پیاوێک بە دەستە چرچەکانییەوە تاکۆتایی لەگەڵ بڵێسەکانی ئاگردا جەنگا

چاوپێكه‌وتنێكی بڵاونه‌كراوه‌ی شه‌ریف باجور

پیاوێک بە دەستە چرچەکانییەوە تاکۆتایی لەگەڵ بڵێسەکانی ئاگردا جەنگا

603 خوێندراوەتەوە

سەرچاوە: رۆژنامەی قانونی ئێرانی

شه‌ریف باجور ناوێك له‌ مێژووى ژینگه‌پارێزى ئێراندا به‌ نه‌مرى ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌و به‌ ده‌سته‌ چرچه‌كانیه‌وه‌ بۆ جه‌نگ له‌گه‌ڵ بڵێسه‌كانى ئاگردا ڕۆیشت و باڵه‌كانى وه‌ك په‌روانه‌یه‌كى عاشق به‌ده‌ورى شه‌معى سروشتدا ئه‌وه‌نده‌ خشاند تا وه‌ك قه‌قنه‌سێك له‌ لوتكه‌ى خه‌ونى پارێزگارى له‌ به‌ڕوه‌كانى مه‌ریوان و له‌ كۆتایدا له‌ ئاسماندا ون بوو وه‌ داى له‌شه‌قه‌ى باڵ، شه‌ریف مرۆڤیكى ڕێزدار بوو كه‌ به‌ سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ ڕۆشت و به‌ چاونه‌ترسیه‌وه‌ له‌ دڵى ئاگردا ژیایه‌وه‌ ,

 

ئه‌و كه‌ به‌وته‌ى خۆى له‌ ساڵى 2009 وه‌ به‌ ئه‌ندامى ڕێكخراوى ( سه‌وزه‌چیا ) دانرابوو بۆ ژیانه‌وه‌ى ژینگه‌ ده‌ژیا، ئه‌و شه‌وه‌ى كه‌ كرماشان له‌رزا دڵى شه‌ریفیش له‌گه‌ڵیدا له‌رزا ئه‌و به‌ ڕێپێوان ڕێگه‌ى سه‌رپێلى زه‌هاوى به‌عه‌شق و هاوده‌ردیه‌وه‌ ته‌یكرد بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت زه‌ڕه‌یه‌ك له‌ خه‌مى هاونیشتمانیانى زیانلێكه‌وتووى بومه‌له‌رزه‌كه‌ كه‌مبكاته‌وه‌.

ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا له‌گه‌ڵ شه‌ریف له‌سه‌ر كه‌مپه‌ینى (تفه‌نگى شكاو ) و مانگرتن له‌ خواردن و ڕێپێوان و ناڕه‌زاى ده‌ربڕین دژى له‌ناوبردنى ژینگه‌ و نیگه‌رانیه‌كانى تره‌وه‌ چاوپێكه‌وتنیكمان ئه‌نجام دابوو به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ مردن ڕێگه‌ى نه‌دا تا شه‌ریف له‌ ژیاندا بوو بڵاوى كه‌ینه‌وه‌، ئه‌و ڕووداوه‌ ناخ هه‌ژێنه‌ى كه‌ناوه‌نده‌ ژینگه‌پارێزه‌كانى ئێرانى غه‌مبار كرد بۆ زیاتر ناساندنى ئه‌وپیاوه‌ مه‌زنه‌ به‌شێك له‌و چاوپێكه‌وتنه‌مان بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌ :


ـ ده‌رفه‌تمان پێ بده‌ن له‌ به‌ڕێزتانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین و خوێنه‌ره‌كانمان زیاتر ئاشناى به‌ڕێزتان بن , شه‌ریف باجور كێیه‌ و چ جۆره‌ چالاكیه‌كى ئه‌نجام داوه‌؟

شه‌ریف باجور: ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌وزه‌چیایى مه‌ریوانم له‌ ساڵى 2009 وه‌ له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا كه‌ هه‌روه‌ك له‌ ناوه‌كه‌یه‌وه‌ دیاره‌ ده‌سته‌یه‌كى ژینگه‌پارێزه‌ سه‌رقاڵى چالاكیم.

 

df
چاوپێکەوتنەکەی شەریف باجور لە رۆژنامەی قانونی ئێرانی


ـ ئایا له‌ چالاكیه‌كانى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ تا ئێستا ڕازیت ؟
شه‌ریف باجور: بنچینه‌ى هه‌ركارێك و جموجوڵى هه‌ر ناوه‌ندێك له‌سه‌ر ئه‌و پێناسانه‌ وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌و ناوه‌نده‌دا بۆیان ده‌كرێت ئه‌نجومه‌نى ژینگه‌پارێزیش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ و له‌ ڕوى كاركردنه‌وه‌ ده‌بێت وه‌ك ناوه‌ندێكى مه‌ده‌نى له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا هاوده‌نگ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانى ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا بڕوات و هه‌ڵسه‌نگێنرێ , من سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجومه‌ن و چالاكى و ئه‌و پێگه‌ى كه‌ تێیدام هه‌میشه‌ ڕه‌خنه‌م هه‌بووه‌ و واى بۆده‌چم كه‌ كاره‌كان به‌و شێوازه‌ى كه‌ئه‌مه‌وێت ئه‌نجام نادرێت به‌ڵام هیوام وایه‌ و له‌لایه‌كى تره‌وه‌ به‌و بارودۆخه‌ى كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى تێدایه‌ تا ڕاده‌یه‌ك ده‌توانرێ بگوترێت له‌ ڕێڕه‌وى به‌ڕێوه‌چوونى كاره‌كانمان ڕازیم به‌ڵام ئه‌وه‌ دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ عاشقى ژینگه‌ و دارستانه‌كانى زاگرۆسم و تا دواهه‌ناسه‌م له‌ بۆ پاراستنیان ده‌جه‌نگم .


ـ په‌یوه‌ندى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌نجومه‌نه‌كانى ژینگه‌پارێزى له‌ شاره‌كانى دیكه‌ى كوردستان چۆنه‌ ئایا په‌یوه‌ندتان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نه‌كانى دیكه‌دا هه‌یه‌ ؟
شه‌ریف باجور: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى ناوچه‌ كوردنشینه‌كانى ترو هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى ژینگه‌پارێزه‌كانى سه‌رانسه‌رى ئێراندا له‌ په‌یوه‌ندیداین و هاوكارى یه‌كتر ده‌كه‌ین , به‌شێوه‌یه‌كى تایبه‌تیش له‌ كوژاندنه‌وه‌ى ئاگر له‌ سه‌رجه‌م جێگاكانى زاگرۆسدا ئاماده‌ی كارامان هه‌بووه‌ , به‌ڵام كاریگه‌رى ئێمه‌ زیاتر له‌ ناوچه‌كانى مه‌ریوان , سنه‌ , هه‌ورامان , سه‌قز دایه‌ .


ـ پێشوازى خه‌ڵكى له‌م جۆره‌ كارانه‌دا چۆنه‌ ؟ ئایا ئه‌م چالاكیانه‌ له‌ ناو هاوڵاتیاندا جێگه‌ى خۆى كردۆته‌وه‌ ؟
شه‌ریف باجور: ئه‌م ناوه‌نده‌ مه‌ده‌نیانه‌ ناوه‌ندگه‌لێكى مۆدێرنن و له‌ دونیاى سونه‌تیدا زۆر بایه‌خیان پێ نادرێت و ده‌بێت له‌ خۆمان بپرسین نیشانه‌كانى باش به‌ده‌مه‌وه‌هاتنى ئه‌م كاره‌ چیه‌ ؟ ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌نجومه‌نى چیا داوا له‌ هاوڵاتیان بكات ئاگرێك بكوژێننه‌وه‌ ئایا ئه‌وه‌ به‌سه‌ بۆئه‌وه‌ى بڵێین پێشوازى له‌و كاره‌ كراوه‌ یان نه‌ ؟ ئه‌م ئه‌زموونانه‌مان له‌ دونیایى مۆدێرنه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ و له‌ دونیاى مۆدێرنیش دا ده‌ژین , ئه‌م شپرزه‌ى و بارودۆخانه‌ى كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى تێدایه‌ ده‌بنه‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌و ده‌سته‌ و ناوه‌نده‌ مه‌ده‌نیانه‌ دروست بكرێن , ڕاستیه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوڵاتیان پێشوازى له‌ كارو چالاكى ئه‌و ده‌سته‌وه‌ ناوه‌ندانه‌ ده‌كه‌ن و ئێمه‌ ئه‌و گۆڕانكارى و به‌ده‌مه‌وه‌هاتن و هه‌ست و سۆزى هاوڵاتیانمان بینیوه‌ به‌ڵام بۆ زیاتر به‌ره‌و پێش چوون و پێشوازى هاوڵاتیان پێویستمان به‌كاتى زیاتره‌ و به‌تێپه‌ڕبوونى كات كاریگه‌رى زیاترى ده‌بێت و من واى ده‌بینم كه‌ به‌ دروستى به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌ڕۆین و ئه‌نجامى باشیمان ده‌بێت , زۆرێك له‌ ڕاوچیه‌كان تفه‌نگه‌كانیان داناوه‌ و بوون به‌ ئه‌ندامى ده‌سته‌ى ژینگه‌پارێزان و ئه‌مه‌ش تاكه‌ نمونه‌ى پێشوازى هاوڵاتیان نیه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانى ژینگه‌ پارێزیی .

 

fgv
شەریف باجور لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگر لە دارستانەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان


ـ ڕۆڵى گروپ و تۆڕه‌كانى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ فراوان بوون و دروست كردنى ئه‌م جۆره‌ ده‌سته‌و ناوه‌ندانه‌دا چۆن ده‌بینن ؟
شه‌ریف باجور: تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌یاندن له‌و جۆره‌ میدیایانه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت له‌ زیاترو بڵاوبوونه‌وه‌ و بینینى كارو چالاكیه‌كانى ئێمه‌دا ڕۆڵێكى باش ببینێ , كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌یاندن هه‌میشه‌ له‌ به‌رده‌ستى هاوڵاتیان دایه‌ و ئیمه‌ له‌ڕێگه‌ى ئه‌و كاناڵانه‌وه‌ ده‌توانین كاره‌كانمان په‌ره‌پێ بده‌ین و زۆر به‌خێراى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ هاوڵاتیاندا دروست بكه‌ین , به‌ڵام لاوازیه‌ك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا به‌دى ده‌كرێت , له‌ڕاستیدا هاوڵاتیان له‌ ڕووى كرداریه‌وه‌ زۆر لاوازن و له‌ ماوه‌ى ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا كه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ به‌رده‌ستى هاوڵاتیاندا بووه‌ نه‌توانراوه‌ بۆشاى نێوان تیۆر تا پراكتیك پڕ بكرێته‌وه‌ .


ـ مه‌به‌ستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌توانن له‌ دونیاى واقعدا ڕۆڵ بگێڕن ؟ به‌ڵام ئایا بۆ ئاگادارى زیاتر و به‌رفراوانترى كۆمه‌ڵگه‌ له‌ كاروچالاكى ژینگه‌پارێزى ده‌توانین كارى تر ئه‌نجام بده‌ین ؟
شه‌ریف باجور: له‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌وزه‌چیا به‌شه‌وو ڕۆژ هه‌وڵ ده‌ده‌ین و گۆڕانكارى و پێشكه‌وتنێكى به‌رچاویش به‌ده‌ست هاتووه‌ من بۆ خۆم ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌م نیه‌ كه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا گروپێك دروست بكه‌م له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ هاوڵاتیان هۆشیار بكه‌مه‌وه‌ به‌ڵام هاوكارانم ئه‌م ئه‌ركه‌یان له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌ , زۆرێك له‌ كاره‌كانى ئێمه‌ كاردانه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌بووه‌ هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێك چالاكیه‌كى گه‌وره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین به‌م شێوه‌یه‌ هۆشیار كردنه‌وه‌ به‌شێوه‌ى پراكتیكى ئه‌نجام ده‌ده‌ین بۆنمونه‌ چالاكى (تفه‌نگى شكاو ) یه‌كێكه‌ له‌و چالاكیانه‌ یان ڕۆشتنى من له‌ مه‌ریوانه‌وه‌ به‌ ڕێپێوان تا سه‌لاسى باوه‌جانى مانم له‌ خواردن گرت وه‌ شه‌و ڕۆژێك به‌بێ وه‌ستان ڕۆشتم , ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ كاردانه‌وه‌یه‌كى باشى له‌ نێو هاوڵاتیانى ناوچه‌كه‌دا هه‌بوو .


ـ چى بوو كه‌ بیرت له‌ مانگرتن له‌ خواردن و ڕێپێوان به‌بێ وه‌ستان تا سەلاسى باوه‌جانى كرده‌وه‌ ؟ مه‌به‌ست له‌م كاره‌ چى بوو ؟
شه‌ریف باجور: ئه‌م كاره‌ به‌مه‌به‌ستى نه‌هێشتنى توندوتیژى ئه‌نجام درا , كارێك بوو مه‌به‌ست لێى به‌ ئاگاهێنانه‌وه‌ بوو له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و توندوتیژیانه‌ى كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ئه‌نجام ده‌درا له‌ دژى ژینگه‌ى ناوچه‌كه‌ و پێشوازیه‌كى باشى لێكرا , 250 كیلۆمه‌تر له‌ مه‌ریوانه‌وه‌ تا سالاسى باوه‌جانى له‌ماوه‌ى سێ شه‌و ڕۆژ و به‌ ڕێپَوان و به‌بێ وه‌ستان ئه‌نجامم دا تا له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ سه‌رنجى خه‌ڵكى بۆ دروشمه‌كانى (ژیانێك به‌بێ توندوتیژى ) ڕاكێشم , وه‌ هه‌نگاوێك له‌وه‌ى كه‌ ململانێ دژى توندوتیژیه‌ نزیك بكه‌ومه‌وه‌ .

 

fg
شەریف باجور لە کاتی رۆیشتنی لە مەریوانەوە بۆ سەرپێڵی زەهاو


ـ باست له‌ چالاكى ڕاوچیه‌كان ( تفه‌نگى شكاو ) كرد ده‌كرێت ئه‌و كه‌مپینه‌مان بۆ ڕوون بكه‌یته‌وه‌ ؟
شه‌ریف باجور: (تفه‌نگى شكاو تفه‌نگێكى سه‌ركه‌وتوو سه‌وزه‌ ) له‌ میانى ڕاهێنانه‌كانى ئه‌نجومه‌نى سه‌وز ئه‌حمه‌د عه‌زیزى له‌ گوندى ده‌ركه‌ بڕیارى دا تفه‌نگه‌كه‌ى خۆى بشكێنێ , چه‌ندجارێك كچه‌كه‌ى داواى لێ كردبوو كه‌ چیتر ڕاو نه‌كات و له‌ وانه‌كانى ئیمه‌شدا به‌شدارى كردوو بڕیارى دا تفه‌نگه‌كه‌ى بشكێنێ و ئه‌مه‌ش كارێكى مێژووییه‌ و ده‌بێت بتوانین ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كى دروست ڕه‌نگ ڕێژ بكه‌ین , ڕۆژێك گه‌شتینه‌ خزمه‌تى خه‌ڵكى گوندى ده‌ركه‌ و له‌وێدا ئه‌م ڕسته‌یه‌م نوسى ( تفه‌نگى شكاو تفه‌نگێكى سه‌ركه‌وتوو سه‌وزه‌ ) تفه‌نگه‌كه‌مان شكاند و ئه‌م كاره‌ش به‌خێراى له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا بڵاو بوویه‌وه‌ و زۆر كه‌س په‌یوه‌ندیان به‌م بزوتنه‌وه‌یه‌وه‌ كرد نه‌ك هه‌ر له‌ ئێراندا به‌ڵكو له‌ ته‌واوى دونیادا ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ پێشوازى لێ كرا .
كاریگه‌رى سه‌ره‌كى له‌م بابه‌ته‌دا ڕوبه‌ڕو بوونه‌وه‌ى ئێمه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ژینگه‌ و كاولكارى ژینگه‌یى و هه‌ڵسوكه‌وتى بێ توندوتیژییه‌ ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ى عه‌قڵێكى كراوه‌ و دامه‌زراو له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ى ناتوندوتیژى كه‌ له‌ خاڵیكدا ئیمه‌ده‌وه‌ستێنێت و كۆنترۆڵمان ده‌كات , ئه‌ویش خاڵى ئاگایى ته‌واوى مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌ و مانه‌وه‌ییه‌ له‌گه‌ڵ سروشتدا به‌ ئارامى و ئاشتى , نمونه‌یه‌كى تر ئه‌وه‌بوو كه‌ سه‌ربازێك كه‌ له‌ سه‌ربازگه‌كه‌یدا به‌هۆى ڕزگاركردنى سه‌گێكه‌وه‌ یه‌كێك له‌ قاچه‌كانى له‌ ده‌ست دابوو له‌ ڕێگه‌ى پاڵپشتی زۆرێك له‌ ڕێكخراوه‌كان و به‌ ئاماده‌ى ئه‌نجومه‌نى ته‌بریز له‌ نه‌خۆشخانه‌دا ستایشى ئه‌و سه‌ربازه‌كرا .


ـ بابه‌تى ناڕه‌زایه‌تى دژى كردنه‌وه‌ى پاڵاوگه‌ له‌ مه‌ریوان چیه‌ ؟
شه‌ریف باجور: ئێمه‌ دژایه‌تى و به‌دواداچون بۆ كردنه‌وه‌ى پاڵاوگه‌ له‌ ناوچه‌ى مه‌ریواندا ده‌كه‌ین و زیانه‌كانى كردنه‌وه‌ى ئه‌و پاڵاوگه‌یه‌ جێگه‌ى گفتوگۆ نیه‌ , له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ ڕووى جوگرافیه‌وه‌ ئه‌و جێگه‌یه‌ ناوچه‌یه‌كى له‌بار نیه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى پاڵاوگه‌ , له‌م ڕوه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كۆبوینه‌وه‌ و دژایه‌تى خۆمان پێیان ڕاگه‌یاند و ئه‌نجومه‌نه‌كانى دیكه‌ش سه‌رجه‌میان پاڵپشتى له‌م كاره‌ى ئێمه‌ ده‌كه‌ن.

 

fgv
شەریف باجور 


ـ ئایا ده‌ریاچه‌ى زرێبار له‌ وشك بوونایه‌ ؟
ئه‌م نیگه‌رانیه‌ له‌باره‌ى ده‌ریاچه‌ى زرێباره‌وه‌ به‌ته‌واوى دروسته‌ , له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ى ده‌ریاچه‌ى زرێبار سه‌رچاوه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ , ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌و گۆڕانكاریه‌ سروشتیه‌ كه‌متر ده‌ربكه‌وێت , به‌ڵام بارودۆخه‌كه‌ قه‌یراناویه‌و جێگه‌ى نیگه‌رانیه‌ و له‌ ڕێچكه‌ى سروشتى خۆى لاى داوه‌ و ورده‌ورده‌ پایه‌دارى خۆى له‌ده‌ست ده‌دات به‌ڵام سه‌رچاوه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌كان و كۆگا ئاوییه‌كانى بوه‌ته‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌مبوونى ئاوى زرێبار خۆى پیشان نه‌دات .


ـ ئایا ناوه‌نده‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى تر هیچ كارێكیان بۆ ڕێگرى له‌م بارودۆخه‌ ئه‌نجام داوه‌ ؟
شه‌ریف باجور: نه‌خێر هیچ كارێك ئه‌نجام نه‌دراوه‌ . له‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌وزدا له‌ باره‌ى هه‌ڵسوكه‌وتى هاوڵاتیان به‌رامبه‌ر ده‌ریاچه‌ى زرێبار هۆشیارى و ناڕه‌زایه‌تى زۆرمان ئه‌نجام داوه‌ به‌ڵام نه‌گه‌شتوینه‌ته‌ ئه‌نجام و نه‌مانتوانیوه‌ كارێك بكه‌ین


وه‌رگێڕانى ئه‌نوه‌ر حسێن كاكه‌

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك