ئەردۆغان بە بڵندگۆیەکەوە بەرگری لە دارمانی لیرەی تورکی دەکات

ئابوری تورکیا لە دووریانێکی مەترسیداردایە

ئەردۆغان بە بڵندگۆیەکەوە بەرگری لە دارمانی لیرەی تورکی دەکات

1497 خوێندراوەتەوە

سەرچاوە DW

وەرگێرانی دانا ساڵح

به‌های لیره‌ به‌رده‌وام داده‌به‌زێت و نرخی خۆراك به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و دراوی بیانی له‌ وڵاته‌كه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌كاتێكدا تره‌مپ سزاكانی به‌سه‌ر ئه‌نقه‌ره‌دا توندتر ده‌كاته‌وه‌، یه‌كێتی ئه‌وروپاش هه‌ڵوێستێكی ته‌ماشاكاریان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌ردۆغان به‌ بڵندگۆیه‌كه‌وه‌ ـ موکەبەرە ـ  هاوارده‌كات و رێگه‌ش نادات بانكی ناوه‌ندی ده‌ستێوه‌ردان بكات وه‌ك ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵدا بێت.

 

ئەردۆغان بە موکەبەرە هاوار بۆ ئابوریی تورکیا دەکات

دارمانی لیره‌ی توركی به‌رده‌وامه‌ له‌گه‌ڵ توندكردنه‌وه‌ی سزاكانی ئه‌مریكا له‌سه‌ری، به‌شێوه‌یه‌ك بووه‌ته‌هۆی هاتنه‌خواره‌وه‌ی زیاتر له‌ 6 لیره‌ به‌رامبه‌ر یه‌ك دۆلار له‌كاتێكدا پێشتر ته‌نها 4 لیره‌ بووه‌ له‌ كۆتایی ساڵی 2017، ئه‌م دابه‌زینه‌ ترسی لای توركه‌كان دروست كردووه‌ له‌سه‌ر داهاتوویان، به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نان و خوارده‌مه‌نی و ده‌رمان و كاڵاكانی تره‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ده‌بێته‌ هه‌ره‌شه‌ بۆ سه‌ر دابینكردنی پێداویستییه‌كانی رۆژانه‌ی ژیانیان.


دیسان مه‌ترسیشی لای ئه‌وروپییه‌كان دروستكردووه‌ په‌یوه‌ست به‌ قه‌رز و قیسته‌كانیان لای توركیا كه‌ ساڵانه‌ به‌ ملیاره‌ها دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت، ئه‌م مه‌ترسییه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر پاشه‌كشه‌ی بۆرسه‌ی ئه‌وروپا به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بانكه‌كانی فه‌ره‌نسا و ئیسپانیا و ئیتاڵیای گرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ پاره‌ی قه‌رزیان لای دامه‌زراوه‌ توركییه‌ تایبه‌تی و گشتییه‌كان هه‌یه‌.


سه‌رباری ئه‌م مه‌ترسیه‌ ترسناكانه‌ كه‌ ئابوریی توركیای به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی خستووه‌ته‌ ناو ئایندەیەکی نادیار، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا به‌ موكه‌به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ سزا ئه‌مریكییه‌كان و ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر لیره‌ی توركیدا دێت كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دراماتیكی داده‌رمێت كاریگه‌ریی نییه‌، له‌ دوایین لێدوانی له‌ ئێواره‌ی 9ی ئاب وتی:" توركیا روبه‌رووی هه‌ڵمه‌تی جۆراوجۆر ده‌بێته‌وه‌ و بایه‌خی پێناده‌یه‌ن، ئه‌وان دۆلاریان هه‌یه‌ و ئێمه‌ش خوا و گه‌لمان هه‌یه‌".

،،

ئەردۆغان به‌ موكه‌به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ سزا ئه‌مریكییه‌كان و ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر لیره‌ی توركیدا دێت كاریگه‌ریی نییه‌، له‌ ئێواره‌ی 9ی ئاب وتی:" توركیا روبه‌رووی هه‌ڵمه‌تی جۆراوجۆر ده‌بێته‌وه‌ و بایه‌خی پێناده‌یه‌ن، ئه‌وان دۆلاریان هه‌یه‌ و ئێمه‌ش خوا و گه‌لمان هه‌یه‌".

