- بهشی یهكهم
لهبهشی یهكهمی ئهم دیدارهدا، ئهبوبهكر كاروانی وهڵامی پرسیارهكانی " دیبلۆماتیك مهگهزین"، سهبارهت به بارودۆخی حیزبه ئیسلامییهكان دهداتهوهو به وتهی ئهو حیزبه ئیسلامییهكان حۆیان بهرههم دێننهوهو له چوارچێوهیهكی تهسكی سیاسیو جهماوهریدا ماونهتهوه.
دیبلۆماتیك: لە کۆمەڵگەیەکی مسوڵمان نشین کە زۆرینەی مسوڵمانە، ئایە حیزبی ئیسلامی پێوسیتە؟
ئەبوبەكر كاروانی: پێش هەر وەڵامدانەوەیەک بەم پرسیارە، دەبێت سەرەتا تێگەیشتنمان بۆ پارتی ئیسلامی ڕوونبکەینەوەو مەبەستمان لێی دیاری بکەین، هەرواها پەی بەجیاوازی گروپوو بزاڤێکی ئیسلامی لەگەڵ حیزبێکی ئیسلامی بەمانا هاوچەرخەکەی بەرین. پرسەکە سەبارەت بەئێمە کەسەدان لاپەڕەمان لەم بارەیەوە نوسیوە لەوەدا خۆی بەرجەستە دەکات.
کە حیزبی ئیسلامی نوێنەرایەتی قۆناغی پاش ئیسلامی سیاسی دەکات، واتا وێناکردنی حیزبی ئیسلامییە، کەزۆر جار ناوی ئیسلامی پێوەنییە، لەچوارچێوەی دۆخی کێبڕکێ مەدەنی و ڕێکەوتنی لەپێشتری تەوژمەکانی کۆمەڵگە لەسەر دەستورو چوارچێوەکانی گەمەو کاری سیاسی.
،،
حیزبی پاشخان ئیسلامی، واتە حیزبی دیموکراتی نیشتیمانی موحافیزکار، کە ئیلهام لەبەها ئیسلامیەکان وەردەگرێت بۆ خەمڵاندنی پڕۆژە سیاسیەکەی، لەهەمان کاتدا هەوڵدەدات ئاشتی لەنێوان ئیسلام و ڕووە ڕووناکەکەی مۆدێرنەدا بێتەدی. نەك هەرپێویستە، بەڵکو دەتوانیت ڕۆڵێکی مێژووی گرنگ لە دووبارە بیناکردنەوەی چەمکی سیاسیەتو دەوڵەتو دەسەڵاتو کلتوری سیاسی، لەکۆمەڵگە موسڵمان نشینەکان بگێڕیت.
لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر حیزبی ئیسلامی لەبەر دیارنەبوونی دیدێکی مەنهەجی و ئەکادمی دروستدا، یەکسان بکرێت بەبزاڤی ئیسلامیی، واتە ئیسلامی سیاسی، کەئامانجی دروست کردنی دەوڵەتی ئیسلامیی و پیادەکردنی شەریعەت و هەوڵدان بۆگێڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامی بێت، نەخێر پێوست نییە. چونکە بەکردەوە سەلمێنرا کەدەوڵەتی ئیسلامی جگە لە کۆپیەکی دەوڵەته عهلمانیە پاشکۆو کۆڵۆنیستییە شکستخواردووە کەهیچیتری نییە.
بەڵام حیزبی پاشخان ئیسلامی، واتە حیزبی دیموکراتی نیشتیمانی موحافیزکار، کە ئیلهام لەبەها ئیسلامیەکان وەردەگرێت بۆ خەمڵاندنی پڕۆژە سیاسیەکەی، لەهەمان کاتدا هەوڵدەدات ئاشتی لەنێوان ئیسلام و ڕووە ڕووناکەکەی مۆدێرنەدا بێتەدی. نەك هەرپێویستە، بەڵکو دەتوانیت ڕۆڵێکی مێژووی گرنگ لە دووبارە بیناکردنەوەی چەمکی سیاسیەتو دەوڵەتو دەسەڵاتو کلتوری سیاسی، لەکۆمەڵگە موسڵمان نشینەکان بگێڕیت.
دیبلۆماتیك: كهواته هۆکاری دروستبوونی حیزبی ئیسلامی بۆچی دەگێریتەوە؟
ئەبوبەکر کاروانی : بەبڕوای من پرسیارەکە دەبێت بکرێت بە: هۆکارەکانی سەرهەڵدانی گروپو بزاڤە ئیسلامیەکان چین، نەک حیزبی ئیسلامی؟، بەحوکمی ئەوەی بەبڕوای ئێمە مێژووی حیزبی ئیسلامی هێندە درێژ نییەو بەرهەمی ئەو ئاڵوگۆڕە جیهانی و پەراوێزە دیموکراسییەیه کە لە دوای نەوەدەکانەوە لەهەندێ وڵاتی ئیسلامیدا هاتە دی.
لەوەڵامی پرسیارەکەتدا جەخت دەکەینەوە سەرحیزبە ئیسلامیەکان بە واتای دووەم، دیارە هۆکارەکانی جۆراو جۆرن. پێش هەموو هۆکارێکیش بوونی ژێرخانێکی ڕێخراوەیو فیکری دەیان ساڵە، ئایدۆلۆژیاو بزاڤی ئیسلامی نوێیە کە لە ئەڵقەیەکی گەشەکردنی خۆیدا دەگۆڕێت بەحیزبی ئیسلامی. جگە لەشکستخواردنی ئەزموونە سیاسییەکەی بزاڤی ئیسلامی کە لە دوای دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی و سەپاندنی ئایدۆلۆژیایەکی دینی تاک ڕەهەندو ئەخلاقیاتی ئیسلامیدا خۆی دەبینێتەوە>
قەیرانی هێزە سیکۆلارەکان و شکستخواردنیان لەهێنانە کایەی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دیموکرات و خۆشگوزەران، لەپاڵ بوونی فەرهەنگێکی ئیسلامی ڕەگداکوتراو لەنێو کۆمەڵگە مسوڵمانەکان و هاتنە کایەی پەراوێزێک لەدیموکراسی و لەژیانی سیاسی لەهەندێ وڵاتانی ئیسلامیداو پێوویستی وەلانانی دژ بەیەکی لەنێوان مۆدێرنەو ئیسلامدا، کەئەم جۆرە پارتانە دەتوانن لەم ڕووەوە خزمەتی باشبکەن، ئهوانه بەسەر یەکەوە گرنگترین ئەوهۆکارانە پێکدەهێنن کە لەپشت سەرهەڵدان و گەورەبوونی پارتە پاشخان ئیسلامییە نوێکانەوە بوون.

دیبلۆماتیك: با سهبارهت به حیزبە ئیسلامیەکانی کورستان بپرسین، ئێوە هەمیشە ڕەخنەتان لەحیزبەکەی خۆتان، یەکگرتووی ئیسلامیو حیزبە ئیسلامیەکانیتر گرتووە، لەئێستادا لەکوێی ئەدای حیزبە ئیسلامیەکان ناڕازیت؟
ئەبوبەکر کاروانی: خوێندنەوەی ئێمە بۆحیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان لەڕوانگەی کۆمەڵێ بنەماو پێوەرهوە بووه، لەوانەش:
- تا چەند میکانیزمی کاری سیاسیان نوێکردۆتەوەو وەک پڕۆژەی سیاسی دەجوڵێنەوە؟
- تاچەند ئەم مۆدێلە کارکردنەی ئێستایان خزمەت بە گەورەبوونی سیاسیان دەکات؟
زۆربەکورتی بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارانە، بڕوامانوایە کە حیزبەکان لەئاستێکی دڵخۆشکەردا توانیویانە خۆیان لەگەڵ واقعی نیشتیمانیدا بگونجێنن و لەچوار چێوەی یاساو بەشێوەیەکی مەدەنی بجوڵێنەوە.
لەهەندێ ڕووشەوە پێ بنێنە قۆناغێکی نوێوە وەک پشتیوانی مەسەلە نەتەوایەتییەکەو باوهڕبوون بە بەشداری سیاسیو مەدەنی.
بەڵام مۆدێلی حیزبە ئیسلامییەکانی هەرێم لەپەیوەندی بەسروشتی پەیوەندی نێوان دەعوەکاریو سیاسیو، مۆدێلی سەرکردە سەرکردایەتیکردنو جۆری پێگەیاندنی کادرو ئەندام و پێداویستیەکانی گەورەبوونی سیاسیو تێگەیشتن لەئەرکەکانی قۆناغەکەو زۆر شتیتر، وەك پێشتریش وتوومانە کێشەیان هەیە. هەربۆیە لەهەندێ ڕوەوە خۆیان بەرهەم دەهێننەوەو لە بازنەیەکی سنورداری سیاسی وجەماوەری دەرناچن.
،،
" بڕوامانوایە کە حیزبە ئیسلامیەکان لەئاستێکی دڵخۆشکەردا توانیویانە خۆیان لەگەڵ واقعی نیشتیمانیدا بگونجێنن و لەچوار چێوەی یاساو بەشێوەیەکی مەدەنی بجوڵێنەوە ".
دیبلۆماتیك: جەنابتان پاڵێوراوبوون بۆ پۆستی ئەمینداری یهكگرتوو، ئەگەر ببویتایە بە ئەمینداری یەکگرتوو، گۆڕانكاریت لەکوێی حیزبەکەتدا دەکرد؟
ئەبوبەکر کاروانی: دیارە راستەوخۆ نەمدەتوانی گۆڕان کاری بکەم، بەحوکمی ئەوەی کۆنگرە پرسەکانی بەدەنگدان بڕاندبۆوە، بەڵام هەوڵمدەدا لەماوەی دوساڵدا زەمینەسازی نێوخۆی بۆگۆڕانکارییە پێوویستەکانو نوێبونەوەو پیادەکردنی ئەوپڕۆژەیە بکەم کەلەکۆنگرەدا ئاماژەم پێکرد، چونکە ئەوەی ئێمە دەمان خواست و دەخوازین، پۆستی ئەمیداری گشتی یەکگرتوو لەچوارچێوە تەقلیدیەکەی ئێستە نییە. بەڵکو بەکارهێنانی پۆستەکەیە بۆڕاگەیاندنێکی نوێی یەکگرتو و دەرگاکردنەوە بە ڕووی گەشەکردنی چۆنایەتی لەسەر ئاستی یەکگرتو و تەوژمی ئیسلامیی بە گشتی و دواتریش تەوژمی ڕیفۆرمخوازی کوردستان .
لەم چوار چێوەیەشدا هەوڵی دووبارە داڕشتنەوە بۆکاری دەعەویو سیاسی و شێوازی بەڕێوبردنی ڕاگەیاندن و مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردستانیم دەدا.
بەکورتی هەوڵی سەرلەنوێ تەوزیفکردنەوەی توانا زۆر و متبوەکانی ناو یەکگرتو و کۆمەڵگەشم دەداو زیاتریش بە بەهاوکاری براو خوشکەکانم دەمکرده پارتێکی نیشتیمانی ڕیفۆرمخوازیی دیموکراتی پاشخان ئیسلامی.

دیبلۆماتیك: بەبڕوای ئێوە هۆکار چییە کە حیزبە ئیسلامیەکانی کوردستان دەنگێکی دیاریکراویان هەیەو هیچ بەرهوپێشچوونێک نییە لەدەنگەکانیاندا؟
ئەبوبەکر کاروانی: هۆکارەکانی بابەتیو خودین. هۆکاره بابەتیەکان دەگەڕێتەوە بۆنەبوونی دەرفەتی یەکسان و پەنابردنە بەر شیوازی جۆراو جۆری سزادان لەساڵانی ڕابوردو لەلایەن دەسەڵاتەوە، بەهەدەربردنی ناڕەوا لەدەسەڵات و نەبونی هەڵبژاردنی پاوو بێگەرد.
هۆکارە خودیەکانیش جۆراو جۆرن لەوانەش:
درێژەدان بەمۆدێلی تێکەڵی دەعوەو کاری سیاسی، نوێنهکردنەوەی شێوازی کار کە بۆ کێبڕکێی دیموکراسی ناگونجێو پارتەکان وەک رێخراوی کەسانێکی تایبەتی کۆمەڵ دەردەکەون.
مۆدێلی سەرکردەو سەرکردایەتی کە کێشەی سنورداری خەیاڵدانی سیاسی و بەنیشتیمانیبوون و نوێبوونەوەی تیۆری هەیە.
چاک تێگەیشتن لەسروشتو لەواقیعی کۆمەڵگەی کوردستان و ئاڕاستەی بیرکردنەوەی تاک و توێژەکانی.
لاوازی باری ئابووری ئەم هێزانە، هەندێجار چاو بەرەو ژێر بوونیان لەم سۆنگەیەوە.
ڕووننە بوونی دیدی ستراتیژیو نمونەی دواڕۆژو تێکەڵاوکردنی ستراتیژو تاکتیکو ئیدارەکردنی سیاسی ڕۆژانە.
،،
" درێژەدان بەمۆدێلی تێکەڵی دەعوەو کاری سیاسی، نوێنهکردنەوەی شێوازی کار کە بۆ کێبڕکێی دیموکراسی ناگونجێو پارتەکان وەک رێخراوی کەسانێکی تایبەتی کۆمەڵ دەردەکەون. "

دیبلۆماتیك: گوتاری ئیسلامییەکان ئەوەندەی گوتارێکی ئاینییە، ئەوەندە گوتارێکی سیاسی نییە، ئایە هەرمەش نەبۆتە هۆکارێک کە دەنگی ئیسلامییەکان سنورداربێ؟
ئەبوبەکر کاروانی: بێگومان ئەوەش دەرکەوتەیەکی تێکەڵاوبونی بانگەوازو دەعوە لەگەڵ سیاسەتو کاری حیزبو، ناڕونی دیدو نمونەو ئایدیاڵی خواستراوە، بەگوێرەی دەزگایەی ڕاگەیاندنو هونەری یەکگرتو لە%٧٠کۆی بابەتەبڵاوکراوەکانی ڕاگەیاندنەکانی ئەم حیزبە تایبەت بوون بەبانگەوازو ئیرشادو بابەتی دینی . ئەوەش خۆی پێوەرێکە بۆدیاریکردنی بەشێ لەو ناکاراییە سیاسیەی لەهەندێ ڕوەوە لەماوەی ڕابوردو دووچاری ئەم هێزە بووهتەوە، جگە لەمە، بۆ ئەم واقیعە هەندێ دەرکەوتەی تریشی هەیە لەوانەش:
ئهلیف: بەشی زۆری تواناکانی حیزب کەئەتوانم بڵێم %٨٠ی بۆ ناوخۆی تەرخان دەکرێت.
ئەوەش وایکردووە سەرەڕای ئەرکی قورسی ڕێخستنەکان و کادرو دامودەزگاکان لە بەرێوەبردنی ئیشوکارەکانیاندا، بەرهەمێکی سیاسی شایستە بەو ئەرکەی نەبێت.
بێ: بەو ئەندازەی کاری لەسەر دەرەوەو کۆمەڵگە دەکرێت، دیسانەوە کاری لەسەر ئاینو فەرهەنگی کۆمەڵگە دەکرێت، نەک بەشداری لەدروستکردنی ڕایگشتی بە واتا سیاسییەکەیو ئاڕاستەکردنی یاخود کارکردن بەو جۆرەی میکانیزمەکانی کاری سیاسی هاوچەرخ دەخوازێت .
،،
" بەگوێرەی دەزگای ڕاگەیاندنو هونەری یەکگرتوو لە%٧٠کۆی بابەتەبڵاوکراوەکانی ڕاگەیاندنەکانی ئەم حیزبە تایبەت بوون بەبانگەوازو ئیرشادو بابەتی دینی . ئەوەش خۆی پێوەرێکە بۆدیاریکردنی بەشێ لەو ناکاراییە سیاسیەی لەهەندێ ڕوەوە لەماوەی ڕابوردو دووچاری ئەم هێزە بووهتەوە "
ئەمەش وایکردووە، گەشەکردنی رێكخراوەیی و جەماوەری ئیسلامیەکان سنورداربێت، چونکە حیزبەکان وەک وتمان لەشێوەی ڕێكخراوەی تایبەتی کۆمەڵە کەسیکی دیاریکراو دەردەکەون. واتە وێنای حیزبی ئایدۆلۆژیان لێوەرگیراوە،، نەک پارتێك كه خەڵک بۆکۆبوونەوە بەدەوری پڕۆژەیەکی نیشتیمانی و سیاسیدا بانگ بکاتو جێگای کەسانی جۆراو جۆری تیدا بێتەوە.