دیدارى: عەلی عهبدولسهمهد
لەم دیدارەدا سهبارهت عیرفانو مۆدێرنەو ئەدەبیاتی کوردیو كۆمهڵێك تهوهرى پهیوهنددار بهو باسانه، نوسەرو ڕۆشنبیر هیمداد شاهین بۆ " دیبلۆماتیك مهگهزین" دهدوێت.
،،
جیهان لە پاشەکشەیەكی زۆر ترسناك دایە، لەڕویی مەعریفی و فێربوون، ھەروەھا گەشەو ئیمانەوە، ئەوەی سكۆلەر و فەیلەسوفە سونەتییەكان ناویان ناوە « زانستگەرایی مۆدێرن»، ئەم زانستە خەریكە جیھان بەیەكجاری وێران دەكات
دیبلۆماتیك: هۆکاری ئارەزوونەکردنی تاك بۆ خوێندنهوه، بۆچی دەگەڕێنیتەوە، قۆناغەکانی خوێندنو هەتا زانکۆش دەبرێت، بەڵام هیچ ئامانجو هیوایەکی دیاریكراوی نیە؟
ھیمداد شاھین: بەناوی خودا، دەزانی گرفتەکە ڕێك لێرەدایە، گرفتەكە پەیوەندیی بەو دونیایەوە هەیە کە ئێمە تێیدا دەژین، ئێمە لەدونیایەكدا دەژین کە سەرجەمی کایەکانی پەکیان کەوتووە، تەنها خوێندن نییە کە پەکی کەوتووە، تەماشای سێکتەری تەندروستیی بكە، دە دكتۆری باشمان نییە، كایەی سیاسەت، دە سیاسی قوڵ و خاوەن دونیابینیمان نییە، بەهەمان شێوە كایەی دین، بزانە دە مامۆستای دینی باشمان هەیە؟ ئێمە لەڕابردوودا کۆمەڵێك منەوەرو مەلای زۆر باشمان هەبووە، ئەوان ھەم مامۆستای ئاینیی بوون و ھەم عاریف و فەقھی گەورەبوون، لەڕاستییدا ھەم ئەدیبی گەورەش بوون، بۆنمونە مەلا موصگەفای صەفوەت، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، شێخ محمدی خاڵ، عەلادین سەجادیی و دەیانی تر، بەڵام لە ئێستادا تەنانەت نموونەیەكیشمان نیە. بەهەمانشێوە تەماشای زانکۆ بكەن، ئایا مامۆستا و خوێندکار لە چ ئاستێكدان؟ مەنھەج و میتۆدی ئەكادیمیمان گەیشتووە بەكوێ؟ چەند مامۆستای باشت هەیە؟ سەرجەمی ئەو سێکتەرانەی پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی ڕۆژانەو ئایندەی خەڵکەوە ھەیە، ھەموویان پەکیان کەوتووە، ئەمە دیوێکی بابەتەکەیە.
دیوێکی تریان پەیوەندیی بە دۆخی خراپی جیهانی ئەمڕۆوە هەیە. دەمەوێ ئەوە بڵێم كە جیهان لە پاشەکشەیەكی زۆر ترسناك دایە، لەڕویی مەعریفی و فێربوون، ھەروەھا گەشەو ئیمانەوە، ئەوەی سكۆلەر و فەیلەسوفە سونەتییەكان ناویان ناوە « زانستگەرایی مۆدێرن»، ئەم زانستە خەریكە جیھان بەیەكجاری وێران دەكات. بۆنمونە ئەمڕۆ تەکنۆلۆژیای نوێ یەکێکە لەو هۆکارانەی کە بۆتە بكەری سەرەكیی لە پاشەکشەی ئەم نەوەیەی کە وا لەئایندەدا دێت.
بێگومان لە ئایندەدا زۆر خراپتریش دەبێت. نەوەیەك هەیە بەردەوام سەری بەسەر موبایلەکەیدا شۆڕش کردۆتەوە، بەردەوام دەست و پەنجەی لەسەر شاشەی موبایلەكەیەتی.

دیبلۆماتیك: ئەگەر بڕوانن ئێران یان هیندستان، ڕەنگە چەندین گرفت و قەیرانیان هەبێت، بەلام هێشتا دکتۆری باش و پێگەیەکی پەروەردەیی باشیان هەیە؟ بۆ بەراورد بە ئێرە هێشتا ئەوان باشترن؟
ھیمداد شاھین: ئێمە لەبەر ئەوەی سیستمێکی سیاسی باشمان نیە، ھەروەھا كۆمەڵگایەكی ھۆشیارمان نییە، وە ئەم سیستەمە سیاسیە بە قوڵایی بیست و حەوت ساڵ و بە میراتێکی هەشتا ساڵەوە ھاتۆتە ناومانەوە. لەبەرئەوە ئەم سیستمە خراپ و ستەمكارە کاریگەریی خراپی هەیە لەسەر هەموو جومگەکانی ئەم کۆمەڵگایە.
بۆنموونە کامە سیاسی پله یهك خوێندەواریی هەیە؟ خوێندەواریی بەمانای ھەبوونی بڕوانامە نا.
بەڵكو بەمانا قوڵەكەی خوێندەواریی مەبەستمە. تۆ چاوەڕێ دەکەیت نەخوێنەوارێك دونیایەکی باشترت بۆ دروست کات؟ ئەمە نەك بۆ ھیندستان، بەڵكو بۆئێرانیش ڕاستە، ھەروەھا بۆ توركیاو ئازربەیجانیش ڕاستە، لانی کەم لە ئێراندا صەدان بیرمەند و فەیلەسوف بەدرێژایی مێژوو بەر ئەنجامی ئەو کلتورەن. ئێوە تەماشابكەن، کۆمەڵگای ئێمە لە ڕابردوودا خاوەنی چەندان عاریف، حەكیم، زانا و ئەدیبی گەورە بووە، بەنموونە وەك مەولانا خالید و شێخی گەیلانیی، نالیی و مەحویی و چەندانی تر كە ئێستا ناویانم لەبیر نییە، بەڵام ئێستا دەبینین ئەمانە لەناو دنیایی ئێمەدا بەرجەستە نابنەوە؟ لەئێستادا چەند مەلای جەزیریت ھەیە؟ دواجار ڕاستییەك ھەیە كە نالیی، مەحویی، وەفایی و مەلایی جەزیریی، ئەم منەوەرانە هەموویان کوڕی کولتورێكی عوسمانیین بەمانا دینیی و پاشان سیاسیەکەی. ئەمانە کوڕی حوکمڕانی کوردیی نین، کوڕی ئەو کولتورە عوسمانیەن و لە ھەناوی سونەت و دینەوە هاتوون، واتا لەبنەڕەتەوە کولتورەکەیان کولتورێکی دینییە.
ئەو منەوەرانەی کورد، کامەیان دەبینیت، لەگەڵ ئەوەی کە شاعیرێکی باش بووە، حەكیم و عاریفێکی قوڵیش بووە، ئەزموونی عیرفانیان بەمانا شھودیی و ئاسمانییەكەی كردووە.
بیرتان نەچێ ئەم پاشكەشەیەی چەند ساڵی ڕابردوو پەیوەندیی بەو ڕاستییەشەوە ھەیە كە ئێمە بەر شەپۆلێکی توندی مۆدێرنە کەوتین، شەپۆلێك کە سەرتاپای گۆشە هەستیارەكانی ئێمە وەك ئایین، زانست و تاد.. مۆدێرنیزە دەکرێت، ئەمە لەكاتێكدایە بەبێ ئەوەی تۆ بچوکترین بە شداریت هەبێ لەبەرهەم هێنانی مۆدێرنەدا.
