سلێمانی لەبەردەم دووڕیانی (پاشەکشە یان بووژانەوە)دایە؟

سلێمانی لەبەردەم دووڕیانی (پاشەکشە یان بووژانەوە)دایە؟

929 خوێندراوەتەوە

ئەلەند مەحوی

لە دوای هەموو ئەو رووداو و قەیرانانەی کە لە (2014 تا 2021) لە هەرێمی کوردستان روویانداوە، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر لە رووی ئابوورییەوە پاشەکشەی کردووە، ئەگەر قەیرانەکان لەسەر شارێکی وەک هەولێر یان دهۆک کاریگەربووبن، لەسەر سلێمانی بەهۆی ململانێی سیاسییەوە دووجار کاریگەربوون.
دواجار لە نیووەی یەکەمی ئەمساڵ بە گشتی لە هەرێمی کوردستان ئومێدێک گەڕایەوە بۆ خەڵک، کاتێک بودجەی 2021 لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکراو پشکی کورد دیاری کرا

،،

بازاڕەکان بەرەو بووژانەوە هەنگاویان هەڵبڕی، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دەستیان پێکردەوە، حکومەت لە پڕۆژە تەواونەبووەکاندا دەستی بە جووڵە کردەوە.


بەڵام رووداوە ناوخۆییەکانی یەکێتی کە لە 8ی تەمووز دەستی پێکرد، بارودۆخی سەقامگیری سیاسی و ئابووری سلێمانی دووبارە خستەوە دۆخی چەقبەستوویی، زۆربەی وەبەرهێنەران و بازرگانان کەوتوونەتە دڵەراوکێوە، تەنانەت بەشێکیان هەر سلێمانیان بەجێهێشتووە و چوونەتە دەرەوەی وڵات.
ئێستا پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین لەبەردەم دووڕێیانێکی نادیاردان، کە رەنگە ئەوسەری تونێلەکە تەنها کوڕانی تاڵەبانی بە روونی بیبینن.
بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لەبەردەم دەرفەتێکی مێژوویدان، کە دەتوانن وەبەرهێنان لەم دەرفەتەدا بکەن و بیکەن بە سەرمایەیەکی گەورە بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بۆ خۆشیان بە شەخسی

،،

ئەویش بە دەستپێکردنی زەمەنێکی نوێ کە تێیدا ئارامی و جێگیری سیاسی و ئابووری بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و زۆنی سەوز، بە پێچەوانەشەوە ئەگەری بەردەوام بوونی دڵەراوکێکان پاشەکشەی زیاتر بەم زۆنە دەکات.


خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە دەستگێڕ و جوتیار و بازرگان و وەبەرهێنەرییەوە بەدوای ئارامیدا دەگەڕێن، دەیانەوێت ماف بگەڕێتەوە بۆ خاوەن ماف و دادپەروەری هەبێت، دەیانەوێت یاسا سەروەربێت و هێزە ئەمنییەکان دەستوەردان لە بازاڕدا نەکەن، دەیانەوێت داهات و خاک و ئاو و هەوای ئەم وڵاتە بۆ هەمووان بێت.
خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە نایانەوێت لە نا ئارامیدا بژین، نایانەوێت هەر رۆژەی یەکێک چاویان لێ سووربکاتەوە و سەرانەیان لێ بسێنێت، نایانەوێت قاچاخچێتی و بازرگانی نایاسایی گیرفانەکانیان بەتاڵ بکاتەوە.
ئاماژەکان ئەوەمان نیشان دەدەن کە هەنگاوەکان بە ئاڕاستەی بوژانەوەی سلێمانی و ئیستقراریەتی سیاسی و ئابووری ئاڕاستەیان گرتووە، لە راستیدا خەڵک ئەنجامی ئەرێنی و واقعی و بەرچەستەی دەوێت، هەر کەس و لایەنێکیش بتوانێت خۆشگوزەرانی دەستەبەر بکات، بە دڵنیاییەوە پێشوازی لێدەکرێت.