سالار مەحمود
بەهادین نوری، سیاسەتمەداری كوردو سكرتێری پێشوتری حیزبی شیوعی عێراق، تایبەت بە پرسی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكاو كوردو بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان لە لایەن ترامپەوە بۆ " دیبلۆماتیك مەگەزین" دەدوێت.
بە بڕوای بەهادین نوری فشارەكان لەسەر ترامپ سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژاوای كوردستان زۆرەو پێدەچێت ترامپ ناچار بە پاشگەز بوونەوە لە بڕیارەكە بكەن.
بەهادین نوری، ئاماژە بەوە دەدا كە كورد لە لاوازیو ناچارییدا پشتی بە ئەمەریكا بەستووەو بۆ ڕزگاربوون بەدوای دەرفەتدا گەڕاوە، ئەو پەیوەندییەكە بەمجۆرە وێنا دەكاتو دەڵێت:" وەك ئەو كەسە وایە كە لەترسی نقومبوون لە ئاودا پەنا بۆ تەڵە پوشێكیش دەبات تا خۆی پێ ڕزگار بكات، لەبەر ئەوە پەنای بۆ هەر لایەك بردووە كە دەرفەتی یارمەتی تێدا بووبێت".
ئەو پێیوایە پەنا بردنی ئەمەریكا بۆ كورد لە هەندێك كاتدا بەجێبووە، چونكە بەرژەوەندی كوردو ئەمەریكا لە هەندێك شتدا یەكیان گرتووەو هاوبەشبوون.
ئەو نموونە بۆ یەكانگیربوونی بەرژەوەندییەكانی كوردو ئەمەریكا دێنێتەوەو دەڵێت:" لەوكاتەدا ئەمەریكا بۆ كورد بە كەڵك بووە، كە بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ بەرژەوەندی كورددا هاوبەشبوون، بۆ نمونە لەڕووخانی سەددامدا لەساڵی 2003 كوردو عێراق موحتاجبوون بە ئەمەریكاو ئەمەریكاش بەرژەوەندی لەوەدا بوو كە سەددام بڕوخێنێ، لەوكاتەدا بەرژەوەندی خەڵكی عێراقو كوردستان لەگەڵ بەرژەوەدی ئەمەریكا یەكی گرتەوە، بەڵام لە شتێكدا كە بەرژەوەندی ئەمەریكا جیا بێت لە بەرژەوەندی كورد، نابێت پشتی پێببەسترێت، لەو كاتەدا دۆستی كورد نابێت، ئەوە بۆ هەموو میللەتانی تریش هەر ڕاستە".

بەهادین نوری باسیشلەوە دەكات كە دۆستایەتیو پەیوەندی ئەمەریكا لەگەڵ هیچ دەوڵەتو گەلێكدا جێگیرو نەگۆڕ نییە،" تا ئێستا دۆستایەتی ئەمەریكا تەنها بۆئیسرائیل جێگیر بووە، ئەویش پەیوەندی بە لۆبی جولەكە دەوڵەمەندەكانی ئەمەریكاوە هەیە ئەوان لە ئەمەریكا بوونێكی هەمیشەییان هەیە، دەتوانین بڵێین تەنانەت دۆستایەتی ئەمەریكا بۆ ئیسرائیلیش جێگیر نییە".
سەبارەت بە ڕۆڵو بەرپرسیارێتی ئەمەریكا لە هەرەسی شۆڕشی ئەیلوولدا، دەڵێت:" ئەمەریكا لە نسكۆی شۆڕشی ئەیلوولدا لایەن بوو، شا هەرچییەكی بكردایە بە رانبەر بە كورد بە ڕەزامەندی ئەمەریكا دەیكرد، ئەمەریكا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی هەرەسی شۆڕشی ئەیلوولی دەكەوێتە ئەستۆ".
بەهادین نوری باس لە پرسو هاریكاری نێوان ئەمەریكاو كورد لە شەڕی دژ بە داعشدا دەكاتو ئەوە باسدەكات كە بەرژەوەندی لەوەدا بووە كە ئەو هەڵوێستە بەرانبەر بە كورد وەربگرێت تا ڕووخانی داعش.
" مەسڵەحەتی لەوەدا بوو كە كوردەكان بكاتە پیادە لەشەڕی دژ بە داعشدا، خۆی چەكو تەقەمەنیان پێ بداتو بە فڕۆكەش یارمەتیان بدات، كورد نەبوایە داعش ڕاو نەدەنراو بەسەریدا سەر نەدەكەوتن، بە فڕۆكە نەدەتوانرا داعش بڕوخێنرێت، ئێستاش كە كاریان بە كورد نەماوە ترامپ جێیان دێڵێت".
سەبارەت بە ناڕەزاییە ناوخۆییەكانی ئەمەریكاو ئەوروپاو جیهان دژ بە بڕیارەكەی ترامپ بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان، بەهادین نوری دەڵێت:" لە حیزبەكەی ترامپیدا شەش لە سیناتۆرە دیارەكان نامەی ڕەخنەیان بۆ ترامپ ناردووە، دەڵێن بۆچی پشت بكەینە كوردەكان كە ئەوان هاوكارییان كردین، بۆچی كە كارمان پێیان نەما بیاندەینە دەست ئەردۆگانو بەشار ئەسەد، ترامپ وایلێكدەداتەوە كە هاریكاری لەگەڵ توركیادا بكاتو توركیا بۆی گرنگترە تا كورەكانی سوریا، ئێستا جگە لە حكومەتەكەی ترامپ، لە ئەوروپاش دەنگێكی زۆر هەیە دژی بڕیارەكەی ترامپ، هەڵوێستەكەی وەزیری بەرگری بەریتانیو ماكرۆن كاریگەرییان زۆرە".
بەهایدن نوری بڕوایوایە گۆڕانكاری بەسەر بڕیارەكەی ترامپدا دێت، " ئەگەر هەیە فشارە نێودەوڵەتییەكان ترامپ ناچار بكەن لە بڕیارەكەی پاشگەز ببێتەوە، هەڵوێستی ماكرۆن زۆر كاریگەرو بەهێزە، ئەگەر یەك دەوڵەتی ئەوروپی بەهێزیتر بچێتە پاڵ ماكرۆن ئەوا ترامپ بە تەواوی ئیحراج دەبێتو ڕەنگە هەڵووێستی بگۆڕێت".
بەهادین نوری پێیوایە لە هەمبەر بڕیارەكەی ترامپدا، دەبێت كوردەكانی ڕۆژئاوا خەباتی جەماوەری گەورە دەستپێبكەن:" لە ئەوروپاو لە هەرێمی كوردستان خۆپیشاندانی گەورە ئەنجام بدرێت بۆ پشتگیری كوردانی سوریا، ئەمە كاریگەری لەسەر ئەوروپاو دواتر لەسەر ئەمەریكاش دەبێت، كاتی ئەوەیە كوردەكانی ئەمەریكا بچن لە بەردەم كۆشكی سپیدا خۆپیشاندان ئەنجام بدەن".
ئەو بە پێوویستیشی دەزانێت كە كوردانی ڕۆژئاوا ڕێگەی دیبلۆماسی بگرنەبەرو موبادەرە بكەن لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپاو وڵاتە عەربییەكان، بەتایبەت لەگەڵ میسر و ئیماراتو سعودیە، بەتایبەت كە ئەم وڵاتە عەرەبیانە كێشەیان لەگەڵ توركیادا هەیە.