 

به‌م لێدوانه‌ سه‌رۆكی توركیا كاریگه‌ری سزا ئابورییه‌كانی ئه‌مریكا و لێكه‌وته‌ سیاسییه‌كانی بێ بایه‌خ و پشتگوێ خست له‌سه‌ر بێمتمانه‌یی به‌ ئابوریی توركیا و له‌ ده‌ستدانی یه‌ك له‌سه‌ر سێی توانای هاوڵاتیانی توركیا بۆ كڕین له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ ساڵێكدا، سه‌رباری نه‌مانی وه‌به‌رهێنانه‌كان و سه‌رمایه‌ی بیانی له‌ پشك و سه‌نه‌داته‌كانی توركیا، كه‌ بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی لیره‌ ته‌نیا بكه‌وێت به‌بێ چه‌ترێك بۆ پاراستنی له‌و داروخانه‌ی تووشی بووه‌.


توركیا له‌ ماوه‌ی ده‌یه‌ی یه‌كه‌می ئه‌م سه‌ده‌یه‌، بوژانه‌وه‌یه‌كی ئابوریی ده‌گمه‌نی به‌خۆوه‌دی به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌ردۆغان و حكومه‌ته‌كه‌ی، به‌ڵام ئیدی ئه‌مرۆ ئه‌ردۆغان پێده‌چێت بووبێته‌ به‌شێك له‌ قه‌یرانی ئابوریی توركیا له‌بری ئه‌وه‌ی به‌شێك بێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی، بۆ نمونه‌ ئه‌و هه‌ره‌شه‌ له‌ بانكی ناوه‌ندی توركی ده‌كات و ده‌ستێوه‌ردان له‌ سیاسه‌ته‌كانی ده‌كات بۆ رێگرتن له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخه‌كانی سوود به‌ ئامانجی پاراستنی به‌های لیره‌ و روبه‌روبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵاوسانه‌ی كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكی پێوانه‌یی كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵدا 16% زیادی كردووه‌.

 

SER
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتی وتاردان بۆ لایەنگرانی


هه‌روه‌ها ئه‌ردۆغان به‌رده‌وام له‌ سیاسه‌ته‌ سه‌ركوتكار و ئیستیفزازییه‌كانی دژی ئۆپۆزیسۆن و زیاتر گرژكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ دراوسێكانی و یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌شێوه‌یه‌ك متمانه‌ی توركه‌كان به‌ سه‌قامگیریی سیاسیی وڵاته‌كه‌یان كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و واده‌كات وه‌به‌رهێنانی ناوخۆیی و بیانی نه‌مێنن.


په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و ئه‌مریكا زیاتر ئاڵۆز ده‌بێت به‌هۆی قه‌شه‌ ئه‌ندرۆ برانسۆنی ئه‌مریكییه‌وه‌ كه‌ توركیا به‌ تۆمه‌تی "تیرۆر و سیخوریی" ده‌ستگیری كردووه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌مریكا گه‌مارۆی ئابوریی به‌سه‌ر توركیادا بسه‌پێنێت، كه‌ دواترینیان زیادكردنی گومرگی سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ بوو له‌ توركیاوه‌ هاورده‌ی ئه‌مریكا ده‌كرێن وه‌ك ئاسن و ئه‌له‌منیۆم، هه‌روه‌ها كاركردن بۆ دانانی كۆتوبه‌ند له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌ن و وڵاتانه‌ی ده‌یانه‌وێت قه‌رز بده‌ن به‌ توركیا.

،،

ئەوروپیەکان لەوە دەترسن قەیرانی لیرەی تورکی بگۆڕێت بە کێشەیەکی گەورە بۆ ئەوروپا بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی بە هەمان قەیرانی دارایی تورکیادا تێدەپەڕن وەک ئیسپانیا و ئیتاڵیا.

 

ئابورییەک لەسەر قەرزی دەرەکی

کێشەی بنەڕەتی ئابوری تورکیا ئەوەیە کە لەو جۆرە ئابوریانەیە کە زۆرتر پشت دەبەستێت بە وەبەرهێنان و قەرزی دەرەکی بەجۆرێک قەرزی کۆمپانیا و دامەزراوەکانی تورکیا بەدراوی قورس لە بانکە دەرەکیەکاندا بە زیاتر لە ٢٢٠ ملیار دۆلار دادەنرێت کە زۆربەیان هی بانکەکانی ئەوروپان، کێشەکە ئەوەیە هەرکاتێک نرخی لیرە دادەبەزێت، توانای ئەم کۆمپانیایانە بۆ دانەوەی قەرزە دەرەکیەکانیان لاوازدەبێت، ئەمەش هەڕەشەی زنجیرەییەک مایەپوچ بوونە دەکات لەسەر بانکەکانی تورکیا.

ئەم مایەپوچ بوونە دەتوانێت کاریگەری بکاتە سەر زۆرێک لە بانکەکانی ئەوروپا بەتایبەت بانکەکانی فەرەنسا و ئیسپانیا و ئەڵمانیا بۆ مایەپوچ بوون، لێرەوە نیگەرانی ئەوروپیەکان دەستپێدەکات کە لەوە دەترسن قەیرانی لیرەی تورکی بگۆڕێت بە کێشەیەکی گەورە بۆ ئەوروپا بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی بە هەمان قەیرانی دارایی تورکیادا تێدەپەڕن وەک ئیسپانیا و ئیتاڵیا.

شایەنی باسە بانکەکانی ئیسپانیا بەتەنها ٨٠ ملیارد دۆلار قەرزیان داوەتە تورکیا، بانکەکانی فەرەنساش ٣٥ ملیار و ئیتاڵیا ١٨ ملیار و ئەڵمانیا ١٣ ملیارد دۆلاریان بەقەرز داوەتە تورکیا بەپێی ئامارەکانی بانکی دارایی نێودەوڵەتی.

 

ئابوریی تورکیا لە دووریاندا

پێدەچێت تورکیای ئەردۆغان ئەمرۆ لە ڕووی داراییەوە لە دووڕیاندابێت، بەرزبوونەوەی نرخەکانی سود توانای کۆمپانیاکان بۆ وەبەرهێنان لاواز دەکات، مانەوەی نرخەکانی سود بە بێ جێگیربوونی ئاستێکی ڕێژەیی هەڵاوسان، دەبێتە هۆی داڕمانی زیاتر لە نرخی لیرەدا، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕوودانی مایەپوچ بوونی گشتی لە هەموو ئاستەکاندا.

 

DFC
بەردەم نوسینگەیەکی ئاڵوگۆری دراو ـ ئەستەنبوڵ ـ تورکیا

لەو ڕوانگەیەوە سەقامگیربوونی نرخی لیرە لە هەموو شتێک گرنگترە لە پێناو گەڕانەوەی متمانەو وەستاندنی چوونەدەرەوەی وەبەرهێنانەکان لە تورکیا، ئەم پڕۆسەیەش پێویستی بە گۆڕانی سیاسەتی دارایی تورکیا هەیە، لەگەڵ وەستانی ئەردۆغان لە قسەکردن لەسەر ئابوریی و لیرە بە موکەبەرە و دەستوەرنەدانی لە کاروباری بانکی ناوەندی تورکیا، هەروەها پشتیوانی بەهێزی ئەوروپا لە هەر هەنگاوێکی تورکیا خزمەت بە سەقامگیری دارایی وڵاتەکە دەکات.

تائێستا جگە لە بڕیاری حکومەتی ئەڵمانیا بە زیادکردنی هەناردەکانی بۆ تورکیا، یەکێتی ئەوروپا رۆڵێکی وەک تەماشاکار دەبینێت لەوەی بەسەر لیرەی تورکیدادێت، پێدەچێت ئاڵۆزی بەردەوام لە پەیوەندیەکانی تورکیا و ئەوروپادا لەپشت ئەم بێ باکیەی ئەوروپیەکانەوە بێت بەرامبەر تورکیا.

سەرباری ئەوانەش پێشهاتەکانی ئەم دواییە سەرچاوەی مەترسین لەسەر بەرژەوەندییەکانی کیشوەرە پیرەکە (ئەوروپا)، بەهۆی، یەکەم: بایەخی جیۆپۆلەتیکی تورکیا و دووەم: بایەخی ئابوریی تورکیا بۆ یەکێتی ئەوروپا، داڕمانی دۆخی ئابوری تورکیا کە ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە ٨٠ ملیۆنە و قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ کیشوەرە پیرەکە ساڵانە زیاتر لە ١٤٥ ملیار یۆرۆیە کاریگەری خراپ و مەترسیداری دەبێت بۆ سەر سەدان کۆمپانیا و بانکی ئەوروپی

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك