عەتا شێخ حەسەن: پارتی پێشمەرجی بۆ بەشداری لایەنەكان لەكابینەی نوێی حكومەت نییە

"پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت پێویستی بە بەشدار هەیە"

عەتا شێخ حەسەن: پارتی پێشمەرجی بۆ بەشداری لایەنەكان لەكابینەی نوێی حكومەت نییە

1226 خوێندراوەتەوە


راپۆرت: ئازا ئیبراهیم

نزیكەی هەفتەیەك بەسەر راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 30ی ئەیلولی هەرێمی كوردستاندا تێدەپەڕێت، یەكێتی نیشتیمانی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەسەندكرد و هەریەكە لە یەكگرتوی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی، ئەنجامەكە رەتدەكەنەوەو بەهەڵبژاردنێكی "پڕ لە ساختەكاری" ناوی دەبەن، پارتی دیموكراتی كوردستانیش وەك براوەی هەڵبژاردنەكە خۆی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەكات.

 

عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی هەڵەبجەی پارتی ، لەبارەی هەنگاوەكانی حزبەكەی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، دیپلۆماتیك مەگەزین گفتوگۆیەكی لەگەڵ ئەنجامدا.

،،

پارتی وەك براوەی هەڵبژاردن، ئەگەر پێویستی بە هاوبەشیش نەبێت پێویستی بە بەشدار هەیەو لایەنەكان لە كابینەی نوێی حكومەتدا بەشداری پێدەكات

 
لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، بەرپرسەكەی پارتی رایگەیاند، دەنگی خەڵك نەخشە رێگای چوار ساڵی داهاتوی لەهەرێمی كوردستان دروستكردوە.

 
"پارتی وەك براوەی هەڵبژاردن كە ئەركی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی لەئەستۆیە، ئەگەر پێویستی بە هاوبەشیش نەبێت پێویستی بە بەشدار هەیەو لایەنەكان لە كابینەی نوێی حكومەتدا بەشداری پێدەكات و، بۆ ئەمەش پارتی وەك براوەی یەكەم سەردانی لایەنەكان دەست پێدەكات" عەتا شێخ حەسەن وایگووت.

،،

پارتی بە رۆحی مرونەتەوە بەشداری بەلایەنەكان دەكات لەدەسەڵاتدا و بەراورد بە چوار ساڵی رابردوو مرونەتی زیاتر دەنوێنێت

 
ئاماژەی بەوەشدا كە پارتی بە رۆحی مرونەتەوە بەشداری بەلایەنەكان دەكات لەدەسەڵاتدا و بەراورد بە چوار ساڵی رابردوو مرونەتی زیاتر دەنوێنێت، چونكە پارتی كار بۆ رێكخستنەوەی ناو ماڵی كورد دەكات و دۆخی ئێستای هەرێمیش پێویستی بە ئاشتەوایی نیشتیمانی هەیە.

 


"پارتی پێشمەرجی نییە"

 

عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی هەڵەبجەی پارتی ، سەرباری جەختكردنەوە لە ویستی پارتی بۆ بەشداری پێكردنی لایەنەكان لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە "پارتی پێشمەرجی بۆ بەشداری لایەنەكان لەكابینەی نوێی حكومەتدا نیە و رێز لە ئیرادەی دەنگدەری كوردستان دەگرێت".

 

 

،،

سەرۆك كۆماری عێراق لە بەندوباوی گوماناویدا هەڵبژێردراو ئەمەش وایكرد رێككەوتنی سیاسی لەهەرێم؛ لە عێراقەوە بشكێنرێت

 

 
پۆستی سەرۆك كۆمار و كاریگەری لەسەر هەرێم

 
وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی هەڵەبجەی پارتی ، لەبارەی پرسی دانانی سەرۆك كۆماری عێراق و كاریگەری لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم رایگەیاند "پرسی دانانی سەرۆككۆمار كاریگەری سلبی لەسەر ئیرادەی خەڵكی كوردستان دروستكرد و دەبوایە ئەو پرسە لە دەنگدانی فراكسیۆنە كوردیەكاندا یەكلایی بكرایەتەوە".

 

عەتا شێخ حەسەن دەڵێت "سەرۆك كۆماری عێراق لە بەندوباوی گوماناویدا هەڵبژێردراو ئەمەش وایكرد رێككەوتنی سیاسی لەهەرێم؛ لە عێراقەوە بشكێنرێت".

 

پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 30ی ئەیلولی هەرێمی كوردستاندا، بە بەدەستهێنانی 688 هەزار و 75 دەنگ، بووە خاوەنی 45 كورسی پەرلەمانی كوردستان و براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكە.