خالید ڕه‌شید: ئەگەر هۆنراوەکانی عەبدوڵا پەشێوم شیرینتر نەکردبێت، تاڵیشم نەکردووە

ئەوەی یەکێتی‌و پارتی بەھونەری کوردیان کردووە، با بە دەواری شڕ، سەرما بە ھەتیوی نەکردووە

خالید ڕه‌شید: ئەگەر هۆنراوەکانی عەبدوڵا پەشێوم شیرینتر نەکردبێت، تاڵیشم نەکردووە

2358 خوێندراوەتەوە

هونه‌رمه‌ند خالید ڕه‌شید، له‌م دیداره‌دا سه‌باره‌ت به‌ هونه‌ری گۆرانی كوردی‌و كۆمه‌ڵێك پرس‌و بابه‌تی دیكه‌ ده‌دوێت‌و وه‌ك هه‌میشه‌ ڕوون‌و ڕاشكاوانه‌، گوزارشت له‌ ڕاو بۆچوونه‌كانی ده‌كات.

 

دیبلۆماتیك: خالید ڕەشید کێیە، لەکوێ‌و کەی لەدایک بووە؟.

خالید ڕەشید: من لەبنەماڵەیەکەوە ھاتووم کە ھەم لەدایکی باوکمەوەو ھەم لەدایکی خۆمەوە سەیدی پیرخدری شاھۆ بوون، بۆیە ھەر لەمنداڵیمەوە خواپەرستی لەماڵەوە فێر بووم، باوکم کەسێکی قانونی‌و یاسایی بووە، لە ھەموو شارەکانی کوردستان و عێراقیش کاربەدەست بووە، ھەر بۆیە خوشک و براکانم ھەریەکەیان لەشارێک لەدایکبوون، منیش خۆم بە خەڵکی ھەموو کوردستان دەزانم، بەتایبەتیش لەم سەردەمەدا لایەنە سیاسییەکان ھەر شارێکیان لەسەر خۆیان تاپۆ کردووەو سنووری شارەکانیان جودا کردۆتەوەو، خەڵکیشیان وەکوو مێگەلی خۆیان دابەش کردووە، بۆیە من لەم کاتەدا بەپێویستی دەزانم کە خەڵکی ھەموو کوردستان بم نەک خەڵکی ناوچە تاپۆ کراوەکان.!

دیبلۆماتیك: نێوانت لەگەڵ کتێب چۆن بوو، چیت دەخوێندەوە؟

خالید ڕەشید: برای گەورەو کاکم دکتۆر جەمال ڕەشید لەبەر ئەوەی عەرەبی زانێکی بەتوانا بوو، ھەم نووسەرو ھەم کاری شێوەکاری دەکرد، ماڵەکەمان پڕ بوون لەکتێب، بەڵام من تەنھا گۆڤارو ڕۆژنامەو چاپەمەنییەکانی ئەو سەردەمە کە بە کوردی نووسرابوون دەمخوێندنەوە، لەوانەش: کوردو کوردستانەکەی ئەمین زەکی، گۆڤاری ئەستێرە، دێوانە شیعرییەکانی گۆران و بێکەس و ...ھتد. ڕشتەی مروارییەکەی عەلائەدین سوجادی نەمر کە پورزای دایکمە، ھەروەھا بەرگەکانی گۆڤاری ڕزگاری کە یەکەم گۆڤار بوو لەشەستەکانی سەدەی پێشوو لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکی ڕۆشنبیرەوە دەردەکرا، کاکیشم دکتۆر جەمال ڕەشید یەکبوو لەوانەی دیزاینی بەرگ و جار جار نووسینی تێدا بڵاو دەکردەوە، کە شازاد سائیب و نەوشیروان موستەفاو مەحمودی مەلا عیززەت کاریان تێدا دەکرد.

دیبلۆماتیك: ئەزموونی خالید ڕەشید لەگەڵ تیپی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی و بەھجەت یەحیا چییە؟

خالید ڕەشید: لەساڵی ١٩٩٢ دوای ساڵانێکی زۆر لەدەرەوەی وڵات منیش گەڕامەوە، وەکو خەونێک وابوو، غەریبی وا بڕستی لێ بڕی بووین بە خەیاڵ بە کۆتری نامە ھەڵگردا نامەمان دەناردەوە بۆ کوردستان، لەپڕێکا خوا ئەو دەروەی لێکردینەوە بە زێدی خۆمان شاد بووینەوە، غەریبی ئەو کاتە وەکو ئێستا نەبوو، نە پۆست، نە تەلەفۆن، نە ئینتەرنێت، نە سکایپ، نە ڤایبەر، نە فەیسبووک نە فڕۆکە، ھیچ پەیوەندییەک نەبوو، کە گەڕامەوە لە خۆشیدا دەمویست چیم دیوەو چیم خوێندووەو چەند دونیام دیوە، ھەمووی بخەمە حاڵەتی بەرجەستە کردن‌و خزمەت لە کوردستان، یەکەم ھەنگاو ھاتم تیپی موزیکی فۆلکلۆرم درووست کرد لە کوردستان، دووەم پرۆژەم ئینستوتی کەلەپور بوو، لەدوای شەڕی نێوان بازرگانەکانی سیاسەت‌و خوێن‌و پارەو سامان پەرستەکان ناچار کوردستانم بەجێ ھێشتەوە، کە لە ساڵی ٢٠٠٤ گەڕامەوە دیم ھەردوو پرۆژەکەم ھەم تیپی فۆلکۆر کەسانێکی دیکە خۆیان کردووە بەخاوەنی‌و ھەم ئینستوتی کەلەپور کەسێکی دیکە خۆی کردووە بەخاوەنی، گەر پێوستی کرد دوکیۆمێنتی ئەو دوو پرۆژەیەم لەلایە.

کۆمەڵێک کاری جوانمان تۆمار کرد کە لەو کاتەدا، ئەزمەی برسێتی و بێ نانی وای لە خەڵک کردبوو کەس نەدەپەرژایە سەر موزیک و گۆرانی، ئەو دیاردەی دزیکردن و سڕینەوەی ئەوی دیکە ڕەنگە گەر زیادەڕۆیی نەبێت گەر بڵێم گەورەترین خیانەت و ناپاکیە، لەم وڵاتانە گەورەترین سزای لەسەرە، خۆیان بەپرۆفیسۆریش ناگۆڕنەوە، ئەوانەی کەبیرۆکەو ماندوو بونی ئەوانی دی دەکەن بە موڵکی خۆیان.

دیبلۆماتیك: چیرۆکی بە ڕەسمی کردنی سروودی ئەی ڕەقیب به‌ كوێ گه‌شت؟

خالید ڕەشید: لەسەرەتای دەستبەکاربوونی پەرلەمانەوە خەریکم بۆ ئەوەی کە مارشێکی نیشتیمانی بە یاسا بچەسپێنم، بەڵام ھەر جارەی بە بیانوویەک و ھەر کابینەیەک بە درۆیەکی گەورە ڕێگرن لەو کارە، مرۆڤ دەکەوێتە گومانەوە کە ئەمانە خەریکی دڵ ڕاگرتنی داگیرکەرانن تەنھا لە پێناوی مانەوەی خۆیان، بەڵام من ھەر بەردەوام دەبم.

 

دیبلۆماتیك: شێرکۆ بێکەسی شاعیر پرۆژەیەکی ترو شیعرێکی تری ھەبوو وەک بەدیل (جێگرەوە - ئەلتەرناتیڤ)ی ئەی ڕەقیب، کە لە یەکێک لە دیمانەکانیدا باسی دەکاو، زۆر گشتگیرترە لە ئەی ڕەقیب، جەنابت چی لەو بارەوە دەزانی و پێت چۆنە کە سروودی نیشتمانی کورد بگۆڕدرێ، وە تا چەند ئاگاداری ھەوڵەکەی مامۆستا شێرکۆ بێکەسی؟

 

خالید ڕەشید: ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانن ئەو سروودە لابەن، چونکە بۆتە بەشێک لەناسنامەی کورد، گەر ئەمڕۆش لای بەن، سبەی ڕۆژ ھەروەکو زۆر سروودی دیکە لەجیھاندا کە لابراون، پاش گۆڕانی حوکم ھێنراونەتەوە.

 

دیبلۆماتیك: جەنابتان سەلیقەیەکی جوانتان لە ھەڵبژاردنی شیعردا ھەیە، ئایا نەتزانیوە کە شیعری گۆرانییەکەی حەمەسەعید حەسەن کە کردووتە بە گۆرانی لە ئەسڵدا وەرگیراوە لە شیعرێکی پەشێو، ئەویش وەری گرتووە لە شیعرێکی گۆرانی (فەیروز) ئەوەش شیعرەکەی پەشێو " خاتوونەکەم بیستووتە ئاسمان چەند دوورە - بە قەد دووری ئاسمانەکان خۆشم دەوێی"؟

خالید ڕەشید: لەھەموو جیھاندا بەکارھێنانی کۆپلەیەک لەھۆنراوە ڕێگە پێدراوە بۆ درێژەدان بە نووسینی شیعرێک، ڕاستی من ئەوەی پەشێوم دوایی بینی، ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێکراوە، بەڵام ئاوازی گۆرانییەکە ھیچ پەیوەندییەکی دوورو نزیکی نییە بەو ئاوازەی فەیرۆزەوە، پاشان کورد بەگشتی بوونەتە ڕەقیب بەسەر خۆیانەوە لەھەموو بوارەکاندا، دەنا عەرەب نەک شیعری ئێمە بەڵکو شاعیری ئێمە، زانای ئێمە تەنانەت خاک و نیشتیمانی ئێمەشی کردووە بەھی خۆی، تا ئێستا عەرەبێکم نەدیوە یا فارسێک یا تورکێک ھاتبێت وتبێتی ئەوە ھی کوردە ئێمە بردوومانە.

 

دیبلۆماتیك: چۆن لە ھەڵوێستی ھونەرمەندان و نووسەران و شاعیران دەڕوانیت بەرامبەر ئەو کوشتارەی لەکوردان دەکرێ لە ھەر چوار پارچەکەی کوردستان؟

خالید ڕەشید: ئێمە ھەروەکو چۆن نەبوینەتە خاوەنی کیانی سەربەخۆ، نەشمان توانیوە ببینە خاوەنی نوخبەیەکی سەربەخۆ، تاکو تەرا لێرەو لەوێ کە بەپەنجەی دەست ئەژمار دەکرێت، ڕۆشنبیرو شاعیرو ھونەرمەندمان ھەیە، ئەوەی دیکە ھەر ھەمووی تەسلیم بووە بەئیرادەی بەرژەوەندی.

دیبلۆماتیك: خالید ڕەشید ئەزموون و پەیوەندی لەگەڵ ئایین چۆن بووە، لە منداڵیداو لە ئێستادا؟
خالید ڕەشید: دەربارەی ئایین و خوداپەرستی، من لەسەردەمی مێرد منداڵیمدا ھەم بە ڕۆژوو دەبووم، ھەم نوێژم دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی تێگەشتم لەوەی مرۆڤ بوون و ویژدان و ڕاستگۆیی و خۆشەویستی نیشتیمان لەھەموو فەریزەکانی دیکە واجب ترن، تۆ با پێنج فەرزەش نوێژ بکەی، کە درۆت کرد ھەموو نوێژو رۆژووەکانت بەتاڵ دەبنەوە، زۆرێک پێیانوایە بە نوێژو ڕۆژوو ھەم خۆیان لەلای کۆمەڵگا جوان دەکەن، ھەم لای خودا، بەڵام ئەوە نوێژو ڕۆژووی ڕیایە، من باوەڕ ناکەم مرۆڤی درۆزن و بێ ویژدان و نا پاک ھەموو پەرستش و فەریزەکانیش جێ بەجێ بکات بەھەشتی نیە، بۆیە لای من خواپەرستی ویژدانە، ڕاستگۆییە، ھەڵوێستە.

دیبلۆماتیك: ئایین لەم ساتەدا کە ساتی فەشەلی عەلمانییەت و ناسیۆنالیزمە، دەتوانێ چی بۆ کورد بکا.؟!
خالید ڕەشید: نازانم باسی کام ناسیۆنالیزم دەکەیت، ئێستا ناسیۆنالیزم لەم وڵاتانە گەیشتۆتە ترۆپک تا ئەو ڕادەیەی کە ئەمساڵ نازیە ناسیۆنالیستەکان لەسەدا ٢٠ی دەنگەکانی ئەم وڵاتەیان ھێنا لە سوید، ئەوە بەس ئەوانەی کە بە ئاشکرا دەنگیاندا دوو ئەوەندەش بەنھێنی ھەر ناسیۆنالیستن، ئەو سۆڤیەتەی کە قەڵای ھەموو گەلان بوو جاران، ھیچ جیاوازیەک نەبوو لەنێوان مرۆڤ، خەڵکی ھەر وڵات و ھەر جۆرە ڕەنگ و پێستی ھەبووایە، ئێستا نەژاد پەرستی سپی پێستەکان لە لوتکەدایە.

