عەلی كەریمی: كاك نەوشیروان لەژێرفشاری هاوڕێكانیدا بزوتنەوەی گۆڕانی كرد بە حیزب

کاک نەوشیروان بۆنی مەرگی خۆی کردبوو، بۆیە ھیچی نەکردو نائومێد بوو بوو

عەلی كەریمی: كاك نەوشیروان لەژێرفشاری هاوڕێكانیدا بزوتنەوەی گۆڕانی كرد بە حیزب

2033 خوێندراوەتەوە

عەلی کەریمی، نووسەرو سیاسەتمەداری ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەم دیدارەدا كە گروپی گوڵنار لەگەڵیدا سازیان داوە، باس لە شۆڕش‌و خەباتی کوردو سەرکردەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەکات‌و ئاماژە بە ھۆکارەکانی ئاوارەبوونی‌و گیرسانەوەی لەباشوورو نزیکی‌و لایەنگرێتی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان‌و سەرسامی بە نەوشیروان مستەفا دەكات.

 

دیبلۆماتیك: کورتەیەک لە پرۆفایلی خۆت باسبكە؟

عەلی کەریمی: من نەوەی ئاخرو ئۆخرەکانی دووەمی کۆماری مھاباد بووم، لە مھاباد لە دایک بووم، ھەر لەوێش خوێندوومە، بۆ خوێندنی دواناوەندی چوومەتە شاری تەورێز، ساڵی ٧٥ کە ئاشبەتاڵی باشوور کرا، زۆر زۆر لەسەرمان کەوت، زۆر کاریگەرو خەفەتبار بووین، کوردێکی زۆری باشوورھاتنە سەقزو مھابادو بۆکان، ئەوەش تێکەڵاوییەکی زۆری لەنێوان ئێمەو نوخبەی ڕۆشنبیری باشوور درووست کرد.


دواتر، ئێمە کۆمەڵێک گەنجی شاری مھاباد بووین، ھەوڵێکی زۆرماندا کە پەیوەندییەک درووست بکەین لە نێوان خۆمان‌و قەندیل، چونکە بەڕاستی ئاشبەتاڵ وەک ئەوە وابوو کە دەرپێی کوردی ھاتبێتە خوارێ.! ئێمە وەک تاکی کورد زۆر زۆر پێی شکاین، شکستبوو بە مانای وشە! شکستێکی پیس‌و گەورە بوو، بەتایبەت کە دەماندی بنەماڵەی مەلا مستەفا لە کەرەج لە ڤێلاو خۆشتترین شوێندا دەژین‌و دەھاتن و دەچوون! منداڵەکانیان لە باشترین خوێندنگەی کەرەج‌و تاران دەخوێنن، منداڵی ھەژاری بارزانییەکانی تر، یا ھەر کوردێکی باشوور لە شارە بێ خزمەتەکانی تەورێزو شیرازو ئیسفەھان لەسەر جادە کەوتوون‌و تەنانەت خەڵکی بێویژدان و شۆفێر تەکسی (تەحدایان) لێدەکەن، شۆفێر تەکسی دەوەستا بۆ ژنی ھەژاری کوردەکان!.


