دۆناڵد ترەمپ جەنگی بازرگانی جیهانیی دەستپێكرد

لە پێناو ڕەخساندنی هەلی کار ترەمپ باجی سەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی زیاد کرد

دۆناڵد ترەمپ جەنگی بازرگانی جیهانیی دەستپێكرد

652 خوێندراوەتەوە

ئا: بەهمەن ئەحمەد

دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا بەزیادكردنی باج لەسەر بەرهەمە هاوردەكراوەكان جەنگێكی بازرگانی جیهانی لەدژی وڵاتانی ئەمەریكا و ئەوروپا و ئاسیای ناوین راگەیاند، رۆژی 22 ی ئازاری ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ واژۆی بڕیارێكی سەرۆكایەتی كرد بەزیادكردنی باج بەڕێژەی لەسەدا 25 لەسەر بەرهەمە هاوردەكراوەكانی چین و رۆژی دواتریش رێژەی لەسەدا 25 ی باجی سەر ستیل و لەسەدا 10 ی باجی ئەلەمنیۆم و بەرهەمە هاوردەكراوەكانی كەنەدا، مەكسیك، یەكێتی ئەوروپا، چین و كۆریای باشور، توركیا و بەرازیل راگەیاند.


بەریتانیاش رایگەیاندووە زیادكردنی باجی سەر پیشەسازی ستیل كاریگەری زۆری لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردوو وڵات هەبووە و تێریزا مەی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی هەڵوێستی توندی لەبارەیەوە راگەیاندووە.
ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەم سیاسەتە نوێیەی ئیداری ترەمپ بۆ زیادكردنی باج لەسەر بەرهەمە هاوردەكراوەكان دژی هەندێك لەوڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریكاشە كە بەشێكیان بەهاوڕێ نزیكەكانی ئەمەریكا ناسراون.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە لەپەیرەكردنی ئەم سیاسەتەیدا خاتری هاوڕێ راستەقینەكانی وڵاتەكەی دەگرێت، بەڵام كاردانەوە جیهانییەكان تا ئێستا بەو ئاراستەیە نیە كە ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت.
گەورەترین هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا و هاوبەشە بازرگانەكانی بەلێنیان داوە وەڵامی ئەم سیاسەتەی ئەمەریكا بدەنەوە كە بەدەستپێكردنی جەنگی بازرگانی جیهانی ناوزەندیان كردووە
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو هەریەك لەیەكێتی ئەوروپا و كەنەدا و مەكسیك رایانگەیاند رێگاكانی سزادانی ئەمەریكا لەبەردەمیاندا كراوەیە و بەهەمان شێوەی ئەو وڵاتە ئەوانیش باجی سەر بەرهەمە هاوردەكراوەكانی ئەمەریكا زیاددەكەن و زیانی ملیارەها دۆلار بە ئەمەریكا دەگەیەنن.

،،

ئەم سیاسەتە نوێیەی ئیداری ترەمپ بۆ زیادكردنی باج لەسەر بەرهەمە هاوردەكراوەكان دژی هەندێك لەوڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریكاشە كە بەشێكیان بەهاوڕێ نزیكەكانی ئەمەریكا ناسراون، هەرچەندە ترەمپ رایگەیاندووە لەپەیرەكردنی ئەم سیاسەتەیدا خاتری هاوڕێ راستەقینەكانی وڵاتەكەی دەگرێت.

DF
کارگەیەکی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا


جین كلۆد جونكەر، سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا بە ( سی ئێن ئێن)ی راگەیاندووە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و بەشێك لەوڵاتانی ئەمەریكاش بەنیازن جۆرێك لەسیاسەت لەدژی هەنگاوەكانی ترەمپ بۆ زیادكردنی باج بگرنەبەر كەچاوەرێدەكرێت زیانی 7.5 ملیار دۆلار بەئابوری ئەمەریكا بگەیەنێت.
جونكەر راشیگەیاند " ئەوان ئەم هەنگاوەی ئەمەریكا لەرێكخراوی بازرگانی جیهانی دەكەنە كەیسێك و هەنگاوی یاسایی لەدژی دەگرنەبەر"
سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەورپا ئاماژەی بەوەش كردووە " ئەمەریكا بەم بریارەی هیچ بژاردەیەكی تری بۆ ئەوان نەهێشتۆتەوە و تەنها وروژاندنی كەیسەكە نەبێت لەرێكخراوی بازرگانی جیهانی و گرتنەبەری سیاسەتی پێچەوانە لەزیادكردنی باج لەسەر تەواوی ئەو بەرهەمانەی كە لەئەمەریكاوە هەناردە دەكرێن"
كەنەداش وەك یەكێك لەدراوسێ و دۆستەكانی ئەمەریكا بەم هەنگاوەی ترەمپ نیگەران بووە و لەوبارەیەوە كریستیا فریلاند وەزیری پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاندوە ئەم هەنگاوەی ئەمەریكا بێ وەڵام نابێت و كەنەداش باجی سەر ستیل و ئەلەمنیۆمی هاوردەكراوی ئەمەریكا و كەلوپەلەكانی تر زیاددەكات كە بە 12.8 ملیار دۆلار لەباجی زیادكراو مەزەندە دەكرێت، ئەمەش بەهێزترین و توندترین هەنگاوی بازرگانیە كە كەنەدا لەپاش سەردەمی جەنگ گرتویەتییەبەر.
هاوكات، جۆستن ترۆدۆی سەرۆك وەزیرانی كەنەداش رایگەیاندووە " بەروونی دەلێم كە سیاسەتی زیادكردنی باج لەلایەن ئەمەریكاوە جێگای قبوڵكردن نیە"
ترۆدۆ راشیگەیاندووە " ئەم هەنگاوەی ئەمەریكا هەڕەشە لەپەیوەندییە ئاسایشییەكانی نێوان هەردوولا دەكات" و بەگاڵتەجاڕیشەوە رایگەیاندووە لەوە تێناگات بۆچی دەبێت بازرگانیكردن لەگەڵ كەنەدا مەترسی بێت بۆسەر ئاسایشی ئەمەریكا.

،،

دۆناڵد ترەمپ و تیمەكەی لە كۆشكی سپی رایانگەیاندووە كە زیادكردنی باج لەسەر بەرهەمە هاوردەكراوەكان بابەتێكە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریكاوە هەیە.


دۆناڵد ترەمپ و تیمەكەی لەكۆشكی سپی رایانگەیاندووە كە زیادكردنی باج لەسەر بەرهەمە هاوردەكراوەكان بابەتێكە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریكاوە هەیە.
لەبەرامبەریشدا سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا دەڵێت " ئەم بریارەی ترەمپ داخستنی دەرگای بازرگانی ئەمەریكایە بەرووی جیهاندا و ئەوەش جێبەجێكردنی ئەو تیۆرییەیە كە پێیدەوترێت پرۆتێكشنیزم."
بریارەكەی ترەمپ تەنها وڵاتانی دراوسێ و یەكێتی ئەوروپای نەهێناوەتە قسە، بەڵكو مەترسییەكانی ئەم هەنگاوەی ئەمەریكا ئاسای ناوینیشی هێناوەتە لەرزە و لەوبارەیەوە چینیش هەڕەشەی هەڵوێستوەرگرتن دەكات
بەرپرسانی پەكین دەلێت ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ دژی رێككەوتنێكی واژۆكراوی نێوان هەردوو وڵاتە لەسەرەتای ئەم مانگەدا.
لەماوەی ساڵی رابردوودا تەنگەژە ئابوورییەكانی نێوان دوو گەورەترین وڵاتی ئابوری جیهان چڕتربوەتەوە و بەهاتنە پێشەوەی ترەمپ، ئەمەریكا هەنگاوەكانی دژی سیاسەتی بازرگانی چین و سنورداركردنی كاریگەرییەكانی لەسەر ئابوری ئەمەریكا زیادكردووە
لەمانگی نیسانی 2017 دا، ترەمپ دەستی بە لێكۆڵینەوە لە هاوردەكردنی ستیل كرد، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو بەڵێنەی كەدابووی بۆ گێڕانەوەی دەرفەتی كار بۆ ئەمەریكا، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی بازرگانی وڵاتەكەی راگەیاند كە لێكۆڵینەوە بكات تابزانێت ئایا هاوردەكردنی ستیل و ئەلەمنیۆم لەچین و وڵاتانی ترەوە زیان ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریكا دەگەیەنێت یان نا.
لەمانگی ئابی هەمان ساڵدا لێكۆڵینەوەیەكی تر لەسەر بەرهەمە هاوردەكراوەكان فشارەكانی لەسەر چین زیادكرد بەراسپاردنی نوێنەری بازرگانی ئەمەریكا بەلێكۆڵیەنەوەی ئەو پەیوەندییە ناهاوسەنگە بازرگانییەی لەنێوانی ئەمەریكا و چیندا هەیە كە ترەمپ بەدزینی توانای زیرەكی ئەمەریكییەكان وەسفی كردبوو.
لەكۆتا مانگەكانی ساڵی 2017 دا و بەنزیكبوونەوەی ترەمپ و هاوتا چینییەكەی گرژی و ئاڵۆزییە بازرگانییەكانی نێوان هەردوو وڵات كەمێك هێورتر بوونەوە، هەرچەندە پێشتر هۆشیاری ئەوە درابوو كە ساڵی 2018 چیرۆكێكی جیاوازدەبێت.
یەكەم شەپۆلی سزادانی چین لەلایەن ئەمەریكاوە لەسەرەتای ساڵی 2018 دەستیپێكرد كاتێك ئیدارەی ترەمپ بریاری زیادكردنی باجی لەسەر ئامێرە وزەبەخشەكانی خۆر و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی وەك جلشۆر دەركرد.
دواتر لە 9ی ئازاری ئەمساڵدا ئەمەریكا بریاری زیادكردنی باجی لەسەر ستیلی هاوردەكراو لەچینەوە دەركرد و بەپێی بریارەكە ئەمەریكا رێژەی لەسەدا 25 باجی زیاتر لەسەر ستیل و لەسەدا 10 باجی زیاتر لەسەر ئەلەمنیۆمی هاوردەكراو لەچینەوە وەردەگرێت.
لەبەرامبەردا چین كە گەورەترین هەناردەكاری ستیلە رایگەیاند بڕیارەكەی بڕیارەكەی ترەمپ هێرشێكی گەورەیە بۆسەر بازرگانی جیهان و وەڵامی توندیان بۆی دەبێت.

،،

یەكەم شەپۆلی سزادانی چین لەلایەن ئەمەریكاوە لەسەرەتای ساڵی 2018 دەستیپێكرد كاتێك ئیدارەی ترەمپ بریاری زیادكردنی باجی لەسەر ئامێرە وزەبەخشەكانی خۆر و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی وەك جلشۆر دەركرد.

TFG
دۆناڵد ترەمپ لەکاتی ئیمزاکردنی بریارێکدا ـ کۆشکی سپی


لە2ی نیساندا و نزیكەی مانگێك دوای بڕیارەكەی ترەمپ، چین بەبەهای سێ ملیار دۆلار باجی لەسەر (120) سەدوبیست بەرهەمی ئەمەریكی زیادكرد كەخۆیان لەبەرهەمەكانی میوە و چەرەسات و بۆڕی ستیلدا دەبینێتەوە.
تەنها بیست و چوار كاتژمێر دوای بڕیارەكەی چین، ئەمەریكا هەڕەشەی زیادكردنی باجی لەسەر بەرهەمەكانی تری چین بەبەهای 50 ملیار دۆلار كرد و كەزیاتر بەرهەمەكانی ئامێری ئەلیكترۆنی و هێزی هەوایی و پیشەسازی تەندروستی بوون لەڕێگای نوێنەری بازرگانی وڵاتەكەشیەوە پێشنیاری زیادكردنی لەسەدا بیست و پێنج ( 25%) كرا.
دوو رۆژ دواتر و لە 5ی نیساندا ترەمپ داوای شەپۆلێكی تری زیادكردنی باجی كرد لەسەر بەرهەمە چینییەكان كەبڕەكەی (100) ملیار دۆلارە.
بەمجۆرە شەڕی بازرگانی نێوان دوو گەورەترین جەمسەری ئابوری جیهان بەردەوام بوو تا لە 16ی نیساندا ئەمەریكا بەبریارێك هاوردەكردنی بەرهەمە تەكنۆلۆژییەكانی ( ZTE) ی چینی راگرت، لەبەرامبەریشدا چین بەبری لەسەدا سەدو حەفتاونۆ (179%) باجی سەر بەرهەمەكانی كۆمپانیای (sorghum)ی ئەمەریكی زیادكرد كە بەهای بازرگانی بەرهەمەكانی بۆ چین ساڵی رابردوو یەك ملیار دۆلار بووە.
ئەمجۆرە لەسزادانی یەكتری هەردوو وڵاتی بەرەو كاردانەوەی خراپ و خراپتر دەبرد و كاریگەریشی لەسەر بازرگانی تەواوی جیهان دانابوو، بۆیە بەرپرسانی كۆشكی سپی و پەكین لە 22 ی نیسانی ئەمساڵدا پێشنیاری دەستپێكردنی دانوستان و راگرتنی شەڕی بازرگانییاندا، بۆ ئەوە مەبەستەش لەسەرەتای مانگی ئایاردا خولی یەكەمی گفتوگۆكانیان دەستپێكرد. سەرەتا ئەمەریكا رایگەیاند " گفتوكۆكان راشكاوانە دەبن"، لەبەرامبەریشدا چین رایگەیاند " لەزۆر بابەتدا راوبۆچونیان لەگەڵ هاوتا ئەمەریكییەكان جیاوازە ".
بەوپێیەی كۆی قەبارەی هەناردەكردنی كەلوپەلە بازرگانییەكان لەئەمەریكاوە بۆ چین نزیكەی 187 ملیار دینارە و لەبەرامبەردا چین بەقەبارەی 524 ملیار دۆلار بەرهەمی خۆی هەناردەی ئەمەریكا دەكات، پێدەچێت چین زیاتر بكەوێتە ژێر كاریگەری ئەم شەڕە بازرگانییەی ئەمەریكا، بۆیە ناوبەناو بەرپرسانی پەكین هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكەیان دەدا، لەناوەڕاستی مانگی ئایاردا چین رایگەیاند باجی زۆری سەربەرهەمەكانی(sorghum)ی ئەمەریكی كەمدەكاتەوە وەك هەنگاوێك بۆ كەمكردنەوەی تەنگەژەكان.

،،

قەبارەی هەناردەكردنی كەلوپەلە بازرگانییەكان لەئەمەریكاوە بۆ چین نزیكەی 187 ملیار دینارە و لەبەرامبەردا چین بەقەبارەی 524 ملیار دۆلار بەرهەمی خۆی هەناردەی ئەمەریكا دەكات، پێدەچێت چین زیاتر بكەوێتە ژێر كاریگەری ئەم شەڕە بازرگانییەی ئەمەریكا، بۆیە ناوبەناو بەرپرسانی پەكین هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكەیان دەدا، لەناوەڕاستی مانگی ئایاردا چین رایگەیاند باجی زۆری سەربەرهەمەكانی(sorghum)ی ئەمەریكی كەم دەكاتەوە.

DFC
بەندەرێکی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی پیشەسازیی


پێدەچێت ئەم هەنگاوەی چین كاریگەرییەكی هەبوبێت، بۆیە لە 19 ی مانگی ئایاردا بەرپرسانی ئەمەریكا و چین رایانگەیاند كە گەشتونەتە ئاگربەستێك لەبارەی جەنگی بازرگانی نێوانیان.
لەوبارەیەوە ستیڤن منوچن وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا بە فۆكسی نیوزی راگەیاند هەردوولا شەڕی بازرگانی نێوانیان هەڵپەساردووە و چیتر باجی زیاتر ناخەنە سەر بەرهەمە هاوردەكراوەكانیان.

،،

ترسی ئەم جەنگە بازرگانییەی ئەمەریكا تەواوی جیهانی گرتۆتەوە و چاوەڕێی دەرئەنجامی خراپ دەكرێت، لەوبارەیەوە سیسیلیا مالمسترۆم، كۆمسیاری ئەوروپا رایگەیاندووە " ئەم كارو كاردانەوانە رۆژێكی زۆر خراپە بۆ تەواوی جیهان، بۆیە هەموو هەوڵێكماندا بۆ رێگرتن لەم دەرئەنجامانە".


هەرچەندە وەزارەتی دارایی چین وەك دەستپێشخەرییەك بڕیاری كەمكردنەوەی باجی سەر ئۆتۆمبێلی ئەمەریكی لەرێژەی لەسەدا (25%) بیستو پێنجەوە بۆ لەسەدا پازدە (15%) راگەیاند، بەڵام دیارە ئیدارەی ترەمپ سورن لەسەر سیاسەتی سنورداركردنی بەرهەمە دەرەكییەكان و لەدواین هەڵوێستیشیاندا كە 29 ی ئایار بڵاویكرایەوە رایایانگەیاند كۆشكی سپی بەردەوام دەبێت لەزیادكردنی باج بەرێژەی لەسەدا 25 لەسەر بەرهەمەكانی چین قەبارەی زیادكردنەكەش 200 ملیار دۆلارە، لەبەرامبەردا چین رایگەیاند هەرچەندە خوازیاری شەڕی بازرگانی نین، بەڵام ئەوانیش ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هەنگاوە و وتەبێژی وەزارەتی داراییان وتی كە چین لەو شەڕە ناترسێت.
ترسی ئەم جەنگە بازرگانییەی ئەمەریكا تەواوی جیهانی گرتۆتەوە و چاوەڕێی دەرئەنجامی خراپ دەكرێت، لەوبارەیەوە سیسیلیا مالمسترۆم، كۆمسیاری ئەوروپا رایگەیاندووە " ئەم كارو كاردانەوانە رۆژێكی زۆر خراپە بۆ تەواوی جیهان، بۆیە هەموو هەوڵێكماندا بۆ رێگرتن لەم دەرئەنجامانە".
هاوار و ترسی ئەوروپییەكان لەم جەنگە بازرگانییە لەو راستییەوە هاتووە كە قەبارەی بەرهەمی هەناردەكردنی ئەوروپا بۆ ئەمەریكا زیاترە لە هەناردەكردنی بەرهەمی ئەمەریكی بۆ ئەوروپا، ئەوروپا بەقەبارەی 593 ملیار دۆلار و ئەمەریكاش بەقەبارەی 501 ملیار دۆلار هەناردەی یەكتری دەكەن.
ئەم جەنگە مەكسیكیشی گرتۆتەوە و لەوەڵامی هەنگاوەكانی ئەمەریكادا حكومەتی مەكسیك رایگەیاندووە كە بڕیارەكەی ترەمپ بێ پاساوە و ئەوانیش وەك وڵاتانی دیكە بێ وەڵام نابن و سزای بەرهەمە هاوردەكراوەكانی ئەمەریكا وەك گۆشتی بەراز و میوە و ستیلی تەنك و پەنیر دەدەن و باج زیاددەكەن.
بریارە رۆژی هەینی بریاری زیادكردنی باج لەسەر ستیل و ئەلەمنیۆم بخرێتە بواری جێبەجیكردنەوە و بەوجۆرەش چاوەڕێدەكرێت كاردانەوە جیهانییەكان زیاتربن و كاریگەرییەكەشی تەواوی جیهان دەگرێتەوە.


سەرچاوە: سی ئێن ئێن، زە دیپێندنت، فۆكس نیوز، و نیۆرك تایمز

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك