ئەبوبەكر هەڵەدنی: هیوادارم لوتی ئەردۆگان‌و ئاكپارتی لە عەفرین بشكێت

پێویستە جكومەتی هەرێم دەروازە سنورییەكانی سمێلكا بەڕووی ڕۆژئاوای كوردستاندا بكاتەوە

ئەبوبەكر هەڵەدنی: هیوادارم لوتی ئەردۆگان‌و ئاكپارتی لە عەفرین بشكێت

6489 خوێندراوەتەوە

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان‌و ئەندامی سەكردایەتی یەكگرتوو، لەم دیدارەدا لەگەڵ " دیپلۆماتیك مەگەزین" باس لە هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەرانبەر هەوڵی داگیركاری توركیا بۆ سەرعەفرین دەكات‌و پێیشیوایە كە شەڕڤانان ئەو سەركەوتنەی لە كۆبانێ بەەستیان هێنا لە عەفرین دووبارەی دەكەنەوەو هیواش دەخوازێت لە عەفریندا ئەردۆغان‌و حیزبەكەی لوتیان بشكێت.


دیپلۆماتیك: هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامی سەبارەت بە هێرشی داگیركاری توركیا بۆ سەر عەفرین چییەو چۆن هەڵوێستتان ڕاگەیاندووە؟


ئەبوبەكر هەڵەدنی: وەك لە بەیاننامەی ئەنجوومەنی سیاسی‌و جەماوەری یەكگرتوودا ڕامانگەیاندووە، ئەو پەلاماردانە بە ناڕەوا دەزانین‌و پێمانوایە هیچ پاساوێكی نییە، ئەو بیانوانانەی حكومەتی توركیا دەیهێنێتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی دوورە لە ڕاستییەوە، ئەوەی توركیا دەیكات قەتڵوعامكردنی گەلێكی مەزڵوم‌و ستەملێكراوە.


تا دوێنێ ئەوان بە بەنوێنەرایەتی جیهان شەڕی تیرۆریان دەركرد، ناكرێت ئێستا بە بەرچاوی هەموو دونیاوە قەتڵوعام بكرێن، ئێمە بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی خۆمان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان‌و كانتۆنی عەفرین دەردەبڕین.


دیپلۆماتیك: بەپێی ئەو نزیكایەتییەی كە یەكگرتووی ئیسلاتمی لەگەڵ " پارتی دادو گەشەپێدان"ی دەسەڵاتدار هەیەتی، ڕەخنە لەیەكگرتووی ئیسلامی دەگیرێت كە سەبارەت بە ڕۆژئاوا هەڵوێستی لاوازە؟


ئەبوبەكر هەڵەدنی: یەكگرتووی ئیسلامی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی توركیادا، لەڕێگەیەكی فەرمییەوە بووە، هیچ پەیوەندییەكی ژێر بەژێرو موخابەراتیمان لەگەڵ توركیادا نییە، پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا لەسەر دوو بنەمایە، ڕێزی هاوبەش‌و بەرژەوەندی هاوبەش، یەكگرتوو لە چوارچێوە كوردستانییەكەدایە، لەكوێ دۆزی ڕەوای گەلەكەمان هەبێت پشتگیری دەكات‌و لەهەر حەوت كۆنگرەكەی یەكگرتووداو لە پەیڕەوی ناوخۆی خۆیدا جەختی لە پاڵپشتیكردنی دۆزی ڕەوای كورد لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان بە ئەركی خۆی زانیوە.


دیپلۆماتیك: لەڕابردوودا ستایشی ئەردۆگان كراو لەكاتی كودەتاكەشدا هاوسۆزیتان نیشاندا، پێتانوانییە ئێستا كاتی ئەوەیە كە ئەردۆگان وەك ستەمكار تەماشا بكرێت؟


ئەبوبەكر هەڵەدنی: لە سەرەتادا ئەزموونی دادو گەشەپێدان بۆ ناوخۆی توركیا ئەزموونێكی سەركەوتوو بوو، هاتنە سەركاری هێزێك لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە، گۆڕانكارییەكی نەوعی بوو، لەپاش دەیانساڵ حوكمی عەسكەر لەوێ‌، دەبێت هەموومان پێمانخۆشبێت كە دراوسێیەكمان سندوقی هەڵبژاردن تێیدا حاكم بێت، لەو سەرەتایانەدا كرانەوەیەكی باش هەبوو بەرانبەر گەلی كورد لەباكور لەڕووی رۆشنبیری‌و مافە كلتورییەكان، ماوەیەكیش پرۆسەی ئاشتی هاتە ئاراوەو ئۆجەلان لە زیندان دەبینرا، هاتووچۆ لە نێوان ئەنقەرەو قەندیلدا هەبوو، ئەمانە حاڵەتی گەشبوون.