،،
کاتێك ئایفۆن ساڵانە فێرژنە نوێیەکانی بڵاو دەکاتەوە، پەنجا کۆڵان لە ئەمێریكا سەرە دەگرێ بۆ كڕینی ئایفۆن، ئەمە لەكاتێكدایە ئەگەر خودی حەزرەتی مەسیح زیندوو بکەیتەوە و خۆی لەوشوێنەدابێت، نەك پەنجا کۆڵان بەڵکو پەنجا کەس ئامادە نابن کە مەسیح ببینین. کێشەکە ئەمەیە کە زانست وەك موعجیزە هاتووە و دەیەوێت ببێت بە بەدیلی دین
دیبلۆماتیك: كهواته ڕهخنهى تۆى لەمۆدێرنە چییه؟
ھیمداد شاھین: مۆدێرنە كەسێك یان شتێك، یان تارماییەك نییە، پێش ھەموو شتێك مۆدێرنە فەلسەفەیەكە بۆ شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ ژیاندا، ئەمە بۆ ھەموو ئاستەكان ڕاستە، بۆنموونە ئەگەر لەسەر « تەكنۆلۆژیای مۆدێرن» ئیستێك بكەین، دەبینین لەڕابردودا مۆبایل و فڕۆکە و تەكنۆلۆژیای مۆدێرن بوونی نەبوو، یان بەگشتیی «تەكنیك» نەبوو، ھەموان ژیانێکی ئاسایی دەژیان. بەیانیان لەبری ئەوەی بە دەنگی موبایلەکەمان خەبەرمان بێتەوە، بە دەنگی کەڵەشێر و گزنگی هەتاو خەبەرمان دەبۆوە.
لەڕاستییدا بەبێ ئەوەی هیچ شتێكی دیاریكراو هەبێ بە ئاگا دەهاتین، بەڵام ئێستا بەدەنگی موبایلەکانیشمان ھێشتا خەبەرمان نابێتەوە، ئەمە سەرگەردانییەكی گەورەیە كە مرۆڤی مۆدێرن تێیكەوتووە. لەڕاستییدا دەبێت پرسیار دروست بکەین لەسەر ئەوەی کە هەیە، دەست بۆ چی دەبەیت لەژێر کۆنتڕۆڵی فەلسەفەی مۆدێرنەدایە، لەمزگەوتێکەوە لە کڵێسایەکەوە تا دەگاتە ناوەندێکی ئەكادیمیی و توێژینەوە. ئەو ناوەند و ئۆرگانانەی كە بۆ توێژینەوە لە دونیای ڕۆژئاوادا هەن و خەریکە دێنە ڕۆژهەڵاتیش، كارەساتێكی ترسناكیان لە ئاستی زانستییدا خوڵقاندووە كە باسكردنی كاتێكی زۆری دەوێت، بەڵكو دەیان كاتژمێر قسەكردنی دەوێت، بەڵام بۆ نموونە، ئەگەر مامۆستایەک زانست لە هارڤارد یان MIT بڵێتەوە و بەڵام بڕوای بە ئایدیۆلۆژیای زانستیی «پەرەسەندن»ی داروین نەبێت، ئەوە نازناوە زانستیەکەی لێوەردەگرنەوە، ئەم كارەساتە تا ئەو ئاستە دەڕوات. لەدیدگای زانستگەراییدا، چۆن دەکرێت زیندەوەرزانیی بڵێیتەوە و بەڵام بڕوات بە بیردۆزی داروین نەبێت، ئەمە لەلایەنە زانستیەکەیەوە.
بەھەمان شێوە ئەگەر لایەنی دین تەماشا بكەین، ئێستا لەناوەندە دینییەکانی ڕۆژئاوادا، دیدگایەكی زاڵ هەیە بۆ دین کە کۆمەڵایەتیی کراوەتەوە. دین لەدیدگایەکی کۆمەڵناسیانەوە دەخوێندرێتەوە، دین لەوە کەوتووە کە ڕەهەندی وجوودیی و باڵای هەبێت، یان لە دیدگایەکی سایکۆلۆژیانەوە تەماشا دەکرێت.
یان لەم ناوچانەدا بە دیدگایەکی سیاسیانە ئاین تەفسیر دەكرێ، یاخود دیدێكی سەلەفییانە. کاتێك ئایفۆن ساڵانە فێرژنە نوێیەکانی بڵاو دەکاتەوە، پەنجا کۆڵان لە ئەمێریكا سەرە دەگرێ بۆ كڕینی ئایفۆن، ئەمە لەكاتێكدایە ئەگەر خودی حەزرەتی مەسیح زیندوو بکەیتەوە و خۆی لەوشوێنەدابێت، نەك پەنجا کۆڵان بەڵکو پەنجا کەس ئامادە نابن کە مەسیح ببینین. کێشەکە ئەمەیە کە زانست وەك موعجیزە هاتووە و دەیەوێت ببێت بە بەدیلی دین، تەکنۆجیا وەك لقێك لە زانستی مۆدێرن.
ئاینناسیی توبگەرایی، زانستە مرۆڤایەتییەکان و تاد.. ئەمانە وەك لقێك لە زانستی مۆدێرن دێنەپێشەوە و خۆیان تەڕح دەکەن. چەمکی دەوڵەت و دەوڵەتداریی، دەوڵەت نەتەوە، نەتەوە دەوڵەت، «ھەڵبەت بەمانا مۆدێرنەكەی» بەهەمان شێوە وەك لقێك لەزانستی سیاسەتی مۆدێرن تەڕح دەبن. بۆنمونە کارەکتەرێکی سیاسیی وەك ئۆجەلان، لەهەموو کتێبەکانیدا، ڕەخنە لە دەوڵەت نەتەوە، نەتەوە دەوڵەت دەگرێ، بەڵام لەپاڵ ئەمەدا، ڕەخنە لە پڕۆژەی مۆدێرنە دەگرێت، ڕەخنە لە پرۆسێس و ئایدیۆلۆژیای کاپیتاڵیزم دەگرێ وەك شاھێڵی ئەم مەسەلەیە. لەم سۆنگەیەوە ڕەنگە ئێمە لە بەشێك لە وڵاتەکانی تر باشتربین، کە ئیتر بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ کراوە.

دیبلۆماتیك: کاتێك سەیری ئەدەبیاتی چەند سەدەیەکی ڕابردووی کورد دەکەیت، ئەدەبیاتی کورد، ئەدەبیاتێکە پڕاوپڕ لە ئەزموونی مەعنەویی و عیرفان، هۆکاری نەمانی ئەم گوتارە عیرفانیە لە ئەدەبیاتی ئێستادا بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟
ھیمداد شاھین: لە مەولانا خالیدەوە تا مەحویی ئەدەبیاتی كوردەكان ئەدەبیاتێكی عیرفانیی و دینیی بووە، بەداخەوە لەدوایی ساڵانی چلەکانەوە شەپۆلێك هەبوو، شەپۆلی ڕووەو سۆڤیەت و شیوعیەت، ھەروەھا درووستبوونی شەپۆلێكی تر لە قەومچیەویەت و نەتەوەپەرستیی، لەوکاتەدا هەندێك شاعیر هەبوون دەستی باڵایان هەبووە لەوەی کە ئەدەبیاتی عیرفانیی ئێمەیان بە دۆخە خراپە گەیاندووە، مەبەستیش لەمە مانای ئەوە نیە کە تەنها شعر بەکلاسیکیی بنوسین، مەبەست ناوەڕۆك و جەوهەری پەیامەکانە.
هەندێك شاعیر هەبوون ڕۆڵیان هەبووە لەمەدا. کاتی خۆی ساڵانی حەفتا و هەشتاکان، ئەگەر چەپ نەبوویتایە، بە ڕۆشنبیریان نەدەزانیت. لەو ماوەیەشدا کۆمەڵێك منەوەری وەك عەبدالکەریم مودەریس و چەندان منەوەری تر هاتنە پێشەوە، ئەویش وەك جیھانبینی تەسەوفی ناو خانەقا، واتا پڕۆژەیەكی فیکری نەبوو. ئێستا خەریکە ئەم دۆخە دروست دەبێتەوە، تۆ بۆ ئەوەی ڕۆشنبیربیت، دەبێت دینی نەبیت، لەڕاستیدا ئەمە کارەساتە.
،،
ئێمە گوتار تێنەپەڕێنین، دەتوانین دەیان کاتژمێر باس لە دادپەروەریی، یەکسانی و ھەروەھا ئازادی بکەین، بەڵام ئایا لە واقیعدا، ئیشی لەسەر دەکرێت و جێبەجێ دەکرێت؟
دیبلۆماتیك: گوتاری هێزە ئیسلامیەکان هۆکار نەبوون بۆ نەمانی ئەو ئەدەبیاتە عیرفانییەی كە لە ڕابردوودا بوونی ھەبووە؟
ھیمداد شاھین: كۆمەڵێ ناوەڕۆك لە ئەدەبیات و فیكردا، لەم چەند ساڵەی ڕابردوو دا ڕۆڵێكی بەتاڵ و خراپیان هەبووە. بەتایبەت ڕۆڵیان هەبووە لە وێرانکردنی کۆمەڵگای سوننەییانەی ئێمەی ڕۆژھەڵاتی، ئەم ئەو خاڵەیە كە «فریتۆف شۆن» جەختی لێكردۆتەوە، ھێڵێكی وێرانەساری فیكریی هاتووە لە ڕوسیای شیوعیەوە، كاتی خۆی دەیانویست ببن بە جەنەڕاڵ و ئەزمونی ستالین و لینین دووبارەبکەنەوە، بەڵام خۆشبەختانە شکستیان خوارد، چونکە ئەم جۆرە بیركردنەوانە بە کۆمەڵگای ئێمە بێگانە و نامۆیە، لەڕاستییدا بە سروشت و دەرونی تاکی ئێمەش نامۆیە، كۆمەڵگای ئێمە بەدین ژیاوە و ھەر بەدین و ڕۆحانیەتیش دەژیت، ئەم هێڵە فکریە، کە هێڵی غەیرە فکری و خودایی بوو.
نەیتوانی كۆنترۆڵی کۆمەڵگای ئێمە بكات، بۆچی؟ چونكە کۆمەڵگایەکی دینیی، ھەروەھا مەعنەویی و ڕۆحییە، بەداخەوە ئێستا لایداوە لە ڕێڕەوە ڕاستەكەی خۆی، بەڵام زوو بێت یان درەنگ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێڕەوە سونەتییە ڕەسەنە.
دیبلۆماتیك: پێتوانیە سەدەی ڕابردوو، بەهۆی ئەو دروشمانەوە کە شیوعیەت بانگەشەی بۆ دەکرد، لە یەکسانیی و دادپەروەریی و ئەمجۆرە بانگەشانە، کۆمەڵگایی ئێمە کاریگەربووبێت بەم ئایدیا فیکرەیە و بەرەوپێشچووبێت؟
ھیمداد شاھین: ببینن، کێشەکە ئەوەیە ئەم هێزانە خۆیان ئەزموونیان لە فەرمانڕەوایەتییدا ھەبووە، واتا لە ناو مێژوودا تاقیكراونەتەوە، بۆ نمونە ستالین، دەیان ملیۆن مرۆڤ دەکوژێت، «ماو» بەهەمان شێوە. گرفتەکە ئەوەیە کە ئێمە گوتار تێنەپەڕێنین، دەتوانین دەیان کاتژمێر باس لە دادپەروەریی، یەکسانی و ھەروەھا ئازادی بکەین، بەڵام ئایا لە واقیعدا، ئیشی لەسەر دەکرێت و جێبەجێ دەکرێت؟
،،
توندوتیژیی پەیوەندی ئیسلامەوە نییە و پێش بوونی ئیسلامیش هەر هەبووە، لەئێستاشدا لەو وڵاتانەی كە ئیسلام تێیدا بێ ھەژموونە، توندووتیژیی بوونی ھەیە لە فۆرمی جیاجیادا.
دیبلۆماتیك: سەبارەت بە توندوتیژیی، پەیوەستە بەئاینێکی دیاریکراوەوە؟ یان ڕەهەندێکی جیاوازە؟
هیمداد شاهین: بێگومان لە هیچ ئاینێكدا شتێك نیە پێیبگوترێ توندوتیژیی، ئاین کۆمەڵێك پڕەنسیپی هەیە بۆ ژیان، مرۆڤ و سروشت. ئەمە خاڵێکی گرنگە دەمەوێت جەختی لەسەر بکەمەوە، لەئیسلامدا ھەروەھا ھیچ ئاینێكدا، شتێك نیە پێیبگوترێت «توندوتیژیی» و «نا توندوتیژیی»، بەنموونە لە تەعالیمی ئیسلام دا دیدگایەك هەیە، کۆمەڵێك پڕەنسیپی موتەعالیی و باڵا هەن، ئەم دیدگا و پرەنسیپانە زەویی و جیهانی ڕێژەیی بە ئاسمان و جیهانی باڵاوە دەبەستێتەوە، جیهانی فیزیك بە جیهانی میتافیزك دەبەستێتەوە، زەوی بەئاسمانەوە، ھەروەھا مرۆڤ بە خوداوە دەبەستێتەوە. وەك سەید حوسەین نەصر دەڵێت، توندوتیژیی شتێكی دیاریكراو نییە، ئەوەیشە کە پارەی ڕۆژێك کارکردنی کەسێك لە ویلایەتێكی ئەمێریكا، یەکسانە بە پارەی کارکردنی دوو مانگی کەسێك لە بەنگلادیش، توندوتیژیی ئەوەیشە کە بەڕێوبەری بانکێك موچەکەی لەمانگێکدا «صەدو بیست هەزار دۆلارە»، بەڵام فەرمانبەرێك کە زۆربەی کارەکان ئەو دەیکات لە ساڵێكدا «تەنھا دوانزە هەزار دۆلارە».
لەدیوێکی دیکەدا بە درێژای چەندین ساڵ سپیی پێستەکان، ڕەش پێستەکانیان ئازاردەدا و دەکوشت، ئەوروپا ئێستا گیرۆدەبووە بە دەست چەندین گرفتی گەورەوە، لە ئایندەدا درەنگ یان زوو ئەم گرفت و قەیرانانە دەتەقێنەوە.
کۆمەڵیک قەیرانی ڕۆحیی، ئەخلاقیی، ئابووریی، سیاسیی و دینیی، چونکە لەئێستادا ئیسلام لە ڕۆژئاوا گەشەیەكی بەرچاوی کردووە، ئەمەش بە هۆی کۆچەوە و ھەروەھا مێدیاوە. ئێستا لەبری ئەوەی ساڵانێك بە ھێز و قودرەتی سەربازیی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتیان داگیر دەکرد، کۆمەڵێك کۆچبەر بەبێ ئەوەی ھیچ چەکێكیان پێبێت پەڕیونەتەوە بۆ ئەوروپا و کولتورەکەی ئەوان لەناو خۆیاندا دەتوێننەوە.
كەواتە دەمەوێ بڵێم توندوتیژیی پەیوەندی ئیسلامەوە نییە و پێش بوونی ئیسلامیش هەر هەبووە، لەئێستاشدا لەو وڵاتانەی كە ئیسلام تێیدا بێ ھەژموونە، توندووتیژیی بوونی ھەیە لە فۆرمی جیاجیادا.