گوڵنار: کورد چۆن دەتوانێ سوود لە ئایین وەربگرێت، وەک چۆن تورک و فارس و عەرەب سوودیان لێ بینی؟

خالید ڕەشید: کورد نەیتوانیوە سود لەئایین وەربگرێت و، وەکو کافر لەلایەن میللەتانی موسڵمانەوە سەیر دەکرێت، وەکو موسڵمانیش لەلایەن ئەوروپیەکانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.. ئەوان ھاتن لە پاڵ ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی سەربەخۆدا توانیان لەقەوارەیەکی ئایینیدا ئایینی ئیسلام بەکار بھێنن بۆ بەرژەوەندی نەتەوەییان، کورد ئەو کارەی نەکرد، چونکە نە دەوڵەتی ھەبوو، سیاسەتبازەکانیشی نەیان زانی چۆن ئایین بەکاربھێنن بۆ خزمەتی نەتەوەو نیشتیمان، ئەوان نەک بە تەنھا ئایین بەڵکو موزیک و گۆرانی و کولتوری خواردن و جل و بەرگی گەلانیان ھێنا خستیانە خزمەتی گەل و وڵاتی خۆیانەوە، لای ئێمەش سیاسەتبازەکان پارە دەدەن بەچڵکاو خۆرەکانیان خەریکی ڕیسواکردنی ھونەرمەندو ئەدیب و فەرھەنگی خۆیانن.

دیبلۆماتیك: خالید ڕەشید ئەزموونی لەگەڵ سۆفیگەری و ئەدەب و ھونەری سۆفیگەریدا چییە؟
خالید ڕەشید: ھەوڵم داوە قوتابیەکی سەرەتایی ئەو ڕێگایە بم و کارم بۆ کردووە، ئامادەکاریی موزیکی ھەندێک ھۆنراوەی عاریفانم کردوە بۆ دەنگبێژان، لەوانە کارکردن لەسەر ھۆنراوەیەکی مەولانا خالید بۆ ئەحمەد بەرزنجیم تۆمار کرد، کە مەولانا خالید لەغوربەتدا بۆ نیشتیمانی وتوە، (ڕۆژی جەژنە من تەریک و بێ بەشی دیداری یار - خەڵکی خوارمن بە خوڕەم ئاو لە چاوم دێتەخوار) من پێموایە گەر مەولانا خالیدیان بە دەردی غەریبی نەبردایە، دەیتوانی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ کورد درووست بکات، بەڵام بەداخەوە ئەو کاتەش و ئێستاش خەڵکی بەتوانا لە ھەموو بوارەکاندا لەو وڵاتە جێگەی نەبۆتەوەو ناشبێتەوە، ئەو خۆشەویستی نیشتیمانی تێکەڵ کردبوو بە ئایین، بە زانست و فەلسەفەی بوون ئەو شینەی ئەو لە غەریبیدا بۆ کوردستانی کردووە، "نەی" نەیکردووە، پەنا دەبا بۆ ھاوڕێ و ڕەفیقەکانی لەم ھۆنراوەیەدا دەڵێت " ئەی ڕەفیقان بێنە فریام چاری ئەم بێچارەکەن - نوقمی لیتەی دەردی دووری تێی چەقیم سەر تا بەدەن،".
وایان دەرپەڕاند لە وڵات لە ترسی ئەو توانا گەورەیەی گۆڕ غەریبیان کرد، پاشان دەڵێت دڵ سوتاو و جەرگ بڕاو کۆڵان بەکۆڵان دەر بەدەر کەس بە دەردی من نەچێ دوورکەوتنەوەی یارو دیار.

دیبلۆماتیك: ئایا ھیچ بەرھەمێکی ئایینیت پێشکەش کردووە؟

خالید ڕەشید: بەڵێ سروودی یا ئیلاھی کە ھۆنراوەو ئاوازی خۆمە.

دیبلۆماتیك: پێوەری جەنابت بۆ ھەڵبژاردن و دیاریکردنی ئەو ھۆنراوانەی دەیانکەیتە گۆرانی چییە؟

خالید ڕەشید: کە لەگەڵ بۆچون و ژیانی خۆمدا بگونجێت، ئەو کاتە دەیکەمە گۆرانی.

دیبلۆماتیك: زیاتر حەز بە ھۆنراوەی چ شاعیرێک دەکەیت بیکەیت بە گۆرانی؟

خالید ڕەشید: ئەو شاعیرانەی کە ئاواز ھەیە لە شیعرەکانیاندا.

دیبلۆماتیك: تۆ گۆرانی بۆ کێ دەڵێیت، بۆ خۆت، بۆ گوێگرەکانت، بۆ میللەتەکەت؟

خالید ڕەشید: بۆ خۆم و بۆ ئەوانەی کە دەزانن جیاوازی نێوان تەقلیدو بەرھەم چیە؟ بۆ ئەوانەی کە ڕاستگۆن لەگەڵ ھەستی خۆیان، ئەوانەی کەجیاوازی دەکەن لەنێوان ئاڵۆش‌و عەشقدا.


دیبلۆماتیك: زۆربەی زۆری ھونەرمەندانی ئێمە گۆرانی بەسەر ئافرەت و جەستەی ئافرەتدا دەڵێن، ئەم پەتایە تا چەند خالید ڕەشیدی گرتۆتەوە؟

خالید ڕەشید: من گۆرانی بەسەر سنگ و بەرۆک و پاو پوزی ئافرەتدا ناڵێم، بەڵکو بەسەر گرنگی و بەرز ڕاگرتنی، وەکو دیاریەکی بە بەھای خودا بۆ مرۆڤایەتی، ڕەنگە گەر ئافرەت نەبوایە گۆرانیش وجودی نەدەبوو، چونکە بولبول تا گوڵ نەبینێ ناخوێنێت.

دیبلۆماتیك: ڕۆژانە بە چییەوە سەرقاڵن و کاتەکانتان بە چییەوە بەسەر دەبەن؟

خالید ڕەشید: رۆژانە ھەم کاری ماڵ و مناڵ، ھەم کار بۆ بژێوی ژیان.

دیبلۆماتیك: کاتێک خێزانت ھێنا، دەتتوانی بیکەی بە موسڵمان و دەتتوانی لەسەر شەریعەتی ئیسلام مارەی بکەی، بەڵام خۆت نەتویست، بۆچی و ھۆکارەکەی چی بوو.؟!

خالید ڕەشید: من پێموایە باوەڕ ھێنان کارێکی ئیختیارییەو مرۆڤ دەبێت بۆ خۆی ئەو کارە بکات نەک بەتەکلیف، پاشان ئەمڕۆ ئێمە کێشەی ئەوەمان نیە کە ژمارەی موسڵمانان زیاد بکەین، چونکە لە ملیارد تێپەڕی کردووە، ھیچ ئایینێک لە دونیادا ھێندە نابن بە ژمارە، کێشەکەمان زیاد کردنی موسڵمان نییە، بەڵکو زیاد کردنی ویژدان و ئیمان و دەستپاکی و ڕاستگۆییە، وەک چۆن کەس ناتوانێت ئایین بە من بگۆڕێت، ئایین بە ھیچ کەسیش ناگۆڕم، چونکە لەکۆتاییدا ئێمەش و ئەوانیش ھەر بەندەی یەک خوداین.

دیبلۆماتیك: (پێغەمبەری خۆشەویستی ئەم زەمانەم) لە یەکێک لە گۆرانییەکانتدا بەکار دەھێنیت، مەبەستت لەو دەستەواژەیە چییە؟

خالید ڕەشید: شیعرو گۆرانی دونیایەکن پڕن لە فەنتازیاو خەیاڵ و وڕێنە، با ھێندە بە تەسکی و بچوکی خواو پێغەمبەر (د.خ) نەبینین کە وشەیەک بمانخاتە بیری خراپ. جا ئێمە ھەر دانیشین و ببین بە چاودێر بەسەر یەکەوە، ناکرێ.! دوای ئەوە خۆ بانگەوازی خراپەکاریمان نەکردووە، لەم زەمەنەدا کە ڕق جێگەی ھەموو خۆشەویستی زەمانی زووی گرتۆتەوە، خۆ کوفرم نەکردووە گەر بڵێم پەیامی خۆشەویستیم پێیە. پاشان کردگار ئاگای لەدڵی منیش و ھەموو مەخلوقەکانی خۆیەتی، ئەوە ئەم ھۆکارەیە کە وای کردووە مەمنوعی مەرغوب کردووە، کۆمەڵێک خەڵک کەوتوونەتە ئیھانەکردنی ھەموو پیرۆزیەکانی، چونکە دەزانن کە خەڵکانێک بە بچوکترین قسە دەتوانن ئازار بدەن، بۆیە بە ئارەزووی خۆیان کەوتوونەتە ھێرش کردنە سەر ھەموو پیرۆزیەکانی موسڵمانان.

