هۆشیار حەمە فەرەج: زۆرجار خەیاڵی وازهێنان لە گۆرانی یەخەم دەگرێ

جیلێك درووستبووە، حەزیان لە دەنگی ئێمە نییەو گۆرانی ئارام شەیداو گۆرانی ئینزیباتیان پێخۆشە

هۆشیار حەمە فەرەج: زۆرجار خەیاڵی وازهێنان لە گۆرانی یەخەم دەگرێ

1139 خوێندراوەتەوە

هۆشیار حەمە فەرەج، ئەو دەنگە دڵنشینەی کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە کایەی هونەری گۆرانی وتندا بۆ گوێگرانی گۆرانی لە کوردستاندا ناوێكی ئاشنایە.

ئەو لەم چاوپێکەوتنەی "دیپلۆماتیک مەگەزین"دا، باس لە ئەزموونی هونەریی خۆی دەکات.

 

  
دیبلۆماتیك: هۆشیار حەمە فەرەج کێیە؟


هۆشیار حەمە فەرەج: من هوشیار حمەفەرەج لە هەڵەبجە لەساڵی ١٩٦٠ بە دنیا هاتووم, لەسەرەتاكانی ١٩٨٠وە دەستم بەكاری هونەری كردووە.


دیبلۆماتیك: سەرەتای چوونە ناو دونیای هونەر و گۆرانی چۆن‌و بەهۆی کێوە بوو؟ کەی بوو؟


هۆشیار حەمە فەرەج: سەرەتای كاری هونەریم بە گۆرانیەكی حەسەن زیرەك بوو لە ئاهەنگی ساڵانەی تیپی مۆسیقای شنروێ، ئەو كات برای ئازیزم كاكە ئازاد ساڵح ناردی بەدوامدا بۆ ئەوەی دەنگم تاقیكاتەوە، پاش ئەوە وتی پێمان خۆشە بەردەوام بی لە گەڵماندا لەو ڕۆژەوە بە هیمەتی كاك ئازادو توانای خۆم بۆ ئاوازدانان تا ئێستاش بەردەوامم.


دیبلۆماتیك: هۆنراوەی گۆرانیەکانت هی کێن؟ ئەو شاعیرانە کێن هۆنراوەکانیانت کردووە بە گۆرانی؟


هۆشیار حەمە فەرەج: هۆنراوەی گۆرانیەكانم زۆربەی هی برای ئازیزم كاكە "ئیسماعیل خورماڵیە" وە شاعیرانیتر وەك "محەمەد كەساس"و"ڕەفیق سابیر"و "هێمن لەتیف"و "سەلاحە ڕەش"و هەندێكیتر، لەمدوایەشدا هۆنراوەی ناتیق و ئەحمەد موختارجافم كردە گۆرانی، بەهیوام توانیبێتم ڕێزێك لە هۆنراوەكانیانم نابێ بە گۆرانی.


دیبلۆماتیك: پێوەری تۆ بۆ هەڵبژاردنی هۆنراوەیەک بۆ گۆرانی چیە؟


هۆشیار حەمە فەرەج: هۆنراوەی گۆرانی دەبێ وشەكانی سادەبن لە بابەتێ بدوێ سەرەتاو كۆتایی هەبێت، زوو بچێتە سەر زمانی گوێگر، لەبیری خەڵكدا بمێنێتەوە، من شەرتم نیە بۆ شیعر، چونكە شیعر خۆی ئاوازی خۆی پێیە، خۆی بانگت ئەكات كە بیكەی بە ئاوازو گۆرانی.


دیبلۆماتیك: وەک هاوشاریەکی هەڵەبجە، هیچ گۆرانیەکت بۆ کارەساتی هەڵەبجە وتووە؟ ئەگەر نەتوتووە بۆچی؟


هۆشیار حەمە فەرەج: وەك هاوشاریەكی هەڵەبجەو یەكێ لەشاهیدەكانی ئەو ڕۆژە زۆر گۆرانی شین ئامێزم بۆ وتووە، یەكەم ئاوازم دوای كەژاڵ حەسیب قەراخی بۆ هەڵەبجە وتووە بە ناوی هەڵەبشیما، لەساڵی١٩٩١ئەوكات تۆمارم كرد بۆ تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان، پاشان گۆرانی دێوانەم بۆ هەڵەبجە وت‌و گۆرانی شەهیدو ئەم مەڵبەندەو پاشان لە ١٩٩٥ەوە من لە مێدیا تیڤی لە برۆكسل ساڵانە بەشداری ئەو یادە بوم‌و ئاوازی نوێم بۆ وتووە، بەڵام سەدان گۆرانی تریشی بۆ بڵێم هێشتا هیچم نەوتووە بۆ ئەو ڕۆژە ڕەشە.


دیبلۆماتیك: ڕاتان چیە، لەبارەی ئەوەی کە ماف و بەرهەمی هونەرمەندان، ئەگەرچی ساڵی ۲۰۱۲ لە پەڕلەمان یاسای بۆ دەکراوە بەڵام پارێزراو نیە؟


هۆشیار حەمە فەرەج: مافی هونەرمەند لای ئێمە بە هیچ جۆرێ وجودی نیە، ئەوەی یاسایەی پەرلەمانیش بڕیارێكەو هیچی تر، من سیدیم تۆمار كردوە پاش هەفتەیەك لە بازاڕدا دانراوە بە نرخێكی هەرزان بێئەوەی كەس هەواڵی نوسخە ئۆرجیناڵەكە بپرسێ، هەمو هونەرمەندانی دنیا لەسەر هونەرەكەیان ئەژین. لای ئێمە ئەبێ لە دەمی ماڵومنداڵ بگریتەوە بۆ بەرهەمێك


دیبلۆماتیك: گۆرانی و هونەر چی پێ بەخشیت؟


هۆشیار حەمە فەرەج: گۆرانی وەك مادە هیچی بە من نەبەخشیوە، گلەیش ناكەم چونكە من هەرگیز گۆرانیم بۆ پارە نەوتووە، حەزێكی خۆمە بۆ گۆرانی، بەڵام جوانترین سەرەوەت كە گۆرانی بە منی بەخشی خۆشەویستی خەڵكی شارەكەم‌و كوردستانە بە گشتی.


دیبلۆماتیك: ئەزمونکردنی ژیانی تاراوگە چۆن بوو بۆت؟ بۆ ژیانی ڕۆژانەتان، بۆ هونەرەکەتان؟ چ گۆرانیەکتان تەعبیرە لە دۆخی ژیانی تاراوگە؟


هۆشیار حەمە فەرەج: غەریبی شتێكە بڕواناكەم كەس پێی ڕابێت، لەنێوانی دو ژیاندا بۆ هونەرمەند سەختە لەوێ لە كوردستان بۆ من هەمیشە لەناو هونەردام لێرە سەرقاڵی شتی تری، گۆرانی سەفەر دێر بە دێری هەست‌و ئیحساسی خۆمە گەر گوێ بدەیتە دوا دێڕی دەڵێم . لە هەركوێ بی تۆ لە دڵمای. بەقەد زەڵمێ بە گریانم.



دیبلۆماتیك: لە هونەرمەندە گۆرانیبێژەکانی کۆندا، حەز بە دەنگی کێ دەکەیت؟ ئەی لە جیلی تازەدا حەز بە دەنگی کێ دەکەیت؟


هۆشیار حەمە فەرەج: لەكۆنەكان نمونەی بەرز لای من حەسەن زیرەك خاوەنی جوانترین دەنگ‌و ڕەسەنترین ئاوازی كوردیە، نمونەشی نابێتەوە تازەكان زۆرن دەنگیان زۆر باشە، نامەوێ ناوی كەس بڵێم هونەرمەند ی باشمان زۆرن.


دیبلۆماتیك: دەوترێت، لە ئێستادا جۆرێک لە فەوزا دۆخی هونەری کوردی گرتۆتەوە، ئەو دۆخە فەوزەویە، بەرهەمی چیە؟


هۆشیار حەمە فەرەج: ئەو دۆخە فەوزایەی باس دەكرێ پەیوەندی بە ئازادیەوە هەیەو دنیاكەی جاران نییە هونەرمەند قەتیس كەی لە تیپداو نەیەڵی بجوڵێ، جیلێك دروست بوە حەزیان بە دەنگی ئێمە نییە، گۆرانی ئارام شەیداو گۆرانی ئینزباتیان پێ خۆشە ئەوانیش ئازادن حەزیان بە دەنگی كێیە.


دیبلۆماتیك: هۆنراوە، ئاواز، دەنگ، کامیان نەمری دەبەخشێتە بەرهەمێکی هونەریی "گۆرانی"؟


هۆشیار حەمە فەرەج: بەرهەمێكی هونەری سەركەوتوو بە دەنگێكی خۆش‌و ئاوازێكی سەركەوتوو هۆنراوەیەكی جوان دەبێتە كارێكی جوان، یەكێ لەم سیانە نوقسان بێ، گۆرانیەكە لەنگ ئەبێ.


دیبلۆماتیك: وشەکانی (دایک، نیشتیمان، عەشق، هەڵەبجە) بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟


هۆشیار حەمە فەرەج: كە دور ئەكەویتەوە لە نیشتمان ئاگری غەڕیبی نیشتمان ئەتكوژێ كە ئەگەڕێیتەوە حەزئەكەی خاكو خۆڵی ماچ كەی. دایك هیچ خۆشەویستیەك ناگاتە دامێنی كراسەكەی دایك، عەشق جوانترین سوتانە كە خۆت حەزت بەو سوتانەیە، هەڵەبجەجوانترین شوێنی دنیا لامن لانكەی شیرینترین یادگاریەكانم.


دیبلۆماتیك: تیپی مۆسیقای شنروێ بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟


هۆشیار حەمە فەرەج: تیپی مۆسیقای شنروێی هەڵەبجە، شوینی دنیایەك ئاوازو گۆرانی ماڵی هونەری من‌و لە پەنجەرەی شنروێوە دەنگم گەیاندە كوردستان.


دیبلۆماتیك: وەک دەڵێن: گۆرانی "سەفەرێکم هاتۆتەڕێ" لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە ئەسینا لە ڕێگەی هەندەراندا، بڕیاری وتنیت داوە. ئایا ئێستاش دۆخەکە پێویستی بە وتنی گۆرانیەکی هاوشێوە نیە؟بە هۆی بەردەوامی دیاردەی کۆچەوە؟


هۆشیار حەمە فەرەج: گۆرانی سەفەر لە ڕۆژێكدا وتراوە كۆچی كوردان زۆر زۆر بوو، یەكێكیان خۆم بووم، بڕوا ناكەم جارێكی تر بتوانم كارێكی تری وا بكەم ئەو ئیحساسە یەك جار ئەوترێ.

دیبلۆماتیك: دوای ئەلبوومی"کانی شێخ" بەنیازی بەرهەمهێنانی بەرهەمی تازە، هەن؟


هۆشیار حەمە فەرەج: بەڵێ هەندێ بەرهەمم هەن، بەڵام كاتی ئەوێ هەر چەندە زۆرجار خەیاڵی واز هێنانم لە گۆرانی یەخەم دەگرێ، بزانم كەی ئەم هەواڵە دەكەم بە ڕاست‌و ڕێگا چۆڵ ئەكەین بۆ دەنگی تازەو هونەرمەندی نوێ.

 

author photo

 بەکالۆریۆس لە زمانی کوردی، ئەزمونی شەش ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی لە میدیای نوسرا و بیستراودا