،،
بڕوام بە حەقیقەتێك هەیە کە ئاینەکان لەناویاندا مانیفێست دەبن، ئەو خودایەی لەهەناوی ئیسلام دا ھەیە، هەمان ئەو خودایەیە کە لەهەناوی مەسیحیەتدا حزووری ھەیە، بەڵام بە فۆڕمی جیاواز مانیفێست بووە
دیبلۆماتیك: پێت وانیە، تێگەیشتنەکان بۆ دەق توندووتیژیی دروست دەکەن، نەك خودی دەقەکان، کاتێك تەماشا دەکەیت لە دونیای فارسی زماندا غەزالیی و مەولانا دروست دەبن، بەلام هەمان ئاین لە سعودیەدا، تێرۆریست دروست دەکات؟
ھیمداد شاھین: ئەمە پەیوەندیی بە دیدگای مرۆڤی عەرەبییەوە هەیە بۆ ئاین، دیدگای مرۆڤی عەرەبی بۆ ئاین دیدگایەکی سەلەفیانەیە. کێشەکە ئەوەیە دیدگای سەلەفیانە بۆ ئاین، مرۆڤی توندووتیژ بەرھەم دەھێنێ، ئەمە نەك بۆ ئیسلام، بەڵكو بۆ ھەموو ئاینێك ڕاستە، بۆنموونە ئەوەی كە لە بۆرما ڕویدا و ڕوودەدات دژ بە موسوڵمانان ھەمان شتە، لەتورکیا زۆرینەی موسوڵمانان حەنەفی مەزهەبن، لە ئێران جگە لە شوێنكەوتوانی سێكتی شیعە، زۆرینەی خەڵك لاینگری سۆفیزمن، لە مالیزیا یاخود سەنگافورە بەھەمانشێوە. بەڵام لە سعودیەدا پیاوانی دین دەڵین ئێمە خەریکی عیبادەت و دین دەبین و پەیوەندییمان بە سیاسەتەوە نییە، بەڵام لە پشت شانۆكەوە پەیوەندییەكی ئۆرگانیان بە سیاسەتەوە ھەیە، ئەمە ترسناکە. وەك چۆن سەلەفیەت کە هاتۆتە کۆمەڵگای ئێمەوە قسە لەسەر سیاسەت ناکات، بەلام خەریکە دەبێت بە حکومەتی سێبەر، ئەمە دیگای سەلەفیانەیە بۆ ئاین و ئەم دیدگا سەلەفییە بۆ ئاین لەناو نەسەقی مێژووشدا هەبووە، بەشێکی گەورەی ئەو توندوتیژییەی ئەمرۆ بەناوی ئیسلامەوە ئەنجام دەدرێت، بێگومان ئەوە تەعبیرە لە سەلەفیەت، بەهەموو لق و پۆپ و گروپە جیاوازیەکانیەوە.
لەدیگای سەلەفیەتدا ئاین لەناو مێژوودایە و دەبێت بیهێنینەوە، نەك ئاین، بەڵکو مێژووی ئاین دەهێنێتەوە، بەھەمانشێوە دیگای ڕیفۆرمیست و مۆدێرنیستە دینییەكان، ئاین لەناو مێژوودا فڕێ دەدەن. لەبەرامبەردا دیدگای سوننەتگەراییە کە پێچەوانەی ئەم دوو تێگەیشتنە بیردەكاتەوە، قوڵتر و ئاسمانییتر بیردەكاتەوە، پێیوایە، ئاین ڕیشەیەکی قوڵی موتەعالیی هەیە، ئاین دەرکەوتەیەکی مێژوویی نیە تا لەناو مێژوودا بە جێی بهێڵین یان مێژووەکەی بهێنینەوە، بەلکو ئاین لەگەڵ هەناسەی مرۆڤدایە. ئاین خودی مرۆڤ خۆیەتی، ئاین وەك هالەیەکی قودسیی بەردەوام هەیە، مانیفێستی حەقیقەتی موتڵەقە، تەجەلای موتڵەقی غەیبییە کە زاتی حەقە. لەدیدی «ڕێنێ گینۆ»ی گەورە پێرینیاڵیستدا، ئاین ئەو گوڵەیە کە خۆی دەڕوێت و مرۆڤ دەستی لە ڕواندنیدا نییە. بڕوام بە حەقیقەتێك هەیە کە ئاینەکان لەناویاندا مانیفێست دەبن، ئەو خودایەی لەهەناوی ئیسلام دا ھەیە، هەمان ئەو خودایەیە کە لەهەناوی مەسیحیەتدا حزووری ھەیە، بەڵام بە فۆڕمی جیاواز مانیفێست بووە. «خۆر» نمونەی ئەم حەقیقەتە باڵایەیە، هەموو ڕەنگەکان لە خۆیەوە دێنە دەر و بەڵام خۆی سەرچاوەیەکی بێڕەنگە، ئەم حەقیقەتە خوداییە ڕێك ئەوەیە، خۆی بێڕەنگە و هەموو ئەو ڕەنگانەی تر مانیفێست دەکات.