"یه‌كێتی پێیباشه‌ هه‌ڵبژاردن بکەوێتە دوای پێکهێنانی حکومەتی عێراق"

گفتوگۆی دیپلۆماتیك له‌گه‌ڵ سیروان كوێخا نه‌جم ده‌رباره‌ی پرۆژه‌كه‌ی یه‌كێتی بۆ گۆرینی شێوازی هه‌ڵبژاردن

"یه‌كێتی پێیباشه‌ هه‌ڵبژاردن بکەوێتە دوای پێکهێنانی حکومەتی عێراق"

909 خوێندراوەتەوە

چاوپێكه‌وتن: ئاوات مه‌حمود كه‌ریم

سیروان كوێخا نه‌جم ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌م گفتوگۆیه‌دا له‌گه‌ڵ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ده‌رباری مشتومره‌كانی دواخستنی هه‌ڵبژاردن بۆچوونی حزبه‌كه‌ی ده‌خاته‌ روو، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات "ئەوەی زۆر پێداگیریی لەسەر هەڵبژاردن دەکات پارتیە، ئەویش مسۆگەرە لە مەسەلەی هەڵبژاردن و لە کورسییەکانی، وەک حزبەکانی تر نییە بەرز و نزم بکات ئەو ئەگەر زیاد نەکات کەم ناکات، بۆیە حزبەکانی تر پیویستە لەسەر هەڵبژاردن هەڵویستیان هەبێت و ئاگادارم لەکۆمسیۆن تانەیان داوە لە شیوازی هەڵبژاردنەکە".


دیپلۆماتیک مەگەزین: یەکێتی پرۆژەی هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن؟


سیروان کوێخا نەجم: پرۆژەی نییە بۆ دواخستن، بەڵام پرۆژەمان هەیە بۆ گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردن، ئەمە باسکراوە و قسەی لەسەرکراوە، ئەتوانم بڵێم ڕەشنوسیشە، ئێمە ناڵێین هەڵبژاردن دوا بخرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەین بۆئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک بکرێت پێویسته‌ کۆمەڵێک کار بکرێت، یەکەمیان ئەوەیە دەبێت لیستی تۆماری دەنگەدەران پاک بکرێتەوە، دووەمیان دەبێت یاسای هەڵبژاردن لە یەک بازنەوە بکرێت بە فرەبازنە، سێیەمیان دەبێت کێشەی کەمینەکان چارەسەر بکرێت و نابێت دە نوێنەریان هەبێت و بۆ حزبێک بێت، بەڵام مافی خۆیانە نوێنەریان هەبێت.


دیپلۆماتیک مەگەزین: کێشەی کەمینەکان چۆن چارەسەر دەکرێت؟


سیروان کوێخا نەجم: پێویستە سندوق و وێستگەی تایبەت هەبێت بە کەمینەکان و لەوێ دەنگ بدەن، نەک کورد دەنگ بدات بە پێکهاتەکانی تر و دوایش ببن بە لایەنگری لایەنێکی دیاریکراو.

 

dfc
سیروان كوێخا نه‌جم، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی چه‌مچه‌ماڵی ى.ن.ك


دیپلۆماتیک مەگەزین: ئەمانە تەنها پرۆژەی یەکێتییە؟


سیروان کوێخا نەجم: بەڵێ، بەڵام تەنها له‌ نێوان خۆماندا گفنوگۆی لەسەر کراوە، بەڵام ئێمە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەشدا قسەی لەسەر دەکەین، بە بڕوای من لەکاتی چوونی وەفدی یەکێتی بۆ لای گۆران و هاوپەیمانی لە ٢٨ی ئابدا ئەم بابەتە باسکراوە، وە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا باسی دەکەین.

دیپلۆماتیک مەگەزین: بۆچوونت چییە لەسەر نەوەی نوێ؟


سیروان کوێخا نەجم: بەداخەوە نەوەی نوێ جارێ مەرحەبایی کەسمان ناکات، کە ئەمە حەق نییە لەڕووی سیاسییەوە، لەرووی کۆمەڵایەتییەوە، وە لە هەموو رووەکانەوە، ئەو خۆ دوور گرتنە ناحەقییە لە خۆیان و لەخەڵکی کوردستان و لە ئێمەشی دەکەن، هێزی کورد هەمیشە بەیەکەوە بێت جوانتر و گەورەترە و نەیارەکان ناتوانن کەلێن بخەنە بەینی هێزە کوردییەکانەوە، ئومێد دەکەم نەوەی نوێ بێتە نێو کاروانەکە و بەهەموومان بتوانین هەم لە کوردستان هەڵبژاردنێکی پاک بکەین و هەم لە بەغداد بەیەکەوە باشتر دەتوانین دەستکەوت بۆ گەلەکەمان بەدەستبهێنین.

دیپلۆماتیک مەگەزین: رەشنوسەکە گفتوگۆی لەسەر کراوە؟


سیروان کوێخا نەجم: نەخێر هێشتا گفتوگۆی لەسەر نەکراوە، بەڵام ئەوە فکره ی یەکێتییە و داواکاری ئێمەیە نەک لایەنێکی دیکە، هیوادارم لایەنەکانی دیکەش پشتیوانی بکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێک بکرێت خەڵک پێی مورتاح بێت، نەک دوای هەڵبژاردنەکان قسەی لەسەر بکرێت و تەزویر بکرێت، هەڵبژاردن کرا بە ئەلیکترۆنی وترا هاککرا بە دەست ئەکرێت دەڵێن تەزویرکراو و سندوق گۆڕا، لەبەر ئەوە داواکارییەکانی یەکێتی جێبەجێ بکرێت هەڵبژاردن پاک دەبێت.

 

dfc
سیروان كوێخا نه‌جم له‌ كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ حزبه‌كه‌ی ـ ئایاری 2018

 

دیپلۆماتیک مەگەزین: پێتانوایە ئەم پرۆژە فریایی ئەم هەڵبژاردنە دەکەوێت؟


سیروان کوێخا نەجم: من پێم وانییە ئەم هەڵبژاردنە بەم کوتوپڕە بکرێت و لەو وادەی بۆی دیاریکراوە بکرێت، ئەوەی کە زۆر پێداگیری لەسەر هەڵبژاردن دەکات پارتییە، ئەویش مسۆگەرە لە مەسەلەی هەڵبژاردن و لە کورسییەکانی وەک حزبەکانی تر نییە بەرز و نزم بکات ئەو ئەگەر زیاد نەکات کەم ناکات، بۆیە حزبەکانی تر پێویسته‌ لەسەر هەڵبژاردن هەڵویستیان هەبێت و ئاگادارم لەکۆمسیۆن تانەیان داوە لە شیوازی هەڵبژاردنەکە.

دیپلۆماتیک مەگەزین: بۆچی هەڵبژاردن دوا بخرێت؟


سیروان کوێخا نەجم: ئاستەنگە ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق پێکنەهاتووە تۆ بێیت هەڵبژاردن بکەیت ئەستەمە و کارێکی هەڵەیە، هەڵەیە کورد لەم کاتەدا هەڵبژاردن بکات.

دیپلۆماتیک مەگەزین: بۆچی تا ئێستا هیچ لایەنێک بەفەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردن ناکات و تەنها دەنگۆیە؟

سیروان کوێخا نەجم: نازانم شەرم دەکەن یان دەترسن، من لێرەوە وەک یەکێتی دەڵێم بە پەسەند و باشی دەزانین ئەو داواکارییانە جێبەجێ بکرێت ئینجا هەڵبژاردن بکرێت و هەڵبژاردنەکە بکەوێتە دوای پێکهێنانی حکومەتی عێراق.

دیپلۆماتیک مەگەزین: حزبەکانی دیکە حەزدەکەن هەڵبژاردن دوابخرێت؟


سیروان کوێخا نەجم: بەڵێ، هەموویان باسی دەکەن، کاتێک پێکەوە دادەنیشین دوو دوو و سێ سێ، یان لە گفتوگۆکانماندا، هەموویان هەمان بۆچوونی یەکێتییان هەیە، بەڵام باسی ناکەن، من پێموایە لەمەودوا دەنگیان لێ بەرز دەبێتەوە.

 

df
سه‌ردانی قوباد تاڵه‌بانی بۆ مه‌ڵبه‌ندی چه‌مچه‌ماڵی یه‌كێتی ـ 2018.8.16


دیپلۆماتیک مەگەزین: سەردانی یەکێتی بۆلای بەرهەم ساڵح بۆ ئەوەبوو داوای لێ بکەن بگەڕێتەوە ناو حزبەکەتان؟


سیروان کوێخا نەجم: ئێمە لەم قۆناغەدا ئەوەمان پێباشە هەموومان هاوپەیمانێتییەک دروستبکەین بۆ ئەوەی ئەو هێزە بین نەیارانی داخوازییەکانی کورد حسابی بۆ بکەن .

دیپلۆماتیک مەگەزین: کورد ئێستا سێ کوتلەیە بەرە و بەغداد، ئایا دەتوانن ببن بە یەک هاوپەیمانی؟


سیروان کوێخا نەجم: کورد هەڵەیەکی گەورە دەکات ئەگەر بە سێ کوتلە بچێتە بەغدا، دەبێت هەموو ناکۆکییەکان وەلا بنرێن، هەڵەیەکی کوشندەی مێژووییە ئەگەر کورد بەسێ پارچەیی بچێتە بەغدا، کورد لەهەموو حاڵەتەکاندا دەبێت بە یەکپارچە بچێتە بەغدا، بەسێ پارچەی ناتوانێت هیچ داواکارییەکی کورد جێ بەجێ بکات، رەنگە بۆخۆیان پلە و پایە و پۆستیان دەستبکەوێت، بەڵام ناتوانن داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکەن.

 

author photo

رۆژنامەنووس

بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی کوردیی

ئەزموونی ١٠ ساڵ کارى رۆژنامەوانیی