ئێمە لەسەر شیعرەکانی (ھەژارو گۆران و ھێمن و پیرەمێردو بێکەس‌و حاجی قادری کۆیی) فێری کوردایەتی بووبووین‌و لەو ڕێگەیەوە کوردایەتی ھاتبووە ناو ئێمە، بەتایبەت زۆر لە مێژ نەبوو کە ساڵی ٦٧ کە سەرکردەکانی ڕۆژھەڵات وەک (کاک سولێمانی موعینی و ئیسماعیلی شەریف زادەو مەلا ئاوارە)و زۆر تریش بە دەستی مەلا موستەفا کوژرابوون، وە زۆر سەرکردەی تریش تەسلیمی ئێران کرابوونەوە، ئەمانە ھەموو بۆ ئێمە بووبوون بە کۆمەڵێک کێشەو گرێی گەورە، وە کۆمەڵێک ئەجێندا لە مێشکماندا گینگڵی دەدا، بۆیە ئێمە زۆرتر بەرەو چەپبوون دەڕۆشتین، بەرەو مارکسییەت ڕۆشتین، لەو کاتەدا سۆڤیەتیش مافی گەلانی نەپاراست، لینین درۆی کرد کە بەڵێنیدا پشتی گەلانی چەوساوە بگرێ، پشتی قازی موحەممەدو شێخ مەحموودی چۆڵکرد، بەرگرییەکی لە گەلانی بندەست نەکرد، وە دەمانزانی سۆڤیەتیش خەریکی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی، بە کورتییەکەی سۆڤیەتیشمان کرد بە سۆشیال ئیمپریالیزم، لە ناچاری و بێکەسیدا ڕوومان کردە ماوتسیتۆنگ.! کە تازە شۆڕشێکی سەرکەوتووی جوتیاری ئەنجامدابوو، ئینقلاب و شۆڕشی فەرھەنگی کرد لە چیندا، نەشماندەزانی ئەو شۆڕشە فەرھەنگیە بە ملیۆن – ملیۆن خەڵکی کوشتووە، بەڵام ئەو دەمە ئێمە پێمانوابوو کە شۆڕشەکەی (ماو) لە ئێمە نزیکە.! شۆڕشەکەی (ماو) لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی دەگونجێت، بۆیە زۆرێکمان کە ڕقمان لە حیزبی شیوعی‌و حیزبی تودەی ئێران و سۆڤییەت بوو، پێمان ئیمپریالیزم بوون، بۆیە خێرا ڕووگەمان گۆڕی‌و ڕوومان کردە چین‌و بووینە (ماویست)، وە لەباری مارکسییەوە (مارکس)مان قبووڵ بوو، (لینین)مان قبووڵ بوو، پێمانوابوو دوای ئەوان (ستالین) بەرەو دواکەوتوویی بردووە، بەڵام لامان وابوو (ماوتسی تۆنگ) مارکسییەتی ھێنایەوە سەر چۆکی خۆی، وە شۆڕشی جوتیاری کرد، کە ئێمە پێمانوابوو کوردستان وڵاتێکی موستەعمەرەی فیئۆدالییە، وە فیئۆدال ئێستاش لە کوردستاندا ھەیە، کەواتە پرۆلیتاریامان نییە، کەوایە شۆڕشی پیشەسازی و سەنعەتی بۆ ئێمە دەست نادا، بۆیە گوتمان ئەوەی (ماو) نموونەیەکی زۆر باشە بۆ ئێمە، پێمانوابوو ئێمە لە (ماو) نزیکترین تا لە (خرۆشۆف و بریجنێف) و ئەوانیتر، ھەر ئەوەش وایکرد لە کۆتایی شەستەکان ڕێکخراوێک بەناوی (کۆمەڵەی مارکسی لینینی – بیری ماوتسیتۆنگ) بەسەرپەرشتی کاک ئارام و کاک سالارو کاک شەھاب و کاک نەوشیروان دابمەزرێت، بەڵام لە ئەسڵدا ماکەکە ھی خودی مام جەلال بوو، داینەمۆی سەرەکی ڕێکخراوەکە مام جەلال بوو، دوای ئەویش گەنجە ڕۆشنبیرەکانی سلێمانی بوون، وەک نەوشیروان و شازاد سائیب و ڕەفعەتی مەلاو مەحموودی مەلا عیززەت و شاسوار جەلال و شێخ شەھاب و ھیتر، وە لە ٦٨دا گۆڤارێکیان دەرکرد بەناوی (ڕزگاریی). ئەو گۆڤارە خەتی (ماو)ی بڵاودەکردەوە لەنێو گەنجەکاندا.

دیبلۆماتیك: جەنابت ئاشبەتاڵی شۆڕشی ئەیلول زۆر بە گەورەو ناشیرین ناو دەبەیت، نەدەکرا سەرکردایەتی کورد ڕێگری لەو ئاشبەتاڵە بگرێ.؟

عەلی کەریمی: حەقیقەت ئەوەیە لە شۆڕشی دەرەبەگایەتیدا ڕێکخراو موئەسەسات جێی نابێتەوە، خانێک، دەرەبەگێک دەبێتە پێشڕەوی شۆڕشەکە، وەک سەردەمی شێخ مەحموود، شێخ عوبەیدوڵا، شێخ سەعید، سەید ڕەزا، سمکۆی شوکاک، تەنانەت قازی موحەممەدیش، ھەرچەندە قازی موحەممەد بە موئەسەسات دەستی بە حیزبێکی مۆدێرن کرد، لەبەر ئەوە ڕۆشنبیری کورد، نوخبەی کورد ھیچ کات بڕوای بە ھێزو بازووی خۆی نەبووە، ھەمیشە ویستوویەتی سەرۆک خێڵێک، سەرۆک عەشیرەتێک پێشەنگی بێت، ھەمیشە ڕۆشنبیری کورد وەک (ڕەفیق حیلمی، جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان موستەفا، برایم ئەحمەد) ئەوانە خۆیان پێ دەمڕووت بووە، گوتویانە دەبێ خانێک لە پشتمان بێ، سەرۆک عەشیرەتێک لە پشتمان بێت، ئێستاشی لەگەڵدا بێت نوخبەیەکی ڕۆشنبیر بچێت خۆی کاندید بکا بیست دەنگی بۆ نایەت، بەڵام فڵانە جاش و موستەشارو فڵانە ئاغا، ھەزاران دەنگ دەھێنێت، ئەمە ھەقیقەتێکە کە کۆمەڵگەی کوردی ئەم ھەنگاوە بوێرانەیەی ھەڵنەگرتووە.
بۆ وەڵامی پرسیارەکەت، تەواوی ھەقیقەتی شۆڕشی ١٩٧٥ بە سەد ھەزار پێشمەرگەوە، بە زیاتر لە دووسەد ملیۆن دۆلاری ئەو کاتەوە، ئەمە تەنھا بە دەست یەک کەسەوە بوو، یەک کەس جووڵەی پێدەکرد، ئەویش مەلا موستەفا بوو، تەنانەت دکتۆر مەحموود لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا زۆر بە باشی باسی دەکا، یەک کەس جورئەتی ئەوەی نەبووە بڵێ مەلا موستەفا پشت چاوت برۆیە، بۆیە شۆڕشەکە لە دەستی ئەو بنەماڵەیەدا بووە، لەگەڵ (شا)ی ئێران ڕێککەوتنیان کردووە کە ئاشبەتاڵ بکەن، ئێستا لێرە ڕیفراندۆمێکی ناسەرکەوتوو کراوە، ئێمە دڵنیاین و دەزانین تەواوی ئەو شتانە لە دەستی یەک دوو کەسدایە، میللەت ئاگای لە ھیچ نییە، بۆیە نەدەکرا ڕێ لەو ئاشبەتاڵە بگیردرێت، بە ھیچ شێوەیەک نەدەکرا، چونکە ھیچ موئەسەساتێک، ھیچ حیزبێکی مۆدێرنی سیاسیی بە ئۆرگانی جیاواز جیاوازەوە کە بتوانێ پێش بە سەرەڕۆیی سەرۆکی جووڵانەوەکە بگرێ، وجوودی نەبوو، نە دکتۆر مەحموود، نە حەبیب محەمەد، نە موحسین دزەیی، نە مام جەلال، نە عەلی عەبدوڵا، نە برایم ئەحمەد، نە عەلی عەسکەری، ئەوانە نەک ھەر نەیانتوانی پێش بە مەلا موستەفا بگرن، بگرە ھیچ دەسەلاتێکیان لە ئاستیدا نەبوو، بۆیە ئەمە بێ ئەملاو ئەولا ئێمە مەجبوور بەوە بووین کە مەلا موستەفا گوتی چەک دانێن، دەبێ چەک دانێین.! گوتی ئاشبەتاڵ تەواو دەبێ ببێ.! ھەرواش بوو ئەو لەفزەی بەکارھێنا، ئەو ئاشبەتاڵە لە پێناو بەرژەوەندی ئێراندا کرا، لە پێناو ئەوەدا کرا کە ئەمریکا ئەوەی پێخۆش بوو، ئیسرائیل پێی خۆش بوو، لەو یاریەشدا (شا)ی ئێران بردییەوە، (شا)ی ئێران لە دێر زەمانەوە تەون و ماڵی جالجاڵۆکەیی درووست کردبوو لەنێو سەرانی کورددا، وە لەناو شۆڕشی ئەیلولدا، شۆڕشی ئەیلول و مەلا موستەفاو کوڕەکانی بەبێ پرس و ڕەزامەندی (ساواک)ی ئێران نەیاندەتوانی ئاوی کانییەکەی خۆشیان بخۆنەوە.! کە شای ئێران گوتی کۆتایی پێ بێنن، مەلا موستەفا ھات لە ڕۆژنامەکانی تاراندا دەینووسی: کاری من تمام شد.! لە ماوەی یەک سەعاتدا مەلا موستەفا گوتی: ئەمن سەربازی (شا)ی ئێرانم، شۆڕشێک کە سەد ھەزار پێشمەرگەی ھەبوو، ئێمە ئاوا چووبووینە ژێر ھەیمەنەی دەوڵەتێکی وەک ئێرانەوە، (شا)ی ئێرانیش ھیچکات کوردی خۆش نەویستووە.
بەڵام گەنجانی ڕۆشنبیرو چەپی سلێمانی توانیان لە ١٩٧٥ بەدواوە شۆرشەکە دروست بکەنەوە، وە چوونە قەندیل، بەڵام بەداخەوە، بەداخەوە لە ١٩٧٨ کە ئێمە تازە بە تازە پەیوەندی و لینکێکمان لە نێوان خۆمان و شۆڕشی نوێدا درووست کردبوو، کارەساتێکی گەورە قەوما ئەویش ئەوە بوو کە زیاتر لە ٨٠٠ پێشمەرگەو سەرکردەی جوان و لێھاتووی یەکێتی نیشتمانی کەوتنە بەردەستی جەللادانی (قیادەی موەقەتە)و کارەساتی (ھەکاری) ڕوویدا، بەڕاستی یەکێتیان لەو سەرەتایەوە بە چۆکدا ھێنایەوە، چونکە دوو لەسەر سێی پێشمەرگەو سەرکردەی یەکێتی لەو کارەساتەدا لەناوچوون.

عەلی کەریمی، نووسەرو سیاسەتمەداری ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دیداریدا لەگەڵ گروپی گوڵنار



دیبلۆماتیك: ھۆکار چییە ئێستا کەمتر دەبینرێیت لەناو ڕاگەیاندن و بڕیاری سیاسیی گۆڕاندا؟

عەلی کەریمی: دوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری دوو سێ ھەڵبژاردنی کوردستان‌و عێراقی کردو، ژمارەیەک کورسی زۆری ھێنا، فشارێکی زۆر خرایە سەر کاک نەوشیروان کە گۆڕان بکا بە حیزب، وە کۆنگرە کرا، من لەگەڵ ئەوە نەبووم بزووتنەوەی گۆڕان ببێتە حیزب، پێموابوو منێکی مارکسی لەگەڵ ئیخوانێک ناتوانم کار بکەم.! ناتوانین شۆڕش بکەین، ناتوانین بزوتنەوە بکەین، ئەمە لەباری ئایدیۆلۆژییەوە. پێموابوو بەبێ ئایدیۆلۆژیا بەرەو شوێنێکی سەقامگیر ناچین، ھەر بزووتنەوە بمێنینەوە باشە، بزوتنەوەیەکی جەماوەری، با مەلاشی تیا بێ، با مارکسیشی تیا بێ، با کۆمۆنیستێکی عەیارە ٢٤یشی تیا بێ، دەتوانرا پاش ئەوەی ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارەمان ھێنایە سەر چۆك‌و ڕووخاندمانن، دەتوانین لەم بزووتنەوە جەماوەرییە حیزبێکی لیبڕاڵ، یا مارکسی، یا ئیخوان درووست ببێ، حیزبێکی چەپ یا ئیسلامیی درووست ببێ، بزووتنەوەکە دەبێ لەوە گەورەتر بێ.

دیبلۆماتیك: پێتوایە بە حیزبیبوونی بزووتنەوەی گۆڕان، بەچۆکدا ھێنانی ئەو دوو حیزبەی دواخست یا ئەو بیرۆکەیەشی مراند.؟

عەلی کەریمی: پێم وایە دوای خست.

دیبلۆماتیك: کەسایەتییەکی شارەزای وەک نەوشیروان موستەفا چۆن کەوتە ژێر ئەو فشارەوە کە بزووتنەوەکەی بکاتە حیزب؟


عەلی کەریمی: ھاوڕێکانی پێیان کرد، بەدڵنیاییەوە پێت دەڵێم.! جارێک بە منی گوت: ئاغا عەلی ڕەفیقەکانت ناھێڵن.! گوتم: کاک نەوشیروان شیعاری بەرەو دەسەڵات بسڕەوە مەیھێڵە.! ھێشتا زووە بۆ ئەو درووشمە، ئێمە دەبێ بەرەو چل کورسی بچین، ئینجا دوایی داوای دەسەڵات بکەین، ئەو قسانەشم ماوە لە سایتی سبەی و شار پرێس‌و لە ئێن ئاڕتی‌و لە لڤیندا، گوتم: کاک نەوشیروان ئەم خولەش ڕاوەستەو بە ئۆپۆزیسیۆن بمێنەوە، ھێشتا بەرھەمەکەمان نەگەییوە، گوتی: ئاغا عەلی بڕۆ بە ڕەفیقەکانت بڵێ و ئەوان ڕازی بکە.! ھەریەکەیان ڕۆژانە بە چاکەت و بۆینباخ و جانتای دیبلۆماسی و (سی ڤی)یەوە دێن بۆلام.! یەکێ قایمقامی دەوێ، یەکێ دەیەوێ بیکەمە وەزیر، یەکێ داوای پەرلەمانتاریم لێ دەکا.! منیش تووڕە بووم (شوعلەخانی خێزانی و چیای کوڕی دانیشتبوون، سەعات یانزەو نیوی شەو بوو) گوتم: کاک نەوشیروان ئێمە گۆڕانمان بۆ ئەم نوخبە توڕڕەھاتەی کە باست کردن درووست کرد، کە بە نیازی پۆست و پایەن، یا بۆ ئەو خەڵکە فەقیرو بێ دەرەتانە؟! چاویان دەرھات بەڕێیان کە.! گوتی: ئاغا عەلی ئەگەر ئێستا تۆ وا بڵێی ھەموویان گردەکە چۆڵ دەکەن.! گوتم با ھەردوو چاویان دەرێ و چۆڵی بکەن.! ھەقیقەت ئەوەیە کە کاک نەوشیروان ماندوو بووبوو.! لەگەڵ ئەوەش شەو و ڕۆژ دەدواو کاری ئەنجام دەدا.! ئێمەش وامان کردبوو وردە وردە کاک نەوشیروان تاقەتی ئەم جەدەل و موناقەشەو بەیاننامە دەرکردنانەی ئێمەی نەمابوو.

 
دیبلۆماتیك: کاک نەوشیروان لەچی ماندوو بووبوو.؟

عەلی کەریمی: لە چەنەبازی ئێمە، لەو ھەموو ڕەخنە گرتنە بێ جێیانە، کاک نەوشیروان ئەوەت خراپ بوو، کاک نەوشیروان نەدەبوو وا بکەی، نەدەبوو وا بڵێی، ھەقیقەت وایە کە ئەم جۆرە سیستەمە دیکتاتۆر دروست دەکا، کاک نەوشیروانیش دەیزانی کە ئەوە بەرەو دیکتاتۆرییەتی دەبا، ئێمەش بووبووینە دوو بەش، بەشێکمان بەردەوام ڕەخنەمان لێدەگرت، بەشێکیشمان ھەر بە شان و باڵیدا ھەڵماندەدا، خەریک بوو دەمانکردە بت و بتمان دروست دەکرد.! کاک نەوشیروان زۆر گەورە بوو، بەڵام پێویستی بەو ماستاوچێتییە نەبوو.! ئێستا ئەگەر بە من بڵێن: لە مێژووی سەد ساڵەی ڕابوردوو کاریگەرترین کەسایەتی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان کێیە.؟! من دەڵێم: ئۆچ ئالان و نەوشیروان موستەفان.! نەک بۆ ئەوەی من عاشقیان بم و چاوم کوێر بێ و بە عەشقەوە بڵێم کاریگەرترن، بەڵێ من نەوشیروان ھاوڕێ و دۆستم بووە، بەڵام ھەقیقەت ئەوەیە کە بە دەست من و تۆ نییە کە کاریگەرترین کەسایەتی کوردین ئەو دووانە.! چونکە شوێنپێیان دیارە، کاک نەوشیروان لە مێژووی کاری نھێنی، مێژووی کاری ڕێکخستن، لە شۆڕشگێڕی، لە خەباتی سیاسیی، لە خەباتی پێشمەرگایەتی، لە ڕیفۆرم کە گەورەترین قۆناغی ژیانی کاک نەوشیروان بوو، مێژووی کاری ڕۆشنبیری‌و ڕۆژنامە، مێژوونووسی، ئەدەبی بوون، کوردیزانی، ئەم پیاوە شوێنپێی دیارە، ھەمووجار بە منی دەگوت: عەلی.! من جارێکی تر جەلالی و مەلایی درووست ناکەمەوە.! کاک نەوشیروان دەیتوانی ساڵی ٢٠٠٦ ئینشیقاق لە یەکێتی بکاو نیوەی ھێزو دەسەڵات و پارەو ناوچە بەرێ بۆ خۆی، ئەو کاتە شەڕی براکوژی سەری ھەڵدەداو جەلالی و مەلایی سەری ھەڵدەدایەوە.! دەیگوت: پەنجا ساڵە کورد بەدەست مەلایی و جەلالییەوە دەناڵێنێ، من جارێکی تر جەلالی و مەلاییەکی تر درووست بکەم.؟! لە حەڤدەی شوبات زۆریان لەگەڵ ھەوڵدا کە کاک نەوشیروان دەبێ ھێزی چەکدار درووست بکەی.! تۆ دەوروبەرت ھەمووی پێشمەرگەی کۆنە (عوسمانی حاجی مەحموودو مام ڕۆستەم و دلاوەرو کێ و کێ).! گوتی: بڕۆن و لێمگەڕێن، بەڵکو درعێکی گەنجانەم بۆ درووست بکەن.! حەڤدەی شوبات کە زێرەڤانی ھاتە سەرمان، خۆم لەوێ بووم، کاک نەوشیروانمان سەعات یەکی شەو بردەوە ماڵ، ئەو ھەموو چەکدارەی کە خۆی بەستبوو و ھاتبوونە گردەکە، گوتی: ھەر ھەمووتان بۆ دەرەوەو بڕۆن ئێرە چۆڵ بکەن.! گوتیان: کاک نەوشیروان ئەوە زێرەڤانی ھاتوونەتە تاسڵوجەو ھەموومان دەکوژن.! گوتی: نەخێر، بانگەوازێک بکەن لە (کەی ئێن ئێن) پەرژینێکی مرۆییانە درووست بکەن.! ئەوەی کە لە ڕابوردوودا کاک عومەری سەید عەلی و ئەوانیش وایانکرد کاتێک گردەکە درایە بەر دەستڕێژی گولە.

 
دیبلۆماتیك: پشکۆ نەجمەدین لە بەراوردی نێوان نەوشیروان موستەفاو جەلال تاڵەبانیدا، دەڵێ: دوای ڕاپەڕین و ھاتنی فیرعەونەکانیش نەوشیروان موستەفا ھەر بە سادەیی مایەوە، ھۆکاری ئەوە چی بوو؟

عەلی کەریمی: زۆر زۆر سادە بوو، کاک نەوشیروان مرۆڤێکی تەواو مەبدەئی بوو، مرۆڤێک بوو کە باوەڕی بە دادپەروەری بوو، ئەوانەی تر کە ھاوڕێی بوون و خۆیان بە دادپەروەرو مەبدەئی دەبینی، درۆیان دەکرد، کاک نەوشیروان نەفسیەتی زۆر بەرز بوو، لە خواردندا ھیچکات نەوسن نەبوو، کە دەچووە ئەورووپا نەیدەگوت منیش وەکو فڵانە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی دەبێ چاکەتەکەم ٦ ھەزار یۆرۆی پێ بدەم.! ھەمیشە قەمسەڵەو پێڵاوێکی سادەی بەکاردەھێنا.. نەیدەگوت سەعاتەکەم ھەر دەبێ ڕۆلێکس بێ، یا پرادۆ بێ، ھیچ گوێی بەو شتانە نەدەدا، لەماڵەوەش ھەروا بوو، کە دەھاتەوە لەندەن ھەفتەی وا بووە سێ جار چوومەتە ماڵی، ماڵەکەی ماڵێکی سادەی زۆر ئینگلیزیانەی کە دەوڵەت دابووی پێی.

 

دیبلۆماتیك: ئایا نەوشیروان موستەفا ھەستی بە مەرگی خۆی کردبوو؟
!
عەلی کەریمی: بێگومان، کاک نەوشیروان وەک (شا)ی ئێران دەیزانی دەمرێ و مەرگی نزیک بۆتەوە، (شا)ی ئێران پێیان گوتبوو دەمرێ، ئەگینا ھیچ کات ئاوا تەسلیمی ئێمە نەدەبوو، ئێمە کۆمەڵێ مناڵە ورتکەی دەمڕووت بووین و ھاتبووین دەمانگوت: (مرگ بر شا .. مرگ بر شا).! ھیچی نەکرد، زۆر سادە ئێرانی جێھێشت‌و ڕۆی، شەش حەوت ھەزار کەسی کوشت و ڕۆی، ئەو دەیتوانی بەرگری بکا، بەڵام دەیزانی دەمرێ، بەبۆچوونی منیش کاک نەوشیروان بۆنی مەرگی خۆی کردبوو، بۆیە ھیچی نەکرد، نائومێد بووبوو، بەتایبەت کۆتاجار کە ھاتەوە ئێمەشی برد لەگەڵ خۆی بۆ ئوتێلەکەی فارووقی مەلا مستەفا، زۆر پەلەی بوو لەگەڵ یەکێتی ئاشت ببێتەوە، دەیویست باروودۆخەکە دوای خۆی بە دەستێکی ئەمین بسپێرێت، چونکە دەیزانی دەمرێت، ئینجا لە وڵاتانی ئەورووپا دەقیق بە نەخۆش دەڵێن، تەنانەت گەر ژنەکەشتت لەگەڵ بێ، بە ژنەکەت دەڵێن بڕۆرە دەرێ، مەگەر خۆی ڕووخسەتت ببێ و بڵێی ھیچی لێناشارمەوە، لێرە جۆری نەخۆشییەکە لە خودی نەخۆشەکە دەشاردرێتەوە، بەس لەوێ بە خودی خۆتی دەڵێن.

 

دیبلۆماتیك: پێتوانییە ئەو بارە نالەبارەی یەکێتی و پارتی خولقاندبوویان، باری سەرشانی کاک نەوشیروانی قورس کردبوو و نەیدەتوانی بارودۆخەکە بسپێرێ بە دەستێکی ئەمین؟

عەلی کەریمی: فیعلەن کاک نەوشیروان نائومێد بووبوو، وەک ئەوە وابوو کە دەڵێ بەردێک نەزان بیخاتە ئاوەوە بە سەد زانا دەرنایەتەوە.! کاک نەوشیروان نەیدەتوانی ئەو بارە لارەی یەکێتی و پارتی ٢٥ ساڵە خولقاندوویانە، ڕاستی بکاتەوە، دوای ئەوەی کە سەرۆکی پەرلەمانیان دەرکردو، سوێندیشی خواردبوو دەست بۆ چەک نابەین، ئیتر زۆر نائومێد بووبوو، ئەو چاوەڕێی ئەوە لەو ١٤٠ ھەزار خەڵکەی دەکرد کە دەنگیان بە یوسف و عەلی حەمەساڵح دابوو، خۆیان وەک پەرژینێکی مرۆیی بە دێگەڵەدا بکەن، من مەقالەیەکیشم نووسیبوو، گوتم: ئەگەر کاک نەوشیروان ئێستا لە سەھۆڵەکەوە بەڕێ بکەوێ، ناگاتە تاسڵوجە ١٠٠ ھەزار کەس دوای دەکەون، تا دەگەینە پیرەمەگروون دەبینە ٢٠٠ ھەزار کەس.! ھەتا دەگەینە دێگەڵە دەبینە ٥٠٠ ھەزار کەس.! بەڵام کەس تاقەتی ئەوەی نەبوو، کاک نەوشیروان دەیگوت بۆچی ھەر من، ھەر من، ھەر من.! جارێک کۆمەڵێک خەڵکی چەمچەماڵ ھاتبوون بۆلای لە ٢٠٠٩، پێیان دەگوتن کەشتییەکەی چەمچەماڵ.! کاک سالار گوتی: ئەو خەڵکە کاک نەوشیروانی دەوێ.! ھاواریان دەکرد: نەوشیروان، نەوشیروان.! منیش چووم گوتم: کاک نەوشیروان تۆیان دەوێ، گوتی: نایەم.! بە خۆتان بچن قسەیان بۆ بکەن، بۆ دەبێ ھەر من بم.! بە تووڕەیی گوتی ئەوە سالار نییە لەوێ، با بچێ قسەیان بۆ بکا.! ھەقیقەت ئەوە بوو کاک نەوشیروان چاوەڕێ بوو ئەو نوخبەیەی لە دەوری بوو، کۆمەڵێک موفاجەئە بکەن و بەرپرسیارێتی بخەنە ئەستۆی خۆیان.! چاوەڕێی ئەوە بوو لەو ھەموو ھەڵسووڕاو و دکتۆرو ئەندازیارە شتێک بکەن، بەتایبەت دوای ڕووداوەکەی ئۆکتۆبەری دێگەڵە.! دەیگوت: بۆچی ماڵی بارزانی ئەژدیھان، ئەوپەڕەکەی ئەوەیە دە کەس دەکوژن، بیست کەس دەکوژن، با سی کەس بکوژن، ئەی ئەو ١٤٠ ھەزار کەسەی ھەڤاڵ ئەبووبەکر دەڵێ ھەمە، کوا.؟! وەرنە سەر جادەو تەوازوعتان ھەبێ.! ئەوەی کێشەی ئێمەی نوخبەی سیاسییە، ئەوەیە کە تەوازوعی نییە، خۆی لە کەشکەڵانی ئاسمان و خەڵک لە خوارێ دەبینێ.! دەبێ یەک دڵ و یەک گیان بیت، بۆ ئەوەی خەڵکیش لەگەڵت یەک دڵ و یەک گیان بێ.



دیبلۆماتیك: جەنابت پێشنیار دەکەی بۆ کاک نەوشیروان کە تا گۆڕان نەگاتە چل کورسی، دروشمی بەرەو دەسەڵات با بەرز نەکاتەوە، پێت وانییە ئەم دوو حیزبە تا ئەو کاتە مەجالت دەدەنێ کە زیانت بۆ دەسەڵاتیان نەبێ؟

عەلی کەریمی: بەڵێ بێگومان، ئەوە نییە مەلا بەختیار گوتی تەنانەت ئەگەر یەک کورسیش بھێنین، دەسەڵات بەر نادەین.! بەڵام ئامانجەکە لێرەدایە کە ڕێکخراوی سیاسیی مۆدێرن کە کاک نەوشیروان بناغەکەی وادانابوو کەوابێ، عوسیانی مەدەنی دەست پێدەکا، عوسیانی مەدەنی کاتێک کە دەنگی خەڵک دزرا، وەک ئەوەی لە تاران ھەشت ساڵ بەر لە ئێستا کراو دەنگ لە کەڕوبی و موسەوی دزرا، دە ملیۆن کەس ھاتنە سەر جادە، بەڵام ئەو سەرکردانەی دوای کاک نەوشیروان قابیلییەتی ئەوەیان تیا نییە، ئەوان ناڵێن پێنجسەد ھەزار کەس ھی ئێمەیە.؟! باشە ئەو ژمارە زۆرە بۆ نایەنیتە سەر جادە، خۆ ئەو ڕێژەیە وەکو لافاو وایە، کەس خۆی لەبەر ناگرێ، با ئەوپەڕی ٣٠ کەسمان لەبەر دەرگای ماڵی عومەر فەتاح بکوژرێین، لەبەردەرگای ماڵی مەلا بەختیارو حاکم قادر بکوژرێین، لە ھیچ شۆڕشێکیشدا بەبێ خوێنڕشتن و کوژراو نەبووە، لە شۆڕشی مەزنی فەڕەنسیدا ھەزارەھا خەڵک کوژران، تا ڕێنیسانس کراو تا ڕۆشنگەری خۆی چەسپاند، ھەزارەھا خوێن ڕژا، خۆیان لە بنەماڵەی لوئی و ناپلیۆن کردەوە، ئاگاتان لێیە شۆڕشگێڕانی پاریس چیان کرد.؟! ئاگاتان لێیە چەند ڕۆشنبیر سەری خۆی لەو شۆڕشە دانا.


ڕۆسۆ لە شوقەکەی خۆی دوو وشەی دەنووسی ھەموو خەڵکە دەھاتنە سەر شەقام، بەڵام ئێمە بەختیار عەلیمان ھەیە لەو ئەوروپایە بۆ خۆی دانیشتووەوو پاڵی داوەتەوە، یا من ھەرچی بنووسم کەس گوێی بۆ ناگرێ، من دەیانجار بە مەسعوود بارزانیم گوتووە: دز، تاڵانچی، ھەر گوێشی ناداتێ، خۆم گوێم لێبووە گوتویەتی: ئەو سمێڵ فشە با ھەر گوو بخوا.

 

author photo

گروپی گوڵنار، ده‌سته‌یه‌ك گه‌نجی خوێنده‌وارو ڕۆژنامه‌نووسن‌و هه‌رجاره‌و دیدار له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی، یان ڕۆشنبیری،

یان هونه‌ری ئه‌نجام ده‌ده‌ن‌و " دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین" هه‌فتانه‌ یه‌كێك له‌ دیداره‌كانی ئه‌وان بڵاو ده‌كاته‌وه‌