ئارام قادر: لەکۆنگرەی گشتیدا سەرۆك هەڵدەبژێرین

دەتوانین قەرەبووی زەرەری ڕۆشتنی دكتۆر بەرهەم بكەینەوە

ئارام قادر: لەکۆنگرەی گشتیدا سەرۆك هەڵدەبژێرین

1391 خوێندراوەتەوە

دیداری، عەلی عەبدولسەمەد

  

دیپلۆماتیك: سەرەتا با لەو پرسیارەوە دەست پێبكەین، هاوپەیمانی بەكوێ دەگات؟

 

ئارام قادر: هاوپەیمانی بزاڤێكی كۆمەڵایەتی مەدەنییە، پڕۆژەیەكە دەیەوێت ئایدۆلۆژیا، پاشخانی سیاسی و جواگرافی تێبپەڕێنێت، دەیەوێت ببێت بە سەكۆیەك بۆ كۆكردنەوەی هەموو ئایدیاو بیرو باوەڕو پاشخانە سیاسیە جیاوازەكان.

 
هەر لەسەرەتایی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیەوە ئێمە ویستومانە، هاوپەیمانی، نەریت و تێڕوانینێكی تازەبێت لەكاری سیاسی، لەم سۆنگەیەوە هاوپەیمانی پەیوەست نییە بە تاكێكەوە، به كه سایەتی و گروپێكەوە، پڕۆژەیەكەو ئێمە لەدەوری ئەو پڕۆژەیە كۆبووینەتەوە، هاوپەیمانی بەردەوام دەبێت، لەبەر ئەوەی كە كوردستان پێویستی بەو پڕۆژەیەیە.

 

دیپلۆماتیك: لەدوایی دەست لەكاركێشانەوەی بەرهەم ساڵحەوە، ئێستا كێ سەرۆكایەتی هاوپەیمانی دەكات؟

 
ئارام قادر: ئێمە لەداهاتوویەكی نزیكدا، كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان دەكەین، پەیڕەو پڕۆگرام ھە موار دە كەین، لەكۆنگرەی گشتیدا سەرۆك هەڵدەبژێردرێت، ئیتر سەرۆكێك، یان دەستەیەكی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێردرێت، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕای هاودیدان، دەبێت ئەوان سەرپشكبن لەوەی كە چی میكانیزمێك دیاریدەكەن.

 

دیپلۆماتیك: دەست لەكاركێشانەوەی دكتۆر بەرهەم، تا چەند بووە زیان بۆ هاوپەیمانی؟

 

ئارام قادر: نەك، دكتۆر بەرهەم، بەڵكو هەر هاودیدێك كە دوور دەكەوێتەوە لە ڕیزەكانمان، نیگەرانمان دەكات، زیانیشمان پێ دەگەیەنێت، ئەمە شتێكی واقیعیە، بەڵام ئێمە دەتوانین، ئەو زیانە قەرەبوو بكەینەوە، دەتوانین ڕووبەڕووی ئەو كێشەیە بوەستینەوەو بە شێوەیەكی باشترو چالاكتر لە ڕابووردوو بەردەوام بین.

 

 دەست لەكاركێشانەوەكەی زیانبووە، بەڵام ئێمە قەرەبووی ئەو زیانە دەكەینەوە، دەتوانین بە هیمەت و ئیرادەی هاودیدانمان، بە شێوەیەكی باشتر كار بكەین.

 

دیپلۆماتیك: هێزی سیاسی پێوویستی، بە ماددەو میدیا هەیە، ئێوە وەك هاوپەیمانی، دەتوانن ئەم دوو پێویستیە پڕ بكەنەوە؟

 
ئارام قادر: بنەمای سەرەكی سیاسەت بە ئیرادە دەبینم، ئەگەر ئیرادە هەبێت، توانای مرۆڤ‌و بڕوای مرۆڤ بەخۆیی، دەتوانێت، میدیاش بە دەست بهێنێت و ماددەش بە دەست بهێنێت.

 

بنەمای سەرەكی هەموو ڕەوتێكی سیاسی ئیرادەی مرۆڤەكانە، ئیرادەو بڕوای هاودیدانی هاوپەیمانی بە خۆیان و پڕۆژەكەیان،، دەبێتە هۆی ئەوەی كە لە ئایندەیەكی نزیكدا، بتوانین ئێمە، كاری خۆمان ڕێكبخەینەوەو بەهەمان شێوەیش بتوانین، میدیاو خەرجیش بەدەست بهێنین.

 

دیپلۆماتیك: باس لەوە دەكرێت، هەندێك لە ئەندامانی هاوپەیمانی، بەتایبەتی ئەوانەی كە پێشتر لەیەكێتیەوە هاتبوونەوە ناو هاوپەیمانیەوە، بەنیازن لە بەغداد لەلایی دكتۆر بەرهەم پۆست و بەرپرسیارێتیان پێبدرێت، شتێكی واهەیە؟

،،

ئەوەی كە یەكێتیە و دەڕوات لەگەڵ، كاك، دكتۆر بەرهەم، دایانمەزرێنێت، ئەوە ماف و ئەركی سەرشانی خۆیانە، هیچ پەیوەندیكی بەئێمەوە نییە.

 

 
ئارام قادر: ئەوە پڕوپاگەندەیەو هیچ بەرنامەیەكی وامان نییە، ئەوەی كە یەكێتیە و دەڕوات لەگەڵ، كاك، دكتۆر بەرهەم، دایانمەزرێنێت، ئەوە ماف و ئەركی سەرشانی خۆیانە، هیچ پەیوەندیكی بەئێمەوە نییە.

 

دیپلۆماتیك: لەدوایی دەست لەكاركێشانەوەی دكتۆر بەرهەم، كەسی دیكە دەستی لەكاركێشاوەتەوە؟

 
ئارام قادر: ئێمە نۆزدەی مانگ، بەیاننامەكەمان بڵاوكردەوە، كە دەست لەكاركێشانەوەی دكتۆر بەرهەمی تێدا راگەێنرا،،ئەوەمان ئاماژە پێكرد تەنها دكتۆر بەرهەم نییە، بەڵكو دكتۆر بەرهەم وھەندێك لەهەڤاڵەكانێتی، ئەو هەڤاڵانە بەشێكیان ڕۆیشتوون و بەشێكی دیكەشیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە نێو ڕیزەكانی یەكێتی نیشتیمانی، ئێمەیش ڕێز لەویست و ئیرادەیان دەگرین.

 

دیپلۆماتیك: دەنگی ئۆپۆزسیۆن دابەزینێكی بەرچاویی بەخۆیەوە بینەوە، ئێوە هۆكاری دابەزینی ئەم دەنگانە بۆ چی دەگەڕێننەوە؟

 
ئارام قادر: بەداخەوە، ئێمە وەك هاوپەیمانی، پێش ئەوەی كە هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدرێت، ئێمە پێشبینی ئەمەمان كردو ڕاستەوخۆ بە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوویی ئیسلامیمان ڕاگەیاند، كە كارەساتیكی گەورە لەم هەڵبژاردنەدا ڕوو دەدات كە ئەویش، تێكشكاندنی ئۆپۆزیسیۆنە، كەمكردنەوەی دەنگەكانی ئۆپۆزسیۆن و زیادبوونی دەنگەكانی حیزبی دەسەلاتدارە.

 

ئیمە داوامانكرد كە بەیەكەوە بایكۆت بكەین، پێشتریش ڕامانگەیاند كەبا بەیەك لیست بەشداری بكەین، بەڵام بەداخەوە نەكراو ئەوەی كە ڕوویداوە لایی ئێمە پێشبینیكراوبوو.

 

ئەوەیشی كە ڕوویداوە گۆڕانكارییەكی مەترسیداری جوگرافیایی سیاسی هەریمی كوردستانە، پێویستە هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن، پێداچوونەوە بكەن و لۆمە نەكەنە سەر حیزبەكانی دەسەڵات.

 

،،

هەرێمی كوردستان، ڕۆژ بەڕۆژ لە پاشەكشێیەكی مەترسیرداردایە، لەڕوویی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە.

 

 

پێوویستە پێدا چوونەوە بكەن، بەبەرنامە و بەهەنگاوە سیاسیەكانیاندا، بۆ ئەوەی كە هەموومان بتوانین گۆڕانكاری و بونیاتنانەوە لەكوردستاندا بەئەنجام بگەیەنین، چونكە بەپێچەوانەوە هەرێمی كوردستان، ڕۆژ بەڕۆژ لە پاشەكشێیەكی مەترسیرداردایە، لەڕوویی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە.

 

دیپلۆماتیك: هۆكاری بەشدار نەبوونتان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكاندا بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

 
ئارام قادر: بۆ تەزویرو ساختەكاری، چونكە پێشبینمان دەكرد، كە تەزویر و ساختەكاریەكی زۆر زۆر دەكرێت، وە ئێمە یاداشتێكمان پێشكەش بە
كۆمیسیۆن كرد، دواكاریمان كرد كە گۆڕانكاری لە كۆمەڵێك ڕێنمایی و یاساكانی كۆمیسیۆندا بكرێت، داوامانكرد كە پێویستە تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە لەو دەنگە زیادانەی كە هەیە، بەلام بەداخەوە كۆمیسیۆن وەڵامێكی ئیجابی نەبوو، بۆیە، باشترین هەڵوێست ئەوەبوو كە بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بكەین.

 

دیپلۆماتیك: ئەو دوو ئەندام پەڕلەمانەی هاوپەیمانی كە لە پەڕلەمانی عێراقن وەك هاوپەیمانی مامەڵە دەكەن؟

 
ئارام قادر: ئەوان فراكسیۆنی هاوپەیمانین و پەیوەستن بە هاوپەیمانییەوە، چونكە ئەوان بە دەنگی هاودیدەكانیان گەشتونەتە پەرلەمانی عیراق.

 

دیپلۆماتیك: هۆكاری چەقبەستوویی هێزە ئیسلامییەكان بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟

 

ئارام قادر: تەنها بۆ ئەوەی دەگەڕێنمەوە كە پێویستە میكانیزمی كاری سیاسیان بگۆڕن، چونكە قۆناغی حیزبی ئیسلامی سیاسی بەرەو كۆتایی بوون دەڕوات.

 

author photo