دیبلۆماتیك: خالید ڕەشید قوتابخانەیەکی نوێی ھونەری کوردییە، کەم کەس ھەیە وەک ئەو بێ، لەھجەی سۆرانی ھۆنراوەکانی دەست دەدا بۆ شیعر یان موکریانی، ئەو زۆربەی جار شیعری شاعیرەکانی موکریان و ئەوانەشی کە ھی ئەوێ نین و بەو لەھجەیە شیعر دەنووسن بەکار دێنێت؟

خالید ڕەشید: من لەھجەی موکریان باش دەزانم، بۆیە ھەندی جار گۆرانیم بەو لەھجەیە وتوە، یا تەنانەت قسەشم بەو لەھجەیە کردووە، لای من ھەر شیعرێک ئاوازی تێدا بێت ھەر لەھجەیەکی زمانی شیرینی کوردی بێت و لەگەڵ ژیانی من بگونجێت بەکاری دەبەم.

دیبلۆماتیك: حالید ڕه‌شید نوێژو ڕۆژووی ھەیە، وە ئایا نێوانی لەگەڵ جگەرەو مەشرووب چۆنە؟
خالید ڕەشید: من تا تەمەنی ھەرزەکاریم نویژو ڕۆژووم دەکرد، بەڵام کە گەیشتمە وڵاتانی غەریبی لەبەر کارو بەدبەختی ئێرە بێجگە لەخەڵوەت لەگەڵ کردگاردا نوێژو ڕۆژوو ناکەم، ھیچ کات مەشروبم نەخواردۆتەوە، بەڵام جار جار جگەرەیەک دەکێشم.

دیبلۆماتیك: پێگەی ئافرەت لە گۆرانییەکانیدا چییەو چ پێگەیەکی بە ئافرەت داوە؟

خالید ڕەشید: پێگەی ئافرەت لەگۆرانیەکانی مندا بەرز ڕاگرتنی ئەو دیاریە جوانەیە کە خودا بەسروشتی بەخشیوە، من گۆرانیم بەسەر گرنگی ئافرەتدا وتوە نەک پاو پوزو سنگیدا، گەر ئافرەت نەبووایە ڕەنگە گۆرانیش وجودی نەبووایە.

دیبلۆماتیك: دەڵێن پارتی و یەکێتی وەک ھەموو بەشەکانی تری ژیان، گۆرانی و ئەدەب و ھونەریشیان شێواندو لاوازیان کرد، ڕای جەنابت چییە لەو بارەیەوە؟

خالید ڕەشید: ئەوەی ئەوان بەھونەری کوردیان کردووە با بە دەواری شڕ، سەرما بە ھەتیوی نەکردووە.


دیبلۆماتیك: تا چەند شاعیری گەورە عه‌بدوڵا پەشێو کاریگەری ھەبووە بەسەر سەرکەوتنەکانتەوە؟

خالید ڕەشید: بەدڵنیاییەوە کاریگەری زۆری ھەبووە لەسەر کارەکانی من، شیعرو گۆرانی تەواوکەری یەکترین، شیعرەکانی پەشێو زۆر کەس بەکاریان ھێناوە، بەڵام نەیانتوانیوە ھەقی خۆی بدەنێ، شیعرەکەیان کردۆتە قوربانی ئاوازەکە، کە ئەمەش غەدرە لەشیعر، بەڵام سوپاس بۆ خوا من گەر شیرینترم نەکردبن، تاڵم نەکردوون.

 

author photo

گروپی گوڵنار، ده‌سته‌یه‌ك گه‌نجی خوێنده‌وارو ڕۆژنامه‌نووسن‌و هه‌رجاره‌و دیدار له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی، یان ڕۆشنبیری،

یان هونه‌ری ئه‌نجام ده‌ده‌ن‌و " دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین" هه‌فتانه‌ یه‌كێك له‌ دیداره‌كانی ئه‌وان بڵاو ده‌كاته‌وه‌