پشتگیرى حكومه‌تى بنكه‌ فراوانم نه‌كردووه‌و نایشیكه‌م

د. مه‌حمود عوسمان بۆ دیبلۆماتیك: نابێت ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزیسیۆن ببنه‌ دوژمنى یه‌ك

پشتگیرى حكومه‌تى بنكه‌ فراوانم نه‌كردووه‌و نایشیكه‌م

589 خوێندراوەتەوە

له‌م دیداره‌ تایبه‌ته‌دا له‌گه‌ڵ دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین، دكتۆر مه‌حمود عوسمان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ بوونى ئۆپۆزیسیۆن له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا گرنگه‌و ده‌شڵێت نابێت ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزیسیۆن ببنه‌ دوژمنى یه‌كتر.

دیبلۆماتیك: بەپێى ئەزموونی سیاسی خۆتان، بەدرێژای مێژووی ئەم چەند کابینەکانی حکومەتی عێراق هەمیشە هەوڵدراوە، کە کورد پەراوێز بخەن، هۆکاری ئەم پەراوێزخستنە چییە؟

مه‌حمود عوسمان: خۆی پەراوێزخستن نییە بەو ئەندازەیە، بەڵام ئەساسەن پەسەندنەکردنی داواکانە، بیرو بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەریان، بۆ نمونه‌ کورد فیدڕاڵی بەنەوعێک دەبینێ ئەوان بەنەوعێکیتر ئەیبینن، هەندێک شت هەیە لەدەستور نوسراوە وەختی خۆی ئەوان قبوڵیان کردبوو، بەڵام ئێستا قبوڵی ناکەن، شتەکان لەجێبەجێکردندا جیاوازن، مەسەلەی پێشمەرگە، مەسەلەی نەوت‌و گاز، ناکۆکی هەیە لە بۆچوونەکان، لەبەر ئەوە ناگەنە یەک‌و ئەوە بەو شێوەیە ماوەتەوە، نازانین لەمەودوا چۆن دەبێ، ئومێدەوارین باشتر بێت.

،،

عادل عه‌بدولمەهدی خۆی شەخسێکی زۆر شارەزایە لەکێشەی کوردو ئەزانێ کێشەکان چیە، ئەزانێ دەبێ چارەسەربکرێ، کوردیش ئامادەیە ئەم جارە بۆگفتوگۆی جدی، بەڵام وابزانم کورد دەبێ ئەمجارە دەزگایەکی هەبێ ئەودەزگایە بەبەردەوامی خەریکی رێکخستنی گفتوگۆکان بێ

 

دیبلۆماتیك: لەڕابوردودا هەژموونی هەردوو وەڵاتی زلهێز وەک ئەمریکاو ئێران بەسەر حکومەتە یەک لە دواییەکەکانی عێراقدا هەبووە، ئایە لەم کابینەیەشدا بەهەمان شێوە هەژموونیان دەبێ؟ وه‌ ئایە عادل عبدولمەهدی هەژموونی کام لای زیاتر بەسەردا زاڵە؟

مه‌حمود عوسمان: لەم کابینەیەدا هەژموونی هەردوولا کەمتر دەبێ، بڕواناکەم زۆربێ له‌ ناحیەی عەمەلی هەژموونی ئێران زیاترە، نەک ئەمه‌ریکا، لەکۆنیش هەر وابوە، بەڵام بەهەرحاڵ ڕەنگە ئەمجارەیان ئەگەر هێزە سیاسیەکان لەگەڵ یەک ڕێکبن و هاوکاری یەکبن، ئەتوانن کارێکی وابکەن هەژموونی هیچ کەسی دەرەوە زۆر بەهێز نەبێ لەسەریان، وەبتوانن ئیشی خۆیان بکەن، بەڵام ئەگەر ناکۆکی بەینی خۆیان بمێنێ بێگومان دەوڵەتەکانیش هەژموونیان دەبێ لەسەریان، وەعادل عەبدولمەهدی هەژموونی هیچ لایەکیانی بەسەردا زاڵ نیە، بەڵام بیەوێ یا نەیه‌وێ مەجبورە حساب بۆ ئەو دووکوتلە گەوره‌یە بکات، کوتلەی سائیرون‌و کوتلەی ئیسلاح‌و بینا‌و، کوتلەی بینا‌و زیاتر مەیلەو ئێرانە، ئیسلاح هیوای تێدایە زیاتر لەگەڵ ئەمه‌ریکادا ڕێکن وەکو نەسر، لەبەر ئەوە مەسەلەی عادل عبدولمەهدی بەتەنیا ناتوانی هیچ بکات، دەبێ ئەو کوتلانە ڕازی بکات، ئەوکوتلانەش پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانا هەیە، ئیتر دەبێ ئەویش هەوڵبدات تەوازونێک لەبەینیان دروست بکات.

 دیبلۆماتیك :خاڵی جیاکەرەوەی نێوان عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ هەریەکە لە مالیکی و عەبادی چییە؟

مه‌حمود عوسمان: مالیکی و عەبادی حیزبیان هەبوو، هەردووکیان لەحیزبی دەعوە بوون، دەبوو بەپێی ڕێنمای حیزبی دەعوە ئیشبکەن وڕەئی خۆیان جیاواز بوو، بەڵام عادل عبدولمەهدی حیزبێکی موعەیەنی نیە، ڕەئی خۆی هەیە لەسەر ڕوداوەکان وە ئەتوانی زیاتر سەربەخۆبێ لەکارکردن، بەڵام دەبێ موڕاعاتی کوتلەکان بکات، وەشێوەی حیزبی نییە وەکو ئەوانیتر، ئەوەش تۆزێک وای لێدەکات سەربەرزتربێ لەبڕیارەکان،بەڵام ناشتوانێ حساب بۆ کوتلەکان نەکات.

 دیبلۆماتیك: پێگەی کورد چۆن دەبێت لەو حکومەتەداو کێشەکانی نێوان بەغداو هەرێم چیان بەسەر دێت؟

 مه‌حمود عوسمان: من وابزانم کێشەکان بەرەباشتر دەڕۆن، چونکە عادل عه‌بدولمەهدی خۆی شەخسێکی زۆر شارەزایە لەکێشەی کوردو ئەزانێ کێشەکان چیە، ئەزانێ دەبێ چارەسەربکرێ، کوردیش ئامادەیە ئەم جارە بۆگفتوگۆی جدی، بەڵام وابزانم کورد دەبێ ئەمجارە دەزگایەکی هەبێ ئەودەزگایە بەبەردەوامی خەریکی رێکخستنی گفتوگۆکان بێ، لەبەر ئەوە من پێشنیارم هەیە رەئیشم وایە وەزارەتێک لەوەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان بکرێ بەوەزارەتی پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغداد بۆئەوەی ئیشوکاری ئەوەبێ، وە ئەوە تەئکید ئەکات زۆر چونکە کورد زۆر گفتوگۆى لەگەڵ بەغداد کردووه‌، وەختێک چووە پاش ماوەیەکیتر چووەته‌وه‌، ئەمە تەئسیری کردووە کە زۆر سەرکەوتوو نەبێ.

 

 

،،

دەبێ ئۆپۆزیسیۆن هه‌بێت، نابێ بێ ئۆپۆزیسیۆن بێت، بۆیە هەر لەبناغەوه‌ پشتگیری حکومەتی بنکەفراوان ناکەم.

 دیبلۆماتیك: ئایا ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ ئەیلولی ساڵی پار، هیچ کاریگەری نابێ لەسەر ڕۆڵ‌و پێگەی کورد لەکابینی تازەی حکومەتی عێراق؟

 مه‌حمود عوسمان: بڕواناکەم، بەرەئی من ئەوانەی کەلەبەغداد حکوم دەکەن، ئەگەر بەوردی تەماشای ئەو مەوزوعە بکەن حەقە لێکیبەنەوە کەدەبینن نەوەدو سێیەکی خەڵک داوای جیابونەوەی کردووە مانای ئەوەیە دەبێی حسابێکی باش بۆئەو خەڵکە بکەن، بۆئەوەی جیانەبنەوە، بۆئەوەی لەعیراقدا کاربکەن، یەعنی زیاتر ئینتمام بەکێشەی کورد بدەن، وە داواکانی کورد پەسەند بکەن، وەهاوڵاتیانی کوردستان ڕازیبکەن بۆئەوەی یەکێتی عێراق بپارێزێ، وە ئەو ڕوداوە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی کاریگەری نییە، چونکە یوئێن تەئیدی نەکردووە وەهیچ حسابێکی نێونەتەوەی نییە، بەڵام له‌ سه‌دا نەوەدو سێیى ده‌نگى لەگەڵه‌، وەئەوش گرنگە یەعنی هەرعێراقیەک هەرکەسێک ڕەئیس بێ لەعێراق بیەوێ مامه‌ڵه‌ لەگەڵ کوردبکات دەبێ حسابی ئەوەبکات کە زۆرینەی ئەم کوردە دەیەوێ قەوارەی خۆی هەبێ، لەبەر ئەوە هیچ نەبێ لەڕووی فیدڕاڵیەوە قەوارەیەکی فیدڕاڵی بۆبچەسپێنن کەزیاتر بێنە پێش لەپەسەندکردنی داواکانی کورد.

 دیبلۆماتیك :سەربارەت بە حکومەتی ئایدەی هەرێمی کوردستان ده‌پرسم، وەک سیاسەتمەدارێکی دیار ، حکومەتی ئایندەی هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 مه‌حمود عوسمان: جارێ هیچ نەبووە تاکو بتوانین ته‌قیمى بکەین، چونکە شت ناتوانی هەڵی سەنگێنی دەبێ دروستبێ بزانین ئەو وەختە چۆن دروست دەبێ، کارەکانی چی دەبێ بەرنامەکانی چی دەبێ، کارنامەی چی دەبێ، بەوپێیە دەتوانین هەڵی سەرنگێنن ناتوانم ئیستاهەڵی سەنگێنم.

 دیبلۆماتیك: کابینەی پێشووتر حکومەتی بنکەفراوان بوو، کەهەموو لایەنەکان بەشداری حکومەتیان کرد، بەڵام بەلای بەشێک لەخەڵکی ئەم جۆرە لە حکومداری هەڵەبوو، لەم ڕوە وە سەرنجی ئێوە چییە؟

 مه‌حمود عوسمان: من هەرئەوکاتەش بەهەڵەم زانیوە وەتەئیدم نه‌کردوە، وەڕەئیم وابووە دروستی نەکەن، بەپێچه‌وانه‌وه‌ زۆربەی ئەوانەی کەئەتوانن بەیەکەوە ئیش بکەن‌و دژی یەک نین حه‌زیان لێیه‌تى‌و لەسەر بەرنامەی حکومەتەکە ڕێکن، با بەیەکەوە حکومەت دروستبکەن، بائەوانیتریش ئۆپۆزیسیۆنبن، بۆئەوەی سەرکەوتووبێ، دەبێ ئۆپۆزیسیۆن هه‌بێت، نابێ بێ ئۆپۆزیسیۆن بێت، بۆیە هەر لەبناغەوه‌ پشتگیری حکومەتی بنکەفراوان ناکەم.

 دیبلۆماتیك: ئەولایەنانەی کە پێشوەختە ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆیان ڕاگەیاندووەو دەبنە ئۆپۆزیسیۆن، ئایە کاریگەریان دەبێ لەپەڕلەمان ؟

 مه‌حمود عوسمان: ئەگەر ژمارەیەکی باشبن، واته‌ کەم نەبن بۆچى کاریگەریان نابێ؟، دەسەڵاتیش دەبێ حسابیان بۆ بکات، دەبێ پەیوەندیەکی تەندروستیش هەبێ لەنێوانی دەسەڵات‌و ئۆپۆزیسیۆن، نابێت ببنە دوژمنی یەک، پێموایه‌ ئۆپۆزیسیۆن ئەتوانن لەناو پەڕلەمانەوە ڕۆڵی خۆیان هەبێ.

 دیبلۆماتیك: بەبروای بەڕێزتان حکومەتی ئایندەی هەرێم لەئاست چاوەروانیی خەڵکی دەبێ؟

 

مه‌حمود عوسمان: نازانم با دروست ببێت، ئەوەختە دەرئەکەوێت، تاکو ئێستا لە ئاستی هەموو چاوەروانییەکاندا نەبووە، بزاینن ئایندە چۆن دەبێ، ده‌بێت دەرسیان وەرگرتبێ‌و هەوڵبدەن لەوئاستەدابن.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس