پاش ١٦ ساڵ هەوڵدان، ڕێزانی ئامۆزای گەنم لە دایکبوو

مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی جۆرێکی نوێی گەنمی بەرهەمهێنا

پاش ١٦ ساڵ هەوڵدان، ڕێزانی ئامۆزای گەنم لە دایکبوو

957 خوێندراوەتەوە

پاش شەش ساڵ كاركردنی بێوچان لە بەغدا و 10 ساڵیش لە سلێمانی، بەرهەمە ناوازەكەی د. عیماد مەحمود غالیب، كە مامۆستایە لە كۆلێجی زانستە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانی، چاوی بە دنیا هەڵهێنا، ئەو بەرهەمە نوێیە ناوی "رێزان"ی لێنراوە، كە تەرزێكی نوێی گەنمە، ئەگەر كرداری موتوربە لە ڕووەكەكان یاخود لێكدان لە ئاژەڵەكاندا بیر خۆمان بهێنینەوە، باشتر لەوە تێدەگەین كە دایكی "رێزان" گەنمە و باوكیشی شەیلەم-ە. واتە شەیلەم و گەنم لەیەكدراون و "رێزان" بەرهەمهاتووە.


لە كێڵگەكانی كۆلێژی زانستە كشتوكاڵییەكانی  زانکۆی سلێمانی، كە دەكەونە ناوچەی عەواڵەوە لە باشوری خۆرئاوای سلێمانی، نزیكەی پێنج دۆنم زەوی بۆ ئەم بەرهەمە نوێیە تەرخانكراوە، كە د. عیماد مەحمود خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا لە بەغدا و مامۆستای بەشی زانستی بەروبومی كێڵگەیی كۆلێژی زانستە كشتوكاڵییەكان سەرپەرشتی دەكات.
د. عیماد مەحمود دەڵێت: "16 ساڵە كار لە بەرهەمهێنانی ئەم تەرزە نوێیەی گەنمدا دەكەم، شەش ساڵی یەكەم لە بەغدا بووم، 10 ساڵیشە لەوەتەی لە سلێمانی دەژیم و لە كۆلێژی زانستە كشتوكاڵییەكان وانە دەڵێمەوە، بەردەوامم لەسەری، ئێستایش دەتوانین بەرهەمەكەی بەچاوی خۆمان ببینین".
لەو پێنج دۆنمە، هەر دۆنمێك بەرهەمەكەی زیاتر لە یەك تۆن دەبێت، واتە بەكۆی گشتی بەرهەمی ئەمساڵی "رێزان" نزیكەی شەش بۆ حەوت تۆن دەبێت. 
"رێزان" كە د. عیماد بە "ئامۆزای گەنم" ناوی دەبات، دوو سوودی "زۆر گرنگ"ی هەیە جیاواز لە تەرزەكانی دیكە، سودی یەكەمیان ئەوەیە كە تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ گەنمی ئاساییدا و جۆرێكی "زۆر" باشی ئارد بەرهەمدەهێنێت، دووەمیشیان وەك عەلەف دەدرێتە ئاژەڵ، بەڵام عەلەفێكی جیاوازی پڕ لە پرۆتین. بەوتەی د. عیماد پرۆتینی "رێزان" زۆر بەرزە بەڕادەیەك 18%ی گەنمەكە پێكدەهێنێت.

 

dfcf
شەیلەم

 


جگە لەو دوو سوودە، "رێزان" كە لە خێزانی "تریتیكیل"، چەندین تایبەتمەندیشی هەیە، كە لە تەرزەكانی دیكەی گەنم جیای دەكاتەوە، ئەویش بەهۆی بوونی ئەو سێ ترشە ئەمینییەی كە تێیدایەتی. 
د. عیماد مەحمود بەمشێوەیە وەسفی دەكات: "ئەم تەرزە نوێیە بەرگرییەکی زۆر زۆری بۆ نەخۆشییە رووەكییەكان هەیە، بەڕادەیەكی زۆر بەرگەی وشكەساڵی دەگرێت، لە ئەمرۆوە بۆ هەرێمی كوردستان سودێكی زۆر گەورەی دەبێت، جگە لەوانەش بەرهەمەكەی زۆر زیاترە لە گەنمەكانی دیكە، هەروەها جۆرێكی بەسوودی (كا)ی هەیە جیاواز لەوانی دیكە".

،،

"رێزان" كە د. عیماد بە "ئامۆزای گەنم" ناوی دەبات، دوو سوودی "زۆر گرنگ"ی هەیە جیاواز لە تەرزەكانی دیكە، سودی یەكەمیان ئەوەیە كە تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ گەنمی ئاساییدا و جۆرێكی "زۆر" باشی ئارد بەرهەمدەهێنێت، دووەمیشیان وەك عەلەف دەدرێتە ئاژەڵ، بەڵام عەلەفێكی جیاوازی پڕ لە پرۆتین. 

abx
د.عیماد مەحمود لە ناو کێڵگەی بەرهەمهێنانی رێزان دا ـ ناوچەی عەواڵ ـ سلێمانی


ئەمە یەكەمجار نییە كە د. عیماد تەرزی نوێی گەنم بەرهەمدەهێنێت، بەڵكو ئەزمونی دەوڵەمەندی لەو بوارەدا هەیە و پێشتر 15 تەرزی دیكەی گەنم و پێنج تەرزی جۆ و سێ تەرزی نوێی برنجی بەرهەمهێناوە.

ئێستایش وا بۆ 20 ساڵ دەچێت سەرقاڵی بەرهەمهێنانی تەرزێكی دیكەیە كە ناوی "چەرمو"ی لێناوە و هەر لەناو كێڵگەكانی كۆلێژی زانستە كشتوكاڵییەكاندا لەسەر روبەری 50 دۆنم كاریان لەسەر دەكات. 
هەر لەسەر ئەو كارانەی، دوو خەڵاتی جیهانی و پێنج خەڵاتی ناوخۆیی وەرگرتووەـ تاكو ئێستایش خاوەنی 93 توێژینەوەیە لە بواری كشتوكاڵدا.
د. عیماد مەحمود هیوادارە "رێزان" سودی گەورە بە كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بگەیەنێت، هەرچەندە تاڕادەیەك لەو ڕووەوە گەشبینە و دەڵێت: "هێدی هێدی بەرهەمی رێزان زیاد دەكەین و ساڵانە بەسەر جوتیاراندا دابەشی دەكەین، لەم رێگەیەشەوە هەم بەرهەمی گەنم زیاتر دەبێت و هەم نەخۆشیەكانیشی كەم دەبنەوە".

،،

ئێستا د.عیماد وا بۆ 20 ساڵ دەچێت سەرقاڵی بەرهەمهێنانی تەرزێكی دیكەیە كە ناوی "چەرمو"ی لێناوە و هەر لەناو كێڵگەكانی كۆلێژی زانستە كشتوكاڵییەكاندا لەسەر روبەری 50 دۆنم كاریان لەسەر دەكات. 

dfx
کێڵگەی بەرهەمی رێزان کە لە لایەن کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانییەوە خاوەندارێتی دەکرێت


لەكۆتاییشدا بەرهەمهێنانی "رێزان" دەچێتە چوارچێوەی بەرهەمەكانی كۆلێژی زانستە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانییەوە، كە بە كۆلێژی دایك دەناسرێت.
راگرایەتیی كۆلێژی زانستە كشتوكاڵییەكانیش راستەوخۆ هاوكاریی بەرهەمهێنانی ئەو تەرزە نوێیەی گەنم دەكات، وەكچۆن سەرپەرشتی چەندین بەرهەمی دیكەی كشتوكاڵی دەكات لەناو كێڵگەكانیدا.
د. كارزان تۆفیق راگری كۆلێژەكە، دەڵێت: "جگە لە بەرهەمی گەنم و جۆ، كێڵگەی بەخێوكردنی ئاژەڵمان هەیە، كە رۆژانە زیاتر لە 100 لیتر شیر بەرهەمیان هەیە، سەرباری بەرهەمە ئاژەڵییەكانی تر".
لەماوەی رابردووشدا قارچك لەناو كێڵگەیەكی كۆلێژەكەدا بەرهەمهێنرا، ساڵانەیش ڤێستیڤاڵی گوڵ بەڕێوەدەبەن، سەرباری بەستنی كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی لە بواری كشتوكاڵدا، كە دواینیان لەمانگی نیسانی ٢٠١٨ بەڕێوەچوو.

س: راگەیاندنی كۆلێجی زانستە كشتوكاڵییەكان ـ زانکۆی سلێمانی

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك