‌زار دۆلار ده‌توانن له‌ بانكه‌كانى ئێران وه‌ربگرن و بۆ هه‌ر ئه‌ندامێكى خێزانى ئه‌و خوێندكارانه‌ مانگانه‌ ته‌نها بڕى پێنج سه‌د دۆلار ده‌درێت".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى رێوشوێنه‌كانى وڵات بۆ هێشتنه‌وه‌ى دۆلار له‌ بازاردا، ولى الله سیف ده‌ڵێت:" ده‌زگاكانى ئه‌منى وڵات ژماره‌یه‌ك ده‌ڵاڵى ئاڵوگۆرى دراویان ده‌ستگیركردووە و هاوكات ژماره‌یه‌ك نوسینگه‌ى ئاڵوگۆرى دراو له‌ تاران داخران ئه‌ویش بۆ رێگرى له‌ كۆكردنه‌وه‌ و هه‌ڵگرتنى دۆلار له‌ بازاره‌كاندا".

DFV
ئایەتوڵا مەکاریمی شیرازیی

 

ئایه‌توڵا مه‌كاریمى شیرازیی یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ مه‌رجه‌عه‌كانى شیعه‌ له‌ ئێران داواى سزاى له‌ سێداره‌دان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ یارى به‌ نرخى تمه‌ن ده‌كه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر دۆلارى ئه‌مریكى.

،،

 ئایه‌توڵا مه‌كاریمى شیرازیی یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ مه‌رجه‌عه‌كانى شیعه‌ له‌ ئێران داواى سزاى له‌ سێداره‌دان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ یارى به‌ نرخى تمه‌ن ده‌كه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر دۆلارى ئه‌مریكى.


ناكرێت له‌ روانگه‌ى ئابورییه‌وه‌ هه‌موو هۆكاره‌كان له‌ چوارچێوه‌ى سیاسى و فشار و كه‌مبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى دۆلار باس بكرێت، به‌ڵكو ئاماژه‌ بۆ ئه‌و به‌رزبونه‌وه‌یه‌ش ده‌كرێت كه‌ له‌ چه‌ند ساڵى دوایى ئێران به‌ خۆیه‌وه‌ بینیویه‌تى، بازارى ئاڵوگۆرى دراو به‌گشتى له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆ و جیهانیی ده‌كه‌وێـته‌ ژێر كاریگه‌رى ئاڵوگۆره‌ بازرگانییه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌رو هه‌موشیانه‌وه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخ كاڵا و گۆرانكاریی و یاریكردنى نرخى نه‌وت و به‌ررزبوونه‌وه‌ى سوودى بانكى.

به‌پێى ئامارێكى فه‌رمى بانكى ناوەندی ئێران له‌ چوار ساڵى رابردوو نرخى كاڵا و شتومه‌ك بۆ له‌ سه‌دا پانزده‌ به‌رزبووەته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا ئه‌و شه‌پۆلى ناره‌زایه‌تیانه‌ى كه‌ چه‌ند مانگى پێشوو چه‌ند شارێكى ئێرانى گرته‌وه‌ هۆكارێكى دیكه‌ بوو بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى دۆلار له‌به‌رامبه‌ر تمه‌، هه‌روه‌ها خواست بۆ كرینى دۆلار و كه‌م بوونى له‌ بازاره‌كان هاوكێشه‌ى خواست و خستنه‌رووى لاسه‌نگ كرد و ره‌ونه‌قى زیاتریدا به‌ نرخى به‌ دۆلار و نوسینه‌گه‌كانى ئاڵۆوگۆرى دراو له‌سه‌ر تابلۆكانیان ده‌نوسن كرین و فرۆشتنى دۆلار ناكه‌ین یان ته‌نها مه‌به‌ستیانه‌ دۆلار بكرن و به‌ نرخى زیاتر بیفرۆشنه‌وه‌.

،،

چاوه‌رێ ده‌كرێت بەهۆی بۆردومانەکانی ئەمڕۆی ئه‌مریكا و به‌ریتانیاو فه‌ره‌نسا بۆ سه‌ر سوریا و به‌ ئامانج كردنى ده‌یان بنکەی ئێران، هەروەها كۆبوونه‌وه‌ى وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى ئه‌وروپا له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوو بۆ بریاردان له‌سه‌ر سه‌پاندنى كۆمه‌ڵه‌ سزایه‌كى نوێ به‌سه‌ر ئێراندا له‌ لۆكسمبۆرگ، هه‌وڵه‌كانى ئێران بۆ جێگیركردنى نرخى تمه‌ن شكست پێبهێنیت.

 

SCV
ڕیزبەستنی کڕیارانی دۆلار لە بەردەم بانکی میللەت ـ تاران


ئه‌و دابه‌زینه‌ى نرخه‌ى تمه‌ن له‌كاتێكدایه‌ هێشتا ئه‌مریكا به‌ فه‌رمى له‌ رێكه‌وتننامه‌ى ئه‌تۆمى ئێران و وڵاتانى پێنج كۆ یه‌ك نه‌كشاوه‌ته‌وه‌و چاوه‌رێ ده‌كرێت بەهۆی بۆردومانەکانی ئەمڕۆی ئه‌مریكا و به‌ریتانیاو فه‌ره‌نسا بۆ سه‌ر سوریا و به‌ ئامانج كردنى ده‌یان بنکەی ئێران، هەروەها كۆبوونه‌وه‌ى وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى ئه‌وروپا له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوو بۆ بریاردان له‌سه‌ر سه‌پاندنى كۆمه‌ڵه‌ سزایه‌كى نوێ به‌سه‌ر ئێراندا له‌ لۆكسمبۆرگ، هه‌وڵه‌كانى ئێران بۆ جێگیركردنى نرخى تمه‌ن شكست پێبهێنیت.

هه‌ندێك له‌ كاربه‌ده‌ستانى ئێران تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و له‌ نێویشیدا تێلیگرام به‌ یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ ده‌زانێت كه‌ له‌رێگه‌یه‌وه‌ بازارى ئاڵوگۆرى دراوى ناسه‌قام گیركرد.

 ئه‌م رۆژانه‌ مه‌یدانى فیرده‌وسى و چواررێى ئه‌ستەنبول له‌ تاران شوێنى كۆبوونه‌وه‌ى خوازیارانى دۆلار و فرۆشیارانه‌ و هێشتا نرخى دیاریكراوى وڵات بۆ دۆلار نیگه‌رانیه‌كانى لانه‌بردووە، هاوڵاتیانى ئێرانیش له‌ نێوان دۆلارى ئیسحاق جیهانگیریی و دۆلارى شه‌ش هه‌زار تمه‌نى دوو دڵن!.

 

author photo

 

- خوێندكارى دكتۆرا له‌ راگه‌یاندن

 -ماسته‌ر له‌ رۆژنامه‌وانى لیكۆڵینه‌وه‌یى (بنكوڵكاریی)

-سه‌رنوسه‌ر و رۆژنامه‌وانى نێوده‌وڵه‌تى و ئه‌ندامى كارارى سه‌ندیكارى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان