كۆمپانیای كار لە لیستی ڕەشی پەرلەمانی عێراقدا

ئایا لێكۆڵینەوە لە كۆمپانیای كار دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە دۆزینەوەی چارەنوسی پارەی نەوتی هەرێمی كوردستان

كۆمپانیای كار لە لیستی ڕەشی پەرلەمانی عێراقدا

1961 خوێندراوەتەوە


بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی لە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق دەكات تایبەت بە كۆمپانیای "كار" و فرۆشی نەوت و داهاتەكەی لەكوردستان، بەپێچەوانەوە پارتی پێیوایە بریارەكەی پەرلەمان تایبەت بە كۆمپانیای "كار" بڕیارێكی نادەستوری و نایاساییە، دەشڵێت هەر هێزێك پشتیوانی ئەم بڕیارە بكات دژایەتی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان دەكات.

بڕیارێك لەپەرلەمانی عێراقەوە

رۆژی هەشتی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق بڕیارێكی چوار خاڵی پەسەند كرد، بەپێی بڕیارەكە كۆمپانیای "كار"چیتر ناتوانێت لە كێڵگە نەوتیەكانی كەركوك كاری وەبەرهێنان و هەناردەكردن بكات، ئەمەش زەبرێكی كوشندەبو بەر ئەو كۆمپانیایە كەوت، كە داهاتێكی زۆری لە وەبەرهێنان و هەناردەكردنی نەوتی كەركوك دەست دەكەوت.


بەپێی نوسراوێك كە دەست "دیپلۆماتیك مەگەزین" كەوتوە، كۆمپانیای نەوتی باكور داوای لە پۆلیسی نەوت و گاز كردوە رێگا بدەن كارمەندانی كۆمپانیای "كار" بگەرێنەوە سەر كارەكانیان ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ دەستبەكاربونەوەی كۆمپانیاكە لەو بیرە نەوتیانەدا.


ئەم هەوڵە بۆ گەرانەوەی كۆمپانیای كار نەگەیشتە ئەنجام و بریارەكەی پەرلەمانی عێراق شكستی پێهێنا.

كاوە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان و جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق بە " دیپلۆماتیك مەگەزین"ی ڕاگەیاند، ئەم بڕیارە رێگری لەتاڵانفرۆشی نەوت دەكات، چونكە جگە لەوەی لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا نەوتی كەركوك لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەچاوپۆشی و ئاسانكاریی بەغدا تاڵانفرۆش دەكرا، دوای (١٦)ی ئۆكتۆبەری ساڵی پاریش بۆنی سەفقەیەكی ژێر بەژێری هەندێ لەدەسەڵاتدارانی بەغدا و كۆمپانیای (كار)مان كرد، بۆیە دەرچوونی ئەم بڕیارە دەرگایەكی گەورەی بەڕووی ئەو سەفقە و گەندەڵیانەدا داخست.

،،

كاوە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان:

كۆمپانیای كار كۆمپانیایەكی حیزبیەوە و داهاتەكەی دەچێتە گیرفانی حیزبە و هیچ سودێكی بۆ خەڵكی كوردستان و كەركوك نیە و نەبوە


كاوە محەمەد، وتیشی، كۆمپانیای كار كۆمپانیایەكی حیزبیەوە و داهاتەكەی دەچێتە گیرفانی حیزبە و هیچ سودێكی بۆ خەڵكی كوردستان و كەركوك نیە و نەبوە.


لەبەرامبەردا د. تارق گەردی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمان بە "دیپلۆماتیك"ی وت، بڕیارەكەی پەرلەمان سەبارەت بە كۆمپانیای كار بڕیارێكی نادەستوری و نایاساییە، چونكە كار كۆمپانیایەكی ئەهلیە و پەرلەمانی عێراق ناتوانێت بریار لەبارەی كۆمپانیایەكی ئەهلیەوە بدات، پێشموایە لە داهاتویەكی نزیكدا بڕیارەكە هەڵدەوەشێتەوە، چونكە بڕیارەكە پێش هەرێم زیان بە حكومەتی فیدرالیش دەگەیەنێت، بەوپێیەی ئەو كۆمپانیایە بەرهەمە نەوتیەكان بۆ پارێزگاكانی موسڵ و سەڵاحەدین و چەندین شوێنی تری عێراق دابین دەكات، ئەوە جگە لەوەی پێداویستیەكانی بەنزین و گازایل و نەوت بۆ هەرێمی كوردستان دابین دەكات، بەم بریارەش بەرهەمە نەوتیەكان لە هەرێم و زۆر ناوچەی تری عێراق كەم دەبێتەوە و هاوڵاتیان زیانیان پێ‌ دەگات.


بریارەكەی پەرلەمانی عێراق تەنها بە راگرتنی كۆمپانیای كار لە كەركوك ناوەستێت، هاوكات لیژنەیەكی پێكهێناوە لە لیژنەكانی " نەوت و وزە، دارایی و دەستپاكی" بۆ بەدواداچون بۆ بڕیاری فرۆشراوی نەوتی هەرێمی كوردستان و داهاتەی لە مانگی 7 ی 2014 وە تاوەكو ئێستا، هەر بەوەشەوە نەوەستاوە لە خاڵی چواری بڕیارەكەدا بانكی ناوەندی عێراق راسپێرراوە، راپۆرتێك پێشكەشی پەرلەمانی عێراق بكات، كە تێیدا بزانێت بڕی ئەو پارانە چەندن كە خراونەتە بانكەكانی عیراق و دەرەوە كە لەئەنجامی هەناردەكردنی نەوت لەرێگەی باكوری عیراقەوە بەدەستهێنراون، هەر لەو راپۆرتەدا پێویستە ئەوەی تێدابێت كە بڕی پارەكان چەندە و ناوی بانكەكان و ناوی ئەو كەسانەیش كە پارەكان بە ناویانەوە خراوەتە بانكەكانەوە ئاشكرابكات.


سەبارەت بە بەدواداچون بۆ فرۆشی نەوت و داهاتەكەی لە هەرێمی كوردستان د. تارق گەردی، وتی"ئاساییە با پەرلەمانی عێراق بەدواداچون بكات كێ‌ كەمتەرخەمە و گەندەڵە سزا بدرێت و هەر پارەیەك براوە بگەڕێنرێتەوە".


لە مانگی حەوتی 2014 وە، تاوەكو 16 ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، كۆمپانیای كار كۆنترۆڵی كاری وەبەرهێنان و هەناردەكردنی نەوتی لە كێڵگە نەوتیەكانی ئاڤانا و بای حەسەن و جەمبوردا كرد، لەو ماوەیەشدا رۆژانە 260 بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لەرێگای بۆرییەوە هەناردەی بەندەری جەیهان كردوە.


بریارەكەی پەرلەمانی عێراق ئەگەرچی لەلایەن پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا ، سەمیرە موسەویەوە ئامادە و پێشكەش كرا و ئیمزای لەناو پەرلەمانتاران بۆ كۆكرایەوە، بەڵام پەرلەمانتارانی گۆڕان لە پەرلەمان و لە لیژنەی وزە و نەوت و لە راگەیاندنەكانەوە پشتیوانی خۆیان بۆ بڕیارەكە دەربڕی.

لەوبارەیەوە كاوە محەمەد وتی: بڕیارەكە بڕیارێكی دروستە بۆ دۆزینەوەی داهاتەكانی نەوتی تاڵانفرۆشكراوی كەركوك و هەرێم و ریسواكردنی زیاتری تاڵانچییەكانی سامانی میللەت.

،،

د. تارق گەردی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی:

هەندێك لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێم ئەگەر بۆیان بكرێت تەنیا بۆ دژایەتی حكومەتی هەرێم،ناهێڵن ئۆكسجین لە ئاسمانیشەوە بۆ هەرێم بێتە خوارەوە 


لەبەرامبەردا تارق گەردی، وتی: هەندێك لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێم ئەگەر بۆیان بكرێت تەنیا بۆ دژایەتی حكومەتی هەرێم ئەگەر ئۆكسجین لە ئاسمانیشەوە بۆ هەرێم بێتە خوارەوە ناهێڵن، ئەمەش كارێكی هەڵەیە و دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان.


لە عێراقدا ئەزمونێكی زۆر نیە لە گێرانەوەی پارەی دزراو لە دەرەوە، یەكێك لە نمونە دیارەكان گێڕانەوەی 400 ملیار دینارە كە فەرمانبەرێكی ئەمینداری گشتی بەغدا، بەناوی "زینە" بردبوو بۆ بانكەكانی لوبنان دواجار توانرا ئەو بڕە پارەیە بگەڕێنرێتەوە بۆ عێراق.


لەو كاتەوەی حەیدەر عەبادی، وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستبەكاربوە، لە چەندین بۆنەی جیاوازدا باسی لە گەڕانەوەی ئەو پارانە كردوە كە بەرپرسانی عێراق بردویانەتە دەرەوە، كە چاودێران پێیانوایە عەبادی دەیەوێت لەم رێگەیەوە لە نوری مالكی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق بدات، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە ئەم كارە بكات و تەنیا لەچوارچێوەی هەڕەشە و لێدوانی رۆژنامەوانیدا ماوەتەوە و نەبوە بەكردار.


ئەگەر حكومەتەكەی عەبادی نەتوانێت ئەو پارانە بگێڕێتەوە كە بەرپرسانی بەغدا بردویانەتە دەرەوە، ئەوا زۆر قورسترە بتوانێت ئەو پارانە بگێڕێتەوە كە لەهەرێمی كوردستانەوە براونەتە دەرەوە، بەتایبەت كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نزیك دەبینەوە و ئەم حكومەته ئەوەندە كاتی لەبەردەستدتا نەماوە بتوانێت دەستی رابگات بەو پارانە.


بۆیە چاوەڕێ‌ ناكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەم هەنگاوەی پەرلەمانی عێراق بە ئەنجامێك بگات.

 

author photo

بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندن 

ئەزمونی ١٢ ساڵ كاركردن لە میدیای نوسراو، بینراو و بیسراو