كارەبا، نەخۆشیە درێژخایەنەكەی كوردستان

كارەبا، نەخۆشیە درێژخایەنەكەی كوردستان

856 خوێندراوەتەوە

كارەبا بووەتە نەخۆشییەكی بەرەوام و درێژخایەن بۆ جەستەی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان بەدرێژایی 26 ساڵی رابردوو، تائێستاش چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە.

هەشت كابینەی یەك لەدوای یەكی حكومەت لەكارنامەكانیاندا پرسی باشكردنی دۆخی كارەبایان خستە ئەولەویەتی كارەكانیانەوە، بەڵام دۆخی كارەبا هەر وەكو خۆی مایەوەو بگرە خراپتریش بوو.

 

توانای بەرهەمهێنان كەمترە لەخواست
بەپێی ئەو ئامارانەی لەوەزارەتی كارەباوە دەست (دیپلۆماتیك مەگەزین) كەوتوون، لەئێستادا هەرێمی كوردستان توانای بەهەرمهێنانی 2500 مێگاوات كارەبای هەیە كە دابەشدەكرێت بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانداو بەراورد بەرێژەی خواست كە شەش هەزار مێگاواتە رێژەیەكی كەمە.

ئامارەكان دەریدەخەن، كە ئەو رێژەیە دوو هەزار مێگاوات كەمترە لەكۆی بەرهەمهێنانی ساڵانی رابردوو، بەهۆی لەكاركەوتنی بەشێك لەوێستگەكان و نەبوونی گازوایل و بودجەی پێویستەوە.

لەئێستادا كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتیمانی پێنج كاتژمێرە لەشەو و رۆژێكدا، بۆ پڕكردنەوەی بەشەكەی دیكەی پەنا براوەتە بەر مۆلیدە ئەهلییەكان.

ئەو پاشەكشەیە لەدابینكردنی وزەی كارەبا گەڕانەوەیە بۆ ساڵەكانی 2008 و 2009، كە ئەوكاتیش رەوشی كارەبا لەوپەڕی خراپیدا بوو.

پێدانی كارەبا لەدوای ساڵی 2010 ەوە رووی لەباشی كردو بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كارەبا لە ساڵانی 2012 و 2013 ساڵانە تێكڕا 23 كاتژمێرو نیو كارەبای نیشتیمانی دەدرا بەهاوڵاتیان، بەڵام لەساڵی 2014 و بەهاتنی قەیرانی دارایی كێرڤەكە بەرەو خوارەوە داكشا.

 

،،

ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم :

لەساڵی 2014 ەوە هیچ بڕە پارەیەكی پێویستمان خەرجنەكردووە بۆ كۆمپانیاكان، بۆیە بڕە پارەیەكی زەبەلاح قەرزارین

حكومەت بووەتە كڕیاری كارەبا
زۆربەی كارەبای هەرێمی كوردستان لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بەرهەمدەهێنرێت و حكومەت بووەتە كڕیاری ئەو وزەیە لەكۆمپانیاكان، بەڵام چەند ساڵێكە پارەی ئەوانیشی نەداوەو بەهۆیەوە قەرزێكی زۆری لەسەر كەڵەكە بوو.

هەرێمی كوردستان خاوەنی چەندین وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبایە كە پێكهاتوون لە، وێستگەی هەولێری غازی، سلێمانی غازی، دهۆكی غازی، خورمەڵە، بازیان. ئەو وێستگانە سەرجەمیان بەغازو گازوایلیش كاریان پێدەكرێت.

وێستگەكانی دیكە بریتین لە باعەدرێ، 51 ی سلێمانی (بەنەوتی رەش كاردەكەن)، دوكان و دەربەندیخان، سێ وێستگەی دیكە لەهەولێرو سلێمانی و دهۆك كە 21 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنن، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەكاركردن وەستاون، بەهۆی نەبوونی گازوایلەوە.

لەئێستادا تەنها هەردوو بەنداوی دوكان و دەبەندیخان كە پێكەوە 100 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنن موڵكی وەزارەتی كارەبان و لەژێر دەستی ئەواندان، سەرجەم وێستگەكانی دیكە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە خاوەنداری دەكرێن، كە زیاتر لەسەدا 90 ی كارەبای هەرێم بەرهەمدەهێنن.

وەزارەتی كارەبا بەپێی سیستەمی كیلۆ وات كارەبا لەو چەند كۆمپانیایە دەكڕێتەوە كەخاوەنی ئەو وێستگانەن، ئێستا وەزارەتەكە كەوتووەتە ژێر قەرزێكی زۆری ئەو كۆمپانیایانەوە.

ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم بۆ (دیپلۆماتیك مەگەزین) وتی "لەساڵی 2014 ەوە هیچ بڕە پارەیەكی پێویستمان خەرجنەكردووە بۆ كۆمپانیاكان، بۆیە بڕە پارەیەكی زەبەلاح قەرزارین".

لەسەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە حكومەتی هەرێم بودجەی وەزارەتەكانی بڕیوە لەناویاندا وەزارەتی كارەباو لەجیاتی ئەوە مانگانە سولفەیەكیان پێدەدات بۆ راییكردنی كارەكانیان، كە بەوتەی ئومێد ئەحمەد بڕێكی كەمەو پێداویستییەكانی وەزارەت پڕناكاتەوە.

 

،،

زۆرینەی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا كە لەئێستادا بەگازوایل كاردەكەن، بودجەیەكی زەبەلاحیان دەوێت بۆ كارپێكردنیان، بەرهەمهێنانی دوو هەزار مێگاوات كارەبا رۆژانە پێویستی بە 17 بۆ 18 ملیۆن لیتر گازوایلە كە بەهاكەی رۆژانە دەكات هەشت بۆ نۆ ملیۆن دۆلارو مانگانە دەكاتە 270 ملیۆن دۆلار

گازوایل، كێشەی گەورەی كەرتی كارەبا

بەركاهێنانی گازوایل بووەتە كێشەیەكی گەورە لەبەردەم كەرتی كارەبای هەرێمی كوردستان، بەو پێیەی پێویستی بەبڕە پارەیەكی زۆرە بۆ دابینكردنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنان، بەراورد بەغازی سروشتی.

بەرپرسانی وەزارەتی كارەبا چەندین جار پلانیان داناوە بۆ گۆڕینی سیستەمی كارپێكردنی وێستگەكان بۆ غازی سروشتی، بەڵام تائێستا سەرجەم پلانەكان بێ ئەنجام بوون، سەرەڕای ئەوەی هەرێم خاوەن بڕێكی زۆر لەغازی سروشتی یە.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە بریتیە لە 3% ی تێكڕای یەدەگی جیهان.

زۆرینەی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا كە لەئێستادا بەگازوایل كاردەكەن، بودجەیەكی زەبەلاحیان دەوێت بۆ كارپێكردنیان، بەرهەمهێنانی دوو هەزار مێگاوات كارەبا رۆژانە پێویستی بە 17 بۆ 18 ملیۆن لیتر گازوایلە كە بەهاكەی رۆژانە دەكات هەشت بۆ نۆ ملیۆن دۆلارو مانگانە دەكاتە 270 ملیۆن دۆلار، ئەوەش بەوتەی ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم.


بەپێی خەمڵاندنەكان، تێچووی بەكارهێنانی غازی سروشتی هەشت بۆ دە هێندە كەمترە لەتێچووی بەكارهێنانی گازوایل، سەرەڕای ئەوەی غازی سروشتی دۆستی ژینگەیەو تەمەنی كاركردنی ئامێرو وێستگە كارەباییەكانیش درێژتر دەكاتەوە.

ئومێد ئەحمەد وتی "بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لەلایەن داناغازە نەگەیشتە ئەو رێژەیەی كە پێویستە بۆ هەموو یەكەكانی بەرهەمهێنان، ئێستا ئێمە 360 مەقمەقمان هەیە، لەم بارودۆخەدا پێویستمان بە 500 مەقمەقی دیكە هەیە".

لەگەڵ بێ پلانی حكومەت بۆ دابینكردنی وزەی كارەبا بۆ هاوڵاتیان، دەسەڵاتدارانی هەرێم كە بەئەستەم كارەبا لەماڵەكانیاندا دەكوژێتەوە، هۆكاری خراپی كەرتی كارەباو نەبوونی ئەو وزەیە بەشێوەی بەردەوام دەخەنە ئەستۆی هاوڵاتیانی هەرێم.

دیارترین لێدوان لەمساڵدا قسەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بوو كاتێك كە دۆخی كارەبا لەوپەڕی خراپیدا بوو كێشەكەی خستە ئەستۆی هاوڵاتیان، ئەوەش شەپۆلێك رەخنەی لێكەوتەوە.

چارەسەری دۆخی قەیراناوی كارەبای هەرێم، بەوتەی بەرپرسەكەی وەزارەتی كارەبا، پێداچونەوەی پلانەكان، بەكارهێنانی غازی سروشتی لەجیاتی گازوایل، لابردنی خەرجییە لابەلاكان، پڕۆژەی پێوەری زیرەكە، كە دەتوانرێت سیستەمە راستبكاتەوەو كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابینبكرێت.

 

author photo

دەرچووی بەشی راگەیاندنی زانكۆی سلێمانی

رۆژنامەنوسی تایبەتمەند لەراپۆرت و بەدواداچوون