بێگومان هەموو دوەسەڵاتێكی سیاسی بە ئاكپارتیشەوە كاتێك ماوەیەكی زۆر لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە جۆرێك لە غرورو لوتبەرزی ڕووی تێدەكات، لەم ساڵانەی دواییدا، دەسەڵاتی ئاكپارتی ترازاوە لەو هێڵەی كە بۆی دروستبوو، چ بەرانبەر بە گەلانی توركیاو لەپێشیشەوە گەلی كورد، چ بەرانبەر بە مومارەسەكردنی دیموكراسییەت، ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ژێر پرسیاردایە، ئەوەی بەرانبەر جوڵانەوەی " گولەن" دەكرێت كارێكی زۆر خراپ‌و نادیموكراسییە.


ئەوەی پەیوەندی بەكودەتاوە هەیە، ئێمە وەكو هێزێكی سیاسی لەهەر شوێنێكی ئەم دونیایە كودەتا مەحكوم‌و ڕیسوا دەكەین، بە پاشەكشەی گەورە لە دیموكراسی دەزانین‌و سبەینێش كودەتا بكرێتەوە مەحكومی دەكەین.


دیپلۆماتیك: هەڵوێستی حكومەتی هەرێم بەرانبەر هەوڵی داگیركاری توركیا بۆ سەر عەفرین چۆن هەڵدەسەنگێنیت، پێتوایە جگە لە دەركردنی بەیاننامەو دەربڕینی نیگەرانی حكومەتی هەرێم چی پێدەكرێت؟


ئەبوبەكر هەڵەدنی: جگە لە مەحكومكردنی ئەو داگیركارییە، ئەوەی حكومەتی هەرێك پێویستە لەمكاتەدا بیكات كردنەوەی دەروازە سنورییەكانی سمێڵكایە بەرانبەر ڕۆژئاوای كوردستان.


دەبێت حكومەتی هەرێم‌و پەرلەمانی كوردستان دیدار لەگەڵ قونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان بكەن‌و نێگەرانییەكانی گەلی باشوریان سەبارەت بە داگیركاری توركیا بۆ سەر عەفرین پێڕابگەیەنن.


زەحمەتە ئەوەی كە حكومەتی هەرێم بەرانبەر "كۆبانێ" كردی‌و هێزی بۆ نارد بتوانێت بۆ عەفرینی بكات، ڕووداوەكانی پاش 16لی ئۆكتۆبەر وایكردووە كە حكومەتی هەرێم نەتوانێت هاوكاری كوردانی ڕۆژئاوا بكات.


دیپلۆماتیك: ئەو وڵاتانەی كوردیان بەسەردا دابەشكراوە لە هێرشەكانیان بۆسەر كوردو ئەو تاوانانەی بەرانبەر كورد ئەنجامی دەدەن، دروشمی ئایینی بەكاردێنن، بۆچی دامەزراوە ئاینیی‌و هێزە ئاینییەكان نەیانتوانیوە بەرپەرچی ئەم تاوانە بدەنەوە كە ئەوان بەناوی ئایینەوە دەیكەن؟


ئەبوبەكر هەڵەدنی: كاتێك عێراق‌و ئێران‌و توركیا بەناوی " ئەنفال‌و ئەلفەجرو ئەلفەتح"ەوە پەنایان بۆ جوڵاندنی سۆزی دیینی بردووە، هەتا ئێستاش هەندێك ئیسلامی توندڕەو و ناحاڵی لە دین، نمونەی چەپگەرایی پەكەكە باسدەكەن، ئەوە زۆر دورە لەڕاستییەوە، جەوهەری ئیسلام ڕەتكردنەوەی ستەمكارییە، بەرگریكرنە لە ستەملێكراو و دژایەتیكردنی ستەمكارە، هەر ئایدۆلۆژیاو ئاینێكی هەبێت، خۆ فەتحولاگولەنی بنەدەستی خۆیان جوڵانەوەیەكی دینییەو هەوڵی لەناوبردنی دەدەن.ئێمە ناتوانین ئایین وەكو كەرەستەیەك بۆ بنیاتنانی نەتەوەیی خۆمان بەكاربێنین، بۆیە هەمیشە نەتەوە سەردەستەكانی تورك‌و فارس‌و عەرەب، بەناوی برایەتی ئایینی‌و ئیسلامییەوە یان بەناوی ئوممەتی ئیسلامەوە ئێمەیان هەڵخەڵەتاندووە.


كاتی ئەوە هاتووە ئیسلامیییەكانی كوردستان بەبێ شەرم لەمڕووەوە قسەی یەكلاكەرەوە بكەن، دەبێت ئەو پەیامە بگەیەنن كەئێمەش مافی خۆمانە ئاینەكەمان بۆ خزمەتكردنی ئامانجە نەتەوەییەكانمان بەكاربێنین، بەداخەوە ئیسلامییەكان لەمڕووەوە قسەی ڕاشكاوانەیان نەكردووەو رۆڵی دەزگا ئاینییەكان‌و یەكێتی زانایان‌و وەزارەتی ئەوقافیش لەمڕووەوە تەواو لاوازو ڕووكەشانەیەو ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینی حیزبەكان، چونكە ئوان باوەڕیان بەوە نییە كە ئایین تەزویف بكەن بۆ خزمەتی نەتەوەو كێشە نەتەوایەتییەكان.


دیپلۆماتیك: بەو پێیە كە بڕوایانوایە یەكگرتوو لە پارتی دادو گەشەپێدانەوە نزیكەو سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی جیهانیش دكتۆر عەلی قەرەداغییە، دەگوترێت دەبوو یەكگرتوو ڕۆڵی گەورەی بگێڕایە لە ڕوو بەڕووبوونەوەی هێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین؟


ئەبوبەكر هەڵەدنی: ئەركی یەكێتی زانایانی جیهانییە كە هەركێشەیەك لەهەر وڵاتێكی ئیسلامی، یان وڵاتانیتر ڕوو بدات، هەڵوێستی لەسەری هەبێت‌و بەرگی لە ستەملێكراوان بكات، پێویستە هەرچی زووە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن‌و فشار لەسەر توركیا دروستبكەن‌و سەردانی ئەو وڵاتە بكەن‌و بە توركیا بڵێن ئێوە كە فرمێسك بۆ بۆرماو میسرو تاجیكستان‌و فەلەستین دەڕێژن، مانای نییە لەم بنەدەستەی خۆتاندا مافی گەلێكی ستەملێكراو نادەن‌و ستەمیان لێدەكەن، دەبێت دكتۆر عەلی قەرەداغی كە لەڕابردوودا ڕۆڵی جوانی بینیوە، ئێستاش هەوڵەكانی لەم ڕووداوانەدا بخاتەگەڕو نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەلی كورد بكات.


دیپلۆماتیك: لەڕووی سیاسییەوە سەركەوتن یان كەوتنی عەفرین چ كاریگەرییەكی بۆ سەر باشوری كوردستان دەبێت، بەتایبەت كە باشوری كوردستان 16ی ئۆكتۆبەریشی بەسەردا هاتووە؟


ئەبوبەكر هەڵەدنی: ئەو شۆكە نەتەوەییە كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ڕووی لەباشوری كوردستان كردووە ئەگرە كەوتنی عەفرینیشی بێتەسەر ئەوا مانای لەناوچوونی دۆزی گەلەكەمانە لە دووپارچەی كوردستان، من گەشبینم بە ئاییندەی عەفرین، چونكە لەوێ ئیرادەی گەلی كورد بەهێزو خۆڕاگرە، وەكو ئیرادەی كورد لەباشور نییە كە بەهۆی حكومڕانییەكی شكستخواردووی گەندەڵەوە شكستیخواردووە، لە ڕۆژئاوا ئیرادە هەیەو ئاماەسازیشیان بۆ ئەم دۆخە كردووە، ئۆجەلان سێ ساڵ لەمەوبەر لە زیندانەوە بە "پەیەدە" ی دەوت لەجیاتی ئەوەی كە كارگەكان لە حەلەبەوە بگوازنەوە بۆ عەفرین، بڕۆن سەنگرەكان قایم بكەن‌و تونێل لێبدەن، چونكە لەداهاتوودا توركیا شەڕتان پێدەفرۆشێت، پێموایە هەمان سەركەوتن كە كۆبانێ تۆماری كرد، شەڕڤانان لە عەفرین تۆماری دەكەن‌و هیودارم لوتی ئەردۆگان‌و ئاكپارتی لە عەفریندا بشكێ